پێنج شه‌ممه‌ 25 نیسان 2024

یەکگرتنەوەی کۆمەڵە، پرۆژەیەکی بێگەڕانەوە / بیژەن قوبادی

 ئەوا خەریکە لە بیست و شەشی رێبەندان و ساڵیادی ئاشکرا بوونی هەڵسووڕانی نهێنیی کۆمەڵە نزیک ئەبینەوەو پاش تێپەڕینی تەمەنێک لە خەبات، چالاکی، گیانبازی، نەسرەوتن تێپەڕاندنی قۆناخی جۆربەجۆری پوختە بوون و لە کڵ دەرهاتن، بەسەردا هاتن و بڕینی زۆر هەوراز و نشێو، بەهیز بوون و لاواز بوون لە هەمانحاڵدا کۆڵنەدان و بەرەو پێش چوون، واباشە ئاورێک لە رابردووی کۆمەڵە بدەینەوە و خەساراکانی بناسین.

کۆمەڵە وەک پێویستیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مێژوویی لە سەردەمانێکا دامەرزا و لە تەقینەوەی جەماوەری لە ئێران بە دژی دەسەڵاتی پاشایەتی، کۆمەڵە بە پشت بەستن بە توانایی و پێگەی جەماوریی کادرەکانی و حوزووری بەدەنەیەکی گیانباز و لە خۆ بردوو، دڵسۆز و سەمیمی، جەسوور و خەباتکار لە ماوەیەکی کورتدا بوو بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی.

ئەو قورسایی و متمانە بەرینە کۆمەڵایەتیەی کە کۆمەڵە توانی کۆی بکاتەوەو ئەمڕۆ پاش تێپەڕینی نزیک لە چوار دەیە بەسەر ئەو ئەزموونەدا، جیا لە کۆمەڵێکی بەرفراوان کەسایەتیی جەماوری و خۆشناو، چەندین لایەن بە ناوی کۆمەڵەوە لەو متمانە جەماوەریەو پاشکەوتەکانی بە ناو کۆمەڵەوە کەڵک وەر ئەگرن. کۆ کردنەوی متمانەی کەمەڵایەتی تا کۆتایی نیمەی یەکەمی شەستەکان درێژەی هەبوو، لە حافتاکاندا بە گشتی بە هۆی کۆمەڵێک فاکتەری راستەو خۆ و ناراستەخۆ، بزووتنەوەی کوردستان بە گشتی تووشی وەستانێکی چاوڕوانکراو هات. لە کۆتایی حەفتاکاندا و بە هۆی کۆمەڵێک ئاڵ و گۆڕی جیهانی و ناوچەیی و دەرکەوتنی راستیەکانی کۆمەڵگای کوردی بە دوور لە هەر چەشنە درۆشمێکی رەنگاورەنگی قەرز کراو و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستیە نکۆڵ لێنەکراو و حاشاهەڵنەگرانەوە، مۆمی یەکەم باسەکانی ساغکردنەوەی کۆمەڵە لە ساڵەکانی ٧٣ و ٧٤ لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا هەرچەند بە مەودایەکی زەمانی و لە ناو ریزەکانی کۆمەڵەدا ئەو مۆمانە زیاد کران و بوون بە مەشخەڵ و کۆمەڵە پێی نایە قۆناخێکی نوی و شانی خۆی لە ژێر هەڵگرتنی تابووتێکی بەتاڵ بە ناوی “حیزبی کومۆنیستی ئێران” رزگار کرد. حیزبێک کە جیا لە کۆمەڵە، مێژووی کۆمەڵە، پێگەی جەماوەریی کۆمەڵە و کادر و پێشمەرگەو بە گشتی بنەماڵەی کۆمەڵە و بەستێنی جەماوەریی کوردستان، هیچیتر نەبوو.

بەڵام بەداخەوە سەرەڕای ئەو هەلەی کە بۆ کۆمەڵە لە سەرەتای دەسپێکی هەشتاکاندا رەخساو بە بەرینی لە لایەن کۆمەڵگای کوردی و زۆرێک لە لایەنە سیاسیەکانەوە پێشوازیی لێکرا، رێبەریی کۆمەڵە نەیتوانی ئەو هەلە بقۆزێتەوە، کەڵکی گونجاو و بە جێی لێ وەر بگرێت، رێکی بخات، و خۆی لە کلیشەی کۆمەڵێک دیالۆگ و پاراگرافی تێئوری بە دوور لە دنیای واقێع ئازاد بکات.

بە هۆی دوور کەوتنەوە لە کۆمەڵگا و نەبینینی راستیەکان و ئاڵ و گۆڕە کۆمەڵایەتی، سیاسی، فەرهەنگی و ئابووریەکان و هەروەها گەشە و پشێکەوتنە تێکنۆلۆژیکی و پیشەییەکان و رۆڵی راستەوخۆیان لە سەر کۆمەڵگای جیهان و ئێران بە گشتی وکوردستان بە تایبەتی، هەموو لایەنە کوردیەکانی بە گشتی تووشی دۆخێکی نوێکردەوە کە لە نەبوونی پێشبینی، نەناسینی دۆخی دەوروبەر و قەتیس مانەوە لە دنیای خۆزیا و بریاکاندا و چەشنێک لە نۆستالۆژی لە لایەک و لە خۆ بایی بوون، هەلپەرستی، چاوەڕوانی و بەرژەوەندیی تاکەکەسی یان گرۆپی و مەحفێلی لە لایەکی ترەوە، هەمووی ئەو هەلانەیان سووتاندو کردیانن بە قەقنەس. لە باتی ئەوەی چاوەڕوانی رەخسانی هەل بین، کامە حەولمان داوە بۆ رەخساندنی هەل و سەلماندنی خۆمان؟ هەمووی ئەو هۆکارانەی کە بە کورتی ئاماژەیان پێکرا، وەکۆ مێردەزمە باڵیان بە سەر لایەنە کوردیەکاندا گرتووە و هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەر کردنی نەخۆشیەکانیان و دەرباز بوون لە قەیرانە خۆکردەکانیان هەڵنەگرتووە، هەڵناگرن و حەولی بۆ نادەن. لە باتی ئەوە، نە بۆ دەرباز بوون لە قەیران بەڵکو بۆ داماڵینی هەر خەتایەکی سەرشانی خۆیان، یان شەیتانێک ئەدۆزنەوەو بڕیای رەجم کردن و بەردبارانی دەدەن یان لایەنەنێکیتر بە تاوانبار دەناسێنن و حەولی

تەفروتوونا کردن و لە ناو بردنی ئەو دوژمنە تاشراوە کە زۆرجار هاوسەنگەری دوێنێی خۆیان بووە، دەدەن. دوژمنی سەرکیی هەموویان کە کۆماری ئیسلامیە زۆرجار لە قامووسیان دا سڕاوەتەوە و بە مانگ و بگرە بە ساڵیش باسی ناکرێت، مەگەر ئەوەی کە رژیمی تاران بە نیازی ئەنجام دانی شانوویەک بێت بە ناو هەڵبژاردن و ئەوانە. لایەنە رێکخراوەییەکانی ئێمەی کوردی داماویش بۆ پاش نەکەوتن لە قافڵە بڕیارێک دەدەن و گوزەرا تا ساڵێکیتر و بیانوویەکیتر. ئەوەیە عەقڵانیەتی سیاسەتوانانی خۆرهەڵاتی کوردستان.

لێرەدا پێویستە سرنجی لایەنە سیاسیەکان بۆلای چەند پرسیارێکی جەماوەری خەڵکی کوردستان را بکێشین و دواوایان لێبکەین لە کۆڕو کۆبوونەوەکانی خۆیاندا و لانیکەم لە تەنیایی و خەڵوەتی تاک تاکی خۆیاندا بیر لە وڵامی ئەو پرسیارانە بکەنەوە. بۆ هەموو ئەو لە خۆ بردوویی، گیانبازی و فیداکاریەی گەلی کورد، لە مەیدانی خەبات و بەربەرەکانێی پێشمەرگانەو خەباتی نهێنی و ناو سیاچاڵ و گرتووخانە ئاشکراو نهێنیەکانی کۆماری ئیسلامی چ وڵامێکتان هەیە؟ درێژەدان بە رێگای هاوڕێیانی گیانبەختکردوو کە لە هەر بۆنەیەکدا بەڵێن نوێ دەکەنەوە، بڕیار دەدەن کە رێبواری رێبازیان بن و سووکە هیوایەک لە نێو بنەماڵەکانیان و جەماوەری خەڵکی کوردستاندا دادەمەرزێنن، چ دەکەن؟ یان چ حەولێکتان داوەو هەنگاوی بە کردەوەتان بۆ هەڵگرتووە؟ وڵامتان بۆ دایکی چاوەڕوانی سۆمای چاو نەماو چیە؟ ئەی بۆ ئەو باوکەی کە لەژێر باری گرانی هیواو چواڕوانیی تا ئەمڕۆ بێ سەمەردا وەکو کەمەی گۆچان چەماوەتەوە، چی؟ با لە بیرمان نەچێت، بۆ دەرمان و سارێژ کردنی جەرگ بڕاویی خۆشک و برایان چ دەرمانێکتان پێیە؟ حیزب ئامراز و کەرەسەیە، ئەو خەڵکە یارمەتی دەدەن، لە هەموو بوارێکەوە حیزب ساپۆرت دەکەن، چاوڕوانی ئەوە نین ببنە” رابین هوود” و لە کۆشکی” پرەنس جان” سکەی زێڕیان بۆ بنێرن.

جەماوەر داوای ئەوەتان لێدەکات بە دەم داخوازەکانیەوە بچن. داخوازی ئەوانیش ئەوەیە کە ئێوە سەرەڕای هەر جیاوازی یان ئیدئۆلۆژیەک کە هەتانە، لانیکەم لە سەر خاڵە هاوبەشەکان کە کەم نین و لە زۆریش زۆرترن، کۆدەنگ و هاوڕابن. ئێوە لە هەموو لاوە دۆژمنی هاوبەشتان هەیە، ئایا هەر ئەو دوژمنە هاوبەشە و تەمەنی دوور و درێژی، ناتوانێ بزوێنەر و هاندەری هاودەنگی ئێوە لە سەر بابەتە گشتیەکان بێت؟

خۆ دابەشکردن بە سەر چەند ئیدئۆلۆژیی دژبەر، جیاواز و هاوردە، جیا لە خەسارێکی بێ بڕانەوە، کامە سوود و قازانجی بۆ ئەم گەلە لێقەوماوە بووە؟

رۆژێک چیلکەی ئاگری خەلیفە کۆنەپەرستەکانی تورک و عەرەبین و رۆژێکیتر سەرباز رچەشکێنی بێ حەقدەستی لەشکەری خەون و خەیاڵ، یان سنوور پارێزی مەزنخوازیی دەسەڵاتدارانی رۆم و عەجەم.

لەم نێوەدا هەرچەندە بابەتەکە گشتگیرترە، بەڵام رووی نووسەر لە بەرینتر و بەر بڵاوترین لایەنە، کە ئەویش کۆمەڵەیە.

کۆمەڵە هێزێکی داهێنەر بوو،کۆمەڵێک رچەی شکاند، سونەتی خولقاند، هێلی سوور و سنووری قەدەغەو بڤەی بەزاند و تابۆی هەڵپێچا. بەڵام ئەمرۆ چی؟ کاتێک لێم ئەپرسن، ئەرێ کاکە جەنابت پێشمەرگەێت؟ ئەڵێم بەڵێ. دیسانەوە ئەپرسن پێشمەرگەی کامە لایەنێت؟ لە وڵامدا دەڵێم، کۆمەڵە و رچە بۆ پرسیارێکیتر دەشکێت کە لە لام زۆر تاڵە و دەپرسێت کامە کۆمەڵە؟ لە درێژەی ئەم پرسیار و وڵامەدا کۆمەڵێک پرسیاری تر وەکو کۆمەڵەی کێ؟ دێتە کایەوە کە تاڵیەکەی لە شێوازی دەربڕینی پرسیارەکەدا خۆ نیشان دەدات. کۆمەڵەیەک کە داهێنەرو خولقێنەر بوو. کۆمەڵەیەک کە لە زەینی خەڵکی کوردستاندا تەنانەت دوژمنانی سوێند خواردووشیدا مۆرکی خۆی کوتاوەو و هەڵیکەندوە. کۆمەڵەیەک کە رەنگ دانەوەی هیوا و ئارەزووە پەنگ خواردوەکانی بەش مەینەتانی کوردستان بوو. کۆمەڵەیەک کە مۆڵکی جەماوەری خەڵکی بەش مەینەتی کوردستان نەبێ مۆڵکی کەس نەبوو، ئەمڕۆ، بۆ بە ناوە تاکە کەسەوە دەناسرێتەوە؟

ماوەی چەند ساڵێکە پێوەندیی نێوان لایەنە سیاسیەکان ئاساییە و لە چاوی دوژمن بە دوور بێت، بڕێک جار و لەوانەیە بە هەڵکەوت، بڕێکیان سەردانی لای یەکتری بکەن. لەو سەردان و دانیشتنانەدا کۆمەڵێک بابەت وەکو راگۆڕێنەوە لە سەر رووداوە جیهانی، ناوچەیی، ئێرانی و کوردستانیەکان دەدرێتە بەر باس و لێدوان و باس لە پتەو کردنی پێوەندی دوولایەنە و چەندلایەنە و چڕ و پڕتر کردنی دوستایەتی و هاوکاریی نێوان خۆیان دەکەن. بەڵام هەر خولێک سەردان و دووپات و چەندپات بوونەوەی ئەو چەشنە باسانە. ئەگەر ئێمە ناوی کەسەکانی وەڤدی بەشدار بوو لە گەڵ رێکەوتەکانیان بسڕینەوە، پێویست ناکات راپورتێکی نوێتری لێ بنووسینەوە، لە بەر ئەوەی هیچ ئاڵ و گؤڕێک رووی نەداوە و ئەو بەڵێنانەی دراون، هیچکامەیان جێ بە جێ نەکراون و هەنگاوێکی جیددی و عەمەلییان بۆ هەڵنەگیراوە.

لە سەردان و هاتوو چووی چالاکوانان، هەڵسووڕاوان، خەمخۆران و دڵسۆزانی بزووتنەوەی کوردستان بە گشتی و بە تایبەت کۆمەڵە و لێدوان و قسەوباس لە سەر دۆخی ئەمڕۆی ئێران و کوردستان و داوای لێک نزیک بوونەوە، هاوکاری و هاوئاهەنگی لە نێوان لایەنە کوردیەکاندا، لە بەرپرسان و سەرکردایەتیی حیزبەکان، هەر لایەنێک خەتای خستۆتە سەر لایەنی بەرانبەر و خۆی بێتاوان نیشان داوە. بە بڕوای من ئەو شێوازە لە وڵامدانەوە تەنیا بۆ دەرچوون لە ژێر گوشاری خەڵکی ناوەوەی کوردستان بووە و نە هیچیتر و لە راستیدا چەشنێک پلۆمیک کردنە. ئەگەینا هیچ هەڵەو تاوانێک تاک لایەنە نیە.

ئەگەر لانیکەم پازدە ساڵی رابرد لە بەرچاو بگرین، کەمە هەنگاوی عەمەلی و بەدوور لە دروشم و شێوازێک لە دیپلۆماسیی ناکارامە، لە لایەن کامە لایەنەوە هەڵگیراوە؟ بە پێچەوانە لەم ماوەیەدا شاهێدی لێکدابڕانی زۆرتر و دەربڕینی رق و قینی زۆرتر لە ئاست لایەنی بەرانبەردا بووین.

کۆمەڵە ئەمڕۆ بەداخەوە دوو لایەن و سێ لایەن نین و کۆمەڵەیەک کە مۆڵکی گشتی بوو، بە سەر چندین لایەندا دابەشکراوەو و هەرکامە ئەوی تری پێ رافزی و کافرە! ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لە راستیدا هیچکام لەو لایەنانە بە تەنیایی هەمووی کۆمەڵە نین و هەر کامە هەڵگری بەشێک لە جەستەی لێکدابڕاوی کۆمەڵەن. پیشتر وتمان کۆمەڵە رێکخراوێکی سیاسی و حیزبی نیە بەڵکو بزووتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتیە و بزووتنەوەش خاوەنی لایەنهایەکی فرە رەهەندە، بۆیە پێویستە کۆمەڵە بە گشتی خۆی بەدەر لە قاڵب و چوارچێوەیەکی بەرتەسکی رێکخراوەیی ببینێت، بەڵکۆ وەکو بزووتنەوەیەکی بەرینی جەماوەری، کۆمەڵایەتی و سیاسی چاو لە خۆی بکات.

ئێستا پاش تێپەڕینی چەندین قۆناخی پڕ لە هەڵبەز دابەز و هەورازو نشێو، لە نێوان دوولایەنی دیموکراتەکان و کۆمەڵەکاندا چەند هەنگاوێک هەڵگیراون و پێویستە وەکو بابەتێکی پۆزەتیڤ و بەنرخ هەڵبسەنگێندرێن و چاویان لێبکرێت. ئەو بابەتە بەدڵنیاییەوە لە لایەن جەماوەری خەڵکی کوردستانەوە بە گەرمی پێشوازیی لێدەکرێت و لە هەمانحاڵدا لە ژێر چاوەدێریی قورسی هەر ئەو جەماوەرەدایە. بەڵێ راستە یەکگرتنەوە لە بەر ئەوەی کۆمەڵێک هیوای پەنگ خواردوو و چاوەڕوانی لە نێو جەماوەری خەڵکی کوردستاندا دەورووژێنێت و دەبووژێنێتەوەو قۆناخێکی گرنگە، بەڵام تازە دەسپێکی قۆنا

خێکی چەندەهاقات و دانانی ئەرک و راسپاردەیە لە سەر ئەو لایەنانەو و قورسایەکی زۆرتردەخاتە سەرشانیان. بۆیە ئەگەر پرسی یەکگرتنەوە وەکو پرسێکی گرنگ و هەستیاری مێژوویی، سیاسی، جەماوەری و پێویستیەکی حاشاهەڵنەگری رەوتی خەباتی مافخوازانەی جەماوەری خەڵکی کوردستان چاوی لێنەکرێت و بایەخی تەواو و شیاوی پێنەدرێت، بەڵکو بۆ خۆدەرباز کردن لە ژێر باری بەرپرسایەتی و کەمکردنەوەی کاتیی زەخت و گوشاری جەماوەر لە سەر داخوازی پرسی یەکگرتنەوە، یان داپۆشینی قەیرانە نێوخۆیی و خۆکردەکان و کرێنی کات بێت، بێگومان متمانەی جەماوەری بە گشتی دادەماڵێت و دەیسڕێتەوە.

بە بێ خۆ ئاماە کردن و داڕشتنی پلان بۆ کارێکی گەورە و هەروەها پێشگرتن لە دووپات بوونەوەی ئەزموونی تاڵی رابردوو، هەوڵدان بۆ قەرەبوو کردنەوە یان لانیکەم کەمکردنەوەی خەسارەکانی، یەکگرتنەوەیەکی رواڵەتی گاڵتەیە بە بیرو عەقڵی گشتی. جا لێرەدایە کە بڕیاردان بۆ هەنگاوێ پتەوترو قایمتر و داڕشتنی گەڵاڵەو پلانی گونجا و بە جێ نە لە سەر باڵی خەیاڵ و خۆزیا و بریای سەر هەوران، کە پێ لە سەر ئەرزی واقێع و بە پێی هەڵ و مەرجی ئەمڕۆی کوردستان، ناوچەو جیهان دابمەرزێت و لێبڕاوانەو شێلگیرانە بە هەموو هێزو پوتانسیلەوە کاری بۆ بکرێت. هەموو لایەنە کان باس لە رەوتی

خێراو پەیتا پەیتای ئاڵ و گۆڕە هەرێمی، ناوچەیی و جیهانیەکان دەکەن کە دڵنیام پرسی یەکگرتنەوە هەر لەو پێناوە دایەو لێرەدا پێویستە گشت لایەک خۆمان بۆ وڵامی پرسیارێک ئامادە و تەیار بکەین و پرسیارەکەش ئەمەیە : پاش یەکگرتنەوە چێ؟ بۆیە یەکگرتنەوەی کۆمەڵە پرۆژەیەکی کاربۆکراو، چاو لە داهاتوویەکی روون، بە ئامانج و بە بێ نووچدان و بێگەڕانەوەیە.

١٢/١١/٢٧١٣

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.