وانەی ئەفغانستان⁄ د.کامران ئەمین ئاوە

بە دوای ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤییەت و وڵاتە هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ئورووپا لە دەیەی ٩٠ی سەدەی ڕابردوو، بەرەی چەپ و عەداڵەتخوازی سۆسیالیستی لە ئاستی جیهاندا تووشی قەیران و شکستێکی مێژوویی بەڵام کاتیی هات. ئەم ڕەوته بوو به هۆی سەرهەڵدانی جیهانێکی یەک جەمسەری و هەڵپەڕکە و چۆپی‌کێشانی بەرەی ڕاست و، گۆڕانی قیبلەی تەنانەت بەشێک لەوانەی خۆیان به چەپ دەزانی بەرەو واشنگتۆن و، هێنانەگۆڕی ئەم بیرۆکەیە کە تەنیا به یارمەتیی ئەمریکاو وڵاتانی ئوروپایی دەکرێ کورد له بەشه دابەشکراوەکانی نیشتمانەکەی له ئاواتە و ئامانجەکانی نزیک بێتەوە.

ڕووداوەکانی عێراق، ڕووخانی حکوومەتی سەدام و، دامەزرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەم بیرۆکەیەی بە هێزتر کرد. مخابن له درێژخایەندا ڕوو له واشنگتۆن کردن ئاکامێکی وەهای بۆ کورد به گشتی نەبوو. پەیتا پەیتا سەهۆڵی هیوابەستن بە ئەمریکا و رۆژاوا لای زۆربەی ئەوانەی بەوان هیوادار بوون، لە ئاکامی پشتیوانی نەکردنی ئەمریکا و ئورووپا لە سەربەخۆیی باشوری کوردستان، پشتکردنیان له کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕێگەدان بە تورکیا بۆ داگیرکردنی عەفرین و بەشێک لە خاکی ڕۆژئاوا، هەروەها بێ‌دەنگییان لەبەرامبەر تاوان و جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران بەرامبەر به کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کارەساتگەلی وەکو مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات، تێرۆری کادر و ئەندامانی حیزبه کوردستانییەکان و به هیند نەگرتنی کێشەی کورد لەو بەشەی کوردستان، توایەوە.
سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان که پشتی به پشتیوانیی ئەمریکا گەرم بوو، پێی وابوو به پێی پێوەندیی دۆستانەیان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ڕۆڵی قارەمانەی پێشمەرگه له تێکشکاندنی داعشدا، ئەوان پشتیوانی له ڕەوتی سەربەخۆیی کورد دەکەن. هیوایەک که تەبایی لەگەڵ سیاسەتی ژئۆپۆلیتیکی ئەو وڵاتانە نەبوو و، لەدەستدانی پتر لە سەتا ٥٠ی خاکی باشووری کوردستان و بە تایبەتی شاری ستراتێژیکی کەرکووکی لێ کەوتەوە.
کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیش وێرای نەخشی بێ‌وێنەیان لە ڕەوتی تێکشکاندنی داعش و خوڵقاندنی حەماسەگەلی گەورە له کۆبانییەوە هەتا ڕەقە، هەمبەر به هێرشی دڕندانەی سپای داگیرکەری تورکیا بێ پشتیوان مانەوە؛ شار و گوندەکانی ئەو بەشەی کوردستان به دەست سپای تورک و هێزی بەکرێگیراوی سوریا تاڵان کران و، وێرای سووکایەتیکران به ژن‌و منداڵی کورد، لە مەدرەسەکانی بەشە داگیرکراوەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، ئالای تورکیا هەڵکراو و ڕۆڵەی کورد ناچار به خوێندنی وانه به زمانی تورکی کرا. لەم نێوەدا بۆ سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئەمریکا واته ترامپ تەنیا بەرگری له چاڵه نەوتەکان گرینگ بوو و شەڕی کورد و تورک وەکو کایەیەکی منداڵانەی مێژوویی و درێژخایەن سەیر کرا.
ئەم ڕۆژانەش شایەتی دووبارەبوونەوەی ڕووداوە تاڵەکانی ئەفغانستان پاش پشت‌چۆڵکردنی خەڵکی ئەو وڵاتە لە لایەن ئەمریکا و وڵاته هاوپەیمانەکان و ساتوسەودایان لەگەڵ تاڵبانین. تاڵبان شار بە شار و گوند به گوندی ئەم وڵاته دەگرێ، ڕوحم به گەورە و بچووک ناکات، هەرکەسی وەدەست دەکەوێ به پێی بیرۆکەی کۆنەپەرستانە و دواکەوتووانەی ئایینیی خۆی قەتڵوعامی دەکات. ئەم ڕووداوانە دەیسەلمێنن پشتبەستن به پشتیوانیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، خەیاڵێکی چەوت و خاوە و، ئاکامێکی ئەرێنی لێ ناکەوێتەوە. هێزی نیوخۆیی کاتێک لە کاتی دەسەڵاتداریی خۆیدا نەتوانێ گۆڕانکارییەکی بنەرەتی لە تەواوی بوارەکانی کۆمەڵگا پێکبهێنێ؛ ئاسایش، دێموکراسی، دادپەروەری و خۆش‌بژیویی دابین بکات؛ کاتێک نەتوانێ پێش به گەندەڵی بگرێ و سیستمێکی ئەمڕۆیی بە دوور له کاریگەری سەرۆک خێڵە حیزبی و ناحیزبییەکان و بیرو هزری وەدواکەوتووی عەشیرەیی دابین بکات؛ کاتێک نەتوانێ ئایین و شەریعەت له دەوڵەت و سیستمی پەروەردە جیا بکاتەوە؛ کاتێک نەتوانی یەکسانیی ژن و پیاو لە کۆمەڵگەدا دابین بکات و کەلێنی چینایەتی کەم بکاتە و سەرمایەی ئەو وڵاتە بۆ چاکسازی و گەشەسەندنی باری ئابووری و فەرهەنگیی وڵاتەکەی تەرخان کات؛ کاتێک داهات و سەرمایەی وڵاتەکەی نەک بۆ خزمەتی پەرەپێدانی کارو پیشەسازی، دروستکردنی فابریک و ڕێگای هاتوچۆ، بیمەی گشتی و مافی بێکاری بەڵکوو بۆ خزمەتی ئەوانە بێ کە به هۆی دەسەڵاتداری، خەریکی ڕاووڕووتن و گیرفانی خۆیان و حیسابە بانکییەکانیان له دەرەوەی وڵات پڕ دەکەن و خوێنی هەزاران هەزار گیانبەختکردووی ڕێگای ئازادی و سەربەستیی وڵاتەکەیان به راحەتی به فیڕۆ دەدەن و چارەنووسی وڵاتەکەیان به بڕیاری دەوڵەتەکانی ئەمریکا، ئورووپا، هەروەها دراوسێیەکانیان گرێ دەدەن، هەر ئەوەیان بەسەر دێ، کەبەسەر دەوڵەتی ئەفغانستان هات.هیچ کاتێک بۆ فێربوون له ڕووداوەکانی مێژوو درەنگ نییە. ھێگێل فیلسووفی ئاڵمانی دەڵێ: “تا ئێستا ھیچ کەس، ھیج کات شتێک لە مێژوو فێر نەبووە”. ئەمە ڕاستە، بەڵام ئەوە لەم ڕاستییە کەم ناکاتەوە کە مێژوو مرۆڤ فێری چەند وانەیەکی بەکەلک و ژیرانە دەکا و پێویستە ئینسان لە مێژوو دەرس وەر بگرێ، ئەنجامە بەکەلکەکانی هەڵێنجێ و بەلانی‌ کەم ھەڵەی پێشینیان دووپات نەکاتەوە. لێرەدا ئیدی خەتاکە نەک بۆ دەرسەکانی مێژوو ، بەڵکوو بۆ نەبوونی بڕشت و لێھاتوویی بۆ فێربوونی ئەم وانانە دەگەڕێتەوە.”

١٥ی ئاگوستی ٢٠٢١، دۆرتمۆند ئاڵمان

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …