دەزگای ئیتلاعاتی وڵاتی ئاڵمان لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا بڵاویکردوورەتەوە کە ڕژیمی ئێران هەموو هەوڵی خۆی بۆ بە دەست هێنانی سیستەمی چەکی کۆمەڵکوژی دەدات و لەسەر ئەم بابەتەش زۆر پێداگرە.
بە پێی هەواڵەکان، ڕۆژنامەی ئیسرائیلی “جزرالم پۆست” ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەڕ، بە پێی بەڵگەیەک کە لە ڕاپۆڕتێکی ٣١٢ لاپەڕەیدا لە لایەن دەزگای ئیتلاعات و زانیاری وڵاتی ئاڵمان بڵاکراوەتەوە ، وا باس دەکات کە، ” ئێران، کۆرەی باکوور، سووریە و پاکستان، لە هەوڵدان کە لە ڕێگای پەرەپێدان بە کارخانەی چەک و چۆڵە ئاسایی و ناسراوەکان، بتوانێن دەست بەسەر سیستەمی چەکی کۆمەڵکوژیدا بگرن و گەشە بە ئامانجە شەرخوازەکانی خۆیان بدەن”.
ئەم بەڵگانە کە لە لایەن دەزگای زانیاری و ئیتلاعاتی “باواریای” ئاڵمان لە مانگی ئاوریلی ساڵی ٢٠١٨دا بڵاو کراوەتەوە، بە چالاکییە نایاساییەکانی ئەم وڵاتانە بۆ بەدەست هێنانی سیستەمی چەکی کۆمەڵکوژی وەکوو چەکی ناوکی، چەکی میکڕۆبی و کیمیاوی ئاماژەی کردووە.
شایانی باسە “ئانجێلا مێرکێل”، سەرۆک وەزیری ئاڵمان، سەبارەت بەم ڕاپۆڕتە کە لایەن دەزگای زانیاری وڵاتی ئالمان بڵاو کراوەتەوە هیچ ڕادەربڕین و بۆچوونێکی نەبووە.