لە ماوەی یەك هەفتەی رابردوو لانیكەم 36 كەس لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی بە تۆمەتگەلێكی جیاجیا لەسێدارە دراون.
بە پێی راپۆرتی سەرچاوەكانی مافی مرۆڤ، رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە 2ی مانگی جۆزەردان كەسێك بە تاوانی قاچاخی مادەهۆشبەرەكان لە لایەن دام و دەزگا قەزایی و ئەمنیەتیەكانی كۆماری ئیسلامیەوە لە شاری ئەردەبێڵ لەسێدارە درا.
رۆژی یەكشەممە لانیكەم 6 كەس لە زیندانی قزڵحساری كەرەج كە ئەوانیش تاوانی قاچاخی مادەهۆبەرەكانیان لەسەربوو لەسێدارە دران. هەندێ لە سەرچاوەكان رێژەی ئێعدام كراوەكانیان 11 كەس و ناوی 2 كەسیان “مەسعود زیبایی” و “عەباس حەیدەری” راگەیاندووە.
لە هەمان رۆژدا 2 كەسی دیكە بە تاوانی ئەنجامدانی قەتڵ لە زیندانی شەهاب لە شاری كرمان لەسێدارە دران.
رۆژی دووشەممە 4ی جۆزەردانیش، 22 كەسی دیكە لە زیندانی قزڵحساری لە پەیوەند لەگەڵ مادەهۆشبەرەكان لە سێدارە دران.
رۆژی سێشەممە لە شاری گەچساران پیاوێكی 35 ساڵ تەمەن بە ناوی “روح ئەڵڵا گەشتاسبی” بە تاوانی كوشتنی 2 كەس، حوكمی قساسی بەسەردا سەپا بوو و لەسێدارە درا.
رۆژی چوارشەممە 6ی مانگی جۆزەردان 3 كەس لە پێش چاوی خەڵك لە شاری مەشهەد بە هۆی ئەوەیكە بە چەكەوە دزییان كردبوو لەسێدارە دران.
لە هەمان رۆژدا كەسێكی دیكە لە زیندانی ناوەندیی تەبرێز بە ناوی “نەورۆز بەسیری” بە تاوانی ئەنجامدانی قەتڵی بە ئەنقەست لەسێدارە درا.
تا ئێستا ئامارێك لەسەر ئەگەری ئێعدامی هاوڵاتییان لە رۆژی پێنجشەممە بڵاو نەكراوەتەوە.
جێگای باسە، ئاماری ئێعدامەكان لە ئێران بە شێوەیەكی سەرسوڕهێنەر لە حاڵی پەرەسەند دایە و لە سەرەتای ساڵی 1394ی هەتاویی واتە زیاتر لە 2 مانگی رابردوو نزیكەی 200 كەس لە ئێران ئێعدام كراون.