بەرپرسێكی ئیدارەی ئیتلاعاتی رژیمی ئێران لەسەردانێك بۆ شاری هەولێر هەڕەشەی لە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردوەو وتوویەتی “ئەگەر بارزانی واز لە پشتیوانی رۆژهەڵاتی كوردستان نەهێنێت، شەڕ دەخەینە ناو ماڵی بارزانییەوە”.
لەمبارەیەوە زیرەك كەمال، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستان، بە سایتی (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، كەسێك بە ناوی “ساڵح سڵحشۆر” كە كاربەدەستێكی بەشی هەواڵگریی كۆشكی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە، لە شاری هەولێردا سەردانی كردووە و خۆی وەك ڕۆژنامەنووس ناساندووە، بەڵام لە یەكەمین قسەیدا گوتوویەتی: “قسە و هەڵوێست و كردارەكانی ئاغای مەسعود بارزانی بە مەترسی بۆ سەر هەرێمی كوردستان نازانیت؟”. ناوبراو بڕیارە مێژوویییەكەی بارزانی سەبارەت بە ناردنی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ، بە “فڕوفێڵ” وەسف كردووە و ئاماژەی بەوە داوە: “دوای ئەوەی بە فڕوفێڵ و چاو بەستەكی و هەڵخەڵەتاندنی ڕای گشتیی دنیا، توانی چەكدارەكانی خۆی بەنێو توركیادا بنێرێتە كۆبانی و بە هانای كوردەكانی ئەوێوە بچێت, ئێستا خەریكی ئەوەیە كە پۆل پۆل دوژمنانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، چەكدار دەكات و بە مەبەستی دروست كردنی ئاژاوە، بۆ سەر سنوور و ناو خاكی ئێرانیان دەنێرێت, وادەزانێت ئەوەش ناردنی چەكدارە بۆ كۆبانیَ”.
هەرچەندە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئێستا پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە، بەڵام ئەو پەیوەندییە ڕێگر نەبووە لەوەی كە كاربەدەستەكەی هەواڵگریی ئێران، هێرش بكاتە سەر تاڵەبانی، لەمبارەیەشەوە گوتوویەتی: “ئاغای بارزانی لە سەرەوە خۆی وەكو دۆستێكی توركیا نیشان دەدات و لە ژێرەوەش پەیوەندی لەگەڵ پەكەكە و نەیارانی توركیادا هەیە, كاتی خۆشی لە ناوەڕاستی هەشتاكاندا ئاغای جەلال تاڵەبانی خۆی وەكو دۆستی كۆماری ئیسلامیی ئێران نیشان دەدا و لە ژێرەوەش پاڵپشتی كوردە یاخیبووەكانی دەكرد”.
لە كۆتایی قسەكانیدا سڵحشۆر بە هەڕەشەوە گوتوویەتی: “دەبێت ئێوە، بە تایبەتیش سەرۆكەكەتان ئاغای بارزانی، ئەو ڕاستییە بزانن كە كۆبانێ كۆبانێیە و مەهاباد مەهابادە و هەولێریش هەولێرە, ئەگەر واز لەو پەیوەندییە ژێر بە ژێرانە نەهێنن, توركیا و كۆماری ئیسلامیی ئێران، شەڕ دەخەنە ناو ماڵی بارزانی لە هەولێر و سەری ڕەش و شوێنەكانی تر”.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا زیرەك كەمال ئەوەی بۆ (باسنیوز) ڕوون كردەوە كە لە هەرێمی كوردستاندا دەزگا و دامەزراوەی ئەمنی هەیە، كۆمەڵێك دەزگای تایبەت بە بەدواداچوون لەو بوارانەدا هەن. دەشڵێت: “ئەمە شتێكی نوێ نییە و بە هۆی ئەوەی لە شەڕ داین و تاڕادەیەك میللەتێكی دڵ كراوەین، ئەو جۆرە كەسانە هەن كە لە بواری هەواڵگریدا كار بۆ وڵاتان دەكەن. ئێران و توركیاش لە هەڵوێستیان بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان لە بواری بڵاو كردنەوەی شەڕی دەروونی و ناكۆكی لێكترەوە نزیكن”. بۆیە داوای لە دەزگا و لایەنە ئەمنییەكان كرد، لەو بابەتە ورد بنەوە و بزانن وڵاتانی ئیقلیمی هەر كاتێك بۆیان بڕەخسێت، هەوڵی تێكدانی سەقامگیری هەرێمی كوردستان دەدەن، چونكە بە گوتەی ئەو، وڵاتانی ئیقلیمی ترسیان لەو هاوكاری و پشتیوانییە هەیە كە هەرێمی كوردستان بۆ پارچەكانی دیكەی كوردستان هەیەتی. بە تایبەتیش بە هۆی ئەوەی، هەرێمی كوردستان بووەتە وزە و توانا و پاڵپشتێكی مەعنەوی و ڕۆحیی گەورە بۆ پارچەكانی دیكەی كوردستان.