ئەمرۆ سێشەممە لەناوشاری میاندواو و لەبەرچاوی هێزە ئینتزامییەكان، لەلایەن چەند كەسێكی کە بە وتەی سەرچآوەکەی نزیك لەئیتلاعاتن، تەقە لە بنەماڵەیەكی كورد كرا كە بەهۆیەوە پیاوی خێزانەكەو كوڕە لاوەكەی گیانیان لەدەستدا.
بەپێی ئەو هەواڵەی بە زاگرۆسپۆست گەیشتووە، پێشنیوەرۆی ئەمرۆ سێشەممە 12ی گەلاوێژ لەلایەن چەند كەسێكەوە لەناو جەرگەی شاری میاندواو تەقە لەبنەماڵەیەك كرا كە بەهۆیەوە دوو كەس بەناوەكانی عەبدوڵا رەسوڵ قۆجە ناسراو بە مەمی تەمەن 51 ساڵو كوڕەكەی حامید رەسوڵ قۆجە تەمەن 25 ساڵ گیانیان لەدەستداو هاوسەرەكەی شیرین ئیوەر برینداربوو.
لەمبارەیەوە مەجید (كاروان) ئیوەر، برای (شیرین ئیوەر) لەلێدوانێكی تایبەتدا بە زاگرۆس پۆستی رایگەیاند: “تەقەكەرەكان خەڵكی گوندی “خان كەندی” سەر بە شاری میاندواون كە سەرەڕای ئەوەی بەردەوام كێشەیان بۆ خەڵكی ئەو گوندە ناوەتەوە، لەمێژە لەگەڵ بنەماڵەی ئێمە لەكێشەدان”.
بەوتەی كاروان: “ئەو بنەماڵەیە بە ناوی “سەید محەمەد” ناسراون كە كوڕەكانی بەهۆی كاری شەڕانگێزیو نانەوەی كێشەو گرفت بۆ خەڵكی ئەو گوندە ناسراونو پەیوەندیی نزیكیان لەگەڵ هێزەكانی رژیمو ئیتلاعاتدا هەیە”.
كاروان كە خۆی ئەندامی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كورستانە وتیشی: “ئەمرۆ لەدرێژەی ئەو دوژمنایەتییە كە ئەو بنەماڵەیە لەگەڵ بنەماڵەو خزمو كەسی ئێمەدا هەیانەو بەهۆی ئەوەی چەندین كەس لە خێزانەكەی ئێمە لە حیزبەكانی رۆژهەڵات پێشمەرگەنو كاری سیاسی دەكەن، ئەمرۆ لەناو جەرگەی شاری میانداوو تەقە لەخوشكمو هاوسەرو منداڵەكەی دەكەن كە بەداخەوە هاوسەری خوشكم كە بۆ خۆی پێشتر ئەندامی حیزبێكی رۆژهەڵاتی كوردستانە و شۆرای گوندی خان کەندی بووە لەگەڵ كوڕەكەیان گیانیان بەختكردو خۆشكەكەشم بریندارەو ئێستا لە نەخۆشخانەیە”.
زاگرۆس پۆست هەوڵیدا لێداونی لایەنی بەرامبەر وەربگرێت بەڵام کەسی دەست نەکەوت.
لەمبارەیەوە سەرچاوەکەی ئاگادار لە رووداوەکە بە زاگرۆسپۆستی راگەیاند “ئەم دوو بنەماڵەیە لە مێژە کێشەیان هەیە و پێشتریش کوڕێکی ماڵی سەید محەمەد لە لایەن ماڵی قۆجەوە کوژراوە”.