بە کەسیکردنی مێژوو واتە کورتکردنەوەی تاوانی بەکۆمەڵ بۆ تاک. سەپاندنی تاوانە مێژووییەکانان؛ تاوانێکی کۆمەڵێک یان دەستەجەمعی بەسەر شانی یەک کەسدا بە شێوەیەکی کەسی. هەڵواسینی بە بتی باڵا یەک کارەکتەری سیاسی و مێژووییدا و هەڵاواردن و دەربازکردنی یەکە ئیداری، سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی دی. نەخوێندنەوەی کولتووری و ڕابردوو و هەنوکەی کۆمەڵگەی بکەری تاوان. بە تایبەت مامەڵەکردنی سیاسییان لەگەڵ قوربانیان و نماینەکردنی تاوانەکانی جینۆساید و کۆمەڵکوژیدا لە پاش کارەساتەکە.
سەرجەم مێژووی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری، وێژەیی و هونەری کورد بە کەسی کراوە. فۆرمی بە کەسیکردنی هەریەکە لەو کایە ناوهاتووانەش جیاوازە لەوی دی و جیاوازە لە بە کەسیکردنی تاوانی جینۆساید. هەر یەکەشییان کاریگەریی ئەرێی جیاوازی هەیە. ڕاستکردنەوەی ئەم هاوکیشەیەش کاری کەسانی مێژووناس و پرۆفیشناڵە. ئەوەی من دەتوانم لێرەدا ڕووناکیی بخەمە سەر، مێژووی کارەساتەکانی کوردە وەکو جینۆسایدەکانی ئەنفال، هەڵەبجە و بارزانیەکان.
مارک توێن پێیوایە ئەو مەرەکەبەی کە مێژووی پێ دەنووسرێتەوە، تەنها شلەمەنیی ڕکی کوێرانە و بڕیاری لەپێشینەیە ( توێن، 1897) . ئەو مێژووەی بە مەرەکەبی ئەندامی گرووپی بکەری کارەساتەکە دەنووسرێتەوە، تەنانەت ئەگەر مێژوویەکی دروستیش بێت، هێشتا دوور نییە لە بڕیاری لەپێشینە و ڕق، ئەم مێژووە، بە مێژووی ’بەخشراو’ هەژمار دەکرێت. مێژووی بەخشراویش مێژوویەکی ئەبستراکتە و جێگیر نییە، جگە لەوەی ئالوودەی ساختەکاری و ستێگمایە، لە هەر ساتێکیشدا لێسەندنەوەی دەکرێت بە ئامانج. ئەوەشی بەم ڕیتمەی بکەر دەنووسێتەوە یان دەیکات بە سەرچاوە لە بەخشراوەوە دەیگۆیزێتەوە بۆ ’سەلمێنراو’ واتە لە گەڵیدا ڕەوایەتی دەدات بە ڕابردوو، ڕێگە لە بەرهەمهێنانی ئایندەی دوور و نزیکی مێژوو دەگرێت.
هەروەکو ئەوەی بە زمانی ئینگلیزی (دەکرێت بەو زمانەکانی دیش نووسرابن) دەیان کتێب خراونەتە سەر ڕەفەی پەرتووکخانەکان، کە لەلایەن عەرەب و تورک و فارسەوە نووسراونەتەوە، باشترین و ئەکادیمیترینیان لەسەر بنەمای بڕیاری لەپێشینە و ڕق نووسراوە، جگە لە لەکەدارکردنی کورد ناتوانیت شتێکی لێ هەڵبهێنجیت. ئەمەش دیسان جۆرێکە لە بەکەسیکرنی مێژوو، واتە لەسەر بنەمای خودی یان ’ کەس’ی نووسەر بەرهەم هاتووە، نەک پرەنسیپی زانستی. ئەم جۆرە بە کەسیکردنەیان تەنها لەوێدا کۆتایی نایەت کە مێژووی چەواشە دژی کورد دەگوێزێتەوە بۆ بێگانە، بەڵکو بوون بە سەرچاوەی لێکۆڵینەوەکانی خوێندنی باڵا لە زانکۆکاندا و بە دەیان کەسی ئەکادیمیسیت بۆچوونیان سەبارەت بە کورد لەسەر بنەمای ئەو پەرتووکانە بونیاد ناوە. جگە لەوەی زۆر جار تەنانەت خوێندکاری کوردیش ناچار دەکرێت بەکاریان بهێنێت بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی ئینگلیزی لەسەر کورد. ئەم هاوکێشەیە ڕەوایەتی بە هەردوو پرۆسەی بەخشراو و سەلمێنراو دەدات.
ئەو مێژووەی بێگانە یان بکەری جینۆساید بە ’کەسی’ی دەکات، کەم زیانترە لەو مێژووەی خودی قوربانی بە کەسیی دەکات. چوون ئەوەی بکەر بە ستراتیجی و خوێندنەوە و کار لەسەرکردنی دروستیی قوربانی دەسڕێتەوە. ئەوەی قوربانی ڕەوایەتی دەداتێ، جگە لەوە تەنها زیانی بۆ سەر خۆی نییە، تەنها شەرعیەت بە دووبارەکردنەوەی کارەساتەکە نادات، بەڵکو زیانی بۆ سەر بکەری تاوانیش بە جۆرێکی دی هەیە. لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی هیتلەر، دەیڤد وۆڵچ ڕوونی دەکاتەوە کە هیتلەر بە شێوەیەکی کارا هانی دروستبوونی ’وردە هیتلەر’ یان هیتلەری بچکۆلەی داوە، بە مەرجێک سنووری دەسەڵاتەکانی خۆی نەبەزێنن. ئەم هاندانەش بەهۆی پشتگیریی گەلی ئەڵمانەوە و ئەوانەی کاریان بۆ کردووە و ئەوانەش کە تەماشاکردن و بێدەنگییان هەڵبژاردبوو ( وۆڵچ، 1988، لا 96) .
سەدام حوسێن بە هەمان شێوە کارایانە هانی دروستبوونی وردە سەدامی دەدا، بە مەرجێک ئەو بتە بچوکانە سنووری دەسەڵاتەکانی ئەویان نەبەزاندایە، بە بەزاندنی ئەو سنوورانە کۆتایی بە خۆیان دەهات، تەنانەت ئەگەر ئەندامی خێزانەکەی خۆیشی بوونایە. بوونی ئەم وردە سەرکردە دیکتاتۆرانە تەنها لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندیی سەرۆک و ئایدۆلۆژیاکەی نییە هەتا لە ژیاندایە، بەڵکو بە زیندوو هێشتنەوەی ڕێبازەکەشیەتی پاش مەرگی. چوون لە ڕووی کولتووری و سایکۆلۆژییەوە بە شێوەیەک ڕاهێنراون ڕەوایەتیی ناڕەوایەکان لای ئەوانە. باردۆخی ئەمڕۆی عێراق ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە بە مردنی سەدام، دەیان وردە سەدام سەریان هێنایە دەرێ بۆ پاراستنی ڕیبازەکەی و بگرە لە خۆی دڕندانەتر عێراق خاپوور دەکەن.
بەڵام ئەمە تاوانی ئێمەی قوربانیشی تێدایە کە مێژووەکەمان هێندە کەسی کردووە هیچ گلەیی و مافێکمان لای عەرەب و سیستمی ئەمڕۆ نییە، ئەمەش هێڵی سووری ئایندەیەکی ڕەشمان نیشان دەدات گەرچی لەناو عێراقەوە دەستی پێکردبێت.
وەکو چۆن دروستبوونی دیکتاتۆرە گەورەکە بە پاڵپشتیی تەواوی خەڵکی ناوچەکە و تا ڕادەیەکیش هێزی نێودەوڵەتی بوو، بە هەمان شێوە کارابوون و هێزی وردە سەدامەکانیش خەڵک و فاکتەرە جیاوازەکانی هاوپشتیی کردوون و لەنێو ئەو فاکتەرانەدا ترسناکترینیان بە ’کەسی’ کردنی تاوانێکی دەستەجەمعیە کورتکرنەوەیەتی بۆ تاوان و ئەرکی یەک تاکە کەس. سڕینەوەی تاوانەکە لە کۆمەڵەوە بۆ تاک، یەکەم هۆکاری بەرهەمهێنانەوەی هەمان تاوان و تۆڵە؛ توندوتیژی و ڕەوت؛ نەخوێندنەوە و لە یادکردنی تاوانی ڕابردوو دەگەیەنێت. . .
ژێدەرەکان
•Twain، Mark ( 1897) Following the Equator، Fiction، Travel literature، Published by American Publishing Company، Hartford
•Welch، David (1998) Hitler، University of Kent at Canterbury UCL Pre