چوار شه‌ممه‌ 27 ئازار 2024
بەختیار عەلی - مەنسور تەیفوری

ڕەخنە لە عەقڵی فاشیستی – به‌شی ٣ و ٤

دیالۆگێک لە نێوان مەنسوری تەیفوری  و بەختیار عەلیدا

 مەنسوور تەیفووری: کەواتە لە سەرەتاوە زاراوەیەک جیادەکەینەوە: ” کاپیتالیزمی خۆرهەڵاتی” کە وەک دیارە بنچینە و کارەکانی جیاوازییان لەگەڵ کاپیتالیزمی کلاسیکی خۆرئاواییدا هەیە، جۆرێک لە کاپیتالیزم کە ئەگەری جۆرێ لۆکالێ ” فاشیزمی لە هەناودایە. ئەم دوو ئایدیایە ئەو بنچینەیە دەبن کە من هەوڵ دەدەم لە بەشەکانی ئەم وتووێژەدا درێژەیان پێ بدەین. دو زاراوە کە هەست دەکەم توانای گشتاندن و داڕشتنی زیاتریان هەیە و رەنگە وەرچەرخانێک لە خودی کارە تیۆریەکانی ئێوەدا بن، لە گوتاری مانەوەوە تا ماشینە فاشیستیەکان.

بەختیار عەلی: بابەتی فاشیزم لە نوسینی مندا شتێکی نوێ نییە، نە لە واقعدا نوێیە و نە لە نوسینەکانی پێشووترمدا … یەکەمین وتارم دوای ڕاپەڕین و لە لاپەڕەی یەکی ژمارە یەکی گۆڤاری ئازادیدا لەسەر فاشیزم بوو، بەداخەوە خۆم وتارەکەم نەماوە و نازانم گەر لای کەسێک پارێزارو بێت. دواتر، لەم قۆناغە نوێیەدا، کتێبی ئیمان و جەنگاوەرانی یەکەمین ئاگادارکردنەوەی گەورە بوو لەو فاشیزمە، فاشیزمێک لە دەوری بیرۆکەی موقەدەس دەسوڕێتەوە، موقەدەسێکی ئەسڵی و ئەبەدی کە دەشێت یەکێتی و مانا ببەخشێت بە کۆمەڵگا، فاشیزمێک بە ناوی ڕۆحی نەتەوەوە قسەدەکات و ئارەزووی زیندووکردنەوەی دیوە جەنگاوەرەکەی ئەم ڕۆحەیە. موقەدەسێک ئێستا بۆتە دەلالەتێکی خاڵی و دەکرێت هەرجارەی شتێکی بخرێتە جێگا و بە جۆرە بتێکی پیرۆز پڕبکرێتەوە، جارێک ناوی موقەدەسی دینییە، جارێک ناوی موقەدەسی ناسیونالیستییە، جارێکیش موقەدەساتە تازەکانی لیبرالییەتە، لە شێوەی چەمکی دەوڵەتی بەهێز کە دەبێت نیشتیمانمان بۆ دروستبکات، پەرلەمانی بەهێز و بازاڕی ئازاد. یاخود کۆلاجێکە لە هەموو ئەم موقەدەساتانە، بە بڕوای من هیچ کات چەمکی «کۆلاجی ئایدۆلۆژی» واتە کۆپیکردنەوەی دین لە ناو ئایدۆلۆژییەکانی تری وەک ناسیونالیزم و لیبرالییەتدا یان بە پێچەوانەوە، وەک ئەمڕۆ ڕەهەندێکی ترسناکی وەرنەگرتووە. فەزای فاشیستی هەم لە شەڕی خوێناویی ئەم موقەدەسانە و هەم لە هاوکاری و تەحالوفیان لەگەڵ یەکتردا دروستبووە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە فەزایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دروستبووە ناتوانێت بەبێ یەکێک لەم موقەدەساتانە بژی و هەناسە بدات. فاشیزم ئەو هێزەیە کە کۆنترۆڵی مەعبەدەکە دەکات، ڕەفتار دەبەخشێتە موقەدەسەکان، واتە ئەو وزەیەیە کە وادەکات موقەدەسێک لە موقەدەسەکان، بە جۆرێکی توند دونیای پاک و پیسی خۆی جیابکاتەوە، ماترێکسێکی دینی ئەبەدی زیندووبکاتەوە. فاشیزم ئەو ماترێکس یان ئەو بۆتەیەیە کە موقەدەساتە گەورەکان کۆدەکاتەوە، قاڵبی دیلکردنی شتەکانە لە دوو لانەی باش و خراپ، خێر و شەڕ، ئەوی شەیتان و ئێمەی جەنگاوەرانی ڕێگای عەدالەت. رووی وشەی فاشیزم لەم ماترێکسەیە.

زاراوەی فاشیزم تا ئەندازەیەکی زۆر بۆئەوەیە سیفەتی خراپ و شەیتانی لە فەردەکان بکەینەوە، بۆئەوەی «لە ناو پەیوەندییەکاندا ـ مۆتیڤەکاندا ـ شێواندنە قووڵەکانی غەریزەدا ـ پێکدادانی سەمبولەکاندا ـ پیشەسازیی دروستکردنی وەهمدا ـ ئیشی سیستماتیکی تەکنۆلۆژیادا ـ شێوەی دابەشکردنەوەی دەسەڵاتەکاندا ـ دروستبوونی هێزی نوێی سەربازیدا … هتد» بۆ ڕیشەی ئەم هەموو خوێنە بگەڕێین. شوێنی گەڕان بە دوای فاشیزمدا، مۆراڵی باش و خراپی ئینسانەکان نییە، خودی زاراوەکە بۆ شکاندنی دوالیزمە گنوسییەکانە سەبارەت بە تاریکی ـ روناکی، پاک ـ پیس، خائین ـ جوامێر، جەنگاوەر ـ کۆیلە، بەڵکو گێڕانەوەیەتی بۆ هۆکارەکانی لە ناو ئەو ڕەفتارە گشتیانەی، کە لە لێکدانی مۆدێرنە و کەپیتالیزم و فۆرمە سیاسییەکانی پێش مۆدێرنە دروستبووە، واتە گێڕانەوەیەتی بۆ بنەما ئۆبێکتیڤ و مێژووییەکانی. کە قسە لە ماشێنی فاشیستی دەکەین مانای ئەوە نییە لای مرۆڤە تاکەکان بۆ فاشیزم بگەڕێین، بەڵکو سەد دەر سەد بە پێچەوانەوە، هەوڵە بۆ گێڕانەوەی توندوتیژیی بۆ ناو سیاقەکان، بۆ ئەو جەبر و ترسەی کە مرۆڤەکان و شوناسەکان تێیدەکەون. لە ڕاستیدا گەر من بمگووتبایە ئەوە هەندێ سیاسی نەخۆش، یاخود حیزبی نەخۆش، یان مۆدێلێکی سیاسی هەڵە کارەساتەکەی دروستکردوە، ئەوکات دەشێت ئەم دەرەنجامگیرییەی لێ بکرێت، بەڵام من لە سەرەتاوە قسەم لە بونیادێکی گەورەیە، لە پارادیم و ژێرخانێکی مەتریالی و عەقڵییە، هەوڵی من بۆ تێگەیشتن لە فاشیزم تێپەڕاندن و لادانی ئەو قاڵبەیە، قسە لە سەرەتاوە لەسەر بونیادێکی مێژوویی دیاریکراوە کە بە کاریگەریی کۆمەڵێک فاکتەری مەتریالی و دەرونی زۆر گەورە وادەکات پەیوەندی نێوان شوناسەکان ببێتە پەیوەندییەکی خوێناوی… پرسیارەکە ئەوەیە: بۆ هەموو پەیوەندییە سیاسییەکان بە ئەگەری تەقینەوەی کوشندە بارکراون? بۆ «بەرزەمنی سیاسی» لە ناو گروپ و فەردەکاندا هێند بەهێزە? بۆ «وێنەی دوژمن» هەمیشە لە «وێنەی ئاژەڵ» نزیکدەبێتەوە? بۆ «نەستی سیاسیمان» سروشتێکی پارانۆیی وەردەگرێت? چی سیستمی نوێی توندوتیژیی بە فۆرمە کلاسیکییەکانی توندوتیژییەوە دەبەستێتەوە?. ئیشی من لە ناو وەڵامی ئەو پرسیارانەدایە.

بە بروای من، وەڵامی ئەم پرسیارانە لە دەرەوەی هەر بۆچوونێکی سادە دەربارەی ستراکتوریی دەسەڵات بەدەستدێت، کێشەی فاشیزم تەنیا کێشەی پەیوەندی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن نییە، تەنیا کێشەی سوڵتانێک و بنەماڵەکەی نییە، تەنیا بۆ خوێندنەوەی سروشتی حاکمان نییە، بۆئەوە نییە بزانین کێ سوڵتان تەڵەبە و کێ دیموکراتە، هەر دوو هێزە فاشییەکەی ئەوروپا لە ئیتالیا و ئەڵمانیا بە شێوازی دیموکراسی و لە هەناوی سیستمی دابەشبوونی دەسەڵاتەکانەوە هاتنەدەر. کێشەکە لەوەدا کۆتایی نایەت گەر دەسەڵاتەکان لای هێزێک کۆنەبوونەوە، ئیتر ئەگەری فاشیزم بوونی نەمێنێت، ئەمڕۆ لە عێراق و سوریا دەسەڵاتەکان لای هێزێک کۆنەبوونەتەوە و بەسەر دەیان و سەدان سەنتەری گەورە و بچوکدا دابەشبوون و فاشیزمیش لە ترۆپکی چالاکی خۆیدا دەژی و لە هیچ جێگایەکی ناوچەکە، وەک ئەم دوو وڵاتە فاشیزم لە لوتکەدا نییە. گێڕانەوەی کێشەکان بۆ ئەم ئاستە و چەواشەکردنی مرۆڤەکان بەوەی کە گرفتەکانیان بە دابەشکردنی هەرچی زۆرتری دەسەڵاتەکان چارەدەبێت، بۆچوونێکە جێگای بەزەییە، ئەمە جۆرە بیرکردنەوەیەکە دەیەوێت بە عەقڵییەتی سەدەی هەژدە و زاراوەکانی پێش شۆڕشی فەرەنسی دونیا تەفسیربکات. پرسیاری سەرەکی لە ئێستادا بۆ ئێمە لە فاشیزم ئەوەیە بۆ هەموو گروپێک لە خۆرهەڵات بە دیواری توند خۆی لە دونیا جیادەکاتەوە، بۆ «ئەویدی» وەک هەڕەشەیەکی پەنهان و گەورە لە بوونی من سەیردەکرێت، هەستێک وادەکات «ئەویدی» بکەینە دەرەوە یان تەواو لێی بترسین و بمانەوێت وێرانیبکەین? واتە لە خۆرهەڵاتدا، کێشەی ئامێزانبوونی کۆمەڵایەتی ـ ئەنتیگرەیشنی شوناسە جیاوازەکان لەگەڵ یەکدا هەیە، بەوەدا «ئەویدی» هەمیشە ئەویدییەکی ترسناکە، بەوەدا شیعە هەمیشە سوننە بە شتێکی ترسناک دەبینێت، بەوەدا سوننە شیعە بە رافیزە و مەجوس تێدەگات، بەوەدا کورد لای میللەتانی دی «وێنەی دوژمن» ـی هەیە، بەوەدا خودی کوردی لە ترسێکی گەورەدا بەرامبەر دونیا و بەرامبەر «ئەویدی» دەژی، بەوەدا دەسەڵات لەسەر شەیتانیکردنی ئۆپۆزسیۆن ئیشدەکات، ئۆپۆزسیۆن لەسەر بنەمای شەیتانیکردنی هەموو یەکێک ئیشدەکات لەو نەچێت، لێرەدایە خودی سیاسەت پردەبێت لە خواستی سەربڕین، خواستی دەرکردن، خواستی خۆدوورخستنەوە و خۆپاراستن، پڕدەبێت لە کاراکتەری پارانۆیی، سیاسی ئیگۆیست.

مەسەلەی فاشیزم لێرەدا، پرسیارێکە ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی فۆرمی کۆمەڵایەتی و هەرەسی پرۆسەی «ئامێزان بوونی کۆمەڵایەتی» دەکرێت، واتە چی وادەکات لە خۆرهەڵات دروستبوونی کۆمەڵگا، واتە گردبوونەوە و ڕێکخستنی هاوبەش تا ئەو ئەندازەیە مەحاڵ بێت، بۆ ئەم مەحاڵبوونە لە پەرچەکرداری فاشیستیدا خۆی دەردەخات و تەنیا زمانێکی وێرانکار دەدۆزێتەوە?. وەڵامی ئەم پرسیارە بە زاراوەی سوڵتانی و پادشایی نادرێتەوە، بەس نییە بڵێین دەسەڵات لە جێگایەکدا کۆبۆتەوە و گەر ئازادیبکەین و دابەشیبکەین، ئیتر دەرگای فاشییەتمان داخستووە، ئەم زاراوانە بە کەڵکی شیکردنەوەی فۆرمە زۆر دێرینەکانی حوکمڕانیش نایەن، نەوەک بۆ ئەم فۆرمە نوێ و ئاڵۆزانەی سەردەمی جیهانگیریی بشێن. ئەمجۆرە لە دیدگا بۆ کۆمەڵگای خۆرهەڵاتی بە سیستمێکی تیوریی هێند لاواز ئیشدەکات، وەک ئەوەیە لای ئەم عەقڵییەتە هێشتا مارکس ڕەخنەی لە کەپیتالیزم نەگرتبێت، هێشتا فرۆید باسی نەستی نەکردبێت، هێشتا لاکان هیچی لەسەر ئارەزوو نەنوسیبێت، هێشتا «هایدگەر» ڕەخنەی تەکنۆلۆژیای نەکردبێت، هێشتا ئەدۆرنۆ و هۆرکهایمەر ڕەخنەیان لە عەقڵی دیالەکتیکی نەگرتبێت، هێشتا فۆکۆ لەسەر دەسەڵات و مەعریفەی نەنوسیبێت، هێشتا دۆلۆز شتێکی لەسەر «ماشێنەکانی ئارەزوو» نەگووتبێت… هێشتا لاکلاو و ژیژیک و بادیۆ لەدایک نەبووبن. وەک ئەوەی زانست و فیکر هیچ میتۆدێکیان بۆ خوێندنەوەی دیاردەکان پێ نەبەخشی بین. بۆئەوەی لە خۆرهەڵات تێبگەین، هەم پێویستمان بە تێگەیشتن لە جەوهەری تەکنۆلۆژیای مۆدێرن هەیە، هەم پێویستمان بە چەمکی نەست و غەریزەی مەرگ و ئارەزوو و لەزەت هەیە، واتە پێویستمان بە مارکس و فرۆید و لاکان و دۆلۆز و دەیان تێزەی تر هەیە کە دەبێت بیانخەینە کار، خۆرهەڵات بە هەندێک تێرمی سەرەتایی شیناکرێتەوە کە قوتابیانی سیاسەت لە کۆرسی یەکەمی پۆلی یەکەم دەربارەی مۆدێلەکانی حوکم دەیخوێنن. ناسینی خۆرهەڵاتی نوێ «لەوانە بەشە کوردییەکەشی» بە زاراوەی سیاسی سادە کە لە وەسفی حاکم و مۆدێلی حوکمڕانیدا گیردەخۆن و دەوەستن نەوەک هەر مەحاڵە، بەڵکو سادەکردنەوەی کێشەکانە تا ئەو جێگایەی بکرێت دروشمی سیاسی زەقیان بۆ بەکارهێنانی پۆپۆلیستی لێ دروستبکرێت.

بە گشتی لە ڕوانینی مندا، نە فەرد هەیە کە بە جەوهەر فاشیست بێت، نە هێزیش هەیە هەر لە ڕۆژی یەکەمی دروستبوونییەوە نوێنەری شەیتان بێت لەسەر زەوی، نە هیتلەر لە لە دایکبوونییەوە هیتلەر بووە و نە مۆسۆلینی، بەڵکو فاکتەرگەلێک یان کۆنتێکستێکی مادیی و مێژووی و کولتووری و سایکۆلۆژی هەن کە ترس لە ناو شوناسەکاندا دروستدەکەن و ئامادەگییان پێدەبەخشن بەجۆرێکی فۆبیایی و پڕ ترس لەگەڵ جیهاندا بەرخوردبکەن، ئەو سیستمەی فاشیزمی دروستکردوە ناوی کەپیتالیزمە و هەر ناونانێکی تر هەڵهاتن و خۆدزینەوەیە، نەمانی ئەگەری فاشیزم لە خۆرهەڵاتیشدا بە نەمانی ئەم فۆرمە لە کەپیتالیزمی خۆرهەڵاتی دڕندە و سەرەتاییەوە گرێدراوە، بەڵام کەپیتالیزم سیستمێکی سیاسی ـ ئابووری ڕووت نییە، بەڵکو ماترێکسێکی دینی و کولتووری و سەمبولی و ئەخلاقیشە، لێرەوە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵیدا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سیاسی ڕووت نییە . خودی وشەی فاشیزمیش، زاراوەیەکی سیاسی رووت نییە ، وەک چۆن فاشیزم خۆی دیاردەیەکی سیاسی ڕووت نییە، بەڵکو کاریگەریی دەرکەوتنەوەی ژمارەیەکی زۆر فاکتەرە لە ناو کایەی سیاسییدا، کە دیارە هەوڵی منیش بۆ دۆزینەوە و دیاریکردنی هەندێکیانە…. بۆیە ئەم خاڵانەم باسکرد تا خوێنەر بچێتەوە سەر کۆی تێڕوانینی من و بزانێت لە سەرەتاوە هەوڵی من لە کۆی کێشەکاندا بۆ گەیشتنە بە جێگایەکی دوورتر لەوەی سیاسەت و دروشم و شەڕی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن داوایدەکەن. وشەکە راستەوخۆ بە هەموو مێژووی نوسینی منەوە نوساوە. ڕۆمان و نوسینی من خاڵی نەبووە لەو هاوارە دژ بە فاشیزم. لە مەرگی تاقانەوە، لە قەسیدەی نیشتیمانەوە، بەجۆرێکی بەردەوام لەسەر فاشیزم دەنوسم … گەڕانەوەشی لە ئێستادا هەوڵە بۆ تەواوکردنی سوڕێکی گرنگ لە ناو بازنەکەدا، چەمکی فاشیزم، چەمکێکی گرنگە بۆئەوەی لە تەواوی چەمکەکانی تر تێبگەین کە لەو بیست و پێنج ساڵەی دواییدا کەم و زۆر بەکارمهێناون، وەک چەمکی «کۆمەڵگای پرسە» «غەیبانییەت» «گووتاری مانەوە» «کۆلاجی ئایدۆلۆژی» «مردنی حیزب» و چەندان چەمکی تریش … چەمکی فاشیزم لای من شتێکی نوێ نییە، بەڵکو تێگەیشتنی ئەستەمە بە بێ خوێندنەوەی زۆرینەی وتارەکانی پێشووش. فاشیزم لێرەدا زاراوەیەکە تەنیا لە ڕێگای پەیوەندی بە زاراوەکانی ترەوە دەتوانێت تەواو ئیشبکات، تەنیا پێکەوەش سیستمێک لە ئامڕازی تەفسیرکردن پێکدەهێنن. ئەوەی نوێیە زاراوەی خۆرهەڵاتییە لە پاڵ فاشیزمدا. واتە تێگەیشتن لە فاشیزم لە رووبەرێکی جوگرافی و مێژوویی دیاریکراودا، تێگەیشتن لەسەر هەڵدان و بناوانە گەورەکانی لە ناو ئەو دونیا ئاڵۆزەی سەدەی بیستدا، خوێندنەوەی لە ڕێگای کۆمەڵێک تەوەر و پەیوەندی و چەمکی نوێوە. واتە گرنگ نییە بزانین فاشیزم هەیە، گرنگ ئەوەیە بزانین بۆ هەیە و چۆن هەیە و چۆن وزە وەردەگرێت و چی دەکات و چۆن درێژە بە خۆی دەدات، واتە بتوانین پەیوەندیی بە مۆدێرنەوە بخوێنینەوە، بەو زەمینەلەرزە گەورانەی هاتنی سیستمێکی نوێ لە هەناوی شوێنەکان و جەستە سیاسییەکان و شوناسەکاندا دروستیاندەکات، قسەی من لەسەر پەیوەندی توندوتیژییە لەگەڵ بنەماکانی کەپیتالیزم و هاتنی تەکنۆلۆژیاوە، قسەیە لە کارکردی مۆدێرنە لە پرۆسەی روخان و دروستبوونەوەی شوناسەکاندا لە هەناوی سەدەی بیستدا، هەڵبەت بەو ڕەهەندە سایکۆلۆژییە نوێیانەشەوە «لە ئاست سایکۆلۆژیای دەستەجەمعیدا» کە لەم فەزایەدا هاتوونە مەیدان و ئەکتیڤ بوون. ئەمە ئەو بەشە گرنگەیە کە بە هیوام بتوانین زۆرتر قسەی لەسەر بکەین. هەڵبەت ئەوەم لە یادنەچێت، کە قسە لە فاشیزمی خۆرهەڵاتی دەکەین، مانای ئەوە نییە کە فاشیزمی خۆرهەڵاتی ئەسڵەن لە هیچدا لە فاشیزمی خۆرئاوایی ناچێت، فاشیزمی خۆرهەڵاتی هەڵگری زۆرینەی سیفەتەکانی فاشیزمی خۆرئاواییە، بەزیادەی چەندین دیاردە و دەرکەوتەی ترسناکتریش… کە هیوادارم لەم قسانەماندا دەرفەتمان بێت باسی لێوە بکەین.

ڕەخنە لە عەقڵی فاشیستی – به‌شی چوار

مەنسور تەیفوری: سیماگۆڕکێیەکی سەیری شەڕ یان شەیتان هەیە کە هەوڵدەدەم لێرەدا کەمێک وێنەی بکێشم: لە ئوستوورەکانی میزۆپۆتامیادا شەیتان سیمای هەیە، بەشێکە لە کایەکان و زوو زوو قوربانی دەکرێت و دەگەڕێتەوە کایەکان، بەڵام نامرێت، وەک ئوستوورەی خولقاندنی بابلی و ئاتراحاسیس. لە کتێبی پیرۆز، هەر دوو بەڵێنەکەدا، شەیتان بەشێکی هەمیشەییە لە کایەکان، دێت و وەسوەسە و خەڵەتاندنی تایبەتی خۆی پێیە، کارەکانی قابیلی بەدیکردنن و جار جاریش تەنانەت نەبی دەتوانێت قسەی لەگەڵ بکات، وەک نموونەی عیسا لە خەڵوەی چل رۆژەیدا کە شەیتان دەبینێت و قسەی لەگەڵ دەکات، یان  لە بینینەکانی یووحەننادا دەبینین کە شەیتان لە ئاخرزەماندا دەردەکەوێتەوە دەبێ بە دەستی یاوەرانی بەرخەکە یان مەسیحا بگیرێت و زیندان بکرێت، تا ئەو کاتەی کە دیسان دێتەوە. لە دەقە ئیسلامیەکانیشدا شەیتان سەروەری یەکەمی زەمینە پیش ئەوەی مرۆڤی تێدا بخولقێنرێت، مرۆڤیش لەو خاکە دەخولقێنرێت کە پیشتر خوێنی تێدا کراوە. بەڵام دوای نەمانی ئەم دەقانە و هاتنی دوایین پێغەمبەرەکان یان هاتنی مەسیحا، چیدی جیهان مەسیحاییە و سیمای شەیتان کاڵ دەبێتەوە. ئەم نەمانەی شەڕر تا سەردەمی ئەدەبی رۆمانتیک و هاتنی فرانکشتاین و دراکوولا دەخایەنێت، بەڵام دراکوولا چیدی کەسایەتیەکی شارییە، مۆدێرنە، جلی مودێرنی لەبەرە و دانیشتووی هەرێمی شەوە.

خوازەی دراکوولا لای مارکس دەبێتە سەرمایە، واتە ئەو کاتەی مارکس سەرمایە بە کاری مردوو ناو دەبات کە بە مژینی کار دەژی.هەر لەم کاتەدا لای بوودلێر شەیتان لە خەودا خۆی لە سێ شیوەدا دەردەخات: خاوەنی میدیاکانی جیهان کە دەتوانێت بە بووقێکی گەورە هەموو دنیا بجوولێنێت؛ سیمای دووهەم خاوەن پارەیەکی گەورەیە کە رەنجی مرۆڤەکان لە سەر لەشی هەڵکۆڵراوە؛ سیمای سێهەم ژنێکی جوانە کە دەتوانێت هەموو دەسەڵاتەکان دەستەمۆ و کەوی بکات- بەڵام لە راستیدا عەجووزەیەکی ناشیرینە. ئەوان بوودلێر هەڵدەخرێنن و ئەو بە داخەوەیە کە ئەمانە بۆچی کاتێک بەخەبەرە و ئاگای لە خۆیەتی نایەن داوای مامەلەی لێبکەن، چونکوو بێگومان قەبووڵی دەکات. دوای ئەم سیماگۆڕینە ئاگامان لە هاتنی دەوڵەتە و نەمانی هەمیشەیی سیمای شەڕر، واتە لیڤیاتان یان هەمان شەیتانی ئوستورەیی خۆی دەبێتە دامزرێنەر و بونیادنەری رێکێتی و نەزم. چما شەڕر سیمای گۆڕیبێت یان توابێتەوە، چما لە دەزگاکاندا، لە ماشینە بۆرۆکراتیکەکانی دەوڵەتدا توابێتەوە، ئەمەیە لێرەدا دەگەین بە کافکا، واتە کاتێک کە نازانین بەڵا و شەڕر لە کوێوە دێت، نازانین دادگا کێیە و چۆنە گرێگوار دەبێتە قالۆنچەیەکی گەورە. دوای ئەویش بێکێتمان هەیە و جیهانی بەتاڵ لە مرۆڤ، مرۆڤی سەرگەردان کە تەنانەت زمانیشی بە دەستەوە نەماوە. هەموو ئەمانەش تەعبیرن لەوەی دەزگاکان چۆن دەتوانن سیمای شەڕ بشارنەوە و بمانبەنەوە سەر ئەو حوکمەی بوودلێر کە ” گەورەترین فێڵی شەیتان ئەوەیە بڕوا بکەین بەوەی کە شەیتان نییە”. رەنگە ئەوەش ئێوە سەبارەت بە فاشیزم دەیڵێن بکرێت بخرێتە وەها دیالێکتیکێکەوە، دیالێکتیکی دەزگاییبونەوەی شەڕ، واتە فرەجەمسەریی ئەم هێزە، بێسیمابوونەکەی، وەها دەکات کە هەستی پێنەکەین، دراکوولایەک کە نا-مردووە، کەچی هەیە، کەچی هیچکات بە تەواوی نامرێت، هەر چۆن مەسیحا تەنیا شەیتان دەخاتە چالێکی بێنەوە، یان وەیلەوە و ئەو دەکرێت بگەڕێتەوە. ئەمە کۆتایی گەلێ فیلمی ژانری وەحشەتیش پێکدێنێت، وەک پێمان بڵێت ” ئەو” لەوێیە.

بەختیار عەلی: ڕاستە، هەوڵێکی ترسناک هەیە بۆ ونکردنی هەموو شتەکان، زۆر گرنگە نەزانین کێ گریگۆر سامسای کردوە بە قالۆنچە، هەر وەختێک ئەو فریوەمان خوارد کە بۆدلێر باسیدەکات، ئەوکات جۆرێک لە شۆڕشگێڕ دروستدەبێت کە وەک دەبینی بە عەقڵییەتی کاوەی ئاسنگەر بیردەکەنەوە، تەنیا جەستەی پاتریارک، سەری زوحاک، واتە جەستە تەقلیدییەکەی حاکم، تاج و سەوڵەجانەکەی سوڵتانیان بۆ گرنگە … ئەمە جۆرێکە لە سادەکردنەوەی دەسەڵات و سیستم و شاردنەوە و ئینکارکردنی، ستراتیژی فیکری فاشیستی لەسەر ئینکاری سیستەم دروستبووە، لەسەر ئینکاری ماترێکسەکە. کورتکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی سیستم و ئیشکردنەکانی بۆ ژێر ناوی یەک سوڵتان، وێنەیەکە لەسەر سیستم بۆ ناو چیرۆکی  منداڵان باشە، لە چیرۆکی منداڵاندا دەتوانین شەڕ و خراپە و ناشیرینییەکان هەمووی لە وێنەی پادشایەکی توندوتیژ و دارودەستەکەیدا نیشانبدەینەوە. هەڵبەت هەر تێزێک بیەوێت مێژووی ئەم کابوسە بخوێنێتەوە کە لە خۆرهەڵات سەد ساڵە روودەدات، لەو دیو ئەم تێزەیەوە دەست پێدەکات، سەرەتای سەرەتا دەبێت ئەم تێزەیە بخاتە ئەولاوە. من هەوڵدەدەم زۆر خۆم لە وشەی شەیتان بپارێزم، گەرچی دەزانم لای تۆ تەنیا وشەیەکی میتافۆرییە، بەڵام لای ئێمە میتافۆرەکانیش زۆر بە بارگەی ئایدۆلۆژی باردەکرێن. فاشیزم لای من، جۆرێکە لە هێز یان پۆتێنسیالیتەیتی ناو پەیوەندییەکان کە زۆر زوو دەگوازرێتەوە بۆ کرداری راستەقینە، واتە لە «ئەگەری توندوتیژییەوە» لە «توندوتیژیی ڕەمزییەوە» لە «توندوتیژیی میتافۆرییەوە» دەگوازێتەوە بۆ «توندوتیژی» بۆ «جەنگ» بۆ «پێکدادانی خوێنین». بەڵام کەی دەتوانین ئەم گواستنەوەیە لە «ئەگەرە» وە بۆ «کردار» ناوبنێین «فاشیزم»، ئەوە پرسیارە سەرەکییەکەیە?. فاشیزم ناکرێت بە تەنیا یەک هێزبێت کە دەسەڵات بگرێتە دەست و بیەوێت تەواوی هێزەکانی تر سەرکوتبکات و بیانسڕێتەوە. فاشیزم دەکرێت سیفەتی چەندەها هێزبێت کە تا ئاستی یەکدی وێرانکردن و یەکدی وردکردن، خۆیان و کۆمەڵگا ڕادەکێشنە ناو شەڕێکی گەورەی مان و نەمانەوە. فاشیزم، لەو ساتەدا زۆر ئاشکرایە کە هەمەڕەنگی ئینسانی ئەوانی دی کورتدەکرێتەوە بۆ یەک سیفەت، یەک ناونیشان، یەک ڕەهەند. بۆ نمونە کورتکردنەوەی مەخلوقێک بۆ ژێر ناونیشانی ژن، یان ناونیشانی کورد یان عەرەب یان سوننی… ئەم کورتکردنەوە ترسناکە دەرگای یەکەم بۆ وێرانکردنی ئەویدی دەخاتە سەر پشت، هەنگاوی یەکەمە بۆ کوشتن و سڕینەوە و ژێر پێخستنی ئەوانی دی. ئەم کورتکردنەوەیە، شتێک نییە تەنیا لە عەقڵی حاکم و سوڵتاندا ڕووبدات تا لەوێدا بۆی بگەڕێین، بەڵکو لە سیستمی گووتار و لە ناو جیهانبینی و لە هەناوی ئایدۆلۆژیا باوەکاندا شێوەدەگرێت، لە سایکۆلۆژیادا بنجبەستدەبێت، لە پەیوەندی بونیادی سیاسی بە سایکۆلۆژیای چەپاندن و وێناکردن و سەمبولیزەکردنەوە، لەگەڵ سەرهەڵدان و بەردەستبوونی تەکنیکی سەربازی بەهێز کە پراکتیکی توندوتیژیی هەم توند و هەم ئاسان دەکات. بە کورتی فاشیزم بوونێکی ستراکتورییە، کاری بەوەوە نییە گەر سەرۆک کوڕەزای خۆی یان کوڕی پوری خۆی دانا ئەوە سوڵتانییە، گەر هاورێکەی خۆی دانا ئەوە فاشییە، ئەمجۆرە تێزانە لە بنەڕەتدا سنووری قسەکردن لە دەسەڵات و فاشیزم کورت و بچوکدەکەنەوە. هەڵبەت فاشیزمی ئێمە « لێرەدا ئاگاداربە مەبەستم لە فاشیزمە لە فۆرمە کوردییەکەیدا». فاشیزمێک نییە خۆی لە دەوڵەتێکی تەواو ڕێکخراودا ببینێتەوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە وەک ئەگەرێکی ئامادە و ترسناک بوونی نییە و ناتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا ببێتە دیاردەیەکی میلیتاریی و میلیشیایی و لە فاشیزمێکی سنووردار یان «سۆفت» ـەوە ببێتە  شەڕی شوناسێکی شەڕانی دژ بەوانی تر، یاخود ببێت بە شەڕی هەمووان دژ بە هەمووان.

لە 17 ی شوباتدا بینینمان، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا هێزەکانی یەکێتی، بە هێزی سەربازی و بە ڕاگەیاندنیشەوە، بوون بە جۆرێک لە میلیشیای فاشیستییانەی ڕێکخراو و گەورە، هێزەکانی پارتی رێکخراوتر و گوێڕادێرتر و فاشیستیتریشن. هەموو هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش لە چەند سەعاتێکدا دەتوانن هێزی چەکدار دابەزێننە سەر شەقامەکان  … قودرەتی دروستکردنی خێرای میلیشایی فاشیستی لە ژیانی سیاسی ئێمەدا سەرسوڕهێنە، ئەم قودرەتە، ئەم توانا خێرایە لە خۆڕێکخستندا وەک میلیشیایی توندڕەو و چەکدار، تەنیا بە بڕیارێکی سیاسی نییە، بەڵکو ئامادەگی کۆمەڵایەتی و دەرونی قووڵی لە پشتە، ئەم خۆ ڕێکخستنە خێرایە لە شێوەی میلیشیایی فاشیستیدا لە چەندین وێستگەی گرنگی مێژووی خۆرهەڵاتدا دەبینرێت، لە شەڕی ناوخۆی لوبناندا کە لە ماوەیەکی کورتدا تەواوی هێزە سیاسییەکان بوونە میلیشیای دڕندە و کۆنترۆل نەکراو، لە شەڕی ناوخۆی کوردستاندا، لە عێراقی دوای ڕوخانی سەدامدا، لە سوریای ئەمڕۆدا. با نمونەیەکی زۆر بچوکت بۆ بهێنمەوە، من  لە ساڵی  1994 و 1995 دا ماوەیەکی درێژ لە دیمەشق ژیاوم، هیچ شتێک بە ڕوکەش ئەوەی نەدەدرکاند کە فاشیزمێکی وەها ترسناک، رۆحێکی وەها ئینسانخۆر، ئەو عەشقە ترسناکە بۆ گۆشت و خوێنی ئینسانی لەم کۆمەڵگایەدا هەبێت، بەڵام لە ژێرەوە، لە توندوتیژی رۆژانەدا، لە جیابوونەوەی ژیانی رۆحی و ژیانی مادی کۆمەڵگادا، لە جیابوونەوەی کایەی فیکری و کایەی سیاسیدا، لە ئەخلاقیاتی جنسی کۆمەڵگای سورییدا، لەو جیاوازییە چینایەتییەدا کە چەندەها توێژی کۆمەڵایەتی بەجۆرێکی ترسناک تێکشکاندبوو، لەو پچڕانەدا کە هەموو جەستەی کۆمەڵایەتی گرتبووەوە، مرۆڤ تارمایی ئەمڕۆی دەبینی. خۆت دەزانی لە غیابی ئۆپۆزسیۆنێکی ئینسانی ڕاستەقینەدا، چینە تێکشکاوەکان بە ئاسانی دەبن بە کەرەستەی هێزی توندڕەو و فاشیستی. هەڵبەت لە ڕوکەشدا هیچ دیار نییە، بەڵام وەک دۆلۆز دەڵێت کەی حەقیقەت لە ناو سادە و ساکاردا نیشتەجێبووە?… ئێمە سەرەتا سەروکارمان لەگەڵ فاشیزمێکدایە کە لەسەر ئاستی وێنە و ئامادەگی و بوونی ڕەمزیی ئیشدەکات، فاشیزمێک لەسەر ئاستی خەیاڵ و بیرکردنەوە و فەنتازیا، ڕۆژانە بە ئاماژە، بە توندوتیژیی، بە ڕۆحی پەلاماردان  ئامادەیە، مەرجیش نییە فاشیزم پێویستی بەوە بێت، هەمیشە لە فۆرمی فاشیزمێکی ئۆرگانیزەکراوی دەوڵەتیدا دەربکەوێت،  ناکرێت فاشیزم کورتبکەینەوە بۆ یەک فۆرم، یان یەک دەموچاو، دەرکەوتە ڕوکەشەکان هەموو شتێکمان لەسەر خودی دیاردەکە پێ ناڵێن. بۆ نمونە : من لە نوسینەکانی پێشوومدا نوسیبووم کە کوشتنەکان یەک زنجیرەن، مەبەستم لەم تێزەیە ئەوە نییە بڵێم کە ئەو دەستەی کاوە گەرمیانی کوشتووە هەر ئەو دەستەیە کە سۆرانی مامەحەمەی کوشتوە،  تێزەکە بۆ جێگایەکی دوورتر دەڕوانێت، من دەڵێم ئەوەی لەگەڵ هاتنی مۆدێرنەدا ڕوودەدات، ئەوەی لە جێگایەکی وەک ئێران ڕوودەدات، ئەوەی فاشیزمی تورکی ئەنجامی دەدات، شەڕە ناوخۆکان لە خۆرهەڵات،  پێکرا دەکرێت لە ناو یەک بازنەی تەفسیردا بخوێنرێنەوە، ئەوەی لە زیندانە ترسناکەکانی ئێراندا روودەدەن، ئەوەی لە رۆبۆسکی ڕوویدا، ئەوەی لە کوردستانی خۆرئاوا ڕوودەدات، ئەوەی لە دوز و کەرکوک ڕۆژانە ئینسانەکان بێرەحمانە دەکوژرێن و سەردەبڕدرێن، ئەوەی لە ریفی دیمەشق دەگوزەرێت و ئەوەی لەفەلوجە دەیبینن، پێکڕا زادەی یەک سیستم و یەکجۆر پەیوەندیین، جیاوازییە ڕوکەشەکان لە نێوان تاوانێک و تاوانێکی تردا، مانای ئەوە نییە کە ماترێکسێکی گەورە نایانگرێتە خۆی. لێرەدایە کە دەشێت بپرسین ئاخۆ لە ناو ئەم ماترێکسەدا چۆن جیاوازییەکان ببینین، ئایا پەیوەندی شوناسە جیاوازەکان بەم ماترێکسەوە چییە? ئەمە پرسیارێکی ڕەوایە بۆ مەبەستێکی ناڕەوا بەکاردێت، ئەمە ئەو پرسیارەیە کە من لە تەواوی تێزەکەمدا هەوڵدەدەم وەڵامیبدەمەوە.

لە راستیدا گرفتی سەرەکی عەقڵی لیبرالاوی لە خۆرهەڵاتدا، ئەوەیە چەمکی جیاوازیی دادەبەزێنێت بۆ سەر هەندێک جیاوازی ڕوکەش و سەتحی. دەمێک باس لە ماترێکسێکی فاشیستی دەکەین واتە باس لە کوشتنی جیاوازیی دەکەین. قسە لەسەر فاشیزم، قسەیە لەسەر دونیایەک جیاوازی ناتوانێت لە ناویدا ئازادانە هەناسە بدات، قسە لەسەر ئەوە نییە کە ئایا جیاوازی هەیە یان نییە، جیاوازیی هەمیشە هەبووە و دەمێنێت و ئەبەدییە، ژیان و کۆمەڵگا و هەتا ناخی سوبێکتە ئینسانییەکان لە جیاوازی دروستبووە، من لێرەدا دۆلۆزیم نەوەک هیگڵی، بەڵکو قسە لەسەر ئەوەیە ئەم هەمەڕەنگییە چۆن دەکوژرێت، چۆن سنوورداردەکرێت، چۆن دەردەکرێت و لە نێودەبرێت و دەبەسترێتەوە. دژایەتی فاشیزم هەمیشە دژایەتییە بە ناوی جیاوازییەوە، بە پێچەوانەی عەقڵییەتی لیبرالەوە کە پێشوەخت لەو سەرەتایەوە دەست پێدەکات کە جیاوازییەکان کێشەیان نییە و تەنیا ئەوەیە باش و خراپ لە ناویاندا جیابکەینەوە و لە هەڵبژاردندا دەنگ بەباشەکە بدەین و بەوجۆرە مێژوو و کۆمەڵگا ڕەنگی گوڵرەنگ و گەشبینی خۆی وەردەگرێت …بەڵام لە ڕاستیدا قسە دەبێت لەسەر ئەوە بێت، بۆ جیاوازی بە ئازادانە ناژی و گوزارشت لە خۆی ناکات. ئەوە پرسیاری ئێمەیە. ئەوانەی دەڵێن «تێزی فاشیزمی خۆرهەڵاتی» جیاوازییەکان دەکوژێت، خودی وشەی جیاوازیی بە هەڵە بەکاردەهێنن. بە ناوی وشەی جیاوازییەوە دەیانەوێت بڵێن لە نێوان فاشیزمی سەدام حوسەین و فاشیزمی ئەتاتورکدا جیاوازی هەیە، دەڵێن لە نێوان تیرۆری قاعیدە و تیرۆری مالکیدا جیاوازی هەیە، لە نێوان کۆمیدیای هەڵبژاردن لە ئێران و کۆمیدیای هەڵبژاردن لە کوردستاندا جیاوازیی هەیە.

دەیانەوێت بڵێن ئێمە لە ناو بەحرێک جیاوازی و ڕەنگ و شەبەنگی سیاسیدا دەژین، بڕۆن لە ناو ئەو ڕەنگ و شوناسانەدا بەرنامەی دڵخوازی خۆتان بدۆزنەوە، گەر ئەحمەدی نەژادتان بە دڵ نییە ئەوا ئاغای ڕۆحانیمان هەیە، گەر مورسیتان بە دڵ نییە ئەوا سیسی هەیە، گەر ئۆردوگانتان ناوێت فەتحوڵا گویلەنمان هەیە، گەر فەتحوڵا گویلەنیشتان ناوێت ئەوا دەوڵەت باغچەلیمان هەیە … ئەمانە دەیانەوێت بڵێن «تەماشاکان فەزا پڕە لە ڕەنگی سیاسی جیاواز و بەهێز، کەچی ئەوانەی باسی فاشیزم دەکەن جیاوازییەکان دەکوژن، ناهێڵن جیاوازییەکان ببینین، ئاستەنگێکیان خستۆتە بەردەممان»، بە کورتی لای ئەوان خۆرهەڵات پڕە لە هێزی جیاواز کە ناشێت بیانخەینە ناو ماترێکسێکەوە، واتە ناکرێت حیزب اللە و جبهەی نوسرە وەک بەری یەک درەخت ببینین، ناکرێت ژەنراڵەکانی سوپای پاسداران و ژەنراڵەکانی تورکیا بە زادەی یەک جۆر دەزگا و عەقڵییەتی هاوبەش ببینین، واتە نایانەوێت ئەو هێڵە هاوبەشە ببینین کە عەقڵی کۆمۆنیستێک بە عەقڵی مەلایەکەوە گرێدەدات، عەقڵی فاشیستێکی عەرەب بە عەقڵی فاشیستێکی فارسەوە گرێدەدات … هتد. لە ڕاستیدا هاوڕێم، ئەمە قسەکردن نییە لە جیاوازیی و ستایشی جیاوازیش نییە، بەڵکو خەڵەتاندنی مرۆڤەکانە تا بتوانن لەم ساتەدا و لێرەدا لە نێوان ئەو پارادۆکسە وەهمییانەدا نوقمبن، لە نێوان شەیتان و براکەیدا یەکێکیان هەڵبژێرن و وابزانن خەباتیان بۆ مرۆڤایەتی و پاشەڕۆژ کردوە، ئەمە دەرگای کردۆتەوە هەموو هێزە وەک یەکەکان، بتوانن هەمیشە بە بەرگی نوێوە بێنەوە سەر شانۆ، بە ملیۆنەها خەڵک دوایان بکەون و خۆیان بەو درۆیە فریوبدەن کە گوایە بۆ دونیایەکی نوێ ئیشدەکەن و لە ناو شەبەنگە جیاوازەکاندا ڕەنگی دڵخوازی خۆیان دۆزیوەتەوە، وەک ئەو درۆیەی ئیخوانەکان لە میسر لەگەڵ خەڵک و شۆڕشدا کردیان و ڕیفۆرمیستەکان لە ساڵی 1997 وە لە ئێران لەگەڵ خەڵکدا دەیکەن. ئەم تەوەهومانەی جیاوازی بۆیە دروستدەکرێت تا بڵێن جیاوازیی ڕاستەقینە نەکوژراوە، بڵێن هێزی «جیاواز بوون» کە فاشیزمەکان خنکاندویانە نەچەپێنراوە و لێرەیە و هیچ کێشەیەکی نییە. دەیانەوێت بڵێن تەماشابکەن، جیاوازیی بێکێشە لەم کۆمەڵگایانەدا لە دایکدەبێت، بەرگی خۆی لەبەردەکات، بەم تێزەیەش هەم سیستم درێژە بە تەمەنی خۆی دەدات و هەم دەسەڵاتەکان. بە کورتی هەموو ئەو جیاوازییانەی ماشێنە فاشیسستییەکان دەیانخنکێنن و وەک یەکیان لێ دەکەنەوە لای ئەوان وەک جیاوازی ڕاستەقینە پێشکەش بە خەڵک دەکرێنەوە. واتە دەقیق ئەو میکانیزمە ناودەنێن جیاوازی کە جیاوازی دەکوژێت، ئەو خۆڵەمێشە ناودەنێن جیاوازی کە خۆی لە تێکشکان و سووتانی جیاوازییەکان دروستبووە، لەو فەزایەدا باس لە جیاوازیی دەکەن کە دەبێت تێیدا قسە لەسەر کوشتنی جیاوازیی بکەین و بانگ بۆ زیندووکردنەوەی هەڵبدەین. ئەمە هەر هەڵەیەکی مەعریفی نییە، بەڵکو ئەجندەیەکی ئایدۆلۆژییە، تۆ بڕۆ فریوی جیاوازیی و پارادۆکسە وەهمییەکان بخۆ کە تا هەتا هەتایە لە ناو یەک بازنەی وەهمیدا گیرتدەدەن، تا دەمریت ناچارتدەکەنەوە ئەوە بەرهەمبهێنیتەوە کە هەیە، بڵێ دەوڵەتی ئێران و سعودییە هیچیان لە یەک ناچێت، بڵێ گەر رەفسنجانی و موسەوی لەبری ئەحمەدی نەژاد و جەنەتی لەسەر دەسەڵات بوونایە ئێستا ئێران مێرگی ڕیفۆرم و کرانەوە بوو، بڵێ عەلاوی و مالکی دوو شەبەنگی جیاوازیی سیاسین، هەروەخت ئەم درۆیانەت بە باشی قووتدا ئەو کات دەتوانیت بە ناوی جیاوازییەوە، وەک کەسێکی سیاسی تێکەڵ بە خەباتی سیاسی بیت. وشەی فاشیزم بەو جۆرەی من بەکاریدەهێنم بۆ ئاشکراکردنی ئەم پارادۆکسە وەهمی و درۆزنانەیە، واتە قسەکردنە لەسەر خنکاندنی جیاوازییە راستەقینەکان، ئەو جیاوازییانەی لە ئینسانی تاکەوە هەڵدەقوڵێن، لە عەقڵی فەردییەوە دێنەدەرێ، لە مۆراڵی ئینسانەکانەوە سەرچاوە دەگرن، لە دژایەتی گووتارە فاشیستییە دەستەجەمعییەکانەوە دروستدەبێت، لەو شوناسانەوە دێتەدەرێ کە لە فۆبیای نەماندا ناژین و پەلاماری ئەویدی نادەن. من بۆ جیاوازی ڕاستەقینە لای جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا و مەسعود بەرزانی ناگەڕێم، من لە هەمە ڕەنگی ئینسانەکاندا، لە سیستمێکدا کە مافی جیاواز بوونی ڕەهای مرۆڤەکان قەبووڵدەکات و دەیپارێزێت، لەوێدا بۆی دەگەڕێم، نە لە شەڕە دروشمی نێوان سیاسییەکاندا.

ئێستا لە سیستمێکی چەپێنەردا دەژین کە هەموو ئەو جیاوازیانەی کوشتووە، کە قسە لە فاشیزم دەکەین قسە لە کوشتنی جیاوازیی دەکەین، باس لە دەرکردنی مرۆڤ دەکەین، مرۆڤی تاک کە سەرچاوەی هەموو جیاوازییەکە. کە شەڕی ناوخۆ هەبوو، کە بەردەوام خوێنڕژا، کە دیکتاتۆرییەت هەبوو، کە دیموکراسییەت کوژرابوو، کە پەرلەمان ئیفلیج و کارتۆنی بوو، کەواتە جیاوازییەکان کوژراون و ناتوانن گوزارشت لە خۆیان بکەن. هەڵوێستی گووتاری لیبراڵ لێرەدا مایەی پێکەنین و خەندەیە، بەسەرێک خۆی قسە لە کوشتنی جیاوازییەکان دەکات، بەسەرێکیش کە دەتەوێت ناوی ئەو فەزایە بنێیت کە ئەم پرۆسەیە تێیدا ڕوودەدات، کە دەتەوێت میکانیزمەکانی ئەم کوشتنە دەستنیشانبکەیت، پەشیماندەبێتەوە و قسە لەوە دەکات کە خۆرهەڵات پڕە لە جیاوازیی. لێرەدا مرۆڤ ناتوانێت تا ئەبەد درۆ لەگەڵ خۆیدا بکات، یان ئەوەیە جیاوازییەکان دەکوژرێن و ناتوانن گوزارشت لە خۆیان بکەن و میکانیزمێکی تواندنەوە و وەک یەک لێکردن هەیە کە لە هەموو جێگایەک ئیشدەکات، بەمەش باوەڕ بەم تێزەیە دەهێنین کە من لێرەدا بەرگری لێدەکەم، یان دەبێت بڵێیت خۆرهەڵات پڕە لە جیاوازی و جیاوازییەکان کێشەیان نییە و دەتوانن گوزارشت لە خۆیان بکەن و بچنە ململانێی ئازادەوە و لەوێدا هێز و بێهێزی خۆیان تاقیبکەنەوە، بەمەش هیچ مانایەک نەوەک بۆ قسەکردن لە سەر فاشیزم نامێنێتەوە، بەڵکو مانا بۆ قسەکردن لەسەر دیکاتۆرییەت و مۆنۆپۆڵکردنی دەسەڵاتیش نامێنێتەوە.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.