پێنج شه‌ممه‌ 25 نیسان 2024

كۆنسوڵخانەی ئێران لە سلێمانی: كوردی زمان نییە و زاراوەیەكی زمانەكانی ئێرانە

كۆنسوڵخانەی ئێران لە سلێمانی، لە ماڵپەڕی خۆیدا بابەتێكی بە ناونیشانی “تێڕوانینێك بۆ پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق” بڵاوكردووەتەوە، كە تێیدا بە ئاوڕدانەوە لەمێژووی دابەشكردنی كوردستان نووسراوە “كورد لە وڵاتانی توركیا، عێراق و سووریا كەمینەیەكی نەژادییە و لە ئێرانیش لە ماڵە گەورەی دایكیاندا دەژین”.

كۆنسوڵخانەی ئێران لە سلێمانی هەروەها كۆماری كوردستان بە حكومەتێكی چەند رۆژەی كۆمۆنیستی مەهاباد نێو دەبات و دەنووسێت، هەندێك لایەن كە بە بۆچوونی ئێران كوردی تووندڕەون، دەیانەوێ بە پشتبەستن بە حكومەتی كۆماری كوردستان، بۆخۆیان نەتەوە، كولتوور، زمان و مێژوو دابمەزرێنن.

 

بانگەشەی ئەوەش دەكەن كە كوردی زمان نییە و زاراوەیەكی زمانەكانی ئێرانییە و لە تێكەڵییەكی زمانەكانی عەرەبی، توركی و فارسی پێكهاتووە.

 

بەشی زۆری ئەو بابەتە، بۆ ئاوڕدانەوە لە پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و حكومەتی هەرێمی كوردستان تەرخانكراوە. لەو بەشەدا ئاماژە بە هاوكاری و پاڵپشتییەكانی ئێران لە شۆڕشی رزگاریخوازانەی باشووری كوردستان كراوە.

 

كۆنسوڵخانەی ئێران لە سلێمانی دەنووسێ “ئەگەرچی حكومەتی پاشایەتی پاش ماوەیەك هاوكاریكردن پشتی لە شۆڕشی كورد لە عێراق كرد، بەڵام شۆڕشی ئێران لەساڵی 1979 و هاتنەسەركاری كۆماری ئیسلامی بە خاڵێكی وەرچەرخانی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و باشووری كوردستان دانراوە”.

 

ئاماژە بەوەشكراوە كە لە ساڵی 1991 ـەوە ئێران ویستوویەتی پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ هاونەژادەكانی خۆی هەبێ لە هەرێمی كوردستان، بۆیەش دوای رزگاری عێراق دانی پێناوە و لەجیاتی یەك، دوو كۆنسوڵخانەی لە هەولێر و سلێمانی كردوونەتەوە.

 

سەرەڕای ئەو هەموو پشتیوانییە، ئێران مەرجی گەورەشی بۆ تووندوتۆڵ مانەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە. لە دوورەدیمەنی پەیوەندییەكانی نێوان تاران و هەولێردا باس لەوەكراوە كە گرنگترین ستراتیژی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ عێراق، پاراستنی یەكپارچەیی خاكی ئەو وڵاتەیە.

 

بە بۆچوونی ئێران ئەگەر جووڵەی كورد بە مەبەستی زیادكردنی ئیختیاراتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و رەخساندنی كەشی سەربەخۆبوون لە عێراق بێ، ئەوە پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەرەو ساردبوونەوە دەچن، بەڵام ئەگەر كورد بیەوێ لە چوارچێوەی عێراقدا خۆی بەهێزبكا و لە حكومەتی ناوەندیش بەشداری راستەقینەی هەبێ، پەیوەندییەكانیان گەرموگوڕتر دەبێ.

 

مەرجێكی دیكەشیان، باس نەكردنە لە نیشتمانی هاوبەشی كوردان، واتا كوردستانی گەورە. ئێران داوادەكات حكومەتی هەرێمی كوردستان رێگە بە جموجۆڵی ئەو كەسانە نەدات كە دەیانەوێ كوردانی بەشە جیاوازەكان لێك كۆبكەنەوە و پێكەوە یەكگرتوویان بكەن.

 

هەروەها داواش دەكەن كە رێگە لە چالاكییەكانی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بگیرێت. ئەوان دەڵێن بەهۆی چالاكی ئەو حیزبانەوە، سنوورەكان و هەندێك لە شارەكانی ئەو دیوی سنوور نائارام بوونە و ئەگەر هەرێمی كوردستان رێگریان لێبكات، ئێران متمانەی زیاتر بە هەرێم دەكات.

 

ئێران دەڵێ چاوی لەسامانی عێراق نییە، چونكە بۆخۆی زۆر زیاتری هەیە، بەڵام وادیارە لە رووی سیاسی و ئەمنییەوە چاوی لە هەرێمی كوردستانە. ئەوان دەیانەوێ كورد یەك نەبێ و بۆ سەربەخۆییش هەوڵ نەدا و نەیارەكانیشی چالاكییان نەبێ. ئارەزووی چاوەڕوانییەكانی ئەوان حاسڵ دەبێ یان نا، پەیوەندی بە بڕیار و هەڵوێستی سەركردایەتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.