پێنج شه‌ممه‌ 18 نیسان 2024

کورتە چیرۆکی شەوى کۆتایى جیهان/ ن: رەى برەدبێرى؛ له ئینگلیزیه‌وه: خەسرەو ئەڵماسى

“چیت دەکرد ئەگەر بتزانیبایە ئەم شەو شەوى کۆتایى جیهانە؟”
“من چیم ئەکرد؛ ئەوە بەراستە ئەو پرسیارە؟”
“بەڵێ. بەراستمە.”

“نازانم – هەرگیز بیرم لەوە نەکردبۆوە”. دەسکى کەترییە زێوەکەى وەرسووراند بۆ لاى مێردەکەیەوەو دوو پیاڵەى لە سەر ژێرپیاڵەکان دانا.
پیاوەکە تۆزێک قاوەى تێکرد. لە پشتەوەى ئەوان، دوو مناڵە بچووکەکەیان لە ژوورى دانیشتنەکە لە بەر رووناکى سەوزى چراکاندا، خەریکی یارى کردن بوون و بە میکانۆ ماڵیان دروست دەکرد. بۆنى خۆش و خاوێنى ئەو قاوەیەى دروستیان کردبوو، بە هەواى ئێوارەکەدا بڵاو ببۆوە.
پیاوەکە وتى: ” زۆر چاکە. باشترە وردە وردە بیرێکى لێ بکەیتەوە.”

ژنەکەى وتى:” خۆ بەراستت نییە؟”
پیاوەکە سەرى بە هێماى بەڵێ لەقاند.
” شەڕێک ئەبێ؟”
پیاوەکە سەرى وەک هێمای نەخێر راوەشاند.

“خۆ بۆمبى هیدرۆژنى یا ئەتۆمى نییە؟”
“نەخێر.”
“یا شەڕى مایکرۆبییە؟”
پیاوەکە لە کاتێکدا کە قاوەکەى تێک وەردەدا و لە قووڵایى رەنگە رەشەکەى تێراِمابوو، وتى:” هیچ کام لەوانە نییە. با بڵێین کۆتایی کتێبێکە.”
“من لەم شتە تێ ناگەم.”

“نەخێر. ئەوەى راستى بێت، خۆشم تێناگەم. تەنیا هەستێکە. هێندێک جار دەمترسێنێ و هێندێک جاریش هیچ ناترسم – بە پێچەوانەوە ئارامیم پێ دەبەخشێ. ” ئاوڕێکى لە کچەکانی داوەو سەیرێکى قژە زەردەکەیانى کرد کە لە بەر رووناکى چراکە دەدرەوشانەوە و بە دەنگێکى نزم وتى: ” هیچم پێ نەوتى. بەڵام ئەمە بۆ یەکەمجار چوار شەو لەمەوبەر روویدا.”
“چى؟”
” ئەو خەونەى کە بینیم. خەونم بینى کە هەموو شتێک بە تەما بوو کۆتایى پێبێت وە دەنگێک ئەو شتەى دەوت. جۆرى دەنگەکەم بیر نایەت، بەڵام بە هەر حاڵ دەنگێک بوو کە ئەیوت هەموو شتێک لە سەر ئەم زەویە کۆتایى پێ دێت. بۆ بەیانیەکەى کە لە خەو هەستام، زۆرم بیر لێ نەکردەوە، بەڵام دواتر کە چووم بۆ سەر ئیش، بە درێژایى رۆژ ئەو هەستەم لەگەڵ بوو. دواتر دوانیوەرۆ بوو، ستان ویڵیسم بینى کە لە پەنجەرەکەوە سەیرى دەرەوەى دەکرد. پێم وت: “ستان، ئەوە بیر لە چى دەکەیتەوە؟” لە وەڵام دا وتى: “دوێنێ شەو خەونێکم بینى”. پێش ئەوەیکە باسى خەونەکەییم بۆ بکات، زانیم خەونەکەى چى بووە. دەمتوانى پێى بڵێم، بەڵام لێگەڕام خۆى گێڕایەوەو منیش گوێم لێ گرتبوو.”

“ئایا هەمان خەون بوو؟”
” بەڵێ. بە ستانم وت کە منیش ئەو خەونەم بینیبوو. پێ نەدەچوو تووشى سەرسوڕمان هاتبێ. لە راستیدا، ئارام بۆوە. دوایە دەستمان کرد بە پیاسە کردن بە ناو نووسینگەکەماندا بە بێ هیچ مەبەستێک. ئەو شتە بەرنامە بۆ دارێژراو نەبوو. مەبەستم ئەوەیە کە هیچمان نەمانوت با پیاسەیەک بکەین. هەر بێ ئەوەى ویستبێتمان بۆ خۆمان پیاسەمان ئەکرد. لە هەموو شوێنێک خەڵکەکە سەیرى مێزەکەیان یا دەستى خۆیان یا دەرەوەى پەنجەرەکەیان ئەکردو پێ دەچوو بیر و مێشکیان لای شتێکی تر بوو. لەگەڵ چەند کەسێکیان قسەم کردو هەروەها ستانیش هەندێکیانى دواند.”
“هەموویان خەونیان بینیبوو؟”
“هەموویان. هەمان خەو بە بێ هیچ جیاوازییەک.”

” باشه، باوەڕت بەو خەونە کردووە؟”
” بەڵێ. هەرگیز ئەونە دڵنیا نەبوومه.”
” ئەى کەى دێته کۆتایی؟ مەبەستم ئەم جیهانەیە.”

” کاتێک کە لاى خۆمان شەوە، وە پاشانیش بەرە بەرە کە شەو بە دەورى جیهاندا دەگەرێ، ئەو بەشانەى تریش دەڕۆن. واى بۆ دەچم کە بیست و چوار کاتژمێرى بوێت بۆ ئەوەى هەمووى بڕوات.”
ماوەیەک هەر وا دانیشتن بێ ئەوەى دەست بەرن بۆ قاوەکانیان. دواتر بە کاوەخۆ قاوەکانیان بەرز کردەوەو لە کاتێکدا کە سەیرى یەکتریان دەکرد، دەستیان کرد بە خواردنەوەیان.
ژنەکە وتى: ” ئایا ئێمە شایانى ئەوەین؟”
” باسى شایان و شتى وا نییە. بابەتەکە ئەوەیە کە شتەکان بە پێى پێویست کاریگەر نەبوون. تێبینى ئەوەم کرد کە تۆ تەنانەت پرسیارى زۆرت لا دروست نەبوو. بۆ؟”
ژنەکە وتى:” وابزانم منیش هۆکارى خۆم هەیە.”

” هەمان هۆکار کە خەڵکى شوێنى کارەکەم هەیانبوو؟”
ژنەکە سەرێکى وەک هێماى بەڵێ لەقاندو وتى: “نەمدەویست هیچ بڵێم. هى من دوێنێ شەو رووى دا. تەواوى ژنەکانى دراوسێمان ئێستا لە ناو خۆیاندا باسى ئەوە دەکەن.” رۆژنامەکەى ئەو ئێوارەیەى هەڵگرت و بۆ پیاوەکەى راگرت و وتى: “لە هەواڵەکاندا هیچ باسى ئەوە نەکراوە.”

پیاوەکە رۆژنامەکەى وەرگرت و لە سەر کورسیەکەى دانیشتەوەو وتى: “نەخێر. هەموو کەس دەزانێ. کەواتە چ پێویست دەکات؟”. پاشان سەیرێکى کچەکانى و ئینجا ژنەکەى کرد و وتى: “ترساوى؟”
” نا، تەنانەت بۆ مناڵەکانیش ناترسم. هەموو کات وامدەزانى کە لە دۆخێکى ئاوهادا، لە ترسان دڵم دەتۆقێ، بەڵام ئێستا ترسم نییە.”
” ئەى کەواتە ئەو گیانى خۆ پاراستنەى زاناکان ئەو هەمووە باسى لێوە دەکەن کوا؟”
” نازانم. کاتێک شتەکان لۆجیکى بن، مرۆڤ زۆر ناشڵەژێ. ئەمە لۆجیکییە. ئەم شتە دەکرا هەر کاتێک روو بدات بە هۆى ئەو شێوەى ژیاوین و هەموو کات ئەگەرى روودانى ئەم شتە لە هەر شتێکى تر زیاتر بووە.”

” خۆ ئێمە لە رادەبەدەر خراپ نەبووینە، وایە؟”
” نەخێر. بەڵام زۆریش باش نەبووینە. پێموایە کێشەکەش ئەوەیە. ئێمە بێجگە لە خۆمان زیاتر هیچ نەبووین لە کاتێکدا کە بەشێکى گەورەى ئەم جیهانە بە زۆر شتى گەلێک قێزەون و خراپەوە سەرقاڵ بوون.”

لە ژوورى دانیشتنەکە، کچەکان بە پێکەنینەوە دەستیان راوەشاند و ئەو خانووەى بە یارى میکانۆ دروستیان کردبوو، رووخاندیان.
” من هەموو کات وام گریمانە دەکرد کە خەڵک لە کاتێکى ئاوهادا دەرژێنە سەر شەقامەکان و دەست دەکەن بە قیژەو هەرا.”
” من پێموایە وا نییە. مرۆڤ بۆ شتێکى راست هیچ هات و هاوار ناکات.”

” ئەزانى کە من بیرى هیچ ناکەم بێجگە لە تۆ و مناڵەکان. من هەرگیز دڵم نەبەستووە بە خۆشیەکانى شار و ترۆمبێل و کارگەو تەنانەت ئیشەکەى خۆشم و هیچى تریش جگە لەو سیانەتان. بیرى هیچ شتێک ناکەم جگە لە خێزانەکەم. لەوانەیە هەندێک جار گۆڕانێک لە کەش و هەوا و پەرداخێک ئاوى سارد لە کاتى گەرماى زۆردا یا خود جێگەیەکى گەرم و نەرمى نووستن ئەو شتانە بن بێنە یادم. تەنیا ئەم شتە بچووکانە، بەراستى. چۆن دەتوانین لێرە دانیشین و بەم شێوەیە قسە بکەین؟”
“لەبەر ئەوەیکە شتێکى تر نییە بیکەین.”

” راستە. ئەگەر شتێکى تر هەبا، ئەوا بە دڵنیاییەوە خومان بەوەوە خەریک دەکرد ئێستا. بە بڕواى من ئەمە یەکەمجارە لەمێژووى ئەم جیهانەدا کە هەموو کەس بەراستى زانیویەتى کە دەبێ لە شەوی کۆتاییدا خۆى بە ئەنجامدانى چییەوە سەرقاڵ بکات.”
” تۆ بڵێى خەڵک ئێستا لەم ماوەى ئەوچەند کاتژمێرەى داهاتوودا بە تەمابن چى بکەن؟”
” چوون بۆ شانۆگەرییەک، گوێگرتن لە رادیۆیەک، سەیرکردنى تەلەفیزیۆنێک، یارى وەرەقێک، خەواندنى مناڵەکان، چوونە جێگەى خەوەوە، هەر وەک جاران.”
” بە شێوەیەک لە شێوەکان، ئەوە جێگەى شانازییە – هەر وەک جاران.”

” خۆ هەموومان خراپ نین.”
بۆ ساتێک دانیشتن و پاشان پیاوەکە تۆزێکى ترى قاوە تێکرد. “ئەرێ ئەوە بۆ ئێمە پێمان وایە ئەم شەو ئەو شەوەیە؟”
“لە بەر ئەوەى.”

” بۆ شەوێکى دە ساڵى کۆتایى سەدەى رابردوو یا پێنج یا خود دە سەدە لەمەوبەر نەبووبێ؟”
” لەوانەیە لە بەر ئەوە بووبێ کە هەرگیز پێشتر لە مێژوودا، رۆژێک نەبووە بە بەروارى 30 فێبرایەرى 1951، بەڵام ئەمرۆ ئەو رۆژەیە. خۆیەتى. لەبەر ئەوەی ئەم بەروارە زیاتر لە هەر بەروارێکى تر بۆ ئەو مەبەستە رێدەکەوێت، وە هەروەها ئەمەش ئەو ساڵەیە کە شتەکان لە سەرانسەرى جیهان بەو جۆرەن کە ئێستا هەن. کەواتە ئەمە کۆتاییەکەیەتى.”
“دەزانى کۆمەڵێک فرۆکەى بۆمبهاوێژ هەن ئەمشەو بە هەر دوو ئاراستەى زەریادا رێگە دەبڕن کە هەرگیز دووبارە وشکانى نابیننەوە.”

“ئەمە بەشێکە لەو هۆکارەى کە بۆچى ئەمە روو دەدات.”
پیاوەکە وتى:” زۆر باشە. چ بکەین؟ قاپەکان بشۆین؟”
زۆر بە جوانى قاپەکانیان شوشت و بە رێکوپێکى هەڵیانچنین. کاتژمێر هەشت و نیو کچەکانیان خەواند. ماچیان کردن و شەوشادیان پێ ووتن. لامپە بچووکەکانى تەنیشت تەختى خەوەکانیان هەڵکرد و دەرگاى ژوورەکەیان تۆزێک بە کراوەیى جێهێشت.

پیاوەکە هاتە دەرەوە و ئاوڕێکى دایەوە. لە کاتێکدا پایپەکەى بە دمیەوە بوو، بۆ ساتێک وەستا و وتى: ” تۆ بڵێى؟”
” چى؟”
“ئەبێ دەرگاکە بە تەواوى دابخەین یا تۆزێک کراوە بێت بۆ ئەوەى کە ئەگەر بانگیان کردین گوێمان لێبێت؟”
” تۆ بڵێى مناڵەکان بزانن–بڵێى کەس هیچى پێ وتبێتن؟”
” نا، بە دڵنیاییەوە هیچیان پێ نەوتراوە. ئەگینا لەو بارەیەوە پرسیاریان لێ دەکردین.”

دانیشتن ورۆژنامەیان خوێندەوەو قسەیان کرد. ئینجا گوێیان لە مۆسیقاى رادیۆیەک گرت. دواتر پێکەوە لە تەنیشت ئاگردانەکە دانیشتن و لە پۆلووى خەڵووزەکان تێڕامان. کاتژمێر بوو بە دەو نیو، یازدە و دواتر یازدەو نیو. بیریان لە تەواوى خەڵکانى ترى ئەم جیهانە دەکردەوە کە هەر کامەیان بە شێوەیەکى تایبەتى خۆیان ئەو ئێوارەیان بەڕێ کردبوو.
لە کۆتاییدا پیاوەکە وتى: ” دەى باشە”. بۆ ماوەیەکى دوور و درێژ خێزانەکەى ماچ کرد. 

“بە هەر حاڵ ئێمە بۆ یەکترى باش بووینە.”
پیاوەکە پرسى:” دەتەوێ بگریت؟”
“پێموانییە.”
بە ناو ماڵەکەدا پیاسەیەکیان کردو گڵۆپەکانیان کوژاندەوەو دەرکەکانیان داخست. پاشان چوونە ژوورى خەوەکەى خۆیان و لە تاریکى و فێنکایى شەودا وەستابوون. جلى خەویان لەبەر کرد. ژنەکە وەک جاران بە وریاییەوە چەرچەفەکەى لە سەر تەختەکە لابرد و بە قەدکراوى لە سەر کورسیەک داینا و دوایە بەتانیەکەى هەڵدایەوەو وتى:” مەلافەکان زۆر فێنک و جوان و خاوێنن.”
“ماندووم.”

” هەردووکمان ماندووین.”
چوونە جێگاوەو راکشان.
ژنەکە وتى: ” ئێستا دێمەوە. چاوەرێم کە.”
پیاوەکە گوێى لێ بوو کە ژنەکە هەستاو چوو بۆ پشتەوەى ماڵەکەیان. گوێى لە پێوەدانى ئارامى دەرگایەک بوو. تۆزێک دواتر ژنەکە هاتەوەو وتى:”ئاوى مەتبەخم کردبۆوە بۆ ئەوەى لە بەرى بڕوات. شیرەکەم گرتەوە.”

شتێک لەم بارەیەوە ئەوندە پێکەنیناوى بوو کە پیاوەکە ناچار دەستى کرد بە پێکەنین.
ژنەکەش لەگەڵ ئەو دەستى کرد بە پێکەنین. تێگەیشت کە چى کردبوو کە ئەونە پێکەنیناوى بوو. لە کۆتاییدا پێکەنینەکەیان وەستاند و لە فێنکایى تەختەکەیان راکشان. دەستى یەکیان توند گرتبوو و سەریان بە یەکەوە نابوو. 

دواى تۆزێک پیاوەکە وتى:” شەو شاد.”
ژنەکەش وتى: ” شەوت شاد”و پاشان بە هێمنى وتى: “ئازیزە …”

سەرچاوە:  http://www.esquire.com/fiction/fiction/ray-bradbury-last-night-of-the-world-0251

بابەتی هاوپۆل

امید و مقاومت همگانی با ضرورت تداوم انقلاب زن، زندگی، آزادی

بازداشت و سرکوب و اعدام های گسترده در طول یک سال گذشته تا کنون، همگی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.