کۆمەڵە‌و کۆستەکانی کۆمەڵە/ فیروز مامۆیی

لە پێش چوونە ناو ناوەرۆکی بابەتەکە، پێم باشە لە بواری مەعریفە ناسی و لە هەمان کاتدا خەسارناسیەکی مێژوویی، بە کورتی لە روانگەی خۆم وەکوو کەسێکی کۆمەڵەیی، تیشک بخەمە سەر هەندێ بابەت لە مێژووی کۆمەڵە و دەور و رۆڵ و هەروەها ئەو کۆست و زیانانەی کە لە خەباتی رزگاریخوازیی لە چەند دەیەی رابردوودا بەر کۆمەڵە کەوتووە و دواتریش بپەرژمە سەر بابەتی یەکگرتنەوە کە ئەمڕۆکە بووەتە هزر و گوتاری زاڵی سەر زەین و زاری هەموومان.

ئەگەر چاوێک بە مێژووی کۆمەڵەدا بخشێنین و بە وردی لە هەوراز و نشێوەکانی ئەم رەوتە چەپەی کۆمەڵگای کوردستان بڕوانین، دەبینین جەرەیانی کۆمەڵە هەر لە دەسپێکی کاری خۆی و لە رێچکە بەستنی یەکەم هەستەکانی کاری رێکخراوییەوە لەگەڵ کۆمەڵێک باس و تێز و تێئۆری فیکری و نەزەری بەرەوڕوو بووە و لە هەمان کاتدا هەر لە یەکەم ساتەکانی کاری تەشکیلاتی کۆمەڵەوە روانگە جیاوازەکان و خەت و مەشیە جیاجیاکان، هەمیشە شاخیان لە شاخی یەک ئاڵاندووە و زۆر جار ئەم مشت و مڕانە بووەتە هۆی دابڕان و لە یەک تەرازان و جیا بوونەوە و ئینشعابی جۆراوجۆر لە نێو عاڵقەی کۆمەڵەدا. ئەم هەوراز و نشێوانە تەنانەت سەردەمانێک بووەتە هۆی ئەوەیکە خەڵکانێک کە خۆیان یەکەم توخمەکان و نوتفەی کۆمەڵەیان دروست کردووە، لێی دوور بکەونەوە و بە تەواوەتی خۆیان لەگەڵ ئەو بۆچوونەی کە کۆمەڵە قامکی خستووەتە سەری، جیا بکەنەوە و رێگایەکی دیکە بگرنە بەر، یان بە تەواوەتی خۆیان لە بابەتە سیاسیەکان بە دوور بگرن.

وێڕای ئەوەیکە کۆمەڵە کارنامەیەکی لێوان لێو لە شانازی و حیماسە و مەزنی لە مێژووی خۆیدا تۆمار کردووە و هەمیشە داهێنەری کەلتوورێکی پێشکەوتنخواز و پێشڕەو بووە و توانیویەتی لە هاوکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگای کوردستانی رۆژهەڵات کاریگەریی هەبێت و وەکوو بڵیندگۆی بەشێکی بەرین لە خەڵکی چەوساوە و بەشخوراوی کوردستان سەڵایەکی رەسەن و پڕ تین و تەوژم هەڵببڕێت و چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی جەرگەی خەباتی مەدەنی و سیاسی و پێشمەرگانە لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا هەر ئەم کۆمەڵە پێشەنگ و پێشڕەوە بە درێژایی تەمەنی خەباتی خۆی تووشی هەڵەی جۆراوجۆر بووە و هەر بەو ئاستەش خەسار و زیانی قورسی بەرکەوتووە.

هەندێ فاکتەر و هۆکاری سەرەکی هەمیشە لە کۆمەڵەدا بووەتە هۆی ئەوەیکە ئەم رەوتە جەماوەرییە کە لە قۆناغە جیاجیاکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بەشێکی بەرین لە سوکانی خەباتی جەماوەریی بەدەستەوە بووە و دوژمنانیش حیسابی تایبەتیان لەسەر کردووە، بەردەوام شکست و ناهۆمێدی و کۆست و کۆسپ و تەگەرە بێتە سەر رێگای، کە تەنانەت هەندێ جار تا سنووری نەمان و لە نێوچوونیشی بردووە.

باس کردن لەو کۆمەڵە کۆستەی کە لە مێژووی کۆمەڵەدا هەمیشە وەکوو بوومەلەرزەیەک ناخی ئەم رەوتەیان هەژاندووە، باسێکی تێر و تەسەلە و پێویستی بە خوێندنەوەی ورد و تۆکمە و لە هەمان حاڵدا کەڵک وەرگرتن لە را و بۆچوونی ئەو کەسانە هەیە کە خۆیان لە سات بە ساتی مێژووی کۆمەڵەدا بوونیان هەبووە و رۆڵیان گێراوە، بەڵام ئەگەر تیشک بخەینە سەر رەوتی کار و چالاکی و تێکۆشانی ئەم ساڵانەی دوایی و تەنانەت پێش لە سەرهەڵدانی پرۆژەی ساغ کردنەوەی کۆمەڵە لە ساڵی 2000ی زایینی، بۆمان دەردەکەوێت کە هەندێ بابەتی گرنگ و سەرکی بوونەتە هۆی لاواز بوونی کۆمەڵە کە هەتا بە ئەمڕۆش ئەو گیر و گرفتانە چارەسەر نەکراوە و وەکوو خۆی ماوەتەوە و ئەمەش نیگەرانی و خەمساردی و بێ هیوایی بە داهاتوویەکی گەشی سیاسی لە نێو بەشێکی زۆر لە هەڵسووڕاوانی کۆمەڵەدا ساز کردووە و هەمیشە وەکوو تارمایی و شەبەحێکی تۆقێنەر باڵی کێشاوەتە سەر زەین و بیری ئەو تێکۆشەرانە و ئەو خۆفە بوونی هەیە کە هەمیسان و لە داهاتوودا کۆمەڵە تووشی جیابوونەوە و لە یەک دابڕان ببێتەوە.

بوونی سانتریالیزم یان ناوەندێکی بڕیاردەر لە سەرەوەی هەر تەشکیلاتێکی سیاسی شتێکی گونجاو و پێویستیەکی حاشا هەڵنەگرە و ئەگەر ئەو ئۆرگانە بوونی نەبێ تەشکیلات تووشی سەرلێشێواوی و بێ سەرەو بەرەی دەبێت، بەڵام بەداخەوە عەقڵیەتی زاڵ بەسەر ئەحزاب و رێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە رێک کۆپی هەڵگرتن لە جۆری دەسەڵات لە یەکیەتی سۆفێیتە، بووەتە هۆی ئەوەیکە هەموو ئۆرگانە سەرەکیەکان و هەموو ماتریاڵە مەزنەکانی حیزب لە دەست کۆمەڵێ کەسی تایبەتدا بمێنێتەوە و هەر کات پێویستیان پێی بوو، وەکوو ئەهرۆمێکی گوشار کەڵکی لێ وەربگرن و نەیاران و ناڕازیانی خۆیانی پێ سەقەت بکەن و لە گۆڕەپانی رەکەبەرایەتی وەدەریان بنێن.

بێ گومان کۆمەڵەش یەکێک لەو حیزبانەیە کە بە درێژایی مێژووی خۆی ئەو رەوتە سانتریالیستیە داخراوە و نیوە داخراوەی رەچاو کردووە و کەسە سەرەکی و کاریگەرەکانی کۆمەڵە کە بەداخ و مەخابنێکی زۆرەوە هەتا ئێستاش بە قەت قامەکەکانی دەست تێ نەپەڕیون، هەمیشە ئەو ئۆرگانە سەرەکانەی وەکوو: پۆستی سکرتێری، بەشی ماڵی، راگەیاندن، بەشی نهێنی و هتدیان… لە لای خۆیان قۆرخ کردووە و هەر کات هەستیان کردووە کە خەڵکانێکی دیکە لە هەوڵی ئەوەدان کە بەو ئامرازانە دەستیان رابگات، وەکوو زەخت و گوشارێک کەڵکیان لێ وەرگرتووە و بەو چەشنە خەڵکانێکیان لە بازنەی بەربەرەکانێ بۆ گەیشتن بە دەسەڵات وەدەرناوە.

بە راوەستان و تێڕامانێک لە سەر مێژووی کۆمەڵە، وێرای ئەو هەموو قارەمانیەتی و حیماسە و تابۆشکێنیەی کە کادر و پێشمەرگەی کۆمەڵە خولقاندوویانە، دەبینین کە کۆمەڵێکی زۆر کەم لە رێبەرانی کۆمەڵە کە هەمیشە و بە شێوەی بەردەوام لە نێو تەشکیلاتدا لە ریزی کەسانی یەکەم دا بوون و هەن، لە کێبەرکێیەکی ناتەندروست و ناسالم لەگەڵ یەکدا بن و تەنانەت سەردەمانێکیش ئەوەندە بە هەڵەدا چوون، کە تەشکیلاتیان خستووەتە دەست کەسانێکی بیانی کە دواجاریش خەساری گەورە و قەرەبوو نەکراوەی لە کۆمەڵە داوە.

نەبوونی متمانە، یەکە تازی و پاوانخوازیی، لێکدانەوەی نادروست، رەکەبەرایەتی و رەقابەتی ناتەندروست و هەندێ جار دوژمنکارانە، هێنانە بەر باسی تێز و تێئۆری ناپێویست و هەڵبژاردنی ئامانج و رێگای هەڵە، دەستەمۆ کردنی زۆرێک  لە کادر و ئەندامان و تەریک خستنەوەی کەسە رەخنەگرەکان، رێگەنەدان بە سەرهەڵدانی فرەچەنشنی نێوخۆیی و سەقەت کردنی دێمۆکراسی ناوخۆی تەشکیلات و نەبوونی پەروەردەیەکی دروست و کارامە، هەمیشە و هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ، لە نێو ریزەکانی کۆمەڵەدا وەکوو سەرەکیترین گرفت و لەمپەرەکان دێنە ئەژمار و ئەگەریش تا ئێستا کۆمەڵە نەیتوانیوە بە رادەی پێویست و بەو چەشنە کە لە توانایدا هەیە پێشەوەچوونی هەبێ، ئەم بابەتانە بوونەتە ئاستنەگ و تەنگ و چەڵەمەی سەر رێگای.

بەداخەوە هێشتا بەشێک لە تێکۆشەرانی لە مێژینەی کۆمەڵە خۆیان لە قاوەخی حیزبی کۆمۆنیستدا حەشار داوە و ئامادە نین بە هیچ شێوەیەک واز لەو تابووتە بهێنن کە چەندین جار کۆمەڵەیان تێخستووە و بەرەو گۆڕستانیان بردووە، لە لایەکی دیکەشەوە ئەو لایەنانەی کە وازیان لە جەرەیانی حیزبی کۆمۆنیست و هەروەها کۆمۆنیزمی کرێکاریش هێناوە، بە گوێرەی پێویست لە سەر خەتی فیکری و نەزەری کۆمەڵە رانەوەستاون و تەنیا هەندێ جار بۆ هەڵخڕاندنی هەستی پاک و شۆڕشگێڕانەی کادر و ئەندامەکانیان باس لە چەپ و سۆسیالیست بونی کۆمەڵە و راست و دروست بوونی ئەندێشە چەپەکان دەکەن و هەندێ مژاری لەو چەشنە دەوروژێنن و لە راستیدا مۆدێلێکی رێک و پێک لە چەپ بوون ناخەنە بەردەست و بەردەوام لە حاڵی رەنگ گۆڕکێدان و لە سوورە بۆ نارنجی و بۆ … رەنگ دەگۆڕن و هەر بەو هۆیەشەوە خەساری زل و زەبەلاحیان بەرکەوتووە و خەڵکانێکی زۆریان لە دەوری خۆیان راوناوە و تەنانەت هەندێ لە وردە فەرهەنگە ناڕەسەن و خراپەکانی سیستمی سەرمایەداری و بورژوازیی لیبراڵی لە نێو تەشکیلاتی کۆمەڵەدا بەرچاو دەکەوێ.

لەم ماوەیەشدا کە دوو لایەنی کۆمەڵە هەوڵەکانیان بۆ یەکگرتن و یەکخستنی ماڵی کۆمەڵە خستووەتە گەر، هەندێ کەس بە گەشبینی و لە رووی هەستێکی دڵسۆزانە و شۆڕشگێڕانەوە لەو مەسەلەیە دەڕوانن و باس لەوە دەکەن کە بە هەر قیمەتێک کە بووە کۆمەڵە دەبێ یەک بگرێت و تەنیا رێگای دەربازبوون لەم دۆخە  و دڵخۆش کردنی خەڵکی کرێکار و چەوساوە و زەحمەتکێشی کوردستان یەکگرتن و یەک گوتاریی باڵەکانی کۆمەڵەیە و بەو چەشنەیە کە دەتوانین هەمیسان کۆمەڵە لە نێو جەماوەری خەڵکی کوردستاندا ببووژێنینەوە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە هەندێ لە هاوڕێیان بە نیگەرانی و پەرێشانیەوە لەو بابەتە دەڕوانن.

ئەم هۆمێد و هیوا و گەش بینی و رەش بینیە هەمووی راستە و دەبێ رێبەریی کۆمەڵە لە ئاست ئەم بابەتانە بەرپرسیارانە و دڵسۆزانە وەڵامدەر بێ. بەڵام بەداخەوە رێبەریی کۆمەڵە نەک هەر تا ئێستا وەڵامی پرسیاری لەم چەشنەیان نەداوەتەوە، بەڵکوو تەنیا و تەنیا لە درێژەی پرۆسەی یەگرتنەوە لە هەوڵی ئەوەدان کە بە جۆرێک رێکەوتن لەسەر هەندێ پۆست و ئۆرگان بکەن و لە پشت دەرگا بەستراوەکان و لە نێو عاڵقەی کۆمیتە ناوەندیی، خەت و مەشی و داهاتوو و چارەنووسی کۆمەڵە دیاریی بکەن و ئینجا لە راگەیەندراوێکدا رای گشتی لێ ئاگادار بکەنەوە، کە گوایە ئەوە ئێمە کێشە شەخسیەکانمان چارەسەر کردووە و هیچ دڵێشانێکمان نەماوە و بە رێکەوتنێک کە تەنیا خۆمان رەزامەندین لەسەری بەرەو یەکگرتنەوە دەڕۆین. بەداخەوە زۆر جاریش کە لەگەڵ کادر و ئەندامانی کۆمەڵە لە هەمبەر پرسی یەکگرتنەوە لەگەڵیان دەدوێی، دەڵێن: ئەگەر لە هەر لایەنێک لە کۆمەڵەکان، جەماعەتێک رازی ببن، یەکگرتنەوە دەکرێت، هیوادارین هەر واش بێت و ئەو کەسانە بە قەناعەت بگەن و بەو چەشنە بڕۆین بەرەو کۆمەڵەیەکی گەورە و یەکگرتوو.

ئەم روانینە هەڵەیە و ئەم گوتارە ناڕەسەنە کە جەماعەتێک دەبێ بڕیار لەسەر چارەنووسی رەوتێکی سیاسی و حیزبێکی یەکگرتوو بدەن، بە نیشانەی بێ ئیرادەیی و بێ دەور و نەقش بوونی کادر و ئەندامانی کۆمەڵە لە سەر رەوتی رووداوەکان و بایەخ نەدان بە هەست و ویستی توودەی تەشکیلاتە و تەنیا دەرخەری ئەوەیە کە لە نێو کۆمەڵەدا کۆمیتەی ناوەندیی و بەشداریی کردن لە بازنەی رێبەریی وەکوو بایەخ و بەهایەکی کاریگەر هەڵدەسەنگێندرێت و بوون لە بازنەی رێبەریی وەکوو کارتێکی بەهێز کە رۆڵ لە چارەنووس و داهاتوودا دەگێڕێت سەیر دەکرێت و باقی بەشەکانی تەشکیلات چ عەلەنی، چ نهێنی و چ تەشکیکلاتی دەرەوەی وڵات حیسابێکی ئەوتۆیان لەسەر ناکرێت.

جا لێرەدایە هەندێ پرسیار دێتە ئاراوە، کە ئایا کۆمەڵەیەک کە بڕوای بە دەنگی جەماوەر بوو و هەیە و هەمیشە خۆی بە پشت ئەستووری دەنگی گشتی و رای هەمووان و بڕوای بە کۆمەڵگایەکی بنکە بەرفراوان بووە و خۆی بە پشتیوانی خەڵکی زەحمەتکێش و کرێکار و هەژار و رەش و رووت زانیەوە، دەبێ تەنیا بازنەی سانتریالیستی و بڕیاردەری تەشکیلات لە سەر هەموو بابەتێک، چ جیابوونەوە، چ یەکگرتنەوە و چ سیاسەتە گەورە و گرانەکانی تەشکیلات بڕیار بدەن؟ حیزبێک کە ئیدعای خەڵکی بوونی هەیە، مێژووی پڕ لە شانازیی رێکخستنەکانی سەردەمی راپەڕینی گەلانی ئێرانی لە دوایە، مێژووی دروست کردنی شوراکان و بنکەکان و کۆچی مەریوان و شەڕی ناو شارەکانی لە رابردووی خۆیدا تۆمار کردووە، بۆ دەبێ ئەمڕۆ هەموو شتێکی لە پشت دەرگا داخراوەکان و لە لایەن چەند کەسێکی تایبەتەوە بڕیاری لەسەر بدرێت؟

مەگەر حیزب ئامراز و کەرەستەی شۆڕشی خەڵکی نیە؟ بۆ دەبێ خەڵک لە راوێژ و وتووێژ و رێکەوتن و چوون بەرەو حیزبێکی گەورەتر و یەکگرتووتر ئاگادار نەبن و تەنیا لە چوارچێوەی راگەیەندراوێکی چەند دێڕیدا ئاگاداری چارەنووسی کەسەرەستە و ئامرازەکانی خەبات و شۆڕشەکەیان بن؟ کاتێکیش لەسەر ئەو یەکگرتنەوەیە لەگەڵ هەیئەتەکاندا قسە دەکرێ هەر لایەنێک خۆی بە دەسپێشخەر دەزانێت و حاشا لە گوشاری توودەی تەشکیلات دەکات و تەنانەت ئێستاش کە راگەیەندراوی هاوبەش لەهەمبەر پرسی یەکگرتنەوە دەر کراوە، هێشتا ئەندامانی هەیئەتەکە ئامادە نین دان بوونی لایەنی بەرانبەردا بنێن و لە ئاست هێنانی ناوی لایەنەکەی دیکەدە زمانیان ناچەرخێ و دمیان گۆ ناکات.

جا لێرەدایە کە ئەم زەنگی مەترسیە بۆ کۆمەڵەش لێ دەدرێت، کە ئەگەر بە خۆماندا نەچینەوە و شێوازی کار و دیالۆگمان و ئەدەبیاتمان لەگەڵ یەکتردا نەگۆڕین و هەموو بڕیارەکانمان چەند کەس بیدەن و لە هەمان کاتدا ئامادە نەبین کە یەکتر بە رەسمی بناسین و تەنیا لە بەر تانەی عام و لە بەر زەخت و گوشاری بار و دۆخێ کە بەسەرماندا دەسەپێ، ئامادەی باس و دیالۆگ لەگەڵ یەکتر بین و هێشتا هەندێ لە کۆنە کێشەکان لە دڵماندا بمێنێ و خەڵکانێک بۆ پێکانی ئامانجەکانە ناڕەواکانمان بەرانبەر بە یەکتر داسپێرین، ئەوە دەرخەری ئەەیە کە ئاسۆیەکی روون لە داهاتووی یەکگرتنەوەشدا بەدی ناکرێت و ئێستا تەنیا لە بەر تەعارۆفاتی دووریێکی چەندین ساڵەیە کە بزەی پێکەنین لە بەر کامێراکاندا لە یەکتر دەدەین و دەستی یەکتر بە شێوەیەکی سارد و ساکار بگوشین و لە هەمان کاتیشدا ئامادە نین داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان بکەین و لە جیاتی ئەوەیکە بە هەموو ورد و درشتمانەوە باس لەوە بکەین کە هەڵەمان کردووە و داوای لێبوردن بکەین، بڵێین ئەوە هیوادارین لە رۆژانی داهاتوودا هەواڵی دڵخۆشکەرتان پێ بدەین و داوای مزگێنی لە خەڵک دەکەین.

بێ هیچ شک و گۆمانێک ئەوە ئەرکێکی بێ ئەملاو ئەولایە کە یەک بگرین و چیتریش بۆمان ئامراز و کەرەستەکانی خەباتی خەڵکی کە حیزب و دامەزراوە سیاسیەکانە لە قامووسی یەک کەس و چەند کەسدا قوتیسی بکەین و دەبێ لە سەر ئەو هەڵەگەلەی کە بەو ئامرازە خەڵکیانەوە کردوومانە بە دڵفراوانی و راشکاوانە داوای لێبوردن بکەین و بەڵێن بە خەڵکی کوردستان بدەین کە چیتر سیاسەت و خەباتی پێشمەرگانە ناکەینە پلەی سەرکەوتن بۆ دەسەڵاتی شەخێی خۆمان و نایکەن بە گاڵتەجاڕی بەربەرەکانێ و رەکەبەرایەتیە شەخسی و تاکەکەسیەکانی خۆمان و بۆمان نیە بەم چەشنە هەڵسووکەوت لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکەین.

بۆیە تیمار کردن و ساڕێژ کردنی کۆمەڵە کۆست و برینەکانی کۆمەڵە پێویستی بەوە هەیە کە هەموو ئەو کەسانەی کە خۆیان بە کۆمەڵە دەزانن، هەر بەو چەشنەی لە قەیران و کێشەکانی کۆمەڵە بەشدار بوون، هەر بەو شێوازەش لە یەکگرتن و یەکخستنی ماڵی کۆمەڵە بەشداربن و کۆمەڵە بە کەس و دوو کەس و چەند کەسەوە نەبەسترێتەوە و عەقڵیەتی یەک حیزب، یەک میحوەر و یەک ناوەندی بڕیاردەر نەمێنێت و سەربزێوی و سەربەخۆیی لە بڕیاردا بگەڕێتەوە بۆ کادر و ئەندامان و کەسی کۆمەڵە (بە خۆشیەوە تا رادەیەک ئەمە لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشاندا بەرچاو دەکەوێت) و بە هەموومانەوە رێز لە ئیرادە و ویستی خەڵک بگرین و لە هەموو کار و چالاکیەکانی خۆماندا بەشدارییان بدەین و هەوڵ بدەین بانگەشەی هەموو بیرە جیاوازەکان و راوبۆچوونە نوێخوازەکانی تێکۆشەر و لایەنگری کۆمەڵە و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بکەین، تا لە رەوتی پێشەوەچوونی پرۆسەی یەکگرتنەوە و لە هەمان حاڵدا دیاریکردنی ئاڵترناتیڤێکی تۆکمە و کۆنکرێت و ئەوڕۆیی بۆ دروست کردنی حیزبێکی بەرفراوان و جەماوەری بێنە مەیدان و بە تێکهەڵکێشانی ئەندێشە و بیر و هزرەکانە کە کۆمەڵە دەتوانێ هەمیسان وەکوو سەردەمانی دەسپێک چالاکی خۆی هەموو هێزێکی نوێخواز و نوێگەر و پێشەنگ و ئەوڕۆیی و عەداڵەتخواز لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و رێکیان بخات و کاری گەورەیان پێ جێبەجێ بکات و هەموو کەسێک هەست بەوە بکات کە لە کۆمەڵەدا جێگە و پێگەیەکی هەیە و قسە و هەوڵ و تێکۆشانی لە رەوتی رووداوەکاندا کاریگەریی هەیە و ڕۆڵ دەگرێ و بوونی هەیە.

لە کۆتاییشدا بە پێویستی دەزانم باسی ئەوە بکەم کە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان وێڕای ئەوەیکە بە نەبوونی و نەداری و کەم و کۆڕیەوە تا ئێستا خۆی بەخێو کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا نەفەس کێشان تێیدا ئازاد بووە و هەموو کەسێ سەربزێوانە و بە بێ ترس و دەڵەڕاوکێ لە راودوونان و دەرکردن قسەکانی خۆی ئاراستەی رێبەریی حیزب کردووە و بوونی ئەم دێمۆکراسیە ناوخۆییە بە لای منەوە هەموو شتێک دەهێنێ و پاراستنی کەرامەتی تاک لە حیزب و رێکخراودا وێڕای هەموو کەم و کۆڕیەکان، لە هەموو حیزب و دامەزراوە و ئایدیۆلۆژیایەک پیرۆزترە و ئەگەر یەکگرتنەوە ئەو کەشە لەبار ببات، پێم وایە هەر یەکگرتنەوە نەکرێ باشترە، چوونکە ئازادیی مرۆڤەکان لە بڕیار و رادەربڕیندا گەورەترین و جوانترین مافی هەر تاکێک دێتە ئەژمار.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.