لەئاوایی “قەلەرەش” لەناوچەی سەردەشت، تا ئێستا 10 كەس هەوڵی خۆكوشتنیان داوە كە تەنیا شەش كەسیان رزگاریان بووەو 4 كەسیان گیانیان لەدەستداوە.
دیاردەی خۆكوشتن لە ئێرانو شارەكانی كوردستانیش رۆژانە بەرچاو دەكەوێت، بەڵام لە ئاوایی “قەلەڕەش” سەر بە شاری سەردەشت بووەتە دیاردەیەكی دڵتەزێنو تەنیا لەماوەی دوو هەفتەدا 10 كەس لە خەڵكی ئەم گوندە هەوڵی خۆكوشتنیان داوە. ئەگەرچی دەستپێكی ئەم دیاردە دڵتەزێنە بۆ شەش ساڵ لەوەپێش دەگەڕێتەوەو ئەو كاتەش ژمارەیەك لە گەنجانی ئەو گوندە مەرگی پێشوەختیان بۆ خۆیان دەڵدەبژاردو چوار ژن خۆیان سوتاند كە دوانیان گیانیان بەخت كرد، كە تا ئێستاش هیچ ناوەندێكی فەرمی حكومەتی ئێران باس لەو رووداوانە نەكردوەو بەدوای هۆكارەكانیەوە نەبوون.
هەڵسوڕاوێكی مەدەنی شاری سەردەشت بەناوی ژیان بەیگزادە، سەبارەت بەم رووداوە دڵتەزێنە دەڵێت: هیچ بەرپرسێك پشتیزوانی لە ئێمە ناكات كە بۆ لێكۆڵینەوە لەم بابەتە كارێك بكەینو هیچ پارەیەك بۆ دروستكردنی گروپ یان كومیتەیەك بە ئێمە نادرێت.
وتەكانی ئەم هەڵسوڕاوە مەدەنییە لەكاتێكدا كە تا ئێستاش هیچ بەرسێكی كۆماری ئیسلامی سەردانی ئەو گوندەی نەكردوە تا لێكۆڵینەوە لەو رووداوە دڵتەزێنە بكرێت.