كۆڕێكی زانستی سەبارەت بە كاریگەریی هەلومەرجی كۆمەڵایەتی لەسەر رۆمانی كوردی، بۆ رۆماننوسی ناسراوی كورد عەتا نەهایی لەشاری سەقز سازكرا.
لە درێژەی زنجیرە کار و چالاکییە هاوبەشەکانی ئەنجوومەنی کۆمەڵناسی کوردستان و ئەنجوومەنی فەرهەنگی – ئەدەبی پەیڤ، ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ١٣٩٤/٩/٣٠ کاتژمێر سێ دوانیوەڕۆ بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی بواری کولتوری و کۆمەڵایەتی شارەکانی سەقز، بانە وبۆکان ، لە هۆڵی ئیرشادی سەقز کۆڕێکی زانستی سەبارەت بە کاریگەری هەل و مەرجی کۆمەڵایەتی لە سەر رۆمانی کوردی بۆ نووسەر و رۆماننووسی ناسراوی کورد کاک عەتا نەهایی بەڕێوە چوو.
لەم کۆرەدا گوتاربێژ بە تێر و تەسەلی پێوەندی نێوان کۆمەڵگا و رۆمانی خستە بەر باس و پێی وابوو رۆمان یەکەم ژانری مودێڕنە کە کۆمەڵگا بە تەواوەتی لەوێدا رەنگی داوەتەوە .گوتار بێژ لە سەر ئەو باوەڕە بوو ئەم رەنگدانەوە بە دوو شێوە خۆێ نیشان ئەدات: یەکەم وەکوو کۆمەڵگای راستەقینە ،دووەم وەکوو کۆمەڵگای ئەڵترناتیڤ.
لە بەشێکە دیکەی قسەکانیدا نووسەر زۆر بە وردی و ژیرانە خەسارەکانی رۆمانی کوردی بە گشتی خستە بەر باس و پێی وابوو کێشەی سەرەکی رۆمانی کوردی بۆ نەبوونی مەعریفە یان دروستر بڵێین لە خوارەوەبوونی مەعریفەی نووسەری کورد دەگەڕێتەوە، ئەگەرچی نووسەر لە سەر ئەو باوەڕەبوو کە زاڵبوونی ئەم هەل و مەرجە هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە.
لە ئەنجامدا کۆڕەکە بە پرسیار و رەخنە و تێبینی بەشداربووان کۆتایی پێهات.
