سێ شه‌ممه‌ 23 نیسان 2024

بەیتێکی هیوابەخش ، دڵگەشین وسنوور شکێن⁄رەشاد مستەفا سوڵتانی

هوشی مین : پێویستە هونەرمەندان، شاعیران و نووسەران سەنگەرێک دژی بێ عەدالەتی کۆمەڵایەتی ڕێبەری کەن .
زمانی ئاڤیستایی هەرگیز فارسی نیە. دیالکتەکانی کرمانجی ، سۆرانی ، فەیلی و شێوەزاری ئاڤیستایی و ئائینی هەورامی، زازاکی و لەکی لە زمان مادیی کەوتونەتەوە و سەرچاوەیان گرتوە.
جەناب کاک فازل ئوسولیان، نووسەر و وەرگێڕ ڕەنجی نە پێوراوی کێشاوە و کتێبێکی لە بەها نەهاتووی بە ناوی “درەختی ئاسووریگ” ئامادە و بڵاو کردوەتەوە. درەختی ئاسووریگ بەیتێکی سیاسی و گەنجینەیەکی گرانبەها و بە نرخی کوردی کۆن و هی دەورانی مادەکانە. ئەم بەیتە هاولف و هاوتای لە مێژوودا کەمە و سەنەدێکی ئاوارتە و ڕیزپەڕە. ئەم کتێبەبەرخودان و شەڕی مادەکان و ئاشوریەکان لە نێوان بزن و دارخورما باس دەکات و دەگێڕێتەوە. بزن سیمبۆلی ئاینی زەڕدەشتی ودەسەڵاتی مادەکان ودارخورما سیمبۆلی دەسەڵاتی ئاشوریەکانە . پێ دەچێت ئەم بەیت و مەنزومەیە لە فورم و شێوازی “فابل” گوترابێت. زمانی ئەم بەیتە، کوردی میانە و ناوەڕاستە. بەیتی ئیستاو کۆنی کوردی، دیکۆمێنت و سەندی فەرهەنگی ، کۆمەڵایەتی ، کولتوری ، سیاسی و مێژووی کوردن. پەیکەرێکی زێوین و مێژوویی کە هی قۆناخی مادەکانە و، بە خۆشیەوە نەفەوتاوە و ئیستا لە مۆزەخانەی – می هو- ی ژاپون هەڵگیراوە، ڕاستەوخۆ بەیت و مەنزومەی درەختی ئاسووریگ شکۆداردەکات. دیسکۆرس و ڕاسپاردەی پەیکەرەکە سەرکەوتن – ی مادەکانە و لە هەمان کاتدا شکستی ئاشوریەکانیش بانگەوازدەکات. کاک فازڵ دەقەکانی کتێبی درەختی ئاسووریگی لە خەتی پەهلەویەوە بۆ سەر زمانی ستانداردی کوردی و دیالکتی سۆرانی و زۆر شارەزایانە و بێ گرفت و ڕەوان تەرجومە و هەموار کردووە. یەکێک لە خاڵە پۆزیتیڤەکانی ئەم کتێبە ئەوەیە کە باوڕ و متمانەی زۆری بە خوێنەر و شارۆمەندی کورد بەخشیوە کە زمانی کوردی، لە پێڤاژەی زەماندا لە لایەن نەیارانی کوردەوە کامباخ و وێران کراوە .
کاک فازڵ بە شێوەیەکی ئۆمانیستی و هیمەتی بەرزەوە هەڵەکانی زانایان و نووسەرانی فارسی زمانی ڕاست کردوەتەوە . ئەم نووسەرانە کە زمانی دایکیان فارسی بووە ، شارەزاییان سەبارەت بە زمانی کوردی نزیک بە سفر بووە . بە مەیلی خۆیان دەقەکانیان گۆڕاوە و لە دیاردەی ئەمانەت داری زۆر دوور کەوتونەتەوە. لە بناغەی زمانی کوردی تێنەگەیشتون و لەو بوارەدا ئەندیشە و ئامانجێکی سیاسیان هەبووە. پێیان وایە تەنیا زمانێک کە لە ئێران هەبوە زمانی فارسی بووە. چونکوو لە زمانی کوردی تێنەگەیشتون بە شێوەیەکی نەشیاو دەقەکانیان تەرجومە کردوەتەوە. درەختی ئاسووریگ پەیوەندی بە زمانی فارسیەوە نیە. ئەگەرچی فارسەکان ئیدیعای وا دەکەن، بەڵام ناتوانن سەند، بەڵگە و دیکۆمینتی زمانەوانی و مێژوویی پیشکەش بکەن و بیسەلمێنن ولە بناغەدا بەڵگە و فاکتەکانیان فرە لەرزۆکن . کە وایە هەڵویستەکانیان درۆ و هەڵەیە . دوکتور ماهیار نەوابی،دوکتور جەمشید مانکجی ئۆنڤالا ( شارۆمەندی هیندووستان) ، مەلیک الشوعەرای بەهار ، دوکتور فەرهاد ئابادانی و ئیحسانی تەبەری هەر یەک بەشێوەیەک هەڵویستی خۆیان دەر بڕیوە. دەستێوەردانەکانی ئەم بەڕێزانە کە لە زمانی فارسی شارەزان، بێزهێنەر وچڵە پۆپەی ناشارەزایی و نەزانینی زمانی کوردی دەردەخەن و بۆ تەرجومەی وشە کوردیەکان بە ئارەزووی خۆیان کۆد ومانای هەڵە و نابەدڵیان داتاشیوە و داناوە. کە دەسکاریەکانیان دەتوانێت هەم نەزانینی زمانی کوردی و هەم هەڵویستی نابەجێ ، مەزن خوازانە ، نابەرپرسیارانە و کاڵ فامانە بێت داخی گرانم ئەم بەڕێزانە کۆلکە خوێندەوار و زڕە نووسەریش نین و بەر لە لێکۆڵینەوە و تەحقیق سەبارەت بە زمانی کوردی ، پێش بڕیاری خۆیان داوە. هەڵویستەکانیان تەنیا دڵڕەشی، لووتبەرزی ، ملهوڕی و ڕوانگەی پاوان خوازیە . لە باتی تیماری دەقەکان سەدان جار بیماریان کردووە . لەم پێڤاژەیەدا کاک فازڵ بە شێوەی زانستی دەق و وشەکانی نۆژەن و تەرجومە کردوەتەوە و لە هەمان کاتدا بۆ خاتر جەمی و دڵنیایی لە تەرجومەکە ، بژاردەی بیرمەندانەی بەکار هێناوە.
درەختی ئاسووریک : سەرجەم ٢١٨ لاپەڕەیە،چاپەکەی قەشەنگ و دڵگیرە و هەڵە بژێر کراوە. لە هەندی لاپەڕەدا ڕوون کردنەوەی پێویست لە فورمی ژیرنوس هاتوە . ژمارەی شەبەک و چاپخانە و ساڵی چاپ ٢٠١٩ دیاری کراوە. وێنە و کۆپی دەقەکان جار و بار لە بازێک لاپەڕەدا وەک بەڵگە و سەند دانراون . ناوی هەندی لەو کتێبانە کە کاک فازڵ ئامادەی کردوون و بڵاو بوەتەوە و بە فورمی ( پێ ،دێ، ئیف ) لە سەر ئینتڕنیت دانراون ئەمانەیە:
– نەورۆز ئەفسانە نیە بە کوردی و فارسی
– ناسنامەی زمای کوردی سێ کتێب( بەرگی یەکەم، بەرگی دووهم و بەرگی سێهەم )
– درەختی ئاسووریگ
بێگومان درەختی ئاسووریگ کەلێن و بۆشاییکی گەورە لە بواری ئەدەبی ،نوێخوازی و بیرمەندیدا پڕ دەکاتەوە. سەرەڕای سپاس و قەدەردانی لە ڕەنجە فراوانەکانی جەناب کاک فازڵ ئوسولیان ، خوێندنەوەی کتێبەکانی کە ئاسۆی مرۆڤ فرەوان دەکات ،بۆ هەموو خوێنەران و ئەوانەی کە دڵبەخەمانی ئازاری نەتەوایەتین پێویستە. دەسا قەڵەم و خامەت بە بڕشت ، تەمەنت درێژ و تەندروست و دەستت خۆش بێت، کە وەک فریاد ڕەسێک نەتهێشت ئەم کتێبە لە پەراوێزی پەراوێز بزر و گوم و نەناسراو بێت.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …