سێ شه‌ممه‌ 23 نیسان 2024
مەریوان وریا قانع

فاشیزم: سەفسەتەیەکی بێفیکر و بێمیتۆد/ مەریوان وریا قانع

ھەموو خوێنەران دەزانن ماوەیەکە موناقەشەیەک لەنێوان کاک بەختیار عەلی و مندا لەسەر دیاردەی فاشیزم دروستبووە. ئەوەی ڕاستیبێت ئەم موناقەشەیە نەک تەنھا بووە بە موناقەشەیەکی بێزەنتی پڕ سەفسەتەی بێمانا، بەڵکو بە دوورە لە سادەترین بنەما و پێدراوی میتۆدیی موناقەشەیکی بەسەمەر. ئەمە جگە لەوەی پڕ بووە لە سەنگەرگیریی و ھێرشی بەردەوام کە جگە لە شێواندنی زیاتر و بریندارکردنی زیاتر ھیچیتری لێ سەوزنابێت. ئەوەی لێرەدا دەینووسم ڕوونکردنەوەی خاڵە سەرەکییەکانی ئەم موناقەشەیە بەوشێوەیەی من دەیبینم، لەدوای ئەم ڕونکردنەوەیەوە ئیتر لەلایەن منەوە کۆتایی بەم موناقەشەیە ھاتووە.

 ١-من دەڵێم فاشیزم چەمکێکی تیوری و مۆدێلێکی حوکمڕانی تایبەتە و ناکرێت وەک جنێو بۆ وەسفکردنی ھەموو سیستمێک بەکاربھێنرێت. فاشیزم ھەڵگری ناوەرۆکێکی فیکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی تایبەتە، پێکھاتێکی کۆمەڵایەتی و دەرونی تایبەت و ڕوانینێکی ئایدیۆلۆژیی دیاریکراو ئاراستەی دەکات، تێگەیشتنێکی تایبەت لە مرۆڤ و چاوەڕوانییەکی تایبەت لە مێژوو دەیجوڵێنێت، خەونێک دەیجوڵێنێت کە جیایە لە خەونە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی تر. ئەو ”یزم“ەی لە کۆتایی زاراوەی ”فاشیزم“دا ئامادەیە، وەک سەرجەمی ”یزم“کانی تری وەک سۆسیالیزم، لیبرالیزم، ناسیۆنالیزم، کۆمۆنیزم، مانایەکی تایبەت بە فاشیزم پێدەبەخشێت، ناکرێت زاراوەکە بە ڕادەیەک گشتگیربکرێت کە ھەموو مانایەک لەدەستبدات. یان بەناوی ئەوەوە گوایە نووسەر باسی ”وێنە گەورەکە“ دەکات ھەموو دونیا بخەیتە ناو ئەم زاراوە بەتاڵەوە. ئینسان بەوە لەم ھەموو پێدراوە میتۆدیی و تیورییانە ڕزگارینابێت لە ڕستەیەکی سادەدا بڵێت ”من فاشیزم بە مانا سادەکەی بەکارناھێنم“، یان ”من فاشیزم وەک خۆی دەبینم“ ”نەک بەمانا تەقلیدییەکەی“. ئەمجۆرە قسە سادە و بێمانایانە دەشێت لەناوەندی ڕۆشنبیریی ئێمەدا بخوات، بەڵام لەناو ھیچ گفتوگۆ و نووسینێکی میتۆدیی و تیوریی ڕاستەقینەدا ناخوات.

 ٢- جگە لەو مانایەی سەرەوە فاشیزم لەزۆر ئاستی تردا دیاردەیەکی تایبەتە. بۆ نموونە جیاوازییەکی گەورە ھەیە لەنێوان توندوتیژیی فاشیزم و توندوتیژی دیکەدا. ھەموو توندوتیژیی و خوێنڕێژییەک توندوتیژیی و خوێڕێژیی فاشیستی نییە. ھەموومان دەزانین مێژووی مرۆڤ پڕە لە شێوازی جیاوازیی توندوتیژیی و کوشتن و بڕین و خوێنڕشتن، لە ڕووداوی قابیل و ھابیلەوە بۆ ھێرشی دینەکان و ئمپراتۆرە گەورەکانی مێژوو، بۆ شەڕی خێڵ و گروپە تەقلیدییەکان لەگەڵیەکدا، لە توندوتیژیی کۆلۆنیالیزم و داگیرکردنەوە بۆ توندوتیژییەکانی ناسیۆنالیزم لە دونیای ئەمڕۆدا، لە جەنگ و پێکدادانی ڕاسیستییەوە، بۆ توندوتیژیی دیکاتۆریەتە عەسکەرییەکان و تدونتیژیی دەوڵەتە لیبرالەکان، لە توندوتیژیی ئەوانەی خۆیان ئەتەقێننەوە، تا بە توندوتیژیی پیاوکوژەکانی دەسەڵاتدارانی لای خۆمان دەگات، ھەموو ئەمانە شێوازی جیاوازی توندوتیژین و مانا و ناوەرۆک و دەلاتی جیاوازیان ھەیە، ھێزی کۆمەڵایەتیی جیاواز بە مەبەستی جیاواز و لەناو پرۆژەی جیاوازدا پێیھەڵدەستن. ناونانی ئە ھەموو شێوازە جیاوازانەی توندوتیژیی بە فاشیزم، یان جیانەکردنەوەی توندوتیژیی فاشیستی لە جۆرەکانی تری توندوتیژیی، نەک تەنھا ھەڵەیەکی میتۆدی و تیوریی کوشندەیە، بەڵکو ھێمایەکی بەرچاویشە بۆ نەبوونی لانیکەمی توانای بینین و دۆزینەوەی جیاوازیی لەنێوان دیاردە جیاوازەکاندا. کاتێک دەڵێم تورکیا یان ئێران سیستمێکی فاشی نییە، مانای ئەوە نییە سیستمێکی توندوتیژ و مرۆڤکوژ و بەربەریی نین. بەڵکو مانای ئەوەیە کە شێوازی توندوتیژیی لەو دوو وڵاتەدا شێوازێکی فاشیستییانە نییە.

٣-لەسەرێکی دیکەوە مێژوو پڕە لە سەرۆکی خوێنڕێژ و مرۆڤکوژ و وێرانکەر، لە سیاسی ترسناک و بەدڕەوشت و نابەپرسیار، لە ستەمگەریی دڕندە و ترسناک، بەڵام ناونانی ئەمانە بە فاشیست دیسانەوە ھەڵەیەکی میتۆدیی و تیوریی گەورەیە. سەرۆکی فاشیستیی سەرۆکێکی تایبەتە و جیاوازە لە سەرۆکێکی مافیایی، یان سوڵتانی، یان دیکاتۆرێکی سەربازیی یان مەدەنیی یان دینیی ھتد… ئەوەی کە من دەڵێم ئەردۆگان و پاشای سعودییە سەرۆکێکی فاشیستی نین، مانای ئەوە نییە ئەوانە پاشایەکی باش و مرۆڤدۆست و پاکژن، ئەم جۆرە تەفسیرە دوورە لە ھەموو ڕاستگۆیەکی ئەخلاقیشەوە. ئەوەی ن دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە ئەمانە پاشای گەندەڵ و توندوتیژ و درۆزن و ھەزارڕوون و دەتوانن تەواو خوێناویش بن و خوێناویش بوون، بەڵام ھێشتا ئەم جۆرە ئاکارانە نایانکات بە سەرۆکی فاشیستی. ئەم جۆرە سەرۆکانە جیاوازن لە سەرۆکی فاشیستیی کە جیاکەرەوە و ئاکاری تایبەت بەخۆی ھەیە. جیاکردنەوەی ئەم شتە سادانە لەیەکتری سادەترین ئەرکێکە فیکر بیکات، گەر بیەوێت فیکرێک بێت بەر لەھەمووشتێک ڕێزی خۆی و دوای ئەوە ڕێزی خوێنەرەکانی بگرێت و ھەوڵنەدات فەوازایەکی تیوریی و مەعریفیی لە مێشکی خوێنەراندا دروستبکات کە ھەموو توانایەکی ناسینی ڕاستەقینەی واقیع و ھەموو توانایەکی جیاکردنەوەی دیاردەکان، لە مێشکی خوێنەراندا بکوژێت.

 ٤-دونیا چەندەھا سیستمی دیکتاتۆریی و دەسەڵاتگەریی خوێنمژی جیاوازیی تێدایە، لەم ڕووەوە سیستمەکانی ئەو ناوچەیەی ئێمە لەپێش ھەمووانەوەن، بەڵام ھەڵەیە تەنھا دەستەواژەی فاشیزمان ھەبێت بۆ وەسفکردن و پۆلینکردنی ئەو سیستمانە. ھەژارییەکی تیوریی ترسانکە جگە لە زاراوەی فاشیزم چەمکێکی تر شک نەبین بۆ قسەکردن لەسەر ئەو ھەموو سیستمە دیکتاتۆری و دەسەڵاتگەر و ئەوتۆکراتییە سیاسییە جیاوازانەی لەم ناوچەیەدا ھەن و دەژین. لکاندنی زاراوەی فاشیزم بە سیستمە سیاسییە جیاوازەکانەوە دەلالەت لە ئازایەتی و فەتحی فیکریی و فەلسەفی ناکات، بەڵکو ھێما بۆ ھەژارییەکی تیوریی گەورە لە فیکری سیاسیی و لە پۆلینکاریی سیستمە سیاسییەکاندا دەکات. ھێما بۆئەوە دەکات ئێمە لەبەردەم فیکرێکداین پەلاماری شتگەلێک دەدات کە لانی ھەرەکەمی شارەزایی تێدا نییە و بەسەرەتایترین پێدراوەکانی ناو ئەو کایانە ئاشنا نییە.

 ٥- لەئاستێکی دیکەدا من دەڵێم زاراوەی ”خۆرھەڵات“ و ”خۆرئاوا“ دوو دەستەواژەی قەبە و زەبەلاحن و لەڕووی شیکاریی و میتۆدییە بەتاڵ و بێمانان، بۆیە ناکرێت بەو ڕەھاییە باسی ”سیستم” یان ”ستەمگەریی“ یان ”عەقڵیەت“ یان ”سایکۆلۆژیای“ یان ”توندوتیژیی“ خۆرھەڵاتی یان خۆرئاوایی بکەین و ”خۆرھەڵات“ و ”خۆرئاوا“ وەک چەمکی فیکریی و شیکاریی بەکاربھێنین. خۆرھەڵات و خۆرئاوا بەسەر سەدەھا کۆمەڵگا و ھەزاران زمان و زیاد لە چەند ملیارێک مرۆڤدا دابەشن، ناکرێت قسە لە بوونی یەک عەقڵیەت و یەک سیستم و یەک ”پەیوەندی بەرھەمھێنان“ و یەک جۆر توندوتیژیی بۆ ئەم گشتە زەبەلاحە بکەین. بێگومان نوووسەران ئازادن لەوەدا ئەم دوو زاراوەیە بەکاردەھێنێت یان نا، بەتایبەتی لای ئێمە کە قسەکردن لە شتی زل و قەبە شوێنی سەرنج و پیاھەڵدانە، بەڵام پێویستە لەو ڕاستییە سادەیە ئاگاداربین کە ئەم دوو زاراوەیە زاراوەی ڕاڤەکەر نین و ناچنە خانەی ھیچ زانستێک لە زانستەکانەوە.

٦- لەمانەش خراپتر ئەوەیە لەسەرەتای ئەم موناقەشەیەدا ئەم زاراوەی فاشیزمە بەکارھێنرا بۆ ئەوەی قسە لە ھەڵسوکەوتی گەنجە توڕەکانی کەلار بکرێت کاتێک کۆمەڵێک کتێبی کاک بەختیاریان بۆناو ئاوی ئەڵوەن فڕێدا، ئەودەم کاک بەختیار ئەو گەنجانەی وەک بەشێک لە دیاردەی ”فاشیزمێکی خۆرھەڵاتی زەبەلاح“ و وەک بەشێک لە دیاردەی ”فاشیزم لە کۆمەڵگای ئێمەدا“ ناساند. لەو سەرەتایەدا کاک بەختیار گەنجەکانی کەلار و تێڵابەدەست و پیاکوژەکانی پارتی و یەکێتی وەک دوو دیوی یەک فاشیزم تەماشاکرد و وەک یەک نرخاندنی. ئەم شێوازی قسەکردنە لە سەر فاشیزم ھەموو کەسێک دەکات بە فاشیست تەنھا ئەوانە نەبێت کە گوایە خەریکی شەرحکردنی فاشیزمن بۆ ئێمە. ئێستا ئەم مەسەلەیە کراوە بەژێر دنیایەک ریتۆریک و سەفسەتەی تیوریی ھەڵەوە دەربارەی چۆنیەتی دروستبوون و گەشەکردنی مۆدێرنە لە ”خۆرھەڵات“دا کە ھەموو دێڕێکی ئەم سەفەستەکارییە قابیلی ڕەخنەکردنێکی ھەمەلایەنە.

 ٧-لە ئاستێکی دیکە کە من پێموایە ھەڵەیە بە سیستمە سیاسییەکەی کوردستان بڵێین فاشی، یان ھەمان ناو بەکاربھێنین بۆ ناونانی سعودیە و ئەردەن و تونس و مەغریب و مالیزیا و ئەندەنوسیا (کە ھەریەکێکیان سیستمێکی جیاوازن)، لەبەر ئەوە نییە من ئەو سیستمانە بە دیموکراس و مرۆڤدۆست و ڕێزگری جیاوازیی دەزانم، لەبەر ئەوەش نییە من بەرگریی لە ”جیاوازی درۆزنانە“ دەکەم، ئەم جۆرە لێکدانەوانە بۆ نووسینەکانی من جگە لەوەی درۆیەکی فیکریی و تیورین، ھاوکات درۆیەکی ئەخلاقیشن. من لەچەندان نووسیندا باسم لە توندوتیژیی و مۆرڤکوژی و خوێنڕێژی بەشێکی ئەم سیستمانە کردوە، باسم لەوە کردوە کە بڕێک لەم سیستمانە لە شەڕێکی دەستەویەخەی بەردەوامدان لەگەڵ کۆمەڵگاکان و مرۆڤەکاندا و لەم شەڕەشدا ئامادەن ھەموو تاوانێکی خوێناوی ئەنجامبدەن، بەڵام ھاوکات ناونانی ئەم سیستمانە بە فاشیزم بە ڕاست نازانم و پێوامیە ئەم ناونانە ئەوەندە لە کۆڵەواریی و بیمارییەکی تیوریی و فیکریی گەورەوە ھاتووە، کە توانای جیاکاریی لەنێوان دوو سیستمی سیاسیدا نییە، لە ھیچ شتێکی دیکەوە نەھاتووە.

 ٨- لەھەمووشی گرنگتر من بەوردی باسی ئەوەمکردوە کە ھەندێکجار گرنگ نییە چ ناوێک لە سیستمە سیاسییەکان دەنێنین، پێیاندەڵێین فاشی یان سوڵتانی یان دیکتاتۆری یان ئەوتۆکراتی یان ویراسی یان ھەرشتێکی دیکە ھتد..، گرنگ ئەوەیە دەمانەوێت لەپاڵ ئەو ناونانەدا قسە لە چی بکەین و بۆ چ مەبەستێک ئەو ناونانە بەکاردەھێنین. کێشەی ناونانی دەسەڵادارێتی ھەرێم بە فاشیزم، لەم گوتارە تازەیەدا، لەوەدایە کە ئەم ناونانە بەشێکە لە ھێرشێکی ھەمەلایەن و پڕ لە سوکایەتی بۆ سەر ھەموو ئەوانەی باس لە فاشیزم ناکەن، بەکاردەھێرنێت بۆ بە کۆمبارسکردن و بەفاشیکردن و بە نمایشکەرکردن و بە نەزان و درۆزن و ترسنۆککردنی ھەموو ئەوانەی زاراوەی فاشیزم بەکارناھێنن. یانی بەکارھێنانی زاراوەکە ئەوەندەی ھێرشە بۆ سەر کەسانی تر، سەد یەکی ئەوە بەشێک نییە لە گوتارێکی شیکاریی ڕاستەقینە کە ئەزیەتی لانی ھەرەکەمی شیکارییەکی مێژوویی دیاردەی فاشیزمی گرتبێتەئەستۆ.

٩-لەسەرێکی دیکەوە بەکارھێنانی ئەم زاراوەی فاشیزمە وەک فەتحێکی فەلسەفی پێشکەشدەکرێت کە ھەموو خوێندنەوەکانی دەرەوەی خۆی بێنرخ و بێبەھا دەکات.

١٠- بەبۆچوونی من خاڵە سەرەکییەکانی ئەم موناقەشەیە ئەمانەبوون، نەک ئەوەی باس لەوەبکەین مادام مۆسۆلێنی نەھاتووە بۆ کوردستان بۆیە فاشیزم لە ووڵاتی ئێمەدا بوونی نییە. ئەمجۆرە قسەکردنە ھەم دۆرکردنێکی فیکریی ناشیرینە، ھەم سەفسەتەیەکی بەتاڵ و ھەم زۆر بڵێییەکی بۆشە. من چیتر ئامادە نیم یەک چرکەی تر لە کاتی خۆم بۆ باسکردن و وەڵامدانەوەی ئەم شێوازی بیرکردنەوە و نووسینە تەرخانبکەم.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.