هەڵبژاردن وەکوو دیاردەیەک لە وڵاتەکان بەریوە دەچێت و دەبێ بە پێی پێوەرەکانی ئازادی ڕادەربرین، بەرابەریو یەکسانی، دەست پێڕاگەیشتینی هەموو بەربژێرێک بە راگەیاندنو بە شێوەی دیمۆکراسی بەرێوە بچێت و هەروەها دەیان پێوەری دیکە کە هەموویان نیشاندەری ئەو راستیەن کە هەڵبژاردن دەبێ بە شێوەیەکی ئازاد لە خزمەتی خەڵکدا بێتو بەڵام هەڵبژاردن لە رژیمی ئیسلامی بە هیچ شێوەیەک نەیتوانیوە لە خزمەت ئازادی و ئینسانیەتدا بێت و ئەو رژێمە هەمیشە تێکۆشاوە کە دەنگی خەڵک کپ بکات.
کۆماری ئیسلامی بە ساختەکاری هەموو هەولەکانی خۆی خستوەتە گەڕ بۆ ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە بە قازانجی خۆی بقۆزێتەوەو هەروا کە دیشمان بە دانی ئاماری ناراست و ناواقع هەڵبژاردنیان چۆن بەلارێدا برد و کەسانی سەر بەخۆیان کە زۆربەیان لە پاوانخوازەکانی ناو دەسەڵات بوون بلە مەجلیس و خوبرگانی رژیم دانان.
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو هەلوێستەیە بوو کە سایت و حیزب و کەسایەتیەکانی کورد بە تایبەتی بەرەی یەکگروتوو رێفورمخوازەکانی کورد لەم بوارەدا گرتیانە بەر، بێ ئەوەی خویندنەوەێکی واقیع و راستیان لە سەر رووداوەکان هەبێت دەستیان کرد بە پڕوپاگەندە کە خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات وڵامی حیزبەکانیان نەداوەتەوە و بۆ نموونە راگەیاندنەکان دەڵێن: خەڵک گوێیان بە بانگەوازی حیزبەکان نەدا بۆ بایکوتکردنی هەڵبژاردن” ئەمە ئەو سەردێرەیە کە بە بێ ئەوە بیر لە نووسینو ئەرکی ژورنالیستی و نەتەوەیی خۆیان بکەن دەرخواردی خەڵکیان داو و ئەم دەستە واژەیان بە کار هێناوە.
لە راستیدا رۆژهەڵاتی کوردستان نەک تەنها بە دەنگی حیزبەکانیانەوە هاتن، بەڵکوو لە زۆر شوێندا هەر دەنگیان نەداوە و لەو شوێنانەش ئەگەر دەنگ درابێت، ئەوە دەگەرێتەوە بۆ دۆخی ناوچەیی و خزم خزمینە و عەشیرەگەرایی، یان شارگەرایی.
شتێک کە دەبێ ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە کە لە پارێزگای لورستان لە سەدا 140% خەڵک دەنگی داوە و ئەمە ئاستی ساختەکاری لە ئێران بە تایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان بە جوانی روون دەکاتەوە و دەبینین تەنها رژیم بۆ ئەوەی بڵێت کە خەڵکی کوردستان دەنگیان داوە و گوێیان بە بایکوتی حیزبە کوردیەکان نەداوە ئەم سناریوگەلە دروست دەکات و وەکوو پروپاگەندە دەرخواردی خەڵکی دەدات.
بە رای من کوردستان جارێکی دیکەش نەی گوتەوە بە رژیمی ئیسلامی ئێران و خەڵکی کوردستان نیشانیاندا کە لە هەڵبژاردنێکی راست و واقع و بە ئامادە بوونی حیزبە کوردیەکان ئامادەن بچنە پای سندوقەکانی دەنگدان و جگە لەوە خەڵک هیچ بەرەژەوەندییەکی خۆیان لەگەڵ رژیمی ئیسلامی نابینن.
لەلایکی دیکە ئەگەر ئێمە بروانینە دۆسیەی ئەو کەسانەی کە پێشتر لە مەجلیسی کۆماری ئیسلامیدا بوون ئەوەمان بۆ ڕووندەکرێتەوە کە نە تەنیا ئەو کەسانە تا ئەمڕۆ هیچ دەسکەوتێکیان نەبوە بەڵکوو تەنیا گوێ ڕایەڵی فەرمانەکانی خومەینی و خامنەیی بوون.
هەڵبژاردنی ئەم جارە بۆ رژیمی ئیسلامی هەڵبژاردنێکی حەیسیەتی بوو، هەر بۆیە هەموو هەولی خۆیی خستە گەڕ بۆ ئەوەی بە جیهانی نیشان بدات کە رژیمێکی جەماوەرییە، بەڵام ئەم شانۆیانە بۆ جیهان روون بوەتەوە و هەموو کەس دەزانێت کە رژیمی ئیسلامی چیدی جێگەی لە ناو خەڵکدا نەماوە و پێگەیەکی ئەوتۆی لە ناو جەماوەری ئێران بە تایبەتی کوردستان نییە.