“ئیبراهیمی عەلیزادە” سكرتێری رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران_ كۆمەڵە، لە وتووێژێكدا لەگەڵ ئاوێنەدا دەڵێت :”رەگێكی چەپ بوون لەپەكەكەو یەكێتی‌و گۆڕانیشدا بەدیناكرێت”.
ئا: ئاوێنه
پێگه‌ی لاواز‌و به‌هێزی چه‌په‌كان
ئاوێنه: له‌م ساته‌وه‌خته‌دا پاشه‌كشه‌ی بزاڤی چه‌پ به‌روونی له‌م ناوچه‌یه‌دا به‌دیده‌كرێت، هه‌ست به‌گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك ده‌كرێت بۆ ئایین‌و مه‌زهه‌ب، ئێوه وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌ك كه هه‌موو ژیانتان له‌بزاڤی چه‌پدا به‌سه‌ربردووه، چۆن له‌م پاشه‌كشه‌یه‌ی چه‌په‌كان ده‌ڕوانن؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: ئه‌مه دیتنی رووكه‌شی بارودۆخه‌كه‌یه، به‌چوونه ناو قووڵایی كۆمه‌ڵگاو قووڵایی رووداوه‌كان ده‌بینین كه ئه‌وه‌ی به‌رواڵه‌ت ده‌بینرێ پێناسه‌ی واقیعی كۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆی، نه‌ك هه‌ر رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵكو هیچ شوێنێكی جیهان نییه، به‌هه‌ڵكه‌وت نییه ئه‌گه‌ر ده‌بینین له‌وڵاتێكی وه‌كو میسر ره‌وتی ئیسلامی ته‌نیا یه‌ك ساڵ له‌ده‌سه‌ڵاتدا ده‌وام دێنێ‌و له‌تونس یاسای بنه‌ڕه‌تی له‌ئیسلام دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌و حكومه‌تی ئیسلامیش له‌ئێران پێگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ نامێنێته‌وه.
ئاوێنه: به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی له‌میسر روویدا، له‌عێراق، له‌سوریا، له‌لوبنان، ئه‌وانه‌ی كه رووداوه‌كان دروستده‌كه‌ن هێزه مه‌زهه‌بیه‌كانن؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: ئه‌وانه‌ی رووداوه‌كان دروستده‌كه‌ن رێكخراوه مه‌زهه‌بیه‌كانن كه له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئیسلامی سیاسی بیناكراون، پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م رێكخراوانه به‌ره‌و لاواز بوون چووه، نه‌ك به‌هێز بوون.
ئاوێنه: به‌ڵام پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان هه‌یه؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: به‌ڵێ، بێگومان تا راده‌یه‌ك پێگه‌یان هه‌ر ماوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ده‌بینین له‌ریزی پێشه‌وه‌ی روداوه‌كاندان، به‌هۆی ئه‌وه‌یه كه پاره‌و چه‌ك‌و چول‌و ئیمكاناتی زۆروزه‌به‌ندی ئه‌م ده‌وڵه‌ت‌و ئه‌و ده‌وڵه‌تیان له‌پشته. لایه‌نی به‌رانبه‌رشیان، رێكخراو نین‌و پرژوبڵاون. له‌كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه رێكخراوی حیزبی‌و مه‌ده‌نی چه‌پ‌و رادیكاڵ مه‌جالی سه‌رهه‌ڵدانی نه‌بووبێ، كاتێك بۆشایی ده‌سه‌ڵات پێكدێ، هه‌ر دار‌و ده‌سته‌یه‌كی چه‌كدارو باش رێكخراو، ده‌توانێ سواری سه‌ری جه‌ماوه‌ر بێت.
ئاوێنه: ئایا مه‌به‌ستتان ئه‌وه‌یه كه بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ زیاتر له‌رووی رێكخراوه‌ییه‌وه پاشه‌كشه‌ی كردووه، ئه‌گینا ئه‌و هێزه‌ی جارانی هه‌ر ماوه؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: نفوزی چه‌پ وه‌كو ره‌وتێكی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی كه هه‌وڵده‌دات كۆمه‌ڵگا له‌قه‌یرانی ئێستای ده‌رباز بكات، له‌رووی مه‌عنه‌ویه‌وه زیادی كردووه. ئه‌گه‌رچی ئه‌و نفوزه هێشتا خۆی له‌ته‌نزیم‌و رێكخراودا نه‌بینیوه‌ته‌وه. نفوزی چه‌پ بۆیه زیادی كردووه چونكه هیچكام له‌ره‌وته سیاسیه‌كانی مه‌وجود له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نه‌یانتوانیوه رێگایه‌كی واقیعبینانه‌و به‌كرده‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌كێشه‌ی كرێكار، كێشه‌ی ژن، كێشه‌ی نه‌ته‌وه، كێشه‌ی دیموكراسی پێشكه‌ش بكه‌ن. ته‌نانه‌ت لیبراڵه‌كانیش كه مه‌زهه‌بیش نین ناتوانن بۆ نمونه بڵێن كه ئه‌گه‌ر ئێمه هاتینه سه‌ركار ئابووری ئه‌م وڵاته به‌شێوه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌ده‌به‌ین كه جیاوازه له‌رابردوو. ئه‌وان له‌باشترین حاڵه‌تدا به‌ڵێنی ئه‌وه به‌خه‌ڵك ده‌ده‌ن كه گه‌نده‌ڵ نابن. ئه‌گینا ئه‌وانیش وه‌كو دیكتاتۆره‌كانی پێشووی خۆیان هه‌رچاویان له‌بانكی جیهانی‌و سندوقی نێونه‌ته‌وه‌یی دراوه كه رێگه‌یان پێنیشانبدا. ئه‌و رێگه‌یه‌ش كه ئه‌و ناوه‌ندانه نیشانی ده‌ده‌ن هه‌ر ئه‌وه‌یه كه رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی به‌و ژان‌و ئازاره‌ی ئه‌وڕۆ گرفتار كردووه‌و تاقیكراوه‌ته‌وه. كێشه‌ی به‌ڕێچوونی ئابووری، كێشه‌یه‌كی ئه‌ساسیه له‌وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و هێزه غه‌یره چه‌په‌كان به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه ده‌ست بۆ بنه‌ماكانی نیزامی سه‌رمایه‌داری نابه‌ن، پرۆژه‌یه‌كیان نییه بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت نانێك بخه‌نه سفره‌ی خه‌ڵكه‌وه. بۆ دیموكراسیش شتێكیان پێ نییه. ئیسلامگه‌راكان كه ته‌كلیفیان روونه، بیر‌و بۆچوونی ئه‌وان له‌گه‌ڵ بنه‌مای دیموكراسی ناته‌بایه. ئه‌وان جگه له‌وه‌ی كه نانێك ناخه‌نه سفره‌ی خه‌ڵكه‌وه، دیموكراسیه‌كه‌شی لێزه‌وت ده‌كه‌ن. لیبراڵه‌كانیش له‌ترسی ئه‌وه‌ی كه دیموكراسی، جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكیان لێبهاروژینێ‌و سیسته‌مه‌كه‌یان بخاته مه‌ترسیه‌وه، ورده ورده پاشه‌كشه‌ی لێده‌كه‌ن‌و لێی په‌شیمان ده‌بنه‌وه. لیبراڵه‌كان له‌م سه‌رده‌مه‌دا، بڕوا به‌خۆیان نه‌ماوه‌و كاتێك كه به‌هه‌ر هۆكارێك دێنه سه‌ر ده‌سه‌ڵات زۆر به‌پارێزه‌وه ده‌ست بۆ گۆڕانكاڕی ده‌به‌ن. كاتێك نانێك ناده‌ی به‌خه‌ڵك، كاتێك به‌نیسبه‌ت دیموكراسیش ئه‌وه هه‌ڵسوكه‌وتت بێ، جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك حیسابی چی‌یان بۆ بكات؟ واته یان ده‌بێ بڵێین جه‌ماوه‌ر وازی له‌هه‌ر چه‌شنه هه‌وڵێك بۆ باشتركردنی ژیانی هێناوه‌و سه‌ری به‌رداوه‌ته‌وه‌و چۆته‌وه ماڵی خۆی‌و دانیشتووه، یان ئه‌گه‌ر وانه‌بێ، رێگایه‌ك جگه له‌پشتبه‌ستن به‌ره‌وتی چه‌پی كۆمه‌ڵگای بۆ نامێنێته‌وه. بۆیه ئێمه ده‌ڵێین كه فورسه‌تی مێژوویی هێزی چه‌پ به‌ڕێوه‌یه. به‌ڵام دیاره هێزی چه‌پ ده‌بێ رێكخراوی هه‌بێ، ده‌بێ كادیر‌و رێبه‌ری هه‌بێ، ده‌بێ ستراتێژی روونی هه‌بێ. ده‌بێ كرێكار‌و زه‌حمه‌تكێشی وڵاتی له‌پشت بێت. پرسیار ئه‌وه‌یه كه ئایا ده‌توانێ ئه‌و مه‌لزوماته‌ی كه بوژاننه‌وه‌و گه‌شه‌كردنی پێویسته، پێكبێنێ؟
ئاوێنه: من ئه‌و پرسیاره له‌تۆ ده‌كه‌م. ئایا ده‌توانێ پێكیبهێنێت؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: لاموایه زه‌مینه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و بارودۆخی سیاسی له‌بار هه‌یه بۆ وه‌ها بووژانه‌وه‌یه‌ك، هه‌ربۆیه هه‌وڵه‌كانی ئێمه‌مانان له‌پێناوی ئه‌و بوژانه‌وه‌یه بێ ئاكام نابێت.
ئاوێنه: ئه‌گه‌ر وایه‌و چه‌پ پێگه‌ی به‌هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی ماوه، بۆچی كاریگه‌ری له‌رووداوه‌كاندا به‌دیناكرێ؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: بێگومان، كاریگه‌ری چه‌پ له‌روداوه‌كاندا به‌دیده‌كرێ.
ئاوێنه: به‌چ شێوه‌یه‌ك؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ. حزوری مه‌یلی چه‌پ حزورێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه، قورسایی كۆمه‌لگا به‌ره‌و چه‌پ كشاوه. ئه‌گه‌ر ئه‌و كاریگه‌ریه نه‌بوایه ئێمه هیچ چه‌شنه پاشه‌كشه‌یه‌كمان له‌هێزه بۆرژواو ده‌سه‌ڵَاتداره‌كان نه‌ده‌دیت. به‌رده‌وام ده‌بینین كه له‌ژێر زه‌ختی كرێكاردا، له‌ژێر زه‌ختی ژن‌دا، له‌ژێر زه‌ختی خه‌ڵكی خوازیاری ئازادی‌دا، پاشه‌كشه ده‌كه‌ن. ئه‌وانه هیچیان بابه‌تگه‌لێك نین كه ئه‌وان به‌دڵَخوازی خۆیان بیسه‌لمێنن. ئه‌وان ته‌نیا بیر له‌قازانج‌و بیر له‌ده‌سه‌ڵَات ده‌كه‌نه‌وه‌و به‌خه‌ڵَك ده‌ڵَێن كه گوایه نیزامی سه‌رمایه‌و بازار، به‌میكانیزمێكی ئۆتۆماتیك ژیانی ئێوه باشتر ده‌كات. چاوه‌روان بن‌و په‌له مه‌كه‌ن. به‌ڵام ده‌بینین كه خه‌ڵَك ئه‌وه‌یان لێقبوڵَ ناكه‌ن، مافی بێكارییان ده‌وێ، مافی خانه‌نشینیان ده‌وێ، پێڕاگه‌یشتن به‌پیرو به‌ساڵَاچووانیان ده‌وێ، مافی خوێندنی به‌خۆڕاییان ده‌وێ؛ ئازادیان ده‌وێ. ملدان بۆ هه‌ركام له‌م بابه‌تانه به‌پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی چینی بۆرژوایه. كاتێك ئه‌وان به‌شێك له‌و مافانه ده‌سه‌لمێنن له‌راستیدا ناچار بوون‌و به‌پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بجوڵَێنه‌وه. كێشمه‌كێشێك به‌واقیعی له‌گۆڕێدایه، ئه‌و كێشمه‌كێشه به‌ستێنی سه‌رهه‌ڵَدانه‌وه‌و بووژانه‌وه‌ی هێزی چه‌په.
ئاوێنه: ئایا ئه‌و جموجۆڵه‌ی تۆ ئاماژه‌ی پێده‌كه‌یت خلیسكانی زیاتری كۆمه‌ڵگه نییه به‌ره‌و لیبیرالیزم؟ ئایا ئه‌وه به‌مانای ئه‌وه نییه كه لیبرالیزم توانیویه‌تی له‌و قه‌یرانانه‌ی كه تێیكه‌وتووه به به‌رده‌وامی ده‌رباز ببێ؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: كوا ده‌رباز بووه؟ له‌قه‌یرانێكه‌وه بۆ قه‌یرانێكی دیكه رۆیشتووه. وه‌ڵامی بۆ كێشه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان پێ نییه، ترس له‌شۆڕشی جه‌ماوه‌ر وایكردووه كه له‌شوێن گرتنی ئامانجه‌كانی مێژوویی خۆیشیدا محافزه‌كار بێ. هه‌ربۆیه ئیتر نه‌ك وه‌كو لیبرالیزم، به‌ڵكو وه‌كو نیئۆلیبرالیزم پێناسه‌ی ده‌كه‌ن. واته پێداچوونه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ به‌بنه‌ماكانی لیبراڵیزمدا. ئێستا نه‌ك هه‌ر له‌وڵاتی ئێمه یان له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵكو له‌وڵاتانی پێشكه‌وتووی سه‌رمایه‌داریشدا، ئیستقرار نابینی. له‌هه‌موو شوێنێك خه‌بات‌و كێشمه‌كێش له‌جه‌ریاندایه. ناڕه‌زایه‌تی له‌ده‌سه‌ڵات ته‌نانه‌ت كاتێك كه ده‌نگیشیان پێداوه، روو له‌په‌ره‌سه‌ندنه. رێژه‌ی به‌شداری خه‌ڵك له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كه‌م بۆته‌وه، له‌به‌رانبه‌ردا رێژه‌ی به‌شداری له‌خۆپیشاندانه‌كان زیادی كردووه. هه‌روه‌ك وتم موشكیل ئه‌وه‌یه كه به‌رانبه‌ر به‌م بارودۆخه به‌دیلی رێكخراوه‌یی چه‌پ پێكنه‌هاتووه. ئامانج‌و ئاسۆی چه‌پ له‌قه‌یراندا نییه، پێشینه‌و مێژووی ناڕه‌وا قورسایی به‌سه‌ر ئه‌مڕۆیدا ده‌كات.
ئاوێنه: ئێوه هه‌ست ناكه‌ن ده‌وڵه‌تانی خاوه‌ن سیسته‌می لیبرالیزم به‌رانبه‌ر به‌م بارودۆخه به‌رده‌وام خۆیان نوێ ده‌كه‌نه‌وه؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: ئه‌وان خۆیان نوێ نه‌كردۆته‌وه، به‌رده‌وام له‌قه‌یراندا ژیاون. قه‌یرانی ئابووری‌و به‌شوێنیدا قه‌یرانی سیاسی. ئه‌وان ئه‌مڕۆ به‌سبه‌ی ده‌ژین. ستراتێژی درێژماوه‌یان نییه. جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك لێیان ناڕازین. ئێستا ته‌نانه‌ت له‌وڵاتانی رۆژئاواییش له‌ناو زۆربه‌ی دانیشتوانی وڵات‌دا كه‌من ئه‌وانه‌ی به‌ژیانی خۆیان رازی بن، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه له‌به‌رنامه‌و سیاسه‌ت‌و ستراتێژی هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانیشدا هیوایه‌ك بۆ گۆڕان شك به‌رن. ئه‌مه قه‌یرانێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه كه ته‌نیا چه‌پ پرۆژه‌و رێگاچاره‌ی بۆی هه‌یه. ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ش كه له‌بواری مافی كرێكار، مافی ژن، مافه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی تر ده‌یبینین. هه‌مووی به‌رهه‌می پاشه‌كشه‌ی هه‌نگاو به‌هه‌نگاوی ده‌سه‌ڵاته به‌رانبه‌ر به‌باڵی چه‌پی كۆمه‌ڵگا كه به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر حزوری هه‌یه. بۆرژوازی ده‌سه‌ڵاتدار ئه‌گه‌ر به‌ده‌ستی خۆی بێ، پاشماوه‌ی دیموكراسی سه‌رده‌می گه‌شه‌ی لیبرالیزمیش پێشێلده‌كات. بۆ نمونه ئه‌و هه‌واڵه له‌پاڵماندا تێپه‌ڕ ده‌بێ كه ساڵه‌هایه ده‌زگاكانی سیخوڕی ئه‌مریكا نه‌ك هه‌ر گفتوگۆی هاوڵاتیان، به‌ڵكوو هی رێبه‌رانی ده‌وڵه‌تانی دیكه‌شیان كۆنترۆڵ كردووه. ئایا ئه‌وه به‌واتای ئه‌وه نییه كه ئه‌وان ئیتر به‌سه‌ره‌تاكانی دیموكراسی لیبراڵیش پێبه‌ند نه‌ماون؟ به‌راستی بۆ چی واده‌كه‌ن‌و له‌چی ده‌ترسن؟ ئه‌مانه هه‌مووی فورسه‌تن بۆ چه‌پ. جیهانی ئه‌مڕۆ له‌ژێر زه‌ختی ئه‌و كێشمه‌كێشه‌دا به‌ره‌و گۆڕان ده‌ڕوات. كه‌س پێشبینی نه‌ده‌كرد له‌مساڵانه‌ی دواییدا، ئه‌زمه‌ی شۆڕشگێڕانه له‌وڵاتانی باكووری ئه‌فریقاو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بخولقێ‌و وه‌ها به‌خێرایی دیكتاتۆره‌كان له‌ده‌سه‌ڵات لابدات.
ئاوێنه: ئێوه وه‌كو كه‌سێك كه باوه‌ڕتان به‌بزاڤی چه‌پ‌و كۆمۆنیزم هه‌یه، هه‌ست ده‌كه‌ن هێزێكی دیاریكراوی چه‌پ به‌شێوه‌یه‌كی رێكخراو له‌ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بوونی هه‌بێ؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: له‌وانه‌یه ئێستا نه‌توانین به‌دیاریكراوی رێكخراو‌و هێزێك ناوبه‌رین، كه ئه‌و ده‌وره ببینێت. به‌ڵام زه‌مینه‌ی سه‌رهه‌ڵدانیان به‌هێزه. كۆمه‌ڵگا پێویستی به‌ئاڵوگۆڕه‌و هیچكام له‌و هێزانه‌ی كه له‌كایه‌دان نه‌یانتوانیوه وڵامی ئه‌و پێویستیه بده‌نه‌وه. كاتێك زه‌مینه‌كه‌ی هه‌یه، كاتێك رێبازه‌كه‌ی هه‌یه‌و پێویستیه‌كه‌شی هه‌یه، دره‌نگ یان زوو سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن‌و له‌هه‌ر حاڵ، ته‌نیا به‌دیلی واقیعی له‌پێناوی وه‌ڵامدانه‌وه به‌پێویستیه‌كانی به‌شه‌ری ئه‌مڕۆ ده‌بن.
ئاوێنه: حیزبه شیوعیه‌كان یان رێكخراوگه‌لێكی دیكه‌ی له‌م چه‌شنه كه‌جاران هێزی گه‌وره بوون، ئه‌وانه ناتوانن ئه‌و ده‌وره‌یان هه‌بێ؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: حیزبه شیوعیه‌كان ئه‌و ده‌وره‌یان نه‌ماوه. ره‌وتی چه‌پی داهاتوو له‌رۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست له‌سه‌ر رێچكه‌ی ئه‌وان نابێ. بۆچی؟ ئه‌وه جێگای باسێكی دیكه‌یه. هێزێكی سیاسی چه‌پی دیاریكراو كه ئێستا ئه‌و كاریگه‌ریه‌ی هه‌بێ نییه. هه‌ڵبه‌ت ئێران تۆزێك جیاوازه، رابردووی چه‌پ‌و داهاتووی چه‌پ له‌ئێران هه‌ڵسه‌نگاندنێكی دیكه هه‌ڵده‌گرێ.
په‌كه‌كه‌و پاشه‌كشێ
ئاوێنه: ئێستا له‌كوردستانی گه‌وره‌دا چه‌ندین حیزب‌و رێكخراوی جیا جیا هه‌ن، به‌بڕوای تۆ له‌نێو ئه‌م هه‌موو حیزب‌و رێكخراوانه‌دا، هێزێكی وا هه‌یه بخرێته خانه‌ی چه‌په‌وه؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: له‌كوردستانی ئێران كۆمه‌ڵه ئه‌و ده‌وره‌ی هه‌یه، له‌شوێنه‌كانی دیكه‌ی كوردستان رێكخراوی چه‌پ هه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست هێزێكی چه‌پی رادیكاڵی كاریگه‌ر بێ، بوونی نییه.
ئاوێنه: “پ ك ك” ساڵانێك له‌مه‌وبه‌ر خۆی به‌بزوتنه‌وه‌یه‌كی چه‌پ ده‌ناساند. ئایا ئێستا ده‌كرێ ئه‌و پێناسه‌یه‌ی بۆ بكه‌ین؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: “پ ك ك” له‌رابوردوی دووردا هه‌رچی بووبێت، ئیستا له‌رووی پرۆگرامی سیاسی‌و له‌رووی ئامانجێكه‌وه كه بۆ خۆی دیاریكردووه، وه‌كو رێكخراوێكی ناسیۆنالیست پێناسه ده‌كرێت. هه‌ڵبه‌ت لاموایه وه‌كو رێكخراوێكی نه‌ته‌وه‌ییش له‌سه‌ر ئامانجه‌كانی دیاریكراوی پێشوی خۆی پێداگری ناكات‌و له‌م روه‌شه‌وه پاشه‌كشه‌ی كردووه.
ئاوێنه: ئه‌م پاشه‌كشه‌یه بۆچی؟ بۆچی “پ ك ك” له‌چه‌په‌وه ده‌ستیپێكردو ئه‌مڕۆكه ئاراسته‌یه‌كی دیكه ده‌گرێته‌به‌ر؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: چه‌پ بوون‌و چه‌پ مانه‌وه به‌ر له‌هه‌ر شتێك پێویستی به‌پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ناو چینی كرێكاردا هه‌یه. “پ ك ك” ئه‌گه‌رچی ناوی كریكارانی كوردستانی به‌سه‌ره‌وه بوو هه‌رگیز ئاوڕێكی له‌خه‌باتی سه‌ربه‌خۆی كرێكاران نه‌دایه‌وه. جگه له‌وه “پ ك ك” ئه‌گه‌رچی به‌هۆی بارودۆخی توركیا‌و سته‌مكاری بێسنوری ده‌وڵه‌تی توركیا بووه به‌رێكخراوێكی به‌هێزی جه‌ماوه‌ری، له‌هیچكام له‌قۆناغه‌كانی ژیانی سیاسی خۆیدا وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی پێویستیه‌كانی زه‌مانه‌ی خۆی نه‌بووه. هه‌ربۆیه ئه‌گه‌ریش خۆی به‌چه‌پ ناساندبێ، وه‌كو رێكخراوی چه‌پ عه‌مه‌لی نه‌كردووه. “پ ك ك” له‌ساڵه‌كانی سه‌ره‌تای پێكهاتنیدا، پێوه‌ندیه‌كی تووندوتۆڵی له‌گه‌ڵ هێزه چه‌په‌كانی توركیا‌و ته‌نانه‌ت ناوچه‌كه‌ش بوو. به‌ڵام ئه‌و هێزه كه له‌و شوێنه‌وه ده‌ستپێده‌كات، ده‌گات به‌وه كه ده‌بینین ساڵی رابردوو له‌كاتێكدا كه حه‌ره‌كه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری به‌هێز له‌ستانبول‌و شاره گه‌وره‌كانی توركیا ده‌كه‌وێته‌ڕێ، “پ ك ك” به‌شداری تێدا ناكات. ئه‌مه له‌حالًَێكدایه كه ئێوه ده‌زانن “پ ك ك” ساڵانی رابردوو ده‌یتوانی به‌ته‌نها حه‌ره‌كه‌ی جه‌ماوه‌ری گه‌وره له‌ستانبول‌و شاره توركنشینه‌كان بخاته‌ڕێ‌و هاوئاهه‌نگی بكات له‌گه‌ڵ هێزه چه‌په‌كانی توركیا. به‌مجۆره “پ ك ك” خۆی له‌هاوپشتی‌و هاوكاری ره‌وتی چه‌پ له‌توركیا بێبه‌ش كرد. ئه‌م بۆچوونه‌ی به‌رانبه‌ر به‌هێزه‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش هه‌ر به‌م شێوه‌یه بوو. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و هه‌ڵوێسته ئینفعالیه به‌رانبه‌ر به‌حه‌ره‌كه‌ی جه‌ماوه‌ری ساڵی پار، كوردستانیشی گرته‌وه. له‌ده‌وره‌یه‌كدا كه پرۆسه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركیا له‌ئارادا بوو، “پ ك ك” له‌جیاتی ئه‌وه‌ی كه زه‌ختی جه‌ماوه‌ر له‌شاره گه‌وره‌كانی كوردستان به‌كاربێنێ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا ناچار بكات به‌ڵێنه‌كانی جێبه‌جێ بكات، له‌و ساڵه‌دا كوردستانی توركیا له‌هه‌میشه بێده‌نگتر بوو.
ئاوێنه: هه‌ست ناكه‌ی ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ی “پ ك ك” گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ریالیزم، كه به‌هۆی ناسینی كلتور‌و ئه‌و ژیانه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی خه‌ڵكی تێیدا ده‌ژین، سیاسه‌تێكی واقیعبینانه په‌یڕه‌و ده‌كات؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: كرده‌وه پێوانه‌ی حه‌قیقه‌ته. ئایا “پ ك ك” له‌ئاكامی ره‌چاوكردنی ئه‌و جۆره سیاسه‌تانه به‌هێزتر بووه یان لاوازتر؟ به‌بڕوای من ئه‌م جۆره هه‌ڵوێست‌و سیاسه‌ته “پ ك ك” ی لاواز كرده.
ئاوێنه: به‌بڕوای تۆ “پ ك ك” نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ واقیعیه‌ت؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: نه‌گه‌رٍِاوه‌ته‌وه بۆ واقیعیه‌ت، به‌ڵكوو ته‌سلیمی دواكه‌وتووییه‌كانی روو له له‌ناوچوونی كۆمه‌ڵگا بووه. ته‌سلیمی ئه‌و دواكه‌وتوییانه‌ی كه هێزێكی پێشڕه‌و نه‌ك هه‌ر نابێ سه‌ریان بۆ دانه‌وێنێ، به‌ڵكوو پێویسته بیانگۆڕێت. “پ ك ك” ده‌وری پێشڕه‌وایه‌تی له‌و باره‌یه‌وه نابینێت.
یه‌كێتی‌و قاسملو
ئاوێنه: یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان یه‌كێك له‌و هێزانه بوو كه پێشتر به‌شێك له‌پێكهاته‌كه‌ی چه‌پ بوو. ئایا تۆ ره‌وتی چه‌پ له‌یه‌كێتی نیشتمانی ئه‌مڕۆدا به‌دیده‌كه‌یت؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان هه‌ر رابردوویه‌كیشی بووبێت، ئه‌مڕۆكه له‌باشترین حاڵه‌تدا وه‌كوو هێزێكی سۆسیال دیموكرات پێناسه ده‌كرێت. ئێمه هێزه سۆسیال دیموكراته‌كانی جیهانی به‌گشتی به‌یه‌كێتی نیشتمانیشه‌وه له‌چوارچێوه‌ی چه‌پدا نابینین. به‌رنامه‌ی كۆمه‌لِایه‌تی هێزه سۆسیال دیموكراته‌كانی جیهان، ئه‌مڕۆ جیاوازیه‌كی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی نه‌یاری دوێكه‌یان نییه‌و جاری واش هه‌یه له‌وانیش راست ترن. بۆ نمونه ئێستا جیاوازیه‌كی به‌رچاو له‌نێوان به‌رنامه‌ی پارتی و یه‌كێتیدا نابینی. جیاوازیه‌ك له‌نێوان به‌رنامه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كێتی و گۆڕاندا نابینی. ئه‌وه‌نده نه‌بێ كه گۆڕان ده‌ڵێت كه ئه‌گه‌ر كه‌هاتینه ده‌سه‌ڵات گه‌نده‌ڵ نابین. ئه‌وه‌ش جیاوازی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی نییه.
ئاوێنه: یه‌كێتی له‌سه‌ره‌تاوه گرنگیه‌كی زۆری به‌ئه‌ده‌بیاتی چه‌پ نه‌داوه؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: ئه‌وه پێوه‌ندی به ده‌وره‌ی خه‌باتی پێشمه‌رگانه‌یان بووه. ئێستا ئه‌و ئه‌ده‌بیاته به‌كار ناهێنن و پێكهاته‌ی رێكخراوه‌ییه‌كه‌شیان گۆڕاوه‌و كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران نه‌ماوه‌و یه‌كێتی له‌بۆچوونه‌كانی چه‌پی رابردوو پاشه‌كشه‌ی كردووه.
ئاوێنه: ئه‌م پاشه‌كشه‌یه بۆچی رووی دا‌و به‌بڕوای تۆ له چ ساته‌وه‌ختێكه‌وه یه‌كێتی ئه‌و پاشه‌كشه‌یه ده‌كات؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: ئه‌م پاشه‌كشه‌یه ئه‌گه‌ر له‌رابردوودا، ورده ورده ده‌كرا، له‌و كاته‌وه كه یه‌كێتی ده‌بێ به به‌شێك له‌ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان ره‌وتێكی خێراتر و قه‌تعی تر به‌خۆیه‌وه ده‌گرێت. چه‌پ ماننه‌وه له‌ده‌وره‌یه‌كدا كه له‌ده‌سه‌ڵاتدابوو، به‌واتای ئه‌وه‌یه كه پشت به‌هێزی رادیكاڵی كۆمه‌ڵگاو بزوتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی پێشڕه‌و ببه‌ستێ. ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ مه‌نتیقی پاراستنی ده‌سه‌ڵات به‌هه‌ر قیمه‌تێك نایه‌ته‌وه.
ئاوێنه: قسه‌یه‌ك هه‌یه كه ده‌ڵێت قاسملو ده‌وری هه‌بووه له‌وه‌دا كه مام جه‌لال به‌ره‌و سۆسیال دیموكرات هه‌نگاو بنێت، ئایا ئه‌مه وابوو؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: به‌بڕوای من دوكتور قاسملو كاریگه‌ریه‌كی فیكری له‌سه‌ر مام جه‌لال نه‌بوو.
ئاوێنه: له‌سه‌ر یه‌كێتیش نه‌یبوو؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: نه له‌سه‌ر یه‌كێتی و نه له‌سه‌ر مام جه‌لال كاریگه‌ری فیكری نه‌بووه. به‌جۆرێك كه‌بڵێین ئه‌وانی به‌ره‌و سۆسیال دیموكراسی راكێشابێت. دوكتور قاسملو چونكه خۆی له‌ناو سۆسیال دیموكراته‌كانی ئه‌وروپادا، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌یكه دژایه‌تی له‌گه‌ڵ هێرشی سۆڤیه‌ت بۆ سه‌ر چێكوسلواكی كرد و ئه‌و وڵاته‌ی به‌جێهێشت، كه‌سایه‌تیه‌كی ناسراو بوو، له‌م بابه‌ته‌وه كارئاسانی دیپلۆماتیكی بۆ مام جه‌لال ده‌كرد. به‌هۆی ئه‌و پێوه‌ندیانه‌وه كه هه‌یبوو به‌ئه‌م و ئه‌وی ده‌ناساندن. راسته كه حیزبی دیموكرات به هۆی به‌شداری له بزوتنه‌وی خه‌لكی كورد دا، پێوه‌ندی نزیكی له گه‌ل ئه‌نترناسیونالی سوسیالیست هه‌بوو، به‌لام قاسملو نه‌ك هه‌ر ده‌وری كاریگه‌ری فیكری له سه‌ر مام جه‌لال بۆ نزیك بونه‌وه له بیری سوسیال دیموكراتیك نه‌بوو، به‌ڵكوو خۆیشی وه‌كوو بیر‌و بۆچون لێی دوور كه‌وتبۆه‌وه. مام جلال له رووی نه‌ریتی سیاسی و ته‌نانه‌ت ئه‌خلاقیشه‌وه، وه‌كوو شه‌خسی خۆی تا راده‌یه‌كی زۆر له ژێر كاریگه‌ری ماویسم دابوو و ئه‌و كاریگه‌ریه‌ی ده‌گه‌ل خۆی تا ئیستاش هێناوه.
ئاوێنه: واته له‌هیچ قۆناغێكدا، لات وانییه كه دیموكرات كاریگه‌ری له‌سه‌ر یه‌كێتی بووبێت له‌رووی فیكریه‌وه؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: نا پێم وایه له‌هیچ مه‌رحه‌له‌یه‌كدا ئه‌و كاریگه‌ریه‌ی نه‌بووه.
یه‌كێتی‌و ململانێكانی ئێستای
ئاوێنه: ئێستا‌و له‌رابردوودا، “ی ن ك” حیزبێكی پڕ له ململانێ بووه. به‌تایبه‌ت گه‌ر له‌م ساته‌وه‌خته‌دا سه‌یری بكه‌ین، پێتوایه ئه‌م ململانێیه‌یان هۆكارێكی فیكری له‌پشته‌وه‌یه یان كێشه‌كان شه‌خسین؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: یه‌كێك له‌گرفته‌كان ئه‌وه‌یه كه هیچكام له‌و كوتلانه‌ی ناو “ی ن ك” كه له‌میدیاكاندا باسیان لێده‌كرێ، خاوه‌نی پلاتفۆرمی سیاسی شه‌فاف و روون نین تا بتوانین له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ساسه بیانناسین. به‌رنامه‌یه‌كی جیاواز، ستراتێژێكی جیاواز، یان ته‌نانه‌ت شێوه‌كارێكی جیاواز كه ئه‌میان له ئه‌ویان جیاكاته‌وه، باسی لێ ناكرێ. ژوماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی ریزه‌كانی یه‌كێتی كه به‌سه‌ر كوتله‌كاندا دابه‌ش بوون، له‌رووی خۆشه‌ویستی شه‌خسی ، بیره‌وه‌ری و پێشینه‌ی مێژوویی ئه‌م یا ئه‌و به‌رپرس، یان ئه‌وه‌ی كه له‌پشت سه‌ری ئه‌م و ئه‌و ده‌گوترێ، ئینتخابی خۆیان ده‌كه‌ن و ژماره‌یه‌كی زۆرتریش بێ هه‌ڵوێست ده‌مێننه‌وه. ئه‌مه رواڵه‌تێكی ناسیاسی به‌كێشه‌كان داوه‌و رێگه‌ی داوه به‌وه‌یكه چاووراو به‌سه‌ر واقیعیه‌ته‌كاندا حاكم بێت. یه‌كێتی نیشتمانی رێكخراوێكی ئیعتیادی نییه، به‌شێك له‌ده‌سه‌ڵات و له‌مێژووی ئه‌و وڵاته‌یه. هه‌ر بۆیه له‌وه‌ها رێكخراوێكدا، چونكه كێشه‌كان به‌واقیعی هه‌ن ئه‌گه‌ر خۆیان به‌شه‌فافی ده‌ری نه‌خه‌ن و جیاوازیه‌كانی خۆیان باسی نه‌كه‌ن، كۆمه‌ڵگا له‌كۆتاییدا بیركردنه‌وه‌ی خۆی له‌جێگه‌ی واقیعیه‌ت داده‌نێت.
ئاوێنه: كه‌واته ئه‌و ململانێیانه له‌كوێوه سه‌رچاوه ده‌گرن؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: ته‌بعه‌ن هه‌ر به‌هۆی كه‌مبوونی مه‌علومات له‌مباره‌وه هه‌ڵسه‌نگاندن ئاسان نییه. ئاماژه به‌دوو فاكتۆر له‌وانه‌یه له‌م بابه‌ته‌وه یارمه‌تیده‌ر بێت. یه‌كه‌م ئه‌وه‌یكه یه‌كێتی نیشتمانی هه‌ر له‌سه‌ره‌تای پێكهاتنیه‌وه خه‌سڵه‌تێكی نیوچه به‌ره‌یی هه‌بووه‌و بوونی مینبه‌ری جیاواز تێیدا به‌ره‌سمی ناسراوه. كه‌وایه ئاساییه ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و رێچكه جیاوازی سیاسیش له‌ناویدا به‌دی بكرێ، و سه‌رئه‌نجام ئه‌و جیاوازیانه خۆیان له‌پلاتفۆرمی سیاسی جیاوازیشدا ببیننه‌وه. مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه جیاوازی ئه‌م و ئه‌و ده‌توانێ پاساوی رێكخراوه‌یی هه‌بێ. فاكتۆری دووهه‌م، شكستهێنانی یه‌كێتیه له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌خیردا. لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر هۆكاره‌كانی ئه‌و شكسته‌و ئه‌وه‌یكه هه‌ر لایه‌نه‌ی چه‌نده لێی به‌رپرسیاره كێشه‌كانی ته‌قانده‌وه. یه‌كێتی نیشتمانی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، ستراتێژێكی روونی نه‌بوو. بۆ نمونه كاتێك یه‌كێتی بڕیار ده‌دات كه له هه‌ڵبژاردندا به لیستی جیاواز به‌شداری بكات، مانای ئه‌وه‌یه كه ده‌بێ له‌هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا، جیاوازیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌م لایه‌ن و ئه‌و لایه‌ن باس بكات. ئێمه له‌كه‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتیدا، نه‌مانزانی جیاوازیه‌كانی له‌به‌رنامه‌و ستراتێژ و تاكتیكی سیاسی و له حوكمرانی دا، له‌گه‌ڵ پارتی و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ گۆڕانیش چییه؟ كۆمه‌ڵگای كوردستان له به‌رانبه‌ر گه‌لێك كێشه‌ی و پرسیاری واقیعیدایه، كه وڵامی ئه‌م پرسیارانه ده‌توانێ جیاوازیه‌كان ده‌رخات: بۆ نمونه وڵامدانه‌وه به‌كێشه‌ی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك و كه‌مبوونی خزمه‌تگوزاری گشتی، گه‌نده‌ڵی دارایی و ئیداری و هۆكاری قووڵبونه‌وه‌ی سه‌رسووڕهێنه‌ری كه‌لێنی چینایه‌تی، یاسای كار و كێشه‌ی كرێكارانی كۆچبه‌ر، مه‌سه‌له‌ی دیموكراسی له‌كوردستان، ئابووری ئه‌و وڵاته به‌گشتی و ئابووری پیشه‌سازی نه‌وت به‌تایبه‌تی، پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی و گیر‌و گرفته‌كانی، ته‌ناقوزاتی وه‌زعی واقیعی له‌گه‌ڵ یاساكانی فیدراڵیزم، پرسی ناوچه دابڕاوه‌كان، سیاسه‌ت به‌رانبه‌ر به‌ده‌وڵه‌تانی ئیقلیمی، سیاسه‌ت به‌رانبه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی كورد له‌پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، كێشه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌رَاست به‌گشتی كه كار ده‌كه‌نه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و پریشكی ئاوریان له‌م ناوچه‌یه‌ش نزیك بۆته‌وه؛ ئه‌مانه هه‌موویان مه‌سه‌له‌ی واقیعین كه‌جیاوازی بوچون له‌سه‌ریان له‌نێوان هێزه سیاسیه‌كاندا، به‌تایبه‌تی له‌نێوان یه‌كێتی و ئه‌وانی تر دا باسیان لێوه ناكرێت. هیچكام له‌وانه نابن به‌ناوه‌رۆكی كه‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردن. كاتێك ئه‌مانه مه‌علوم نین و شكستیش به‌سه‌ردا دێت، ئه‌و جار كێشه شه‌خسیه‌كان زه‌ق ده‌بنه‌وه. دیاره ئیختلاف له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ته‌كنیكی و رێكخراوه‌یی و شێوه‌كار له‌ناو حیزبگه‌لێكی وه‌كوو یه‌كێتی نیشتمانیدا، به‌رده‌وام هه‌یه، به‌ڵام بۆچی وای لێ دێ كه حیزبێك ده‌باته به‌رده‌م ئه‌زمه‌ی له‌وچه‌شنه‌وه؟ به‌بڕوای من ئه‌ساسه‌ن به‌هۆی ناكامی سیاسیه‌وه‌یه. یه‌كێتی نیشتمانی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگایه‌كی سیاسی زیندوو به‌ره‌وڕووه، پێویسته به‌رنامه‌و پرۆژه‌ی سیاسی جیاوازی خۆی به‌شه‌فافی بخاته به‌رده‌ست و به به‌رده‌وامیش ئه‌و كاره بكات.
ئاوێنه: یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌م بارودۆخه‌ی ئێستایدا چۆن پێناسه ده‌كه‌ی؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: له‌بارودۆخی ئێستادا، به‌هۆی ئه‌و هاوسه‌نگی سیاسیه‌ی كه له‌كوردستاندا پێكهاتووه لاوازبوونی یه‌كیتی نیشتمانی له‌و هاوسه‌نگیه‌دا زیانبه‌خشه.
ئاوێنه: به‌پێی هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه باست كرد پێتوانیه یه‌كێتی له‌قه‌یراندا ده‌ژی؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: بێگومان یه‌كێتی نیشتمانی له‌ئه‌زمه‌دایه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌یكه مێژوویه‌كی دوور و درێژی له‌موقاومه‌ت به‌دیكتاتۆری به‌عسدا هه‌یه، به‌هۆی ئه‌وه‌یكه مێژووی ئه‌و حیزبه له‌گه‌ڵ مێژووی خوێناوی و پر له‌هه‌ڵسوكه‌وتی میله‌تێك تێكه‌ڵ بووه، ئه‌و زه‌رفیه‌ته‌ی هه‌یه كه له‌م ئه‌زمه‌یه ده‌رباز بێت.
ئاوێنه: به‌ڵام ئه‌م مێژوویه فریایان ده‌كه‌وێ؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: تا ماوه‌یه‌ك به‌ڵێ، به‌ڵام نه‌ك بۆ هه‌میشه.
ئاوێنه: واته یه‌كێتی ده‌توانێ له‌و قه‌یرانانه ده‌رباز بێت؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: رێگای ده‌ربازبوون هه‌یه.
ئاوێنه: كامه‌یه؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: كێشه‌كان به‌شێوه‌ی سیاسی و له‌سه‌ر ئه‌ساسی وڵامدانه‌وه به‌گرینگترین پرسیارگه‌لێك كه له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵگادان به‌شه‌فافی خۆیان ده‌رخه‌ن. چونكه هه‌ر وه‌كوو ووتم یه‌كێتی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ئه‌وه‌ی به‌ره‌سمی ناسیوه كه رێكخراوێكی فره مینبه‌ره، كه‌وایه ده‌توانێ له‌گه‌ڵ ئه‌و كێشانه هه‌ڵبكات و ته‌نانه‌ت ململانێ له‌سه‌ریان له‌خاڵی لاوازه‌وه بكات به‌خاڵی به‌هێز بۆ خۆی. یه‌كێتی نیشتمانی له‌هه‌مان كاتدا، كه حیزبێكی دیاریكراوه، رێكخراوێكی جه‌ماوه‌ریشه، بۆ شكڵدان به‌هاوسه‌نگی واقیعی له‌كێشه‌كانیشدا، پێویسته جه‌ماوه‌ر بێنه كایه‌وه. هه‌ڵبه‌ت مه‌رج ئه‌وه‌یه كه هه‌موو لایه‌ك پابه‌ندی پێڕه‌وی ناوخۆی ململانێكان بن. پێڕه‌وی ناوخۆ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك نییه بۆ رازاندنه‌وه‌ی رواڵه‌تی حیزب، به‌ڵكوو ئامرازی رێكخستنی ئه‌و ململانێیه‌شه. بۆچی ده‌بێ هاتنه‌خواره‌وه‌ی به‌رپرسێك له‌ده‌سه‌ڵات، كه هه‌ڵه‌ی ئاشكرای كردبێ، ئه‌وه‌نده پرۆسه‌یه‌كی پرژان و ئازار بێت. بۆچی ده‌بێ كه‌سانێك به‌رپرسیارێتی خۆیان له‌م یان له‌و هه‌ڵه‌ی سیاسی و رێكخراوه‌یی نه‌سه‌لمێنن. پێویسته پابه‌ند به‌ده‌نگی جه‌ماوه‌ری حیزبه‌كه‌یان بن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر پێویست بوو به‌بێ سڵ كردنه‌وه كورسی ده‌سه‌ڵات به‌جێ بێڵن.
ئاوێنه: ئایا له‌ناو ئه‌و كه‌سانه‌ی وا ئێستا له‌سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیدان له‌كه‌سێك راده‌بینی كه پیاوی قۆناغی داهاتووی یه‌كێتی بێت؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: دیاره هه‌ر حیزبێكی سیاسی له‌ره‌وتی تێكۆشانی خۆیداو به‌پێی هه‌لومه‌رجی سیاسی، كه‌سایه‌تی پێویستی خۆی په‌روه‌رده ده‌كات. ئه‌و ئه‌زمه‌یه‌ش مادام رێگاچاره‌ی هه‌یه، كادیرگه‌لی پێویستی خۆی ده‌خاته‌ڕوو.
ئاوێنه: كه‌سی دیاریكراو هه‌یه؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: ئه‌وه پرسیارێك نییه كه‌من وڵامه‌كه‌یم هه‌بێت. وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره لای یه‌كێتی نیشتمانی خۆیه‌تی. هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌توانم بڵێم كه‌دیاره غیابی مام جه‌لال بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی دروست كردووه. سه‌رده‌مه‌كه سه‌رده‌مێكی نوێیه‌و یه‌كێتی نیشتمانی له‌به‌رانبه‌ر كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی تازه بابه‌تدایه. مه‌ترسیه‌كان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای كوردستان زۆرن. هه‌رێمی كوردستان ناتوانێ دوورگه‌یه‌كی ئارام له‌جه‌رگه‌ی ناوچه‌یه‌كی پڕكێشه كه پریشكی ئاوره‌كه‌ی هه‌تا نزیك ئێمه‌ش هاتووه، بێت. وڵامدانه‌وه به‌پێویستیه‌كانی وه‌ها سه‌رده‌مێك كه‌سایه‌تی خۆی و رێبه‌ری خۆی ده‌وێ كه لام وایه یه‌كێتی نیشتمانی پێویسته خۆی له‌گه‌ڵدا بگونجێنێ. وه‌ڵامدانه‌وه‌ی گونجاو به‌م بارودۆخه ده‌توانێ كه‌سایه‌تی خۆی بێنێته ڕوو.
گۆڕان له‌نێوان دوو به‌رشدایه
ئاوێنه: ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌بینین كه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان یه‌كێكه له‌هێزه كاریگه‌ره‌كان‌و به‌پێی ئه‌نجامه‌كانی دوا هه‌ڵبژاردنیش براوه‌ی دووهه‌م بووه، تۆ كه سه‌یری گۆڕان ده‌كه‌ی، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه له‌چ خانه‌یه‌كدا پێناسه ده‌كه‌یت؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان تا ئێستا ده‌وری ئیجابی هه‌بووه له‌وه‌یكه رێگانه‌دات جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك به‌ره‌و بێ ته‌فاوه‌تی خه‌مساردی له سیاسه‌تدا بڕوات. ده‌وری بووه له‌وه‌یكه خه‌ڵك له‌ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بێ خه‌م نه‌بێت. ئایا ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه ده‌توانێ له‌نواندنی ئه‌م ده‌وره‌ی خۆیدا، هه‌روا به‌رده‌وام بێت؟ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌دوای هه‌ڵبژاردندا له‌به‌رده‌م ئینتخابێكی چاره‌نوس سازدایه. ئه‌گه‌ر بچێته ناو ده‌سه‌ڵات و له‌ناو ده‌سه‌ڵاتدا، وڵامی ئه‌و ته‌وه‌قوعاته بداته‌وه كه خۆی له‌ناو خه‌ڵكدا پێكی هێناوه‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه ده‌نگی له‌خه‌ڵك وه‌رگرتووه، ئه‌وه ده‌سه‌ڵات زۆر زوو به بن به‌ست ده‌گات. خۆ ئه‌گه‌ر به‌پێی ئه‌و ته‌وه‌قوعه‌ش كه لێیان ده‌كرێت، هه‌ڵسوكه‌وت نه‌كه‌ن پێگه‌ی جه‌ماوه‌رییان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. خه‌ڵك چاو‌ڕێی ده‌سكه‌وتی مه‌لموسیان لێ ده‌كه‌ن. خۆ ئه‌گه‌ر نه‌چنه ناو ده‌سه‌ڵات، ده‌بێ ده‌سه‌ڵات بخه‌نه ژێر فشاری شه‌قامه‌وه. له‌وه‌شدا، هه‌روه‌ك خۆپیشاندانه‌كانی به‌ر ده‌ركی سه‌را دیتمان زۆر به‌پارێزن و نایانهه‌وێ داهاتووی سیاسی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌ساسی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی سه‌رشه‌قام بینا بكه‌ن. ئه‌گه‌ر وه‌كوو ئۆپۆزیسیۆن بمێننه‌وه‌و خه‌ڵك له‌ئاكامی هه‌وڵه‌كانی ئه‌وان وه‌كوو ئۆپۆزیسیۆن گۆڕانكاریه‌ك نه‌بینن، پێگه‌ی جه‌ماوه‌رییان لاواز ده‌بێت. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ژێر به‌رداشی ئه‌م دوو حاڵه‌ته‌دایه.
ئاوێنه: تۆ له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا، ره‌گێكی چه‌پبوون به‌دی ده‌كه‌ی؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌باشترین حاڵه‌تی خۆدا، هه‌وڵ ده‌دات له‌رووی پێكهاته‌ی رێكخراوه‌یی و پێڕه‌و و پرۆگرام و له‌رووی به‌رنامه‌ی سیاسیه‌وه، حیزبێكی سۆسیال دیموكراتی له‌جۆری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیه‌كه‌ی نوێنه‌رایه‌تی بكات. دیاره به‌لێكدانه‌وه‌یه‌ك كه ئێمه بۆ چه‌پ هه‌مانه، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌م خانه‌دا ناگونجێت.
پارتی‌و كۆمه‌ڵگه‌ی محافزه‌كار
ئاوێنه: هێزێكی دیكه، پارتی دیموكراتی كوردستانه، ئایا ئه‌و ده‌نگه زۆره‌ی كه هێنای، ده‌لاله‌ت له‌وه ناكات هێشتا كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، كۆمه‌ڵگایه‌كی موحافزه‌كاره، به‌حوكمی ئه‌وه‌یكه پارتی ده‌كرێ وه‌كو یه‌كێك له‌هێزه محافزه‌كاره‌كان پێناسه بكرێ؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: له‌كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك تا راده‌یه‌ك هاتبێته مه‌یدان بۆ ئه‌وه‌ی له‌رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی پارله‌مانیه‌وه له‌چاره‌نووسی سیاسی خۆیدا ده‌خاله‌ت بكات، جه‌ماوه‌ر له‌نێوان ئه‌و هێزانه‌ی كه له‌ساحه‌كه‌دا هه‌ن به‌ناچار ئینتخابی خۆی ده‌كات و به‌و پێیه ده‌نگ ده‌خاته نێو سندوقه‌وه.
ئاوێنه: ئه‌وه ئاماژه نییه بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه هێشتا كۆمه‌ڵگایه‌كی محافزه‌كاره؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: پێموانییه ئه‌مه نمونه‌یه‌ك بێ بۆ سه‌لماندنی محافزه‌كاری كۆمه‌ڵگای ئێمه. جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك ده‌زانن كه ده‌بێ ژیان به‌ڕێوه‌بچێت. كاتێك كه‌هێزێكی جیاوازی دیكه نه‌بینن، یان هه‌بێ و متمانه‌ی خه‌ڵكی به‌ره‌و لای خۆی رانه‌كێشابێ و خه‌ڵك نه‌توانن متمانه‌ی پێ بكه‌ن، به‌درێژه‌ی وه‌زعی مه‌وجود ره‌زایه‌ت ده‌ده‌ن.
ئاوێنه: به‌بڕوای تۆ ئه‌وه باشترین مۆدێل بوو بۆ هه‌رێمی كوردستان كه خه‌ڵك به‌و رێژه‌یه ده‌نگی بداتێ؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: بێگومان له‌روانگه‌ی ئێمه‌وه وه‌كوو هێزێكی چه‌پ و سۆسیالیست، ئه‌و ئینتخابه هه‌رگیز مۆدێلێكی باش نه‌بووه. ئێمه به‌رنامه‌یه‌كی دیكه‌مان هه‌یه، ئاوات و ئامانجێكی دیكه‌مان هه‌یه، هێزی چه‌پ و سۆسیالیست له‌هه‌رێمی كوردستانیش قاعیده‌ته‌ن هه‌روایه. قسه‌ی من له‌سه‌ر باشه‌و خراپه نه‌بوو، هه‌وڵم دا ئه‌وه روون بكه‌مه‌وه كه بۆچی له‌وه‌ها بارودۆخێكدا خه‌ڵك ده‌نگ به‌م یان ئه‌و حیزب ده‌ده‌ن.
كۆمه‌ڵه‌كان‌و گرفتی تایبه‌تیان
ئاوێنه: بێینه سه‌ر باسی حیزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ئێستا نزیكبوونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان دوو كۆمه‌ڵه‌دا هه‌یه كه یه‌كیان عومه‌ری ئیلخانیزاده سه‌ركردایه‌تی ده‌كاو یه‌كیان عه‌بدوڵای موهته‌دی، به‌بڕوای تۆ وه‌كو سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی حیزبی كومۆنیستی ئێران، چۆن له‌یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئه‌م دوو لایه‌نه ده‌ڕوانی‌و هۆكاره‌كانی چین؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: پێشتر ئه‌وه بڵێم راسته ئه‌وانه هه‌ر دوو لایه‌نیان ناوی كۆمه‌ڵه‌یان له‌سه‌ره، به‌ڵام حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه كه ئه‌وان هه‌ردووكیان رێبازی كۆمه‌ڵه‌یان به‌جێهێشت و وه‌كوو فكر و به‌رنامه‌و ستراتێژ، رێكخراوێكی دیكه‌یان پێكهێنا. یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئه‌وان گۆڕانكاریه‌ك له‌و واقیعیه‌تدا پێك ناهێنێ كه ئێستا‌و دوای چه‌ندین ساڵ له‌جیابوونه‌وه‌یان كۆمه‌ڵگای كوردستان ئه‌وان وه‌كوو كۆمه‌ڵه‌ی دایك پێناسه ناكات. كۆمه‌ڵه‌یه‌ك كه رێكخراوی ئێمه درێژه‌ده‌ری رێبازه‌كه‌یه‌تی جێگا‌و شوێنێكی پته‌وی بۆ خۆی له‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا ده‌سته‌به‌ر كردووه. كۆمه‌ڵه ره‌وتێكی سیاسی چه‌پ و كومۆنیست له‌كۆمه‌ڵگای كوردستاندا بووه‌و به‌و ئیعتباره‌ش نفوزی كۆمه‌ڵایه‌تی په‌یدا كردووه. ئه‌وان دوو بن یان یه‌ك، حیزبێكی جیاواز به‌رێبازێكی سیاسی جیاوازن. هه‌ڵبه‌ت زۆریش ئاساییه كه كۆمه‌ڵگای كوردستان مه‌یلی سیاسی و حیزبی سیاسی جیاوازی تێدابێت. ئیمه كێشه‌یه‌كمان له گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته نییه. له‌هه‌ر حاڵ‌دا سه‌باره‌ت به پرسیاری یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئه‌وان ئێمه به‌و پێیه‌ی كه هیچ جیاوازیه‌كیان نییه‌و ناوی كۆمه‌ڵه‌شیان له‌سه‌ر خۆیان داناوه، پێمان وایه یه‌كبن باشتره تا دوو.
ئاوێنه: ئایا ئه‌وان به‌شێك نین له‌حه‌ره‌كه‌ی چه‌پ؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: ئه‌وان خۆیان نه‌یانویستوه حه‌ره‌كه‌ی چه‌پ بن و وه‌كوو هێزێكی ناسیۆنالیستی كوردستان پێناسه ده‌كرێن.
ئاوێنه: به‌لام ئه‌وان خۆیان وه‌ك هێزێكی چه‌پی ناسیۆنالیستی پێناسه ده‌كه‌ن؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: ئه‌وه‌ی كه ئه‌وان خۆیان چۆن پێناسه ده‌كه‌ن، گرینگ نییه، گرینگ ئه‌وه‌یه كه ئه‌وان به‌واقیعی له‌كوێ قه‌راریان گرتووه؟ ئه‌وان هێزی ناسیۆنالیستی كوردن. له‌ناو ناسیۆنالیسته‌كانیشدا، هه‌ڵبه‌ت باڵی چه‌پ و راستیان به‌دی ده‌كرێت، به‌ڵام باڵی چه‌پ و راستی یه‌ك رێباز. ئه‌وه‌یكه سه‌ره‌ڕای ئه‌و واقیعیه‌ته ئه‌م یان ئه‌و حیزب به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان خۆی به‌سۆسیالیست ده‌زانێ، ئه‌وه ته‌نیا ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ كه سۆسیالیزم وه‌ها مه‌یلێكی به‌هێز و موعته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیه كه زۆر كه‌س به‌پێویستی ده‌زانێ خۆی پێ هه‌ڵواسێ.
ئاوێنه: تۆ وه‌كوو سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی كومۆنیست، چۆن له یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئه‌م دوو لایه‌نه ده‌ڕوانی، به‌بڕوای تۆ هۆكاره‌كانی چییه؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: ئه‌وان جیابوونه‌وه‌یه‌كیان هیچ مه‌بنایه‌كی سیاسی نه‌بووه، یه‌كگرتنه‌وه‌شیان حه‌ره‌كه‌یه‌كی ئاساییه. ئه‌گه‌ر هات و یه‌كیان گرته‌وه، ئه‌وه راستگۆیی له‌خه‌باتی سیاسی‌دا واحوكم ده‌كات كه بۆ خه‌ڵكی روون بكه‌نه‌وه ئه‌و كاته به‌چ هۆكارێك لێك جیابوونه‌وه؟ ئه‌و هۆكارانه چۆن له‌به‌ین چوون كه ئێستا مه‌جالی یه‌كگرتنه‌وه ره‌خساوه؟ هه‌روه‌ها ره‌خنه له‌و تووندوتیژیانه بگرن كه له‌كاتی جیابوونه‌وه‌یاندا له دژی یه‌ك به‌كاریان هێنا. ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ی ئه‌و كاتیان به‌رانبه‌ر به‌كێشه‌كانیان، كاریگه‌ری له‌سه‌ر بیر‌و ڕای گشتی خه‌ڵك بووه‌و ره‌خنه‌گرتن لێیان بۆ دووپات نه‌بوونه‌وه‌یان پێویسته.
ئاوێنه: كه‌واته بۆچی به‌و شێوه‌یه كه‌رت بوون‌و به‌م شێوه‌یه یه‌ك ده‌گرنه‌وه؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: وتم كه كه‌رت بوونه‌وه‌كه‌یان هیچ ئه‌ساسێكی ئایدئۆلۆژیك، سیاسی یان به‌رنامه‌یی نه‌بوو، كێشه‌ی رێكخراوه‌یی یان شه‌خسییان هه‌بوو.
ئاوێنه: ئه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌كه‌یان؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: واپێده‌چێ كه ئه‌و جۆره كێشانه‌ی ئه‌و كات هه‌یانبوو كه‌م بووبنه‌وه. هه‌ڵبه‌ت به‌ڕێوه‌بردنی دوو ته‌شكیلاتی له‌و چه‌شنه وه‌كوو یه‌ك، له‌و بارودۆخه‌داو له‌كوردستانی عێراق، ئه‌وه‌ش له‌وانه‌یه گیروگرفتی تایبه‌تی خۆی هه‌بێ كه هانیان بدات به‌م جۆره چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
په‌یه‌ده‌و كانتۆنه‌كانی
ئاوێنه: بابچینه رۆژئاوای كوردستانه‌وه. خۆت ئه‌زانی كه “پ ی د” كاریگه‌رترین رێكخراو له‌رۆژئاوای كوردستانه. ئایا ئێوه له “پ ی د”دا هه‌ست به‌چه‌پ بوونێك ده‌كه‌ن؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: بوچونی ئیمه له سه‌ر پ ی د هه‌ر وه‌كوو هه‌لسه‌نگاندنمان بۆ “پ ك ك” وایه. دیاره هێندێك جیاوازی به‌رته‌سك له‌نێوان “پ ك ك”و “پ ی د”دا، به‌پێی ئه‌و بارودۆخه‌ی كه هه‌ر كامیان تێیدان هه‌یه. به‌حوكمی ئه‌وه‌یكه “پ ك ك” ساڵانێكی دوور و درێژ بنكه‌و باره‌گا مه‌ركه‌زیه‌كانی له‌سوریاو لوبنان بووه‌و به‌شێك له‌سه‌ركرده‌و كادره‌كانی “پ ك ك” كوردی سوریان، ئه‌و نزیك به‌یه‌كبوونه ئاساییه. ئه‌وه‌یكه گرینگه له‌دیتنی مه‌وقێعیه‌تی جیاوازی “پ ك ك”و “پ ی د”ایه. “پ ی د” له‌رێكخراوێكه‌وه كه به‌رێنوێنی “پ ك ك” پێكهاتبوو، ئێستا بۆته پێكهاته‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری كه ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه‌یه‌كی به‌رینی به‌ده‌ست هێناوه. ئه‌و پێكهاته‌یه نوێیه‌ش له‌رووی پێویستیه‌كی دیاریكراوه‌وه هاتۆته ئاراوه. ئه‌و پێویستیه ئه‌وه‌بوو كه له‌جه‌ریانی ئه‌زمه‌ی سوریادا، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی كه‌ش و هه‌وای سیاسی ئه‌و وڵاته به‌ته‌واوی میلیتاریزه كرا، ده‌رفه‌تێك ره‌خسا كه ده‌كرا كوردستانی رۆژئاوا له‌شه‌ڕ و وێرانكاری و كوشتار بپارێزرێ و ده‌سه‌ڵاتێكی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر دابمه‌زرێت. “پ ی د” ئه‌و فورسه‌ته‌ی قۆسته‌وه‌و وڵامی ئه‌و پێویستیه‌ی دایه‌وه. له‌و مه‌قته‌عه‌دا، ئه‌وه سیاسه‌تێكی ره‌واو گونجاو بوو. بارودۆخی ئێستای ئه‌و به‌شه له‌سوریا به به‌راورد له‌گه‌ڵ شوێنه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و وڵاته، نیشان ده‌دات كه ئه‌مه حه‌ره‌كه‌تێكی له‌كاتی خۆیدا بووه.
ئاوێنه: واته ئێوه پشتیوانی له‌و كانتۆنانه ده‌كه‌ن كه پێكهاتوون؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: به‌ڵێ، ئێمه به‌گشتی پشتیوانی لێ ده‌كه‌ین. به‌ڵام ئه‌و پشتیوانیه بێ مه‌رج نییه. ئه‌و پشتیوانیه به‌و مه‌رجه‌یه كه ئه‌وان رێگا بده‌ن كه ده‌سه‌ڵاتی “پ ی د” یان هه‌ر حیزبێكی دیكه له‌رێگه‌ی ده‌نگی جه‌ماوه‌ره‌وه دابمه‌زرێ، نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه “پ ی د” ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر ده‌نگی خه‌ڵكدا فه‌رز بكات. ده‌سه‌ڵاتی جه‌ماوه‌ر له‌خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه، له‌رێگه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كان و شوراكانی خه‌ڵكه‌وه دابمه‌زرێ. كوردستانی سوریا ناوچه‌یه‌كی له‌روی سه‌رچاوه ژێرزه‌ویه‌كانیه‌وه‌و له‌رووی ئاو و كشتوكاڵه‌وه ناوچه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌توانێ نه‌ك هه‌ر ئه‌منیه‌ت بۆ خه‌ڵك دابین بكات، به‌ڵكوو ژیانێكی باشتریشیان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكات. ده‌توانن نمونه‌یه‌كی باش بن بۆ باقی شوێنه‌كانی سوریاش.
په‌كه‌كه‌و پارتی
ئاوێنه: ئێستا له‌ئاستی كوردستانی گه‌وره‌دا، دوو هێز هه‌ن له‌ململانێدان: “پ ك ك”و پارتی دیموكراتی كوردستان، تۆ هه‌ستده‌كه‌ی جیاوازیه‌كی فیكری له‌نێوان ئه‌و دوانه‌دا هه‌یه؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: بێگومان جیاوازیه‌كی فیكری قووڵ له‌نێوانیاندا وجودی نییه. ئه‌گه‌ر هه‌شبێ زۆر كه‌مه. به‌ڵام جیاوازی هه‌یه له ستراتێژی سیاسیاندا، جیاوازی هه‌یه له به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی رێكخراوه‌ییاندا، ململانێ هه‌یه له‌سه‌ر نفوزیان له‌پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستاندا، جیاوازی هه‌یه له‌بارودۆخێكی كۆمه‌ڵایه‌تی كه هه‌ر كام له‌و دوو لایه‌نه كاری تێدا ده‌كه‌ن. ئه‌و جیاوازیانه كاری كردۆته سه‌ر پێوه‌ندیه‌كانی هه‌ر دوو لا. كێشه‌یه‌ك كه ئێستا گرینگه پێوه‌ندی به ده‌وڵه‌تی توركیه‌وه هه‌یه.لایه‌نێكیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت له‌حاڵی شه‌ڕ یان بڵێین ئاماده‌باشی بۆ شه‌ڕدایه‌و لایه‌نێكیان پێوه‌ندی دۆستانه‌و ئابووری درێژماوه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركیا دامه‌زراندووه.
ئاوێنه: تۆ پێت وایه ئه‌مه هۆكاری سه‌ره‌كی ململانێی ئه‌م دوو لایه‌نه‌یه؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری بۆ هه‌رێمی كوردستان و بۆ پارتی له‌سه‌روی پێوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ “پ ك ك”دایه‌و ئه‌وه‌ش له‌رێگای توركیاوه دابین ده‌بێت.
ئاوێنه: ئه‌ی ململانێ‌یان له‌نێوانیاندا نییه له‌سه‌ر نفوزیان له‌پارچه‌كانی تری كوردستان؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: بێ گومان ئه‌وه‌ش یه‌كێك له‌ململانێكانه، به‌ڵام لام وانییه كه پارتی ستراتێژیه‌كی كوردستانی به‌واتای كوردستانی گه‌وره‌ی هه‌بێت. په‌ره‌پێدانی ئه‌و نفوزه بۆ پارتی له‌پێناوی به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆی له‌كوردستانی عێراقدایه. پارتی هه‌وڵ ده‌دات قووڵایی سیاسی نفوزی خۆی زیاتر بكات. ده‌زانین كه “پ ك ك” سه‌رده‌مانێك دروشمی كوردستانی گه‌وره‌ی به‌رز ده‌كرده‌وه، ئێستاش له‌ناو ریزه‌كانی “پ ك ك”دا كه‌م نین ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له‌رووی ئه‌و ته‌وه‌هومه‌وه له‌ریزه‌كانی “پ ك ك”دا چالاكی ده‌كه‌ن. به‌مپێیه، تا راده‌یه‌ك جیاوازی هه‌یه له‌نێوان ئامانجی “پ ك ك” كه هێزی پارتنێری خۆی له‌پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان دروست كردووه له گه‌ل ئامانجی پارتی. به هۆی ئه‌وه كه سیاسه‌تێكی جیاوازی به‌رانیه‌ر به ئه‌زمه‌ی سوریا هه‌یه، ته‌ئیدی حكومه‌تی خۆبه‌ریه‌وه‌به‌ری رۆژئاوا ناكات و هه‌وڵ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌یكه لایه‌نه‌كانی نه‌یاری “پ ی د” به‌هێز بكات و جێگایان بۆ بكاته‌وه. له‌كوردستانی توركیا ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه هه‌یه بێ سه‌مه‌ره‌و دروستكردنی به‌دیل بۆ “پ ك ك” كارێكی ئاسان نییه.
ئاوێنه: ئه‌ی له‌كوردستانی رۆژهه‌ڵات؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: له‌كوردستانی رۆژهه‌ڵات حیزبی سیاسی هاوچه‌شنی ئه‌وان له‌مێژینه‌یه‌و له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌وانیشدا پێك نه‌هاتووه. پارتی له‌كوردستانی رۆژهه‌ڵات هه‌وڵ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو كه‌سایه‌تیه ناسراوه‌كان، له‌ناو رووناكبیران و هونه‌رمه‌نداندا لایه‌نگرانی خۆی بدۆزێته‌وه‌و ته‌قویه‌تیان بكات.
ئاوێنه: ئه‌ی ده‌گوترێ ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ده‌درێت بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی دوو باڵه‌كه‌ی دیموكرات، پارتی له‌پشتیه‌وه‌یه؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: دیاره هه‌ر دوو باڵه‌كه‌ی دیموكرات له‌زۆر رووه‌وه له‌پارتی نزیكترن. به‌ڵام ئه‌وه زۆرتر ده‌چێته ئه‌و خانه‌یه‌وه كه ئه‌و حیزبانه له‌وانه‌یه زیاتر له‌رووی مادیه‌وه له‌یارمه‌تی پارتی به‌هره‌مه‌ند بن.
ئاوێنه: زۆر جار باسی ئه‌وه ده‌كرێ كه هۆكاری نه‌به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی، ململانێی نێوان پارتی و “پ ك ك”یه. ئیوه كه یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی كومیته‌ی ئاماده‌كار بوون، ئایا ئه‌و ململانێیه به‌هۆكاری نه‌به‌ستنی كۆنگره ده‌زانن؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: به‌ڵێ، به‌بڕوای ئێمه هۆكاری سه‌ره‌كیه‌كه‌ی ئه‌مه بوو. ده‌وڵه‌تی توركیا به‌و هیوایه بوو به‌و پرۆسه‌یه كه ناوی نابوو “ئاشتی”، “پ ك ك” و بزووتنه‌وه‌ی كوردستانی توركیا لاواز بكات. هه‌ر بۆیه هه‌وڵی ده‌دا كه ئه‌وه‌نده‌ی بكرێت پرۆسه‌كه درێژ بكاته‌وه. بۆ “پ ك ك”ش ئه‌وه باش بوو كه له‌رێگه‌ی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه ته‌ئیدی هێزه‌كانی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستانیشی بۆ سیاسه‌ته‌كه‌ی خۆی دابین بكات. “پ ك ك” تا قۆناغێكی دیاریكراو له‌گه‌ڵ ئه‌م پرۆسه‌یه چووه پێش. به‌ڵام سه‌رئه‌نجام له‌كاتێكدا كه ده‌وڵه‌تی توركیا ئاماده نه‌بوو، هیچكام له به‌ڵێنیه‌كانی جێبه‌جێ بكات، “پ ك ك”ش له‌لای خۆیه‌وه پرۆسه‌كه‌ی وه‌ستاندو ته‌نانه‌ت سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌شی گۆڕانكاری تێدا پێكهات. ئیتر كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی نه‌یده‌توانی نه ئامانجی ده‌وله‌تی ته‌ركیه و نه ئامانجی “پ ك ك” دابین بكات. هه‌ر له رۆژی یه‌كه‌می دامه‌زرانی كومیته‌ی ئاماده‌كار و له‌ره‌وتی كاركردنی ئه‌و كومیته‌یه‌دا، به‌رانبه‌ر به به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ری كوردستان، له‌وانه ده‌وڵه‌تی توركیاش به‌رهه‌ڵه‌ست په‌یدا بوو. له‌گه‌رمه‌ی كاری كومیته‌ی ئاماده‌كاردا، بارودۆخی كوردستانی سوریاش گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات و ناكۆكی كه‌وته نێوان سیاسه‌تی پارتی و “پ ك ك” به‌رانبه‌ر به پرسی ئه‌و ناوچه‌یه. گۆڕانكاریه‌كانی كوردستانی سوریا له‌دژی به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌تی توركیا بوو. ئه‌مانه هه‌مووی له لایه‌ك و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، هه‌ر وه‌ك ووتم بۆ پارتی پاراستن و به‌هێز كردنی پێوه‌ندی ئابووری له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركیا به‌تایبه‌ت له‌كاتێكدا كه پیشه‌سازی نه‌وت له‌كوردستان گه‌شه‌ی كردبوو، گه‌لێك حه‌یاتی بوو. پارتی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی بۆ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركیا به‌لاوه گرینگتر له‌شوێن گرتنی كۆنگره بوو. “پ ك ك” هه‌ستی به‌وه ده‌كرد كه ئه‌گه‌ر به‌شوێن به‌ڕێوه‌چوونی كۆنگره‌دا بڕوات، ناچار ده‌بێت ئیمتیازی زۆرتر به‌پارتی بدات. درێژه‌دان به‌م پرۆسه‌یه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا نه‌ده‌دیت. ئه‌مانه ململانێی سه‌ره‌كی بوون. هه‌لِبه‌ت له‌ناو كومیته‌ی ئاماده‌كاردا، كێشه‌ی دیكه‌ش هه‌بوو كه به نیسبه‌ت كێشه سه‌ره‌كیه‌كه‌وه لاوه‌كی بوون. وه‌كوو كێشه له‌سه‌ر رێژه‌ی ئه‌ندامانی هه‌ر كام له‌پارچه‌كانی كوردستان له‌كۆنگره‌دا، كێشه‌ی سه‌ركردایه‌تی و به‌رَێوه‌بردنی كۆنگره، كێشه له‌سه‌ر ده‌قی بڕیارنامه‌كانی كه ئاماده‌كرابوون.
ئاوێنه: ئایا هێزه‌كانی دیكه دابه‌ش نه‌بوون به‌سه‌ر ئه‌م دوو لایه‌نه‌دا؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: تا راده‌یه‌ك ئه‌و لایه‌نگریه به‌رچاو ده‌كه‌وت، به‌ڵام كاری كومیته‌ی ئاماده‌كار ئه‌وه‌نده درێژ نه‌بووه كه ئه‌م لایه‌نگریه به‌روونی شكڵ بگرێت.
ئاوێنه: تۆ ئاماژه‌ت به دوو شت كرد، ئایا رۆیشتنی قه‌ره‌یلان‌و هاتنی جه‌میل بایك پێوه‌ندی به‌كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی‌و سیاسه‌تی “پ ك ك”ه‌وه بوو به‌رانبه‌ر به‌پارتی؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: من مه‌علوماتێكم نییه له‌م باره‌وه. به‌ڵام ئه‌م گۆڕانكاریه له‌سه‌ركردایه‌تی “پ ك ك”دا، هاوكاته له‌گه‌ڵ به‌بنبه‌ست گه‌یشتنی پرۆسه‌ی ئاشتی و په‌ره‌سه‌ندنی كێشه‌كانی پارتی و “پ ك ك” له‌سه‌ر بارودۆخی سوریا‌و كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی. هه‌ر بۆیه به‌شێوه‌ی مه‌نتیقی ده‌توانین ته‌سه‌وری ئه‌وه بكه‌ین كه ئه‌م دوو حاڵه‌ته به یه‌كتر مه‌ربوت بوون.
ئاوێنه: ئاماژه‌ت به‌رۆڵی توركیا كرد. ئایا پێت وایه كه ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌وری هه‌یه له‌سه‌ر حیزبه كوردیه‌كان له‌دیاریكردنی بڕیاری سیاسی‌دا؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: بێگومان ده‌وڵه‌تی توركیا تاراده‌یه‌ك كاریگه‌ری له‌سه‌ر حیزبه سیاسیه‌كانی كوردستان هه‌یه. به‌ڵام ئه‌و كاریگه‌ریه مه‌رج نییه كه دیاریكردنی بڕیاری سیاسی بێت. ده‌توانین ناوی بنێین رێكخستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركیا. حكومه‌تی هه‌رێم و به‌تایبه‌تی پارتی كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندیان له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه كه هه‌وڵ ده‌ده‌ن بیپارێزن و هه‌لبه‌ت پاراستنی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌ش بۆ ئه‌وان باجی خۆی هه‌یه.
پارتی‌و توركیا‌و.. ئێران
ئاوێنه: یانی ده‌وڵه‌تی توركیا رۆڵی هه‌یه له‌سه‌ر دیاریكردنی ئاراسته‌ی سیاسی پارتیدا؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: ده‌ولًه‌تی توركیه كاریگه‌ری خۆی هه‌یه. به‌لام ته‌نیا ئه‌وه نییه. پارتی و حكومه‌تی هه‌رێم چه‌ندین فاكته‌ری دیكه‌ش بۆ دیاریكردنی ئاراسته‌ی سیاسی خۆیان له‌به‌رچاو ده‌گرن كه ئه‌وانه له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا یه‌ك نین. بۆ نمونه پێوه‌ندی حكومه‌تی هه‌رێم و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی عێراق، له‌به‌رچاوگرتنی هاوسه‌نگی هێز له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، له‌به‌رچاو گرتنی سیاسه‌تی گشتی ده‌وڵه‌تی ئا‌مریكا به‌رانبه‌ر به‌عێراق و ناوچه‌كه، هه‌ر بۆیه ناكرێ بڵێین كه ده‌وڵه‌تی توركیا به ته‌واوی موسه‌یته‌ره به‌سه‌ر دیاریكردنی بڕیاری سیاسی بۆ پارتی و بۆ حكومه‌تی هه‌رێم.
ئاوێنه: له‌و هاوكێشانه‌دا، رۆڵی ئێران چۆن ده‌بینی؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: كۆماری ئیسلامی ئێران كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی عێراق هه‌یه‌و زۆر ئاساییه كه هه‌وڵ ده‌دات كه ئه‌و نفوزه‌ی له‌كوردستانیش په‌ره پێبدات. رژیمی ئێران هه‌وڵ ده‌دات كه رێگا نه‌دات بۆشاییه‌كی وه‌ها پێكبێت كه هه‌مووی ده‌وڵه‌تی توركیا پڕی بكاته‌وه. به‌ڵام به‌و حاڵه‌شه‌وه لام وایه كۆماری ئیسلامی ئێران له‌م بابه‌ته‌وه دواكه‌وتووه‌و توركیا ده‌ستی باڵاتری هه‌یه. كۆماری ئیسلامی ئێران نه له‌رووی ئابووریه‌وه‌و نه له‌رووی سیاسیه‌وه نه‌یتوانیوه له‌گه‌ڵ نفوزی ده‌وڵه‌تی توركیا له‌هه‌رێمی كوردستان به‌رانبه‌ركێ بكات.
ئاوێنه: به‌ڵام ئێستا ده‌بینین كه ئێران له‌پێكهێنانی حكومه‌تدا، له‌لێك نزیك كردنه‌وه‌ی جه‌مسه‌ره‌كانی ناو یه‌كێتیدا، رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌یه؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: ده‌یهه‌وێ رۆڵی سه‌ره‌كی ببینێت، به‌ڵام تێیدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه. هه‌وڵه‌كانی بێ سه‌مه‌ر بووه. بۆ نمونه ده‌بینین كه نه‌یتوانی ئه‌و جۆره‌ی كه ئێوه ده‌ڵێن جه‌مسه‌ره‌كانی یه‌كێتی لێك نزیك كاته‌وه، یان سه‌ره‌رای هه‌وله‌كانیشی تا ئیستا حكومه‌ت پێك نه‌هاتۆه.
وێنه: ئه‌گه‌ر كۆماری ئیسلامی نه‌بووایه ئه‌و كێشمه‌كێشانه‌ی ناو یه‌كێتی ئاراسته‌یه‌كی تووندتری به‌خۆیه‌وه نه‌ده‌گرت؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: به‌بڕوای من ئێران ده‌خاله‌تی نه‌بووایه باشتر ده‌بوو. كۆماری ئیسلامی عاشقی چاو و برۆی یه‌كێتی و هه‌رێمی كوردستان نییه. كۆماری ئیسلامی ئێران خێری هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی، خێری یه‌كێتی نیشتمانی به‌تایبه‌تی ناوێت، ئه‌گه‌ر ده‌ستێوه‌ردان ده‌كا له‌كاروباره‌كان به‌شوێن به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدایه. كاتێك كه ده‌یهه‌وێ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كێشه‌یه‌ك دابنێت ئه‌وه بزانه كه خه‌ریكی پلاندانانه بۆ پرۆژه‌یه‌كی داهاتووی خۆی. ئه‌گه‌ر جه‌مسه‌ره‌كانی یه‌كێتی له‌جیاتی ئه‌وه‌ی كێشه‌كه‌یان به‌رنه تاران له ئیمكانات و زه‌رفیه‌تێك كه له‌ناوخۆی كوردستان و له‌ناو هێزه سیاسیه‌كانیدا هه‌یه، كه‌ڵكی وه‌رگرتبایه، به‌ئاكامی باشتر ده‌گه‌یشت.
ئاوێنه: وه‌ك بینیمان ئه‌و ئۆپۆزیسیۆنانه‌ی كوردی ئێران كه له ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌لاتی یه‌كێتیدان لێره‌وه هیچ چالاكیه‌كی دژ به‌كۆماری ئیسلامی ئێران ناكه‌ن؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست چالاكی پێشمه‌رگانه‌یه، نه‌بوونی ئه‌و پالاكییه پێوه‌ندی به بارودۆخێكی گشتی تره‌وه هه‌یه. دیاره كه مه‌نتیقی نییه له‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه ئۆپۆزیسیۆن هێرشی چه‌كداری بكاته سه‌ر رژیمی ئێران.هه‌رێمی كوردستان و رژێمی ئێران له‌حاڵی شه‌ڕ دانێین ئه‌وه لێكتێگه‌یشتنێكی جێنته‌لمه‌نانه بوو، به‌بێ هیچ په‌یمان مۆركردن‌و رێككه‌وتنێكی فه‌رمی.
ئاوێنه: واته تۆ پێت وایه كه یه‌كێتی له‌مباره‌وه خزمه‌تی به‌ده‌وڵه‌تی ئێران نه‌كردووه؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: ده‌وڵه‌تی ئێران له‌بارودۆخێك كه هه‌رێمی كوردستان تێیدا بووه، بۆ مه‌به‌ستی سیاسی خۆیشی‌و هه‌روه‌ها له‌دژی ئۆپۆزیسیۆنیش كه‌ڵكی وه‌رگرتووه. به‌ڵام ئه‌وه به‌و مانایه نییه كه یه‌كێتی له‌دژی ئۆپۆزیسیۆن خزمه‌تی به‌ده‌وڵه‌تی ئێران كردبێت. هه‌ڵه‌ی سیاسی مه‌حدود له‌مباره‌یه‌وه بووه، به‌ڵام ناچێته خانه‌ی خزمه‌تكردن به‌رژێمی ئێرانه‌وه.
ئاوێنه: ئه‌وه‌نده‌ی تۆ چاودێری دۆخه‌كه بكه‌ی پێوه‌ندی ئێران له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و پارتیدا چۆن ده‌بینی؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: به‌بڕوای من، كۆماری ئیسلامی ئێران ئامرازێك كه بۆ كاریگه‌ری دانان له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و له‌سه‌ر هێزه‌كانی هه‌یه‌تی، ته‌نیا هه‌ڕه‌شه‌یه. هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه كه ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی نه‌پارێزن، ئاسایشیان لێهه‌ڵده‌گرێ. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌ڵێ بوریه نه‌وتیه‌كان ده‌به‌ستم، برایم خه‌لیل داده‌خه‌م، كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌ڵێ ئاسایشتان لێ تێكده‌ده‌م. به‌ستنی سنووره‌كانی بازرگانی ئێران و هه‌رێمی كوردستان، ئه‌زمه‌یه‌كی ئه‌وتۆ بۆ هه‌رێمی كوردستان ناخولقێنێت، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌كه‌ی سه‌باره‌ت به توركیا چاره‌نووس سازه.هه‌ره‌شه‌ی توركیا ده‌توانی ئابوری بێت، هه‌ره‌شه‌ی رژیمی ئێران ئاسایشه.
ئاینده‌ی چه‌پ له‌كوردستان
ئاوێنه: دوایین پرسیارم له‌كۆی هه‌موو ئه‌و قسانه‌دا كه كردمان تۆ پێت وایه حه‌ره‌كه‌ی چه‌پ له‌هه‌موو پارچه‌كانی كوردستاندا، ئاینده‌ی هه‌یه یاخود نا؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: پێوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه كه هێزه چه‌په‌كان به‌رانبه‌ر به‌و كێشانه‌ی كه له هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان هه‌یه چۆن هه‌لسه‌كه‌وت ده‌كه‌ن. حه‌ره‌كه‌ی چه‌پ له‌م ناوچه‌یه‌و له‌هه‌ر شوێنێكی دیكه ده‌بێت به‌فكری ژیانی ئه‌مڕۆ بێت‌و هه‌م ئاسۆی دوارۆژی له‌به‌رچاو بێت. خۆ دزینه‌وه له‌كێشه واقعیه‌كان، له‌چكۆله‌وه بۆ گه‌وره، حه‌ره‌كه‌ی چه‌پ ده‌خاته په‌راوێزه‌وه. هێزی چه‌پ زه‌مینه‌ی گه‌شه كردنی هه‌یه و ولامی پیویستیه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌شی لایه. ئیمه به به‌شی خۆمان له كوردستانی ئیران گه‌ش بینین.