ئه‌وه‌ی له ئۆکرانیا به‌رێوه ده‌چێت کۆمه‌ڵێک وانه‌ی به سودی تیادایه بۆ کورد له رووی جیوپۆله‌تیک و ململانێی زلهێزه‌کانی جیهان له گه‌ڵ ناوچه سنوریه‌كاندا. له رووی جیوپۆله‌تیکه‌وه ئۆکرانیا هاوبه‌شی هه‌یه له چه‌ند ئاستێک‌دا له گه‌ڵ کوردستاندا. ئه‌گه‌ر به چاوی جیوپۆله‌تیکی جیهانیه‌وه له نه‌خشه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه بنواڕین که پێی ده‌ڵێن ئیرۆئهشیا، که یانی ئه‌وروپا و ئاسیا: ئه‌وا دوو جۆر له هێز ده‌بینین؛ یه‌كه‌میان هێزی زه‌به‌لاحی مێژوویی، دووه‌میان ئه‌و پانتاییانه‌ی که ده‌كه‌وێته نێوانیانه‌وه. هێزه زه‌به‌لاحه‌كان بریتین له یه‌کێتی ئه‌وروپا، روسیا، له ئاستی جیهانیه‌وه ئه‌مریکا و چین، به‌ڵام له ئاستی ناوچه‌ییدا هێزه گه‌وره‌كان بریتین له تورکیا، ئێران، سعودیه.
له نێوان ئه‌م هێزانه‌دا سێ ناوچه هه‌یه که جێگای ته‌ڕاتێن و ململانێی ئه‌م هێزانه‌یه، ئه‌وانیش ئه‌ورپای رۆژهه‌ڵات، ئاسیای ناوه‌ند، رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. له چه‌ند ساڵی دواییدا چه‌ندین رووداوی شهر وپێکدادان و ناسه‌قامگیری له‌م ناوچانه‌دا روویداوه؛ وه‌ك رووداوی جۆرجیا، عێراق، سوریا وه ئێستا ئۆکرانیا.
ئێمه بۆ ئاسانکاری دوو پۆلێن ده‌كه‌ین یه‌كه‌میان: وڵاتانی زلهێزی جیهانی و ناوچه‌یی دووه‌میان وڵاتانی بچوک و مامناوه‌ند. وڵاتانی زلهێز له دونیای جیهانگه‌ریدا ته‌نیا ئامانجیان ئه‌وه‌نیه که سنوری خۆیان بپارێزن. به‌ڵکو له راستیدا به گشتی سنوریان له مه‌ترسیدا نیه، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی له مه‌ترسیدایه سنوری قهڵهمڕهوییانه. له زانستی جیوپۆلهتیکدا جیاکاری نێوان ئه‌م دوانه له رێگای چه‌مکی بۆردر و فرۆنتێرهوه ده‌كرێت. به کورتی سنور چه‌سپیوه به پێی یاسا، قه‌ڵه‌مڕه‌وی نه‌چه‌سپیوه پشت به هێز ده‌به‌ستێت. سنور سه‌ر به سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌یه، قه‌ڵه‌مڕه‌وی سه‌ر به سیسته‌می ئیمپراتۆریه‌ته. سه‌رگه‌رمی ئه‌م وڵاتانه به گشتی ئه‌وه‌یه که هه‌تا چه‌ندێک له ده‌ره‌وه‌ی سنوری خۆیان ههژهمونیان هه‌یه و ده‌توانن سودی لێ ببینن له رووی سیاسی و ئابوری و ئاسیاشه‌وه.
ئه‌م خه‌می فراونکردنی قه‌ڵه‌مڕه‌ویه که بۆ نموونه لای که‌سێکی وه‌ك ئه‌حمه‌د داودئۆغلۆ ناوده‌نرێت قووڵایی ستراتیژی، وه‌ها ده‌كات که ئه‌م وڵاته زلهێزه جیهانی و ناوچه‌ییانه به‌رده‌وام له هه‌وڵی ئه‌وه‌دابن له چۆن سود له کێشه و ململانێی ناوخۆییه‌كانی وڵاتانی بچوک و مامناوه‌ندی نێوانیان وه‌ربگرن بۆ زیاتر فراوانکردنی قه‌ڵه‌مڕه‌وییان و ململانێی و رکه‌به‌رایه‌تی زلهێزه‌كانی تری نه‌یاریان. ئه‌م هه‌وڵدانه بۆ فراوانکردنی قه‌ڵه‌مڕه‌وی هه‌میشه پێویستی به ئه‌وه‌یه به‌هانه‌یه‌كی هه‌بێت. به‌هانه‌كان هه‌میشه ئه‌و کێشه و ململانێی ناوخۆییانه‌ن که له ناو ئه‌م وڵاته بچوک و مامناوهندانهدا رووده‌ده‌ن. یه‌كێک له خه‌سڵه‌ته سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌م وڵاته بچوک و مامناوه‌ندانه ئه‌وه‌یه که به هۆی ململانێی مێژووی زلهێزه‌كانه‌وه هه‌رگیز ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان نه‌بووه که ببنه خاوه‌ن پێگه و بنه‌ما و شوناس و ده‌زگای تۆکمه‌ی خۆیان. به‌ڵکو بوونیان هه‌میشه بوونێکی برینداره. هه‌ندێک ده‌ڵێن ئۆکرانیا یانی سنور، هه‌ندێکی تر ده‌ڵێن یانی بوون له قه‌راخ. ڕه‌نگه بێگوومان هه‌ردوو ماناکه بدات. له رووی جیوپۆله‌تیکه‌وه یانی بوون له پانتاییهكدا که هه‌میشه رووبه‌رووی ناسه‌قامگیری و ململانێی و پێکدادان و گۆڕانی سیسته‌م و کوێخا وئاغا. هاتووچۆی ئه‌م هێزانه له میانه‌ی مێژوودا سروشتی ئه‌م کۆمه‌ڵگایانه ده‌ژه‌نێت به جۆرێک که به ئاسانی ناتوانێت سه‌قامگیربێت.
له ئه‌مرۆی دونیادا ده‌بینین کاتێک که ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی له‌م ناوچانه‌دا توشی لاوازی ده‌بێت ئه‌وا خێرا پانتایی وڵات له نیشتمانی خه‌ڵکه‌وه ده‌بێته گۆڕه‌پانی ململانێ.
به‌پێی ئه‌وه‌ی کوردستان له هه‌ناوی یه‌كێک له‌م ناوچانه‌دایه که له قه‌راخ ئیمپراتۆریه‌ت و زلهێزه‌كاندایه ئه‌وا به هه‌مانشێوه‌ی ناوچه هاوشێوه‌كانی تر، هه‌میشه ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه که ببێته گۆڕه‌پانی ململانێی زلهێزه گه‌وره‌كانی ناوچه‌كه. بۆ نموونه له ئاسیای ناوه‌ند ده‌بینین که روسیا، چین، ئه‌مریکا، ئێران، تورکیا له ململانێدان بۆ فراوانکردن و تۆکمهكردنی قه‌ڵه‌مڕه‌ویان. له عێراق و سوریا ده‌بینی که ئێران، تورکیا، سعودیه، روسیا و ئه‌مریکا له ململانێدان.
له خواره‌وه له چه‌ند خاڵێکدا ئه‌و خه‌سڵه‌ت ومهترسیانه کورت ده‌كه‌مه‌وه که ده‌بێت ئه‌م جێگا بچوک و مامناوه‌ندیانه لێی به‌ئاگابن به تایبه‌ت کوردستان.
یه‌كه‌م، ده‌بێت هه‌میشه له‌وه ئاگاداربیت که نه‌بیته گۆڕه‌پان، یان نهكرێیته گۆڕه‌پان. تاکه رێگرێکیش له به‌رده‌م بوون به گۆڕه‌پاندا ئه‌وه‌یه که له ناوه‌وه سه‌قامگیری دابین بکه‌یت. هه‌تا ململانێ له ناوه‌وه زیاتر بێت ئه‌وا وڵاتانی تین‌و و برسی به قه‌ڵه‌مڕه‌وی زیاتر به بیانو و به‌هانه‌ی جیاواز زیاتر ده‌ست وه‌رده‌ده‌ن ناو کاروباری ناوخۆوه. ده‌ستوه‌ردانی زیاتر یانی ناسه‌قامگری زیاتر و په‌رتبوون و لاوازبوونی زیاتر.
دووه‌م، نابێت جۆرێک له سیاسه‌ت بگیرێته به‌ر که ببێته هۆکاری ئه‌وه‌ی ناوچه‌که ببێته مایه‌ی تێکدانی هاوسه‌نگی هێزی نێوان زلهێزه ناوچه‌یی و جیهانیه‌كان. کورد ده‌بێت له‌وه ئاگاداربێت که دوو ئه‌گه‌ری له به‌رده‌مدایه یان ده‌بێت له گه‌ڵ هه‌موان به هه‌مان ئاست په‌یوه‌ندی هه‌بێت یان بێلایه‌ن بێت. ئه‌گه‌ر بێتوو لایه‌نی لایه‌نێکی گرت ئه‌وا ناچارده‌بێت بکه‌وێته ژێر قهڵهمڕهویهوه. هه‌رێم ئێستا له دۆخێکی ترسناکدایه له‌مباره‌وه له هه‌تابێت زیاتر ده‌بێته جێگای ململانێی دوو زلهێزی ناوچه‌یی: ئێران و تورکیا.
سێیه‌م، زلهێزه ناوچه‌یی و جیهانیه‌كان هه‌موو شتێک به‌كار ده‌هێنن له پێناو فراوانکردنی قه‌ڵه‌مڕه‌ویاندا. هیچ ناوه‌ند و ده‌زگا و لایه‌ن و گرێبه‌ست و ناوبژییهك بێ ئامانج نیه. بۆ نموونه هه‌ردوو ئه‌ڵمانیا و ئه‌مریکا رۆژانێکی زۆره له رێگای خانه‌ی بیرهكانیانهوه خه‌ریکی دروستکردنی دیدی و که‌سایه‌تی و ده‌زگا و ناوه‌ند له پێناو ئامانجی خۆیاندا. له‌م رووه‌وه هه‌میشه دیموکراسی، مافی مرۆڤ، مافی ئافره‌ت، مافی ئاین، شوناسه‌كان، هه‌موو به‌كارده‌برێن له پێناو ئه‌و ئامانجانه‌دا. دیاره لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه‌نیه که دژایه‌تی رێکخراوی مافی مرۆڤ یان مافی ئافره‌ت بکرێت، هه‌ندێکجار یان زۆربه‌ی جار ئه‌و که‌سایه‌تی ورێکخراوانه به نیازی باش له لایه‌ن وڵاته‌كانیانه‌وه به‌كارده‌برێن. بۆیه باشترین رێگری ئه‌وه‌یه که وڵاتان باری مافی ومرۆڤ و مافی ئافره‌ت و ئازادیه‌كان و قه‌یرانه‌کانی تریان چاره‌سه‌ر بکه‌ن هه‌تا رێکخراوی له‌مجۆره هاریکاربن نه‌ك بتوانن ببنه ئامرازی سه‌پاندندی قه‌ڵه‌مڕه‌وی.
چوارهه‌م، له وڵاته بچوک و مامناوهندهكاندا، رێگایه‌كی تر بۆ رێگه‌گرتن له کاریگه‌ری ئه‌م زلهێزه ناوچه‌یی و جیهانیانه حکومه‌تێکی باشه. حکومه‌تی خراپ هه‌میشه به‌كاردێت وه‌ك دهسکهلایهك بۆ ئامانجی ده‌ره‌كی. گه‌نده‌ڵی زۆری حکومه‌تی ئۆکرانی یه‌کێکه له ئامرازه‌كان که هێزه ده‌ره‌كیه‌كان به‌كاری ده‌هێنن بۆ فوتێکردنی زیاتر به دۆخه‌كه. ئه‌مریکا هه‌تا ئێستا پێنج ملیار دۆلاری خه‌رجکردوه له‌م پێناوه‌دا، وه‌ك ڤیکتۆریا نۆلان به ئاشکرا ئاماژه‌ی بۆ کرد.
پێنجه‌م، هیزی ده‌ره‌كی ته‌نها له ساته‌وه‌ختی قه‌یراندا ده‌ست بهكارنابێت، یان ئاماده‌یی نابێت، به‌ڵکو له ساته‌وه‌خته‌كانی هێمنیدا خه‌ریکی بونیادنانه بۆ به‌كاربردنی له ساته‌وه‌ختی قه‌یراندا. بۆ نموونه به‌پێی توێژینه‌وه‌كانی خالد المازنی هاریکاری خه‌یری یه‌كێکه له ئامرازه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی که‌نداوی عه‌ره‌بی.