رۆژی 13ی دێسامبر سمیناری رۆژهەڵاتی كوردستان لە ژێرناوی “پرس، راڤە، رێگا” لە زانكۆی گۆتەی شاری فرانكفۆرتی ئاڵمان بەڕێوەچوو.
لەو سمینارەدا ژمارەیەك لە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانو هەڵسوڕاوانی مەدەنیو رۆژنامەنوسان تێیدابەشداربوون. بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەو سمینارە زاگرۆس پۆست چەند پرسیارێكی ئاراستەی هەریەك لە بەڕێزان: نەوید مێهراوەر، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، كاوە ئاهەنگەری ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموكراتی كوردستانو بەرپرسی پەیوەندییە ئێرانیەكانی ئەو حیزبە، ئەمین سورخابی هەڵسوڕاوی سیاسی كرد، كە هەر سێكیان بەشداری ئەو سمینارەیان كردبوو.
پرسیاری یەكەم: بەگشتی سمینارەكەتان پێ چۆن بووو پێتانوایە توانیویەتی لێكنزیك بوونەوەیەك لەنێو حیزبەكان لەگەڵ یەكترو لەنێوان روناكبیرانو هەڵسوڕاوانی مەدەنی دروست بكات؟
نەوید مێهراوەر: سمینارەكە باش بوو، بەو واتایە كە دەوڵەمەند بوو و كۆمەڵێك باسی باشو بە پێزی تێدا پێشكەش كرا. وەكوو كاری حیزبایەتی، حیزبی بە پرۆژەو بەرنامەو هەڵسەنگاندنی چۆنایەتی حیزبی لە كوردستانی رۆژهەڵاتو چۆنیەتی پێكگەێشتنو لەمپەرەكانی سەر رێگای خەبات لە كوردستانی رۆژهەڵات. لەسمینارەكەدا رۆژنامە نووسان، چالاكوانانی سیاسیو نوسەران دەوری باشیان تێدا بوو و باسی زانستیو بەنرخیان پێشكەش كرد.
بەرێوبەرانی سمینارەكە بانگهێشتیان كرد بوو كە لەم دانیشتنەدا كار بكەین بۆ نزیك بوونەوەو یەك دەنگی لە هەمبەر بزووتنەوەی خەڵكی كوردستان، بەڵام سمینارەكە بەتەواوی نەچووە سەر ئەوە، بەم مانایە سروشتیەو ئەمە یەكەم ئەزموون بوو بۆ چالاكوانانی سەربەخۆ كە بە هەوڵو تێكۆشانی خۆیان حیزبەكانو چالاكوانانی تریش لە دەور یەك كۆكەنەوە بەم پێیە باش بوو. وتاری حیزبەكانیش دژەبەری وای تێدا نەبوو. چالاكوانانی سیاسیو رۆژنامەنوسانیش كە بەشێك لە ئەركیان لەم سمینارانە دا رخنەو هەڵسەنگاندنی كاری حیزبەكانە زۆر باش دەركەوتن. ئەگەر قسەو باسی ئەوانیش لە بەرچاو بگرین بەڵێ نزیكی هەبوو، چونكە ئەركی روناكبیران و رۆژنامە نوسان نیە كە بە باڵای حیزبەكاندا هەڵبدەن. رخنەكانی ئەوان هەمووی لە خەمخۆری بوو بۆ حیزبەكانو بزووتنەوەكە. بەم مانایە دەكرێت بڵێین بەڵی نزیكی هەبوو. بەڵام بۆ خۆتان دەزانن لە نێو بزووتنەوەی كورد دوو بۆچوون هەیە كە هەوڵ دەدەن تێكۆشەرانو هەڵسووڕاوانی كوردستانی رۆژهەڵات بكەن بە پاشكۆی باكوور یان باشوور، لەم سمینارەدا ئەم دەنگانەش هەبوو، بەڵام بە هیچ شێوەیەك گوتاریان سەر نەكەوت.
كاوە ئاهەنگری: بە گشتی سمینارێكی سەركەوتوو بوو، دیارە حیزبەكان لە ئاستی رێبەرییدا بەشداریان نەكردبوو، بەڵام نوێنەری حیزبەكان روانگەو بۆچوونی حیزبی خۆیان بەیان كردو بە باوەڕی من بۆچوونی حیزبەكان خاڵی وەك یەكچوونی زیاتر بوو تا جیاوازی. پانێلی یەكەم تەرخان كرابوو بۆ نوێنەری حیزبەكانو دوو پانێلی تر بۆ بژاردەكانو چالاكانی سیاسی.
ئەمین سورخابی: سمینارەكە بەگشتی وەك یەكەم ئەزموون توانی زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی بەرچاو لە كوردستانی رۆژهەڵات لەدەور یەك كۆبكاتەوە. لەهەمانكاتیشدا كۆمەڵێك چالاكی سیاسیو توێژەری سیاسی توانیان بەشداری ئەو سمینارە بوون. هەرچەندكە لەباری بەڕێوەبردنەوە سمینارەكە لەگەڵ كەمی كاتو نەبوونی ئێمكاناتی پێویست بەرەوڕوو بوو بەڵام بە گشتی هەموو كەس توانی بیروبڕوای خۆی بە بێ هیچ چەشنە سانسۆڕ یان بەرژەوەندییەكی سیاسی تایبەت بخاتە بەردەمو باسی بكات. بەڵام بە گرتنی سمینارێك هەڵەیە چاوەڕێی لێك نزیكبوونەوەی لایەنەكان بكەین.
پرسیاری دووەم: بە بڕوای ئێوە ئەم جۆرە سمینارانە دەتوانێت كاریگەرییان هەبێت لەسەر رێكخستنەوەی ماڵی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستانو بەتایبەتی لێكنزیك كردنەوەی حیزبەكان؟
نەوید مێهراوەر: من وائەزانم ئێستە جگە لە كێشەی دووریو تاراوگەنشینی، كە كێشەی سەرەكی حیزبەكانن هەم بەو لێكترازانانەی نێو خۆیان هەم بەو روانگە پاوانخوازیەوە كە هەركامەیان ئەم بزووتنەوە خنكێنراوە بە موڵكی خۆیان ئەزاننو هەركەس لە روانگەی خۆیەوە خۆی پێ یەكەمەو پێوایە ئەگەر شتێك دروست بێت دەبێ بەشی ئەو زیاتر بێت، لێك نزیك بوونەوە هێندی هاسان نابینرێت ئەڵبەتە شتی وەك بەرەی كوردستانی دەڵێم، بەڵام سەرەڕای ئەمانەیش پێم وایە، بەڵێ رۆشنبیرانو چالاكوانانی سیاسی دەتوانن دەور بگێرنو سەرنجی حیزبەكان را بكێشن چوونكە لەم وەزعە كە لە ناوچەكەدا هاتووتە پێش بزووتنەوەی رزگاریخۆازی لە كوردستانی رۆژهەڵات بارساییەكی نیەو حیزبەكانیش بەتایبەت لە دوو ساڵی رابردووەوە دەبێ هەستیان بەمە كردبێت، دەبێ تێگەشتبێتن كە ئەگەر هەمووان پێكەوە نەبن ئەم كاروانە ناگاتە كەنارێكی دڵخواز.
كاوە ئاهەنگەری: من لەوێش عەرزی ئامادەبوانم كرد كە نابێ بەپەلە بینو لە راستیدا وێستگەی كۆتایی بوونی نیە، بەڵكوو دەبێ هەموومان بۆ درووستكردنی رێگایەك هەوڵ بدەین كە دەتوانێ هەمووان لێك كۆ بكاتەوە، نەك وەك یەكیان لێ بكات. چاوەڕوانی بوون بە یەكو وەك یەك بیر كردنەوە لەم بارودۆخەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتیو ئێرانو رۆژهەڵاتی كوردستان بە تایبەتی زۆر بە واقعبینانە نازانم، كێشەی سەرەكی ئێمە ئەوە نیه كە وەك یەك بیر ناكەینەوە، بەڵكوو زیاتر ئەوەیە كە لەگەڵ یەكتر دیالۆگمان نیە بۆیە پێموایە دەبێ مەبەستی هەموومان پێكهێنانی دیالۆگی دێموكراتیك وەك مكانیزمو مێتۆد بێ. هەر كات توانیمان دەگەڵ یەكتر لە دیالۆگی دیمۆكراتیكدا بین هەم ئامانجمان پێكاوە هەم رێگامان دیتۆتەوەو هەمیش داهاتوومان مسۆگەر كردووە.
ئەمین سورخابی: رێكخستنی سمیناری لەم جۆرە تەنیا دەتوانێ وەك پاڵنەرێك بێت بۆ زیاتر لێكتێگەشتنو پێكەوە هەڵكردنی حیزبە سیاسییەكانو هەندێ جاریش دەتوانێت گوشار بخاتە سەر حیزبە سیاسییەكان بەڵام ئەم سمینارانە لە كاتێكدا دەتوانێ دەوری كاریگەری هەبێت كە بەردەوام بێتو بە پێی پلانێكی تایبەتو نەخشەبۆداڕێژراو بێت. هەرەوەها دەبێت تەوەری بابەتەكانو باسەكان سنووردار بكرێتو لەسەر بابەتی كۆنكرێت لێكۆڵینەوە بكرێت. لەهەمان حاڵیشدا نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت كە ئەگەر رێكخەرانو بەرێوەبەرانی ئەم جۆرە سمینارانە بیانهەوێ وەك ئامانجێكی سیاسی تایبەتو لە پێناو بەرژەوەندییەكی شەخسی یان گروپیدا بەكاری بێنن، بەلارێدا دەچێتو وەك زۆربەی هەوڵە پێشووەكان سەقەت دەبێت.
پرسیاری سێیەم: ئەم سمینارە لەدەرەوەی وڵاتو لە وڵاتێكی ئوروپایی سازدرا، ئایا پێتوایە ئەم جۆرە سمینارانە كاریگەری لەسەر بزوتنەوەی خەڵكی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان هەیەو چۆن؟
نەوید مێهراوەر: بەڵی حەتمەن دەێبێت. یەكەم نۆێنەری حیزبەكان تێدا بەشدارن، روناكبیرانو نوسەرانو رۆژنامە نوسان تێدان، خۆیشتان دەزانن كە ئێستە بەهۆی ئینترنێتو دونیای مەجازیەوە زۆر بەئاسان دەگاتە هەمووان تەنانەت لە ناوەوەی كوردستانیش، هەرچەند سمیناری ئاوا ئامانجی گەیاندنی پەیامێكی تایبەت بۆ نێو كۆمەڵگا نیەو تایبەتی كار دەكات بۆ نزیك كردنەوەی حیزبەكان لە یەكترو روناكبیرانو چالاكوانانی سەربەخۆ تا بگەن بە یەك دەنگی و هێندی هاوكاری. سەرەنجامیش ئەوە حیزبەكانن كە بڕیار دەددن، كەوابوو دەتوانین بڵێین ئەگەر ئامانجی خۆی بپێكێ هەرچەند وەك پێگەی جۆغرافی لە كوردستان دوور بێت بەڵام بۆ خزمەت بە خەباتی خەڵكی كوردستانەو حەتمەن كاریگەری دەبێت.
كاوە ئاهەنگەری: ئەم سمینارەو سمینارەكانی دیكەش دەتوانێ زۆرتر لە باری رووناكبیریو روونكردنەوەو خەسارناسیو نزیك كردنەوەی هێزو كەسایەتییەكانی دەرەوەی وڵات رۆڵ بگێڕێ. ئێمە كە ناتوانین لە نێو خۆی وڵاتدا چالاكی سیاسی بكەین یان كۆبوونەوە پێك بێنین، بێگوومان دەبێ لە فەزاو دەرفەتەكانی تاراوگە بە باشترین شێوە كەڵكی لێوەرگرین. ئەوكاتەی هێزو هزری سیاسی كوردی رۆژهەڵات لە دەرەوەی وڵات رێكەوتنو پێك هاتن، بێگوومانم لە شوێندانەری بوونیان لە سەر نێوخۆی وڵات.
ئەمین سورخابی: بێ گومان لەئەگەری بەردەوام بوونو بە سیاسی نەكردنی ئەم سمینارانە لە پێناو لایەنێكی دیاریكراودا، دەتوانێ یارمەتیدەری بزوتنەوەی كورد بێت لە رۆژهەڵاتی كوردستان. بەشێكی زۆری لە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان بە هەموو چینو توێژەكانییەوە روویان لە وڵاتانی ئەوروپایی كردوە. ئەم پەنابەرانە لەئەگەری باش رێكخستنیاندا دەتوانن ببنە هێزێكی دیاریكەر بۆ بوژاندنەوەی بزوتنەوەی كورد لە ئێران. لانی كەم دەكرێت وەك لۆبییەك بچنە خزمەت بزوتنەوەی كوردستانەوە لە ئێران.
.