پێنج شه‌ممه‌ 28 ئازار 2024

گەشەی “دووروویی “و “بیری راسیستی”دوو نەخۆشیی کوشەندەی کۆمەڵگای کوردستان

کارەساتی دەستدرێژیی سێکسی بۆسەر کچە ئاوارەکەی کوردستانی رۆژئاوا لە هەولێر بە رادەیەک قیزەون و دڵتەزێن بوو کە سنووری هەواڵی میدیایی بەزاند و لە ناخەوە گەلێک کەسی هەژاند و زۆرانی تووشی شۆک و رامان کرد.ئەم کارەساتە چەندە قورس و هەژێنەر بێ بۆ من هەم وەک “تاک”ی کورد و هەمیش وەک”باوک”کە کچێکی هاوتەمەنی ئەو کچە تاوانلێکراوەم هەیە،بەڵام دیسان جێگای خۆشحاڵی بوو کە تاوانباران بۆ شاردنەوەی تاوانەکەیان وەک چۆن گەلێک جاران رووی داوە جەستەی ئەو کچەیان پارچەپارچە نەکرد و نەیانخستە ژێر خاک و هیچ نەبێ لە ژیاندا ماوە.

ئەوەی ئاشکرایە تاوانباران گیراون و دەدرێنە بەردەم یاسا و دڵنیام بە پێی تاوانەکەیان سزا دەدرێن.بەڵام ئایا ئەو جینایەتە هەوەسێکی سێکسی و هەڵچوونێکی لە ناکاوی دەروونی ئەو ٦کەسە بووە کە بە سزادان و بەندکردنیان لە بەندیخانە، ئەو جۆرەی رەئیس پۆلیسی هەولێر هاوڵاتیانی دڵنیا کردەوە هەولێر و هەرێمی کوردستان ئەمنە و هیچ کارەساتێکی لەو شێوەیە روو نادا؟ئایا ئەوە تاوانێکی دیارێکیراوە کە لەلایەن”بکەرێکی”ناسراوەوە ئەنجام دراوە و ئیتر روو ناداتەوە؟ ئایا بەراستی بێجگە لەو رێژەیە لە تاوانی دەستدرێژیی سێکسی بۆسەر ژنان و کچان و منداڵان کە تۆمار کراون و ئەنجامدەرانی سزا دراون،تاوانی دیکەی لەوجۆرە رووی نەداوە و تاونلێکراو لەترسی “ئابروو”و کەرامەتی خۆی نەیشاردبێتەوە؟رۆژانە چەند ژن لەو وڵاتە لە شوێنی کارکردن،لە بازار،لە هۆڵەکانی بۆنە و ئاهەنگەکان،لە کۆنسێرتی گۆرانی و لە سەیرانگاکان و بە گشتی بە بەرینی بوون و حوزوری ژنان لە کۆمەڵگەدا،لە لایەن پیاوانی خۆبە “پیاوزان”ەوە داوای پەیوەندی سێکسی و رابواردنیان لێدەکرێ،دەکەونە بەر زمانی زبری تانەوتەشەری سێکسی و دەست بۆ جەستیان درێژ دەکرێ؟بەداخەوە کۆمەڵگای ئێمە سەررێژە لە تاوانی لەوچەشنە.ئەوەش تەنیا ناتوانێ نەخۆشییەکی دەروونی”بکەر”یان حەز و هەوەسێکی “کاتی”بێ. کۆمەڵگای ئێمە ژینگەیەکی ئاڵۆز و داڵانێکی داخراوی تەنگ و تاریکی داب و نەریت و ئایینی دواکەوتووانە و یاسای دارزیوی ماوەبەسەر چووە کە هیچ تاکێک پێناسەی راستەقینەی خۆی دیار نییە و هیچ توێژ و ئاستیێکی”تەمەن” لەسەر بەستێنی راستەقینەی خۆی بەند نییە.هەموو کەس حەز و خولیاکانی لە ناخی خۆیدا حەشارداوە و دەمامكێکی درۆینەی بۆ بوونی لە کۆمەڵگادا گرتۆتە بەر سیمای راستەقینەی خۆی.ئەو “چەپاندنە” وئەو “خۆچەپاندنە”نەخوازراوە کۆمەڵگەی کوردستانی هاوشێوەی کۆمەڵگەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەراست کردۆتە کۆمەڵگایەکی داخراوی “دووروو” و “درۆزن” کە هەر رۆژە و بە جۆرێک ئەو مەیلە چەپێندراوە حەشاردراوەی ناخی تاکەکان سەرێژ دەکا و وەک کارەسات دەتەقێتەوە.

بابەتێکیتر کە لە روانگەی منەوە گرینگە چەکەرەکردنی بیری نەفرەتکردن لە “غەیری خۆ” و ستایشکردنی”خۆ”یە لە هەرێمی کوردستان. هەر تاوان یان رووداوێکی ناخۆش یان دیاردەیەکی نائاسایی روو بدا،بەر لەوەی تاوانبار یان “بکەر” ئاشکرا بێ،پەنجەی تاوان بۆ ئەو کەسانە رادەکێشرێ کە بە رەگەز کورد نین یان خەڵکی پارچەیەکیتری کوردستانن.نموونەی لەو چەشنە زۆرن.هەر بەو پێیە کە مادام کەسێک کورد نەبوو یان ئەوەیکە خەڵکی ئەم پارچەیەی کوردستان نەبوو ئەوە سەرچاوەی هەموو تاوان و بشێوییەکە،هەر بەو پێیەش ئەوە دەبێتە نێچیری ئەو مەزنخوازی و هەوەسپەرستییە هەوسارپەساوەی کە لەسەر جادە و بەبەرچاوی خەڵکەوە زۆر بە ئەرخەیانی  و بەبێ ترس و نیگەرانی پرچی کچێکی ١٦ساڵی پاک و بێدەرەتان رادەکێشێ و وەک ئاژەڵ بە کۆمەڵ لەقەراخ جادە و رێگەوبانەکان حەزی گڵاوی پێاوانەی خۆی لەسەر جەستەی بەتاڵ دەکاتەوە.ئەگەر رۆژانە هەروا چاوێکی خێرا بگێری بەو بەشە لە دامودەزگای ئیداری کە کاروباری میوان و خەڵکی هاتووی ناو هەرێمی تێدا رایی دەکرێ،زۆر بەزەقی ئەو چاوە برسی وکەڵپە گڕانە دەبینی کە لەجەستەی ئەو ژنانە تیژ کراون کە بۆ کاروباری ئیداری چوونەتە ئەوشوێنانە.لەسەر جادەکان زۆر بێ شەرمانە ریزی ئەو ئوتۆمبێلانە دبینی کە یەک لە دوای یەک رادەگیرن و داوا لەو کچ و ژنانە دەکەن لەگەڵیان سواربن کە تەنیا جل و بەرگ و پۆشاکیان نیشانەی ئەوەیە خەڵکی ئەم پارچەیەی کوردستان نین.گەلێک کچی ئەفریقی و بەنگلادێشی کە کارەکەری ماڵە دەوڵەمەندەکانن تووشی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە و زۆریان تووشی سکپری نەخوازراو دەبن.بەداخەوە هەتا کوردستان زیاتر بەرو سەقامگیری و دامەزراوەی سیاسی و ئیداری و ئابووری رۆیشتووە،ئەو بیرە راسیستییە لە شەقام و تەنانەت لە جومگەکانی دەسەڵاتیشدا زیاتر گەشەی کردووە و خۆی دەردەخا.لە روانگەی ئەو”بیرە”سەقەتەوە هەموو ئەو ژنانەی کە بەهەر هۆکارێکی سیاسی،ئابووری و پیشەیی،یان کۆمەڵایەتی دێنە هەرێمی کوردستان،گۆشت و جەستەیان  حەڵاڵە و چاوی تەماح و ددانی تیژی هەوەسی پیاوانەی ئەو خاوەن”بیرکردنەوانە”لە کەمینیاندایە بۆ راوکردنیان.

من پێموایە ئەرکی رووناکبیران و خەڵکی خاوەن هەڵوێست و خەمخۆری کوردستانە کە لەئاست کارەساتی لەوچەشنە بێدەنگ نەبن و لە رێگای نووسین و کەمپەین و کۆر و سمینارەوە بەرەنگاری گەشە و پەرەسەندنی ئەو دیاردە ناحەز و نامرۆیانە بنەوە.گەشەکردن و پەرەسەندنی ئەو “هزرە”مەترسیدارە،هەرەشەیە بۆسەر بەها ئینسانی و بایەخە کۆمەڵایەتییەکان و رەمزە نیشتمانی و نەتەوەیەکان.

ئارام مودەریسی

١١/٠١/٢٠١٤

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.