چاودێری مافی مرۆڤی سوریە ئەمڕۆ هەینی 16ی مانگی گەلاوێژ ئامارێكی نوێی سەبارەت بە رێژەی قوربانیانی قەیرانی سوریە لە ساڵی 2011ی زایینیەوە تا ئێستا بڵاو كردەوەو بە پێی ئەو ئامارە جگە لە ئاوارە بوونی 4 میلیۆن كەس، 240 هەزار كەسیش گیانیان لەدەستداوە.
بە پێی راپۆرتی ئەلعەرەبیە، چاودێری مافی مرۆڤی سوریە بڵاوی كردووەتەوە كە لە ماوەی 4 ساڵی رابردوو، نزیكەی 30 هەزار كەس لەوانە 12 هەزار منداڵ بێ سەر و شوێن بوون.
ئەو رێكخراوەیەی تایبەت بە مافی مرۆڤ كە ناوەندەكەی لە شاری لەندەن دایە، دەڵێ: لە ماوەی 2 مانگی رابردوو 10 هەزار كەس لە ناوچە جیاجیاكانی سوریە كوژراون.
“رامی عەبدولڕەحمان” بەرپرسی چاودێری مافی مرۆڤی سوریە لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێریی فەرانسە دەڵێ: رێژەی كوژراوان لە سەرەتای قەیرانی ساڵی 2011ی زایینیەوە هەتا ئێستا 240 هەزار و 381 كەسە.
بە پێی ئەم ئامارە، رێژەی كوژراوەكان لە نێوان خەڵكی ئاسایی، 71 هەزار 781 كەس بووە و لەو رێژەیەش 964 كەسیان منداڵ بوون.
لە نەیارانی رژیمی سوریەش لەوانە توندئاژۆكان، كوردەكان و جیایی خوازەكان، 42 هەزار و 384 كەس كوژراون.
چاودێری مافی مرۆڤی سوریە لەم راپۆرتەدا رێژەی كوژراوانی بیانی لە شەڕی سوریە 34 هەزار و 375 كەس راگەیاندووە.
ئەو رێكخراوەیە لە راپۆرتەكەی خۆیدا زیادی كردووە، كە زۆربەی كوژراوان سەر بە رژیمی سوریە بوون. ئەو رژیمە 88 هەزار و 616 كەسی لە هێزەكانی خۆی لە ماوەی 4 ساڵی رابردوو لەدەست داوە.