٢٥ی ئه‌م مانگه هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی ئه‌وروپایه. ڕه‌نگه له مێژووی ئه‌م یه‌كێتیه‌دا ئه‌مه یه‌كێک بێت له سه‌ختترین هه‌ڵبژاردنه‌کان. یه‌كێتی ئه‌ورپا وه‌ك ده‌زگایه‌كی سه‌رو نیشتمانی زه‌به‌لاح له سه‌رجه‌م وڵاتانی ئه‌وروپا هه‌تا بێت نه‌یاری زیاتر و زیاتری بۆ دروست ده‌بێت. سه‌رچاوه‌ی ئه‌م نه‌یاریانه زۆرن. لێره‌دا هه‌وڵ ئه‌ده‌ین به کورتی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌ینه‌وه، بۆچی خه‌ڵكی ئه‌وروپا به ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو بێزارن له یه‌كێتی ئه‌وروپا، ئه‌و خه‌ڵكانه کێن، به‌دیلیان چیه؟
یه‌كێتی ئه‌وروپا وه‌ك ده‌زگایه‌کی سه‌رو نیشتمانی له پاش جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه هاته ئاراوه به ئامانجی لێک‌نزیک کردنه‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی که له گه‌ڵ یه‌كدا جه‌نگان له پێناو چاره‌سه‌رکردن یان بنبڕکردنی هۆکاری جه‌نگ بۆ یه‌كجاری (هه‌ردوو جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و دوه‌م له گه‌ڵ شۆرشی ئۆکتۆبه‌ر له نێوانیاندا، لای هه‌ندێک بیرمه‌ندی ئه‌وروپی شه‌ڕێکی تری سی ساڵه بوو. هانائارنت ده‌ڵێت بۆ هه‌میشه ئه‌وروپایان گۆڕی). یه‌كه‌م هه‌نگاو له‌مباره‌وه بریتی بوو له رێککه‌وتنێک بۆ بازاڕی هاوبه‌شی خه‌ڵوز و پۆڵا له نێوان ئه‌ڵمانیای رۆژئاوا، هۆڵه‌ندا، فه‌ره‌نسا، ئیتالیا، به‌لجیکا، لۆکسۆمبۆرگ. ئیتر هه‌ر زوو له سه‌ره‌تای په‌نجاکان هه‌وڵه‌كانی دروستبوونی یه‌كێتی ئه‌وروپا دروست بوو. هه‌رکه‌س سه‌ردانی برۆکسل و لۆکسۆمبۆرگ و ستراسبۆرگ بکات ده‌زانێت ئه‌م ده‌زگایه چه‌ند زه‌به‌لاحه. بۆچی یه‌كێتی ئه‌وروپا له قه‌یراندایه؟
نه‌یاری سه‌ره‌كی یه‌كێتی ئه‌وروپا بریتیه له پارته نیوفاشیه توندڕه‌وه‌كانی ئه‌وروپا که چاودێران پێشبینی ئه‌وه‌ده‌که‌ن که رێژه‌ی کورسیهكانیان به راده‌یه‌كی به‌رچاو زیاد بکات. ئه‌وه‌ی ئاشکرایه که ده‌گمه‌نه وڵاتی ئه‌وروپی که پارتی سیاسی توندڕه‌وی فاشی تیادا نه‌بێت. ئایا تێڕوانین له خواسته‌كانی ئه‌م پارته توندڕوانه زانیاریمان ده‌داتێ ده‌رباره‌ی بێزاری خه‌ڵك له یه‌كێتی ئه‌وروپا. یه‌كێک له ڕه‌خنه کۆنه‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا بریتی بووه له ته‌كنیک بوونی زیادی ئه‌و ده‌زگایه و لاوازبوونی دیموکراسی چونکه بریار زیاتر پشت به داتا و زانیاری ده‌به‌ستێت له به‌رامبه‌ر ڕای خه‌ڵكیدا. ئه‌مه پێی ده‌ڵێن لاوازی دیموکراسی. به‌ڵام ئه‌مه کرۆکی قه‌یرانه‌كه نیه له ڕاستیدا. خاڵێکی تری ڕه‌خنه له یه‌كێتی ئه‌وروپا بریتی بووه له له ده‌ستدانی سه‌روه‌ری له لایه‌ن وڵاتانی ئه‌ندامه‌وه به خه‌ڵکانێکی تێکنۆکرات که دوورن له خه‌م و ژیانی خه‌ڵكه‌وه. لێره‌دا ئارگومێنتی سه‌روه‌ری ده‌هێنرێته ئاراوه، که ده‌بێت سه‌رباری به‌شداربوون وڵاتان سه‌روه‌ریان له ده‌ست نه‌ده‌ن. دیاره چه‌مکی سه‌روه‌ری (سۆڤرن) یه‌کێکه له هه‌ره چه‌مکه ئاڵۆزه‌كانی ناو دونیای سیاسه‌ت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که خه‌ڵكی بێزارکردوه یان ناچارکردوه که دژه ئه‌وروپا بێت ئابوریه. قه‌یرانی ئابوری ئه‌وروپا هه‌تا بێت سه‌ختتر ده‌بێت. به جۆرێک هیچ ئاسۆیه‌ك نابینرێت بۆ چاره‌سه‌رکردنی، یان گه‌ڕانه‌وه بۆ دۆخی جاران. گه‌رچی سه‌رمایه‌داری هه‌میشه قه‌یران و هه‌ستانه‌وه به‌شێک بووه له سروشتی به‌ڵام ئه‌مجاره له‌وه‌ده‌چێت قه‌یرانێکی ئاسایی نه‌بێت. ئه‌وروپا وه‌ك جاران ناتوانێت به‌سه‌ر قه‌یرانی دارایی و ئابوری وله ده‌رئه‌نجامدا کۆمه‌ڵایه‌تی وکهلتوریدا زاڵ‌بێت چونکه ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێت ڕه‌گی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی پێشوو. خواستی پارته فاشیتسه دژه یه‌كێتی ئه‌وروپا بریتیه له گه‌ڕانه‌وه بۆ ئابوری نیشتمانی. به‌م پێیه ده‌بێت وڵاتانی ئه‌وروپا خه‌می ده‌ستی کاری خۆیان بخۆن، خه‌می به‌رهه‌م کاڵای ناوخۆ بخۆن، له خه‌می ئه‌وه‌دابن که چۆن کار بۆ هاوڵاتیه ڕه‌سه‌نه‌كانیان دابین بکه‌ن. (ئه‌م رۆژانه چووم پێڵاوی هاوینه بکڕم، کابرای پێڵاو فرۆش هه‌رزوو جوتێ پێڵاوی بۆ هێنام ووتی ئه‌مه له نه‌مسا دروستکراوه). ئه‌مه یانی سنوردانان له نێوان وڵاتاندا له رووی ئازادی گۆڕینه‌وه، ئازادی هاتووچۆ، ئازادی تێکه‌ڵبوون. ده‌رئه‌نجامی ئه‌مه یانی رێگه‌گرتن له هاوردنی کاڵای بیانی به‌تایبه‌تی غه‌یره ئه‌ورپی، رێگه‌گرتن له بیانی و په‌نابه‌ر و کرێکاری ده‌ره‌وه. بۆ تۆکمهكردنی ئارگۆمێنتهكانیان ئه‌م دۆخه سه‌خته ئابوریه به که‌لتور و به‌ها تێکه‌ڵ ده‌كه‌ن، بۆ نموونه پارته توندڕه‌وه‌كان له گه‌ڵ ئه‌وه‌دان که بیانی ده‌بێت که‌لتوری خۆی له بیربکات و که‌لتوری ئه‌و وڵاته قبوڵ بکات که تیایدا نیشته‌جێیه. ئه‌مه یانی دژ به فره که‌لتوری، دژ به جیاوازی یان رێزگرتن له که‌لتوری تر. به‌ڵام له ڕاستیدا که‌لتور هیچ نیه جگه له رووپۆشێک چونکه کاتێک که ئابوری باش بوو قه‌یرانی که‌لتور له ئارادا نه‌بوو.
به‌ڵام ئایا ئه‌وروپا ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ دۆخی ئابوری نیشتمانی ( له ڕابوردودا ده‌رباره‌ی ئابوری نیشتمانی لای فردرێک لیست بابه‌تمان نوسیوه). زیاتر له شه‌ست ساڵ یه‌كێتی ئه‌وروپا له ئاستی جیاواز جیاوازدا له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه که کار بۆ ئه‌وه‌بکات که ئه‌وروپا بکاته ناوه‌ندێکی شل. به مانای ئه‌وه ده‌ستی کار و کاڵا و خه‌ڵک و که‌لتور وزمان و به‌ها به‌رده‌وام له هه‌ناو ئه‌م کیشوه‌ره‌دا بێن وبڕۆن به نموونه‌ی ئه‌مریکا. خه‌ڵك له ئه‌مریکا بێڕهگن. ئاساییه به‌لایه‌نه‌وه له‌مسه‌ری وڵات کۆچ بکه‌ن بۆ ئه‌و سه‌ری وڵات له پێناو کارکردن‌دا. به‌ڵام ئه‌مه ته‌نها له نێو چینێکی که‌می خه‌ڵكی ئه‌وروپادا رووده‌دات. گه‌رچی ئه‌وروپا کیشوه‌رێکه که به‌پێیان ده‌توانیت بڕۆیته هه‌موو بستێکی، گه‌ڕان و هاتوچۆ له نێو ئه‌م کیشوه‌ردا ڕه‌گی مێژوویی هه‌یه به‌تایبه‌ت له نێو چینی ڕۆشنبیر و سکۆله‌ردا به‌ڵام زۆرێک خوازیاری ئه‌وه‌ن نین له جێگای ڕه‌سه‌نیان دوور بکه‌ونه‌وه.
به‌ڵام قه‌یرانی ئه‌وروپا له جێگایه‌كی تردایه. ئابوری ئه‌وروپا بریتی نیه له ئابوری ناو ئه‌وروپا، به‌ڵکو ئابوری ئه‌مڕۆ له هه‌موو جێگایه‌ك ئابوریه‌كی جیهانگیریه. به‌م پێیه ئه‌وروپا ناتوانێت رێگربێت له به‌رده‌م جیهانگیریدا. به‌تایبه‌ت کاتێک که کۆمپانیا ئه‌وروپی و ئهمریکیهكانن ده‌چنه وڵاتانی تر بۆ به‌رهه‌م هێنان. ئه‌وه‌ی جیاوازه له ڕابووردوودا که ده‌ڕۆشتن زیاتر وه‌ك ئیستعمار ده‌چوون ئه‌مڕۆ وه‌ك به‌رهه‌م هێن ده‌چن. به‌م پێیه سه‌رمایه‌كه‌یان بۆ چینێکی که‌می ناو ئه‌وروپایه‌و خه‌ڵکی تر لێی بێبه‌ش ده‌بن. له هه‌مانکاتدا دانیشتوانی ئه‌وروپا هه‌تا بێت زیاتر پیردهبنو ده‌ستی کاریان که‌متر ده‌بێت. گه‌ر ئه‌وروپا نه‌توانێت خۆی نوێ بکاته‌وه ئه‌وا ناتوانێت له ئاستی باڵای ئابوری‌دا بمێنێته‌وه. ئه‌م نوێکردنه‌وه‌یه ئاسان نیه کاتێک که هه‌تابێت زیاتر و زیاتر دژایه‌تی بۆ بیانیان توندتر ده‌بێت و خه‌ڵکی له‌به‌ر گرانی ژیان ناتوانن مناڵیان ببێت.
زۆرێک له‌وانه‌ی که ده‌نگده‌ده‌ن به پارته توندڕه‌وه‌كان ده‌زانن که ئابوری نیشتمان و رێگه‌گرتن له بیانیان و زاڵكردنی پاکێتی یان تاک که‌لتوری چاره‌سه‌ری کێشهكانیان ناکات. به‌ڵام ده‌نگدانیان ته‌نها جۆرێکه بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی. له دونیای بیری سیاسی‌دا دوو جۆر بیرکردنه‌وه هه‌یه هه‌ندێک ده‌ڵێن ده‌توانیت کهسهكان یان سیاسیه‌كان بگۆڕیت له رێگای دیموکراسیه‌وه به‌ڵام نا‌توانیت سیاسه‌ت یان به‌رنامه‌كان بگۆڕیت. هه‌ندێکی تریش ڕایان به ته‌واوی پێچه‌وانه‌یه ده‌ڵێن له رێگای دیموکراسیه‌وه گۆڕانکاریه‌كان ته‌نها روکه‌شه هه‌میشه نوخبه له ده‌سه‌ڵاتدایه.