سێ شه‌ممه‌ 10 كانونی یه‌كه‌م 2024

باڵندەی ئومێد ⁄ شەماڵ باروانی

زوو وەرە

بەر لەوەی دڵی قەسیدەم لە لێدان بکەوێت و
حەکایەتی دڵداریمان بەنیوەناچڵی یاداشت بکرێت.

بەر لەوەی
جگەرەی تاڵی داگیرسێنم و
قاوەی خەم بخۆمەوە
.
بەرلەوەی
پاساری هۆنراوەم لە فڕین بکەوێت و
نەغمەی شیعرم لەگەرووی ئیلهاما بخنکێت

بەر لەوەی
باڵندەی ئومێدم کۆچ بکات و
کۆرپەی خەونەکانم لەبار بچێت

زوو وەرەوە
بەر لەوەی ڕوو گرژی شەوەزەنگ
بزەی تریفەی مانگەشەوم بتۆرێنێت

بەرلەوەی
پرشنگی هەتاوی بەختم بکوژێتەوەو
سەمفۆنیای ئێوارەی غەمگینیم دەست پێبکات.

بەرلەوەی
کەمانچەی هەستم لەژەنین بکەوێت و
فتیلی ئازار لەهەیوانی تەنیاییمدا بکەوێتەکار

بەرلەوەی
لقی درەختی شادمانیم بشکێت و
گوپکەی چرۆی هیوام بژاکێت

زوو وەرەوە
بەرلەوەی
گاسنی خەم زەوی دەروونم بکێڵێت و
چۆمی چاوەڕوانیم وشککا

بەرلەوەی
هەڵۆی دڵ تەنگی
لەسەر ترۆپکی پێکەنینم بنیشێتەوەو
ڕەشەبای بێزاری شەقامی ڕۆحم داپۆشێت

بەر لەوەی
هێشووی بیناییم هەلوەرێ و
چاوی خامەم کوێر بێ

بەرلەوەی
قافیەی شیعرم بشکێ و
دێڕەکانم بەبێ نازی سەر بنێنەوە

بەرلەوەی
هەناری مەراقم ڕەنگی پیری بگرێ و
کەلوە بەفری لوتکەی تەمەنم بتوێتەوە

بەرلەوەی
هەنگی ڕۆژگار
شیلەی جەستەی وشەکانم بمژێ و
بزەی لێوی تابلۆی خۆشەویستیمان بکوژێتەوە

بەر لەوەی
باخی خۆزگەم
بە دڕکی قەدەر تەڵبەند بکرێت و
کراسی عیشقم لەخاچی پەشیمانی بدرێت

بەرلەوەی
چەقۆی غەدر
پێکەنینەکانم تاپۆی دڵ ڕەقی زەمەن بکات و
باڵی پەپوولەی گۆرانیەکانم هەڵوەرێ

بەرلەوەی
پەنجەی ناسۆر
هێڵانەی سۆزم بداتە بەر قامچی ڕمان و
ئاسمانی حەزم بگریێ

زوو وەرەوە زوو
بەرلەوەی
چرای چاوەڕوانیم خامۆش بێ
و
پێنووسەکەم ماتەمدارو ڕەشپۆش بێ

بابەتی هاوپۆل

تداوم بازداشت شهروندان کورد از سوی نیروهای اطلاعات رژیم

با گذشت ١٨ روز از بازداشت “سامان پاشایی”، دارنده مدال جهانی کشتی فرنگی و اهل …