سێ شه‌ممه‌ 23 نیسان 2024

ژنانی چالاکی کورد لە نامەیەکی سەرئاواڵادا داوا لە هەموو حزبەکانی رۆژهەلاتی کوردستان دەکەن لە ئاست ئیعدامی روڵەکانی کورد یەکدەنگ بن

بۆ سەرجەم حیزب و ڕێکخراوە سیاسی‌یەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

بەڕێزان!

هەر وەک دەزانن ئەو حەفتەیە پێنج لاوی کوردلە ڕۆژهەڵات شەهید کران. ڕۆژ نییە ڕۆڵەکانی ئەم نەتەویە هەناسەیان بە پەتی دار نەخنکێندرێت و لەسەر دار وەک ئاڵا نەشەکێنەوە. ئەگەر لە تاران زیندانی سیاسی مستێکی لێدەدرێ، ئەوە لە کوردستان زیندانی کورد ئێعدام دەکرێ. چ نیاز بە دووپاتکردنەوە ناکا کە گەلی کورد بە گشتی و ژنی کورد بە تایبەتی کۆڵەباری خەمێکی مێژوویی لە کۆڵ گرتووە و هەڵگرتنی هەموو ئەو ڕەنجە‌ش تەنیا بۆ وەدەست هێنانی ماڤی ڕەوای سەروەری سیاسی و ژیانێکی ئینسانیە بە پەێی جارنامەکانی جیهانی مافی مڕۆف، مافی ژنان و مافی مندالان کە ماف‌گەلێکی ڕەوا و حەقن.

ئەوەی هەر ئێستا مایەی نیگرانی و پەرۆشی جیدی هەموو لایەکمانە ئەوەیە کە بە هۆی پڕشوبڵاوی حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و هاوکاری نەکردنیان لەگەڵ یەکتر، خه‌ڵک تووشی ناهومیدی و خەمۆکێکی قوڵ هاتوون و ئه‌وه‌ش خه‌باتی خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی خستۆته‌دۆخێکی نا هه‌مواری سیاسی کۆمەڵایەتی و کۆماری ئیسلامی هەرچی زیاتر له‌و ‌دۆخه‌ که‌ڵک وه‌رده‌گرێ بۆ سه‌رکوت و زه‌بروزه‌نگ لە کوردستان‌دا.

بەداخەوە حیزبەکانمان لەم هەلومەرجە هەستیارەدا بە سیاسەتێکی ناشەفاف و نادروست، پاراستنی بەرژەوەندی تەنگی حیزبی، هەوڵ بۆ تەنیا بەدەست هێنانی دەسەڵات و ڕقەبەرایەتی، چارەنوسی نەتەوە و منداڵانی ئەو نەتەوەیان خستۆتە مەترسیەکی یەکجار گەورەوە و عەینی. ئەم جۆرە سیاسەت کردنە وزە و تێکۆشانی ژنان و پیاوانی کورد هەرچی زیاتر کردۆتە قۆچی قوربانی ئەویش لە ژێر ناوی حیزب و ڕێبەر!

ئێمە واژۆکارانی ئەو نامەیە ڕامان وایە ئەو جۆرە سیاسەت‌کردنە نە‌توانیوێتی دەسکەوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی باشی هەبێ و نە دەتوانێ دەرگایەک بۆ چارەسەری کێشەکان بکاتەوە و لەسەر ئەو باوەڕین کە حیزبەکان هەنوکە دەبێ وڵامدەر بن لە ئاست ئەو گرفتانەی کە هەن و خۆشیان بەشێک بوون لە پێک هێنانیان. هاوکات بە مافی خۆمانی دەزانین کە سەبارەت بە کێشەکانی نێوان حیزبەکان کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لە سەر ژیانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، داوای وڵامتان لێبکەین و پێمانوایە کە نابێ و ناتوانین چیتر شاهیدی دروشمی ناوەڕۆک بەتاڵ و نمایشی حیزبەکانمان بین.

ئێمە بەشێک لە ژنانی کورد بە ڕوانگەی فکری سیاسی جیاواز یان سەربەخۆ دەخوازین کە لە هەلومەرجی ئێستادا لانی کەم ئەحزابی کوردی لە سەر کێشەی زندانیانی سیاسی کورد هاودەنگ بن و بە پێی هەر نەبێ پەیرەو و پڕۆگرامی خۆیان کار بکەن نەک بە دڵخوازی بەرژەوەندی کاتی و حیزبایەتی. هەروەها داوکارین کە حیزبەکان سەرڕای هەر کێشەیەک کە هەیانە به‌رامبه‌ر به‌كوشتن ‌و له‌سێداره‌دانی‌لاوانی‌كورد هاوهه‌ڵویست بن و به‌به‌یاننامه‌ی‌هاوبه‌ش‌و به‌خۆپیشاندان له‌باشوری‌كوردستان ‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ولات ئه‌و جینایەتانەی حكومه‌تی‌ئێران هاودەنگ مه‌حكوم بكه‌ن. داوا له‌نوخبه‌ی‌ناو حیزبه‌كان ده‌كه‌ین كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌کە هەموو لایەنەکان‌له دەوری کێشەی هاوبه‌شی زیندانیانی سیاسی كۆببنه‌وه‌. با هەموو ڕێکخراو و حیزبەکان هێز و ئیمکاناتی دیپلۆماسی و مێدیاییان لە سەر کێشەی نەجاتی زندانیانی سیاسی هاوتەریب بکەن.

زۆر ئاشکرایە کە ئەرکی هەموو لایەنێکە کە بە ناردنی سکاڵای هاودەنگ بۆ ئۆرگانەکانی ماڤی مرۆڤی لە جیهان، ئەمنستی، چاوەدێری مافی مرۆڤ بۆ سەر ئێران بەڕێز ئەحمەد شەهید، ڕووکردن لە ئۆرگانەکانی دادی نێونەتەوەیی و هاوکاری بەردەوام لە سەر کێشەی زندانیان، لەو مشتومڕە ناشایستە بێنە دەر و دەستی هاوکاری بۆ یەکتر دڕێژ بکەن. دیارە لەم ڕوانگەوە هەر حیزب و ئالیانسێک لەمپەر بخاتە سەر ڕێگای ئەو هاوکارییە و پشت لەو ئەرکە ئینسانی و نەتەوییە بکا، دەکەوێتە بەر قەزاوەتی خەڵک و دەبێ وڵامدەری مێژو و خوێنی شەهیدانی ڕۆژەهەڵاتی کوردستان بێ.

بە سپاسەوە

مینا لبادی، نەدا شەهبازی، جەمیلە ڕەحیمی، شەهلا دەباغی، مەرزە جەوانمەرد، ئەسمەر مێعماری، ناهید موکری، روفیا ڕەمەزان‌عەلی، فەریبا محەمەدی، بەدری تەوحیدی، چنوور مێهرپەروەر، گوڵالە شەڕەفکەندی، شلێر شەبلی، جەمیلە ئەنوەری، سۆهەیلا قادری، سیمین نەسروڵاهی، شەهین شەهلایی، کوێستان عومەرزادە، ڕۆژە عەزیزی، پەخشان ئەحمەدی، پەروین شەڵماشی،سەحەر دیناروەند، پەری ڕەشیدیان، شەڕاڕي شەمامی، هێلین یونگ بەری، شەمزین جیهانی، مەهین شوکڕوڵاپور، گوڵاڵە سەمیعی، لەیلا محەمەدی، شەهناز شەهلایی، نەهیە خۆشکەلام، نەسرین ڕەحیمی، سوڕەیا ساتوری، کوێستان گادانی، پەروین خاڵەندی

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.