ڕۆژی پێنجشەمە ٢٢ی ڕەزبەری١٤٠٠، دوای بانگەوازی “شوورای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی فەرهەنگیانی ئێران”، مامۆستایانی شاغڵ و خانەنشینکراو لە ناڕەزایەتی بە بەڕێوەنەچوونی پلەبەندی، یەکسانسازیی مووچەی مامۆستاینی خانەنشین و پێشێلکردنی مافەکانی قوتابیان لە بواری پەروەردەدا، لە بەرامبەر ئیدراەی ئامووزش و پەروەرشی زۆربەی شارەکانی ئێراندا گردبوونەوە.
شوورای هەماهەنگی بە دەرکردنی بڕیارنامەی کۆتایی و خوێندنەوەی لە لایەن ئەندامەکانییەوە لە گردبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایانی شاغڵ و خانەنشینکراوی زیاتر لە ٣٣ شاری ئێران، جەختی کردۆتەوە کە لە ئەگەری بەردەوامیی کەمتەرخەمیی دەسەڵات بەرامبەر بە خواست و داواکارییەکانیان، ناڕەزایەتیی فەرهەنگییانی بە شێویەکی بەرینتر درێژەی دەبێت.
لەگەڵ “شەعبان محەمەدی”، مامۆستای خانەنشینکراو و ئەندامی شوورای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی فەرهەنگیانی ئێران لەم بارەوە وتووێژمان کردووە. ئەو جگە لە ئەندامەتی لە شوورای هەماهەنگیدا، ئەندامی “ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان”یشە وەک یەکێک لە ئەنجومەنەکانی سەر بە شوورای هەماهەنگی.
***
بە گوتەی شەعبان محەمەدی، تەوەرە سەرەکییەکانی گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایانی شاغڵ و خانەنشینکراوی ڕۆژی ٢٢ ڕەزبەری ١٤٠٠، داواکاریی سێ بنەمای پلەبەندیی مامۆستایان، یەکسانسازیی مووچەکان بۆ مامۆستایانی خانەنشین و هەڵوەشاندنەوەی تایبەتیکردنەوەی پەروەردە واتە بەرگریکردن بوو لە مافەکانی قوتابیان لە ڕێگەی پێداگریکردن لەسەر خوێندنی بێبەرامبەر، دادپەروەرانە و بە کوالێتی.
ئەو بە ئاماژەدان بە بارودۆخی لەرزۆکی ئابووریی ئێران، بە تایبەت لە دۆخی کۆرۆنایی دوو ساڵی ڕابردوودا، پێیوایە بە درێژایی چوار دەیەی ڕابردوو، فەرهەنگیانی شاغڵ و خانەنشینکراو هیچکات تا ئەم ڕادەیە لە باری ئابووری و بژێوییەوە نەکەوتوونەتە ژێر گوشارەوە. لەم ڕووەوە، یەکەم خواستی مامۆستایانی شاغڵ، سوود بردنە لە مووچەی و ئیمتیازەکانی لانیکەم لە سەتا ٨٠ی مووچە و ئیمتیازەکانی ئەندامانی دەستەی زانستیی زانکۆکان و ڕەتکردنەوەی تەواوەتیی زیادکردنی کاتی کارکردنی مامۆستایان لە ٢٤ کاتژمێرەوە بۆ ٣٠ کاتژمێر.
محەمەدی دەڵێت خانەنشینکراوان سەرباری بەڕێوەبردنی تەواوەتیی “یاسای بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزارییەکان”، خوازیاری یەکسانسازیی مووچەکانی مامۆستایانی خانەنشینکراون بە شێویەکی تەواوەتی: “دەوڵەت سەرباری پێنەدانی پاشەکەوتەکانیان و قەرزی خانەنشینکراوان، تەنانەت پاداشتی کۆتایی خزمەتی ساڵی پار(١٣٩٩)یشی پێنداون و لەم ڕووەوە قەرزداریانە. قەرزەکانی دەوڵەت بە مامۆستایانی خانەنشینکراو لە کاتێکدایە کە ڕادەی هەڵاوسان بە شیوەیەکی سەیر زیادی کردووە و بەهای پارەی نەتەوەیش گەلێک دابەزیوە. کەلێنی نێوان داهات و تێچوو، خەریکە زۆربەی مووچەخۆران، بە تایبەت فەرهەنگیان قووت دەدات.”
ئەم مامۆستا خانەنشینکراوە جگە لە ئاماژەدان بە گرینگیی پەڕگیری داخوازیی سێهەم، واتە هەڵوەشاندنەوەی تایبەتیکردنەوەی خوێندن، بەرگریکردن لە مافەکانی قوتابیان لە ڕێگەی جەختکردنەوە لەسەر خوێندنی بێبەرامبەر، دادپەروەرانە و بە کوالێتی بۆ زۆرینەی خەڵکی کەمداهاتی ئێران کە کەوتوونەتە تەنگەژەی ئابووریی ئێستای ئێرانەوە، بە پێویست و حەتمی دەزانێت.
ئەو دەڵێت: “پەروەردەی بێبەرامبەر بۆ قوتابیان بە مانای بەرگریکردنە لە زۆرینەی خەڵکی کەمداهات و چینوتوێژە لاوازەکان، لەوانە کرێکاران. چونکە زۆربەیان بە هۆی بڵاوبوونەوەی ترسناکی پەتای کۆرۆنا لە ئێران لە دوو ساڵی ڕابردوودا و نەبوونی تەبلێت، تێلێفۆنی زیرەک/سمارت و ئینتێرنێت، لە پرۆسەی خوێندنی ئۆنلاین بێبەش بوون. تاکوو ئێستایش زۆرینەی خەڵک، بە تایبەت خەڵکی ناوچە بێبەشکراوەکان و پەرەنەسەندووەکان، لەوانە کوردستان، بێبەش بوون لە درێژەدانی خوێندن و ئامادەبوون لە وانە ئۆنلاینەکاندا. لە لایەکیترەوە، دەوڵەت لە باتی پشتیوانی و بەهێزکردنی ناوەندە پەروەردەییەکانی خۆی، لە ڕێگەی تایبەتیکردنەوەی قوتابخانەکان و ناوەندە فێرکارییەکانی ئەو وڵاتەوە، بە شێوەیەکی کرداری بەشێکی بەرچاوی خەڵکی ئێرانی لە نیعمەتی خوێندن بێىەش کردووە. شایانی باسە کە بێتوانانیی دارایی خەڵک لە دابینکردنی کەرەستەکانی خوێندنی ئۆنلاین یاخود بێتوانایی لە ناونووسکردنی منداڵەکانیان لە قوتابخانە تایبەتەکاندا، خەڵکی پاڵناوە بەرەو هەڵدێری ترسناکی پەڕگیری نەخوێندەواری لە هەموو کۆمەڵگادا.”
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایانی شاغڵ و خانەنشینکرا پتر لە ٣٣ شاری ئێرانی گرتەوە بەڵام ئامادەبوونی سەدان کەس لە فەرهەنگیانی مەریوان لە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر ئامووزش و پەروەرشی ئەم شارە، دەنگدانەوەیەکی بەرینی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکاندا هەبووە.
شەعبان محەمەدی بە ئاماژەدان بە پشتیوانی و پێشوازیی کۆمەڵگای فەرهەنگیان لە بانگەوازەکەی شوورای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی ئێران، لە پێوەندیدا بە ئامادەبوونی بەرینی فەرهەنگییانی مەریوانەوە لە گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکەدا بە “ئێرانوایەر”ی وت: “گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکەی فەرهەنگیانی مەریوان لە کاتژمێر ١٠ی بەیانییەوە تا ١٢ی نیوەڕۆ درێژەی هەبوو. ئەگەرچی ئامارێکی ورد لە ژمارەی ئامادەبوان لە بەردەستدا نییە بەڵام دەوری هەزار تا هەزار و ٢٠٠ کەس لە مامۆستایانی ژن و پیاوی شاغڵ و خانەنشینکراو لەم گردبوونەوەدا بەشدارییان کرد. ئامادەبوونی بەرچاو و بەرینی خەڵکی مەریوان لە ڕاستیدا دەرخەری تووڕەیی ئەو فەرهەنگیانە بوو کە لە دەست کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پێوەندیدا بەرامبەر خواست و داواکارییەکانیان وەزاڵە هاتوون.”
ئەو لە پێوەندیدا بە شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی مەریوان لەگەڵ ناڕازیان لە مەریوان وتی: “پێش و پاش بەڕێوەچوونی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی، تا جێگایەک ئاگادار بم [تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە]، کەس لە لایەن ناوەندییە ئەمنییەتییەکانەوە دەسگیر یان بانگ نەکراوە. چونکە ئەنجومەنی سێنفیی مەریوان پێش بەڕێوەچوونی گردبوونەوەکە، زۆر ڕاشکاوانە بە بەڕێوەبەرایەتیی ئامووزش و پەروەرشی مەریوانی ڕاگەیاند مادامێک ناڕەزایەتییەکانی ئێمە پیشەییە نەک سیاسی، ئەگەر هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیێوەردان بکەن، گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکان دەبەینە ناوەندی شار (چوڕیانی شەبڕەنگ).”
محەمەدی بە ئاماژەدان بە گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەرینی ئێران لە سێی ڕەزبەری ١٤٠٠ بە بۆنەی دەسپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنەوە وتی: “ژمارەیەک لە هاوپیشەکانی ئێمە لە شارەکانی سەوڵاوا و مەریواندا چەند ڕۆژ پێش بەڕێوەچوونی گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکەی سێ ڕەزبەر، لە لایەن هێزە ئەمنییتەییەکانی ئەم دوو شارەوە بانگ کران و هۆشدارییان پیدرا کە لە ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایاندا بەشداری نەکەن.”
ئەو بەڵام چوونییەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی فەرهەگیانی مەریوانی لەگەڵ هێزە ئەمنییەتییەکان لە گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی بەرز نرخاند و بە جێگای سەرنجی زانی.
بە گوتەی ئەم مامۆستا خانەنشینکراوە، هێزە ئەمنییەتییەکان پێش ئامادەبوونی ناڕازییان، لە شوێنی بەرێوەچوونی ناڕەزایتییەکاندا جێگرکران و تەنانەت لە کاتی بەرێوەچوونی گردبوونەوەکەدا، هاتنە نێو ناڕازییانەوە و فیلمیان لێهەڵگرتوون: “خەڵک زۆر بەلایانەوە ئاسایی بوو. تەنانەت هەندێک لە فەرهەنگیان پێان دەوتن ورنە پیشەوە و فیلم لە خەڵکەکە هەڵبگرن بۆ ئەوەی بزانن داخوازییەکانی ئێمە پیشەیی و سێنفین. پێمان وتن داخوازییەکانی ئێمە نەک داخوازیی فەرهەنگیان بەڵکوو داخوازیی زۆرینەی خەڵکی ئێران لەوانە خۆتان و منداڵەکانتانیشە. تەنانەت هەندێک لە ناڕازییان پێیان دەوتن بۆ بوونەتە گوێ لە مشتی حکوومەتێکی ئیستبدادی و هاتوون بۆ سەرکوتی ئێمە؟ مەگەر وەدیهاتنی خواست و داخوزییەکانی ئێمە بەرگریکردن نییە لە مافەکانی ئێوە و منداڵەکانتان؛ کەواتە بۆ نایەنە ڕیزی ئێمەوە.؟”
محەمەدی لە پێوەندیدا بە دەسەڵات و توانای بەرپرسانی پێوەندیدار بۆ چارەسەرکردنی کەرتی پەروەردە و وەدیههێنانی داخوازییەکانی فەرهەنگییان پێیوایە: “زۆربەی دامودەزگاکانی سەر بە وەزارەتی ئامووزش و پەروەرش توانانی هەنگاوی کردارییان بۆ جێبەجێکردنی خواستی فەرهەنگیان نییە و پێدەچێت بەڕێوەبردنی بڕیارنامەکانی ناوەندەکانی سەرووی خۆیان کەوتوونەتە پێش داخوازی و خواستەکانی ئێمەوە. هەڵکشانی ناڕەازیەتییەکان و پەرگیربوونیان لە زۆربەی شارەکانی ئێران، بێگومان دەرخەری لاوازی و بێتوانایی دەوڵەتە لە چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان و خواستە ڕەوا و بەرحەقەکانیان.”
شەعبان محەمەدی وتی ئەگەر ڕەوتی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پێوەندیدار بەرامبەر خواستەکانی فەرهەنگیان بەردەوام بێت، ئەگەری بەڕێوەبردنی گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەرینتر لە لایەن مامۆستایانی شاغڵ و خانەنشینکراو بە دوور نازانێت: “کۆمەڵگای فەرهەنگیان چونکە بڕوای وایە کە ناڕەزایەتییەکانی هاوشانە لەگەڵ ناڕەزایەتیی کرێکاران و چینوتوێژە کەمداهاتەکانی کۆمەڵگادا، پشتیوانی و پاڵپشتیی باقیی توێژەکانی کۆمەڵگا بۆ پەیوەستبوون بە گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەرینتر بە پێویست و حەتمی دەزانێت. چونکە بڕوای بەوە هەیە که هاوکاری و نزیکبوونەوەی ناڕەزایتییە کرێکارییەکان و فەرهەنگیان، لابردنی ستەم، هەڵاواردن و نایەکسانی بە دوای خۆیدا دەهێنێت.”