سێ لایەنی كۆمەڵە بە ناوەكانی ” رەوتی سۆسیالیستی كۆمەڵە، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ_هێڵی یەكگرتنەوە، كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان” كە ماوەیەكە پڕۆسەی یەكگرتنەوەیان دەستپێ كردووە و تا ئێستا چەندین راگەیەندراوی هاوبەشیان سەبارەت بە بابەت و رووداوە جیاجیاكان بڵاو كردووەتەوە، رۆژی رابردوو هەینی 9ی مانگی گەلاوێژ، راگەیەندراوێكی دیكەی هاوبەشیان سەبارەت بە هێرشەكانی ئەم دواییانەی دەوڵەتی توركیە بۆ سەر پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بڵاو كردووەتەوە و ئەو هێرشانەیان بە توندی مەحكوم كردووە.
دەقی ئەو راگەیەندراوە بەمچەشنەیە:
ڕاگەیاندنی
رەوتی سۆسیالیستی کۆمەڵە
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕـ هێڵی یەکگرتنەوە
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
سەبارەت بە هێرشی تورکیە بۆ سەر خەڵکی کوردستان
فڕۆکە جەنگیەکانی دەولەتی تورکیە چەند رۆژە بە بەردەوامی خەریکی بومباران کردنی بارەگا و بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان پ.ک.ک لە هەمان کاتدا بەرێوەبەرانی حکومەتی ئەم وڵاتە هێرشێکی بەرینیان کردۆتە سەر چالاکوانانی کورد لە شار و شارۆچکەکان و باس لە کۆتاییهێنان بە پڕۆسەی ئاشتی لە کوردستانی تورکیە و تەنانەت داخستن و بەرگری کردن لە چالاکی و هەڵسوڕانی قانونی حیزبی دیموکراتیکی گەڵان (ه.د.پ) دەکەن کە لە هەڵبژاردنەکانی گشتی مانگی رابردوو لە تورکیە سەرکەوتنێکی گەورەی دەستەبەر کرد.
هەموو ئەم ئاڵ و گۆڕانە هاوکاتە لە گەڵ وەرچەرخانێکی بەرچاو لە سیاسەتی تورکیە بەرامبەر بە رێکخراوی تروریستی حکومەتی ئیسلامی (داعش). لە ماوەی یەک ساڵ و چەند مانگێک کە بە سەر سەر هەڵدان و پێشرەویە “کوتوپر”ه کانی داعش تێدەپەڕێ ، دەوڵەتی تورکیە نەک هەر بە هێچ چەشنێک دژایەتی داعشی نەکرد بەڵکوو تەنانەت لەلایەن هێزە رۆژئاواییەکانی هاوپەیمانی خۆیەوە تاوانبار کراوە کە یارمەتی لوجستێکی داعشی کردوە و بەشێک لە چەک و تەقەمەنی و هێزی ئینسانی داعش لە رێگای تورکیەوە دابین دەکرێ.
ئەم وەرچارخانەی کە بە رواڵەت لە سیاسەتی دەوڵەتی تورک بەرامبەر رێکخراوی تروریستی داعش بەدی دەکری، ریگەدان بە ئەمرێکا کە لە پایگا هەوایەکانی وڵاتی تورکیە کەڵک وەر بگرێ، ئاوێتە کردنی کەیسی رێکخراویکی تروریستی وەکو داعش لە گەڵ پ.ک.ک، سەرجەم دەبێ لە چوارچێوەی ئەو ئاڵ وگۆڕانەدا بخوێندرێتەوە کە بە سەر ناوچەکەدا هاتووە. لە راستی دا سیاسەتێک کە دەوڵەتی تورکیە بەرامبەر بە رووداوەکانی ناوچە گرتیەبەر ناکارامە دەرچوو و فەشەڵی هێنا. کەمکردنی بەرچاوی دەنگی حیزبی دەسەڵاتداری داد و گەشە پێدان(ئا.ک.پ) لە هەڵبژادنی گشتی مانگی رابردوو و سەرکەوتنە نیزامی و سیاسیەکانی کوردی سووریە کە هەر لەسەرەتاوە لە گەڵ دژایەتی توندی دەوڵەتی تورک بەرەوروو بوونەوە، هەمووی بەڵگەن بۆ فەشەڵ هێنانی ئەم سیاسەتە.
دەوڵەتی تورکیە لەم پێدا چوونەوە بە پەلە بە سەر سیاسەتەکانی دا رێگایەکی هەڵەی گرتۆتە بەر. بە ناوی شەر دژی “تروریسم” لە جیاتی داعش رووی چەکی لە کورد و لە پ.ک.ک کردوە. بۆ راکێشانی دەنگی ناسیونالیزمی ئیفراتی و فاشیسمی تورک پرۆسەی چارەسەری ئاشتیانەی مەسەلەی کوردی کردۆتە بارمتە، پرۆسەیەک کە پاڵپشت و یاریدەدەرێکی گرینگی سەقامگرتن و گەشەسەندنی دیموکراسیە لە وڵاتی تورکیە. سەرنەکەوتن و شکست هێنانی سیاسەتەکانی لە مەر رووخاندنی رژیمی بەشار ئەسەد بە دژایەتی کردن لە گەڵ کوردی سووریە جوبران دەکاتەوە لە کاتێک دا هەموو جیهان شاهیدن کە ئەوان چۆن لە بەرامبەری تروریسم دا ویستاون و چۆن تا ئیستا شکستیان بە داعش هێناوە.
ئێمە وێرای مەحکوم کردنی هێرشی تورکیە بۆ سەر گریلا و گەلی باکوری کوردستان و بە زیانبار زانین و مەحکوم کردنی هەڵویستی دەوڵەتی تورکیە بەرامبەر بە حیزبی دیموکراتیکی، گەڵان ڕادەگەیەنین و داواکارین:
١- هێرشی جەنگی و بومباران کردنی پایگاکانی پ.ک.ک و هێرشی پۆلیسی لە شارەکانی باکور دەست بەجێ راوەستێ و کۆتایی پێبێت؛
٢- حکومەت و پارلمانی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی ئەم کێشەیە هەڵسووڕان و چالاکیە دیپڵۆماسیەکانیان چڕتر بکەنەوە؛
٣ رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ وەستاندنی هێرشی نیزامی و سەرکوتی پۆلیسی تورکیە لە باکوری کوردستان هەنگاوی جیددی هەڵبگرێت.
٤ – پارتی کرێکارانی کوردستان نەکەوێتە داوی باڵی توندرەو وشەرخوازی تورک و لەم کاتە ناسک وئاستەمەدا دەست بۆ توند وتیژی نەبات و بۆ بەرپرچدانەوەی ئەم سیاسەتەی دەوڵەتی تورکیە پەنا بباتە بەر هێزی گەل و بزواندنی توانای جەماوەری خۆی؛
٥- کورد ئەزموونی فراوان و تاڵی مێژوویی هەیە کە چۆن ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بە سەردا دابەشکراوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان،کە بێگومان لە گەڵ بەرژەوەندی کورد دا نیە، کێشە ناوخۆییەکانی هێزە کوردییە کان دەکەن بە دەستکەلا بۆ بەگژ یەکدا کردنی هێزە کوردیەکان و لاواز کردن و بەلارێدا بردنی بزووتنەوەی کورد، بۆیە داوا لە هەموو حیزبە کوردیەکان دەکەین بە هەستیاری تەواو خۆیان لەو گەمەی کە وڵاتانی ئێران و تورکیە بە کێشەی کورد دەیکەن بپاریزن.
رەوتی سۆسیالیستی کۆمەڵە
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕـ هێڵی یەکگرتنەوە
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٩ گەلاوێژی ١٣٩٤ ڕێکەوتی ٣١ ژوئیه ٢٠١٥