دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە بە موشەک هێرش کرایە سەر کامپی لیبەرتینی نیشتەجێی ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق لە بەغدا و ٢٣ ئەندامیان لێکوژرا ئەمڕۆ ئەمەریکا ئەو هێرشەی ئیدانە کرد.
عەبدولرەحمان مهابادی، ئەندامێکی موجاهیدینی خەلق بە میدیاكانی ڕاگەیاند “هێرشەکە بەهاوکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کراوە و لەو هێرشەشدا ٢٣ کوژراو ١٠٠ بریندارمان هەیە”.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هێرشەکەی ڕۆژی ڕابردووی سەر ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق هیچ پاساوێکی نییە و داواشی لەبەرپرسانی عێراق کرد پارێزگاری لە سەربازگەی حورییە بکەن کە ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەی تێدا نیشتەجێ کراون.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری جۆن کیری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاوە بڵاویکردەوە، ئەمەریکا داوای لە بەرپرسانی عێراق کردووە بەزووترین کات بەرپرسانی هێرشەکەی ڕۆژی ڕابردووی سەر ئەندامانی ڕێکخراوەکە لە سەربازگەی حوریە دەستگیربکەن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەن، وتیشی، هێرشەکە هیچ پاساوێکی نەبووە.
چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق ڕایانگەیاند، دوێنێ ١٥ موشەکی کاتیۆشا ئاراستەی سەربازگەی حورییە کراون کە دەکەوێتە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدای نێودەوڵەتی و ١٢ موشەکیان لە سەربازگەکەدا کەوتوونەتەوەو بەهۆیانەوە دەیان کەس لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق کوژراون و برینداربوون، بەوتەی ئەو سەرچاوانە هێزە ئەمنییەکان دەستیانگرتووە بەسەر بارهەڵگرێکدا کە سەکۆیەکی هەڵدانی موشەکیی تێدابووە.
لە ساڵی ٢٠٠٣ دا هێزێکی ئەمنی عێراق هەڵیکوتایە سەر سەربازگەی ئەشرەف و زیاتر لە ٥٠ ئەندامانی موجاهیدینی خەلقی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کوژران و برینداربوون و هەریەک لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکا و بەریتانیا هێرشەکەیان ئیدانە کرد و بە تاوانێکی قێزەون ناویان برد، ڕێکخراوەکەش حکومەتی عێراقی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبارکرد.