لە چەند ڕۆژی رابردوودا، دەزگای قەزاییی ڕژیمی ئێران، لە کوردستان بە تاوانی “کوشتنی بەئەنقەست” هەشت هاوڵاتی ئێعدام کردووە.
بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١ی گەلاوێژ، حوکمی لە سێدارەی سێ هاوڵاتی کورد لە بەندیخانەی ورمێ جێبەجێ کراوە،ئەو سێ هاوڵاتیە کوردە خەڵکی شارەکانی شنۆ و بۆکان بوون.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی زاگرۆس پۆست؛ ئەو سی هاوڵاتییە کوردە، بە ناوەکانی، ” مەحموود حەمزەزادە ،کەماڵ سوڵتانی و فاروق دەریایی ” ڕاگەیەندراوە.
ئەو سێ هاوڵاتیە کوردە، ڕۆژی یەک شەممە بۆ ژووری تاکەکەسیی گوازرابوونەوە، کە بە تاوانی کووشتنی ئەنقەست حوکمی سێدارەیان بە سەر دا سەپێندرابوو.
هەروەها ڕۆژی هەینی ٢٩ی پووشپەڕ، پێنج زیندانی دیکەی کورد بە تاوانی “کوشتنی بەئەنقەست” لە زیندانی دێزڵ ئاوای شاری کرماشان لە سێدارە دران.
ڕژیمی ئێران لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی تا ئەمڕۆ سزای ئێعدامی بە سەر هاوڵاتیاندا سەپانددووە،لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە بە چاوترسێن کردنی خەڵک بەر بە زیاد کردنی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان بگرێت، کە چی کاریگەریی نەبووە و تەنیا پەرەی بە توندوتێژی لە کۆمەڵگای ئێران داوە،و لە لایکی دیکەوە بەردەوام بۆ کپ کردنەوەی دەنگی رخنەگران و ناڕازیان لە دەسەڵات و ئازادیخوازان و ماف خوازان لە هەموو بوارەکاندا بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان،سزای لە سێدارەداندا بە سەر هاوڵاتیان دەسەپێنێت.