چوار شه‌ممه‌ 27 ئازار 2024

٩ پەنابەری خەڵکی ڕۆژهەڵات کەوتوونەتە دەست “جەیشولحوڕ”ی سووریا

شەممە ٣٠ی گەلاوێژی١٤٠٠، نۆ پەنابەری خەڵکی ڕۆژهەلات کە دەیانویست لە سنووره ئاوییەکانی تورکیاوە بپەڕنەوە بۆ ئەورووپا، لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە دەسبەسەر کران و پاش چوار ڕۆژ لەگەڵ ٥٧ پەنابەری خەڵکی باشووری کوردستان‌دا بۆ وڵاتی سووریا دیپۆرت کرانەوە. ئەم پەنابەرانە لە ترسی گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتی یەکەم واتە ئێران، لای پۆلیسی تورکیا خۆیان بە خەڵکی سووریا ناساندبوو هەر لەبەر ئەمەیش هەموویان گوازراوتەنەوە بۆ سووریا.

بە گوتەی هەندێک لە بنەماڵەکانی ئەم پەنابەرانە لە وتووێژ لەگەڵ “ئێران‌وایەر”دا ئەم نۆ کەسە لە ئێستادا کەوتوونەتە دەست میلیشیاکانی “جەیشوڵحوڕ” و چارەنووسیان نادیارە. ئەمە لە حاڵێک‌دایە کە ژمارەیەک لە بنەماڵەی ئەم پەنابەرانە داوایان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە ڕۆڵەکانیان وەربگرنەوە و بیانگەڕێننەوە بۆ ئێران.

***

“دەماوەند پاکسرشت”، “موبین وەلەدبەیگی”، “ئەفشار ڕۆستەمی”، “بەهمەن شادڕەوان”، “مەسعوود حەیدەری”، “سەعید ئەحمەدی”، “فەردین دەرویش‌پوور” و “هیدایەت ڕۆخزادی زەردوویی” خەڵکی شاری پاوەی سەر بە پارێزگای کرماشان و “ئارمان ڕەشیدی”، خەڵکی شاری سەردەشتی سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا، ڕۆژی چوارشەمە ٣ی خەرمانانی ١٤٠٠ لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە دەسبەسەر کران و دیپۆرت کرانەوە بۆ سووریا. بە گوتەی بنەماڵەکانی ئەم پەنابەرانە، ئەوان لەبەر هەژاری و بێ‌کاریی بەرین، بە شێویەکی یاسایی ئێرانیان بەرەو تورکیا بەجێهێشتووە و دەیانویست خۆیان بگەیەننە ئەورووپا بۆ ئەوەی بتوانن ژیانێکی باش‌تر بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان وەدی‌بهێنن. غافڵ لەوەری لەم ڕێگە مەترسیدارەدا، چارەنووس دەیانباتە سووریا.

حەوتووی ڕابردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو ٥٧ کەسەی کە لەگەڵ نۆ کەسەکەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا بۆ سووریا دیپۆرت کرابوونەوە، ٥٤ کەسیانی گەڕاندەوە بۆ هەرێمی کوردستان. ٣ کەسیان کە دەیانویست ڕا بکەن تاکوو ئێستا چارەنووسیان نادیارە و لە لایەکی‌ترەوە، ئەم نۆ پەنابەری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش تاکوو ئێستا بێ‌پەنا و پشتیوان مانەتەوە. سەرباری بەدواداچوونی بنەماڵەکانی ئەم پەنابەرانە، دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران تاکوو ئێستا هەوڵێکی نەداوە بۆ گەڕاندنەوەی ئەم ٩ شارۆمەندەی خۆی.

یەکێک لە پەنابەرانی خەڵکی سلێمانی کە لەگەڵ ئەو ٥٤ کەسەدا گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان لە پێوەندی‌دا بە چۆنییەتیی دیپۆرت‌کرانەوەی ئەم نۆ کەسەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ وڵاتی سووریا بە “ئێران‌وایەر”ی وت سەرەتا هەموویان بۆ شاری “گازی ئەنتاب” (دیلۆک) لە باشووری تورکیا گوازرانەوە و پاشان هەموو پەنابەرەکانیان ڕادەستی میلیشیاکانی “سپای ئازادی سووریا”، دژبەرانی دەوڵەتی “بەشار ئەسەد” کردووە.

بە گوتەی ئەو، میلیشیاکانی سپای ئازادی سووریا دەسبەجێ ئەوانیان ڕادەستی میلیشیاکانی “جەیشولحوڕ” (بەشێک لە هێزە دژبەرەکانی دوڵەتی بەشار ئەسەدە کە سەر بە سپای ئازادی سووریان و لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن) کردووە: “دواتر گوازراونەتەوە بۆ شاری “عەزاز” لە باکووری سووریا. ئێمە و پەنابەرە ئێرانییەکان زۆر لە بەرپرسانی جەیشولحوڕ پاڕاینەوە کە ڕازیان بکەین خەڵکی سووریا نین بەشکوو بمانگەڕێننەوە بۆ تورکیا بەڵام گوێیان لێ‌نەگرتین.”

“ئەفشین ڕۆستەمی”،  برای ئەفشار ڕۆستەمی کە دانیشتووی وڵاتی بریتانیایە، لە پێوەندی‌دا بە دۆخی هەنووکەیی و چارەنووسی ئەم ٩ پەنابەرە بە “ئێران‌وایەر”ی وت دوای هەوڵێکی زۆر، دوو ڕۆژ بەر لەمە، لە ڕێگەی بەدواداچوونەکانی یەکێک لە دۆستەکانمانەوە لە وڵاتی ئەڵمانیا، توانیمان لە ڕێگەی کەسێکی خەڵکی شاری عەزازەوە شوێنی دەسبەسەرکردنی ئەم ٩ پەنابەرە بدۆزینەوە و لە بارودۆخی هەنووکەیی و تەندرووستیان ئاگادار ببینەوە: “هەر ٩ کەسەکە لە مەکتەبێکی ئایینیی شاری عەزازدا ڕاگیراون و لە ڕووی خۆراکەوە بەپێی ئەو شتەی بە ئێمە وتراوە، کێشەیەکی تایبەتیان نییە. بەڵام پێ‌دەچێت میلیشیاکانی جەیشولحوڕ بە هیچ شێوەیەک ڕێگەیان پێ‌نەدەن پێوەندیی تێلێفۆنی بگرن و ئینتێرنێت بەکار بهێنن.”

بە گوتەی ئەفشار ڕۆستەمی، هێزەکانی جەیشولحوڕ ئازادیی ئەم نۆ کەسەیان بە پێدانی پارە مەرجدار کردۆتەوە: “بە گوتەی ناسیاوە سوورییەکەی ئێمە لە شاری عەزاز، بەرپرسانی جەیشولحوڕ بۆ ئازادکردنی ئەم ٩ کەسە داوای پارەیان کردووە. لە ڕاستی‌دا ئێمە سەبارەت بە ڕاستیی داخوازییەکەی جەیشولحوڕ گومانی جیدیمان هەیە هەر لەبەر ئەمەیش داوامان لە ناسیاوەکەمان کردووە لانیکەم پێوەندییەکی تێلێفۆنیی کورتمان بۆ ڕێکبخات تا جگە لە دڵنیابوونەوە لە تەندرووستیی ئەم نۆ کەسە ڕاستیی داخوازییەکەی جەیشولحوڕیشمان بۆ پشتڕاست بکرێتەوە. دوا هەواڵێک کە لە ڕێگەی ئەم ناسیاوەوە بە دەستمان گەیشتووە بریتییە لەوەی کە جەیشولحوڕ بەنیازە لە ڕۆژانی داهاتوودا هەر ٩ کەسەکە دادگایی بکات بەڵام لە ئێستادا وردەکاریی هەواڵەکە و هۆکاری دادگایی‌کردنی ئەم نۆ کەسە نازانین.”

ئەو هەروەها ئاماژەی دایە هەوڵەکانی بنەماڵەکەی لە ئێران بۆ بەدواداچوون سەبارەت بە دۆخی ئەم ٩ پەنابەرە، بە تایبەت براکەی: “بنەماڵەی ئێمە، ڕۆژی چوارشەمەی ڕابردوو ٢٤ی خەرمانان چوونەتە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تاران و داوای یارمەتییان لێ‌کردوون. بەرپرسانی پێوەندی‌داریش وتوویانە دەبێت هەر ٩ بنەماڵەکە داخوازی‌نامەیەک بنووسن و لەگەڵ بەڵگەنامەی نۆ کەسەکەدا سەردانی وەزارەتی دەرەوە بکەن تا دوای هەڵسەنگاندنی کەیسەکە، لە ڕێگەی سەفارەتی ئێرانەوە لە تورکیا کاریان بۆ بکرێت. هەروەها ئاماژەیان بەوەیش داوە کە پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەم نۆ کەسە یەک تا سێ مانگ دەخایەنێت.”

ئەفشین ڕۆستەمی لە پێوەندی‌دا بە دۆخی ئەمنییەتیی و ئەو مەترسییانەی لەوانەیە دوای گەڕانەوەیان بۆ ئێران هەڕەشە بن لەسەریان بە “ئێران‌وایەر”ی وت: “هیچکام لەم کەسانە لەبەر کێشەی ئەمنییەتی ئێرانیان بەجێ‌نەهێشتووە. تا جیگایەک من بزانم هەر نۆ کەسەکە بە هۆی هەژاری و بێ‌کارییەوە لە ئێران ڕۆیشتوون؛ بەو پێیەی کە بۆخۆم لەگەڵ بنەماڵەکان‌دا پێوەندیم هەیە تەنانەت یەک کەسیشیان دۆسییەی تاوانیان لە دادگایش‌دا نییە.”

براکەی ئەفشار، جگە لە ئاماژەدانی بەردەوام بە هەژاری و باری خراپی ئابووریی ئەم پەنابەرانە، براکەی خۆی بە یەکێک لە قوربانییەکانی بێ‌کاری و ئەو بێ‌هیواییە ترسناکە دەزانێت کە ژیانی بۆ زۆربەی گەنجانی ئێرانی کردۆتە کابووسێکی ترسناک.

بە گوتەی ئەو، ئەفشار سەرباری ئەوەی خاوەن بڕوانامەی ماستەرە لە زمانی ئینگیلیزی‌دا، هیچکات دەرفەت و هەلی دامەزرانی لە ئیدارە و دەزگا دەوڵەتییەکان‌دا نەبووە و لەبەر بێ‌کاری ناچار بوو بۆ هەمیشە زێدەکەی بەجێبهێڵێت: “ئەفشار ماوەیەک بەرامبەر زانکۆی ئازادی پاوە، ئۆفیسێکی بۆ کاری وەرگێڕان دانا بەڵام بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ناچار بوو ئۆفیسەکەی دابخات. هەر ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی ٢٥ی گولانی ١٤٠٠ پاوە بەجێبهێڵێت و ڕێگەی پەنابەری بگرێتەبەر.”

یەکێک لە نزیکانی موبین وەلەدبەیگییش باسی بەدواداچوونەکانی ببنەماڵەکەی بۆ ڕزگارکردنی ئەم پەنابەرانە کرد و بە “ئێران‌وایەر”ی وت پێنج‌شەمەی ڕابردوو ٢٥ی خەرمانان و هەروەها سەر لە بەیانیی ڕۆژی ڕابردوو ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٠ بنەماڵەی پەنابەرەکان سەردانی ئۆفیسی “مەلاقادر قادری”، پێش‌نوێژی شاری پاوەیان کردووە و داوای یارمەتییان لێ‌کردووە. ئەگەرچی نەیانتوانیوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ مەلاقادر ببینن بەڵام بە گوتەی سەرچاوەکەی “ئێران‌وایەر” بەرپرسی ئۆفیسەکەکەی مەلاقادر بە ڕوویەکی خۆشەوە بەڵێنی پێداون یارمەتییان دەکەن. ئەو هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە بنەماڵەکان لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵات‌دا قسە نەکەن.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها لە پێوەندی‌دا بە باری ئابووریی ئەم ٩ کەسەوە، بە تایبەت ئەو هەشەت کەسەیان کە خەڵکی پاوەن، بە “ئێران‌وایەر”ی وت: “ئەو هەشت کەسەی کە خەڵکی پاوەن، جگە لە ئەفشار ڕۆستەمی، پاکیان خێزاندار و خاوەن منداڵی وردن و باری ئابووریی هەموویشیان زۆر خراپە. بۆ نموونە، هیدایەت ڕۆخزادی زەردوویی پێش ڕۆیشتنی لە ئێران کۆڵبەری و کرێکاری دەکرد و دایک و هاوسەرەکەیشی لە ئێستادا کڕێچین. دەماوەند پاکسرشتیش بە هۆی هەژاری و بێ‌کارییەوە ناچار بوو ڕێگای پڕ لە مەترسیی پەنابەری هەڵبژێرێت تاکوو بتوانێت ژیانێکی ئارام بۆ منداڵە سێ مانگانەکەی بەدی‌بهێنێت؛ دەماوەند تەنانەت منداڵە سێ مانگانەکەی نەبینیوە.”

بنەماڵەی ئارمان ڕەشیدی، پەنابەرەکەی خەڵکی سەردەشت ئامادە نەبوون لەگەڵ “ئێران‌وایەر”دا وتووێژ بکەن.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …