هه‌ینی 27 كانونی یه‌كه‌م 2024

كورد…و داعش و ئەوانی دیكە! / ئەكرەمی میهردا

تیرۆرست و فاشیستەكانی داعش هەموو جیهانیان تووشی تاسان كرد بە ئاسان داگیركردنی شارە گەورەكانی عێراق و سوریا لە موسڵ و تكریت و ئەنبارەوە هەتا ڕەققەو دێرەزۆر . زیاتر لە ساڵێكە داعش بەئازادی لەنێوان عێراق و سوریا چالاكی و تاوانی تیرۆرو كۆكوژی ئەنجام دەدات و چەند مانگێكیشە بەرەو شاڵاوو لافاوی داگیر كردنی شارو ناوچەكان لە فراوانی و بەهێزبووندایە ، و لەشكرەكانی عێراق و سوریا و ئۆپۆزسیۆنی سوریاش خۆیان لە بەرامبەر ئەو شاڵاوانە نەدەگرت و دەنگو باسەكانی پێشرەوی و دڕندایەتی داعش هەمووانی ترسان. بەڵام بەرەنگاری و بەرخودانی كوردستان بەگشتی و كۆبانێ بەتایبەتی رێگرێكی گەورەو كۆسپێكی مەزن بوون لەبەرامبەر تیرۆرو فاشیزمی ئیسلامی ، لەكاتێكدا لەشكرە بەهێزەكانی عێراق و سووریا لەبەردەم ئەم تیرۆرست و فاسیشتانە هەڵدەهاتن كوردستان و كۆبانێ كەوتنە بەرگری و پاشان بەرەو هێرشی دژ راسان و ئێستا  پەیامێكی گرنگ و مەزنیاندان دا بەوڵاتانی دەوروبەرو جیهان .

لەترسناكترین و  كاریگەرترین وەچەرخانی سیاسی و مێژویدا كوردستان وتی ئێمە پابەندین بەئازادی و پاراستنی كوردایەتی خۆمان و  ئازایەتی كۆبانیش گەواهی ئەم هەڵوێستەمانە . بەرگری و بەرخۆدانی كوردو كۆبانی لە كاتێكدایە كە هەموو دەسەڵات و حكومەتەكانی ناوچەكە و هەریەكەو بە شێوازێك لەگەڵ داعش دەستیان تێكەڵ كردووە، یان نەخشیان هەبووە لە هاوكاری و بەهێزكردنیان.
توركیای ژێر دەسەڵاتی عوسمانیە تازەكان و ئیسلامیە ئیخوانیەكان بە ئاشكرا و نهێنی هەرچی بۆ كرابێت لە هاوكاری و پاڵپشتی داعش لە دژی كورد درێغی نەكردووە و تەنانەت پرۆسەی بەناو ئاشتی و چارەسەری دوو ساڵی رابردووشی فەرامۆشكرد و ئێستا خۆی كردۆتە سەنگەر و قەڵغانی بەرگری سیاسی و دیپلۆساسی جیهانی لە بەرژەوەندی داعش، و بەهەموو ڕێگاكان دەیەوێت پەلامارە جیهانیەكان بۆ سەر داعش بە كەمترین زیان تەواو ببیت و هەموو بەهانە و ڕێگرییەكان دەخاتە كار بۆ بەشداری نەكردن لە جەنگی دژی داعش.
توركیا هێشتا لە خەونی ئیسلامی و عوسمانی رزگاری نەبووە و دوای ئەوەی كە هەموو ڕێگاكانی سیاسەت و بەرژەوەندی و وڵاتانی لە خۆی داخست، ئێستا دەیەوێت بە ڕێگای داعشەوە نەخش و مێژووی نوێی تۆمار بكات، یان بە پیلان و دادۆشینی سیاسی دەیەوێت هاوپەیمانی جیهانی دژی تیرۆر تەفرە بدات و لە هەموو ئەمانەشدا دوژمنایەتی سەرەكی خۆی لەیاد نەچووە و تەنانەت لەگەڵ شەیتانیشدا لە دژی كورد ڕێكدەكەوێ.
عێراقی عەرەبی بەسەر شیعە و سوننەدا دابەشبووە و جەنگی ئاشكرا و نهێنی نێوان ئەم دوو پێكهاتەیە ڕێگرە لەوەی كە بەناو دەوڵەتی عێراق دەڕۆستی داعش بێت و هێزە چەكدارەكانی هەتا دێت لە پاشەكشەدان و ئێستا داعشەكان لە پێشڕەوی و دەست پێشكەری سەربازی و جەنگیدان. هەردوو مۆدێلی عێراقی عەرەبی بۆ دەوڵەت و حكومەتداری، واتە مۆدێلە بەناو نیشتمانیەكەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی(سوننە) و بەعسی و دەسەڵاتی میلیتاری و موخابەراتی سەدام حسێن، و مۆدێلی دەوڵەتی تایەفی و ئایینی شیعەكان نەیانتوانی ڕێگربن لە سەرهەڵدان و بەهێزبوونی ئەم وەحشیگەرییە ئیسلامی و عەرەبیە و لاواز و بێدەسەڵاتن بەرامبەر پێشڕەوی و سەركەوتنەكانی. لە عێراقی عەرەبیدا كارەسات سەركەوت و ئێستا دوژمنایەتی نێوان سوننە و شیعەی عێراقی جەنگی مێژوویی ئەوانمان لەسەرەتای ئیسلامبوونی عێراقدا بۆ دووبارە دەكەنەوە، یان ئەو سەرەتا و زەمینانەمان بیر دەهێننەوە كە كارەسات و كۆكۆژی نێوان ڕواندییەكان و نێوان سرب و كروات و بۆسنیەكانیان كردە مەرگەساتی ئەو وڵاتانە!
لە سوریا رژێمی بەعسی و عەلەوی لە پاشەكشەدایە و بە هەزار حاڵ پایتەخت و ناوچەكانی عەلەوی نشینی بەدەستەوە ماوە و هەتا بێت ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی و تیرۆریستی لە بەهێزبووندان و زیاتر لە نیوەی وڵاتیان داگیر كردووە. بەناو شۆڕشی سوریا و ئۆپۆزیسیۆنی سوریا خەریكە بە تەواوی لەلایەن ڕەوتە ئیسلامیە تیرۆریست و فاشیستەكانەوە كۆنترۆڵ دەكرێن و لەناویشیاندا هاوسەنگی هێز و جەنگ لە بەرژەوەندیی باڵە هەرە فاشیست و دڕندەكانە كە ئەوانیش داعش و نوسرە و ناوە ئیسلامیەكانی دیكەن. رژێمی سوریا بە فەرامۆشكردنی هەندێك ناوچە و دژایەتی نەكردنی تیرۆر و فاشیزمی ئیسلامی، یان هاوكاری نهێنی دەیویست بە جیهان بسەلمێنێ كە شۆڕشی سوریا جگە لە تیرۆر شتێكی دیكە نیە. هەرچەندە ئەم هەڵوێستە دەرەنجامێكی ڕاست و چاوەڕوانكراوی لێ پەیدا بوو، كە ئۆپۆزیسیۆنی سوریا لەلایەن تیرۆریزم و فاشیزمی ئیسلامیەوە كۆنترۆڵ كراوە، بەڵام بەها و قوربانیەكەی كارەسات و مەرگەساتی خەڵكی بەدیاری هێنا، یان سوریا كرایە مەیدانێكی ئازاد و بێ چاودێری بۆ پێشڕەوی و بەهێزبوونی ئەو تیرۆر و فاشیزمە.
توركیا و ئێران و سوریا و بەشێك لە دەسەڵاتی عێراقیش دڵخۆش بوون بەرامبەر هێز و توانای رێكخراوە جیهادییە تیرۆریستەكان، و وڵاتانی سوننەی عەرەب و لەسەرووی هەمووشیانەوە شانشینی عەرەبی سعودی هەناوی رۆحی و ئایینی سەرهەڵدانیانە. ئەگەرچی هاوپەیمانیەكی بەهێزی جیهانی لە دژی داعش و فاشیزمی ئیسلامی دروست بووە، بەڵام نەخشی نادیار و ناكاریگەریی دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی توانای ئەم هاوپەیمانیە وەكو پێویست دەرناخات. جەنگی دژی داعش و فاشیزمی ئیسلامی ترسناكترین و كاریگەرترین سەردەمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، چونكە زۆربەی ئەو دەوڵەتانەی كە چوونەتە ناو ئەم هاوپەیمانیە جیهانیە ئەوانە بوون كە دەوری بەهێز و كارایان هەبووە لە دروستكردن و بەهێزبوونی ئەم تیرۆر و فاشیزمەدا.
لە ناو هەموو ئەو كارەساتانەی كە دەسەڵاتەكانی توركیا و عێراق و سوریا و دەوڵەتانی سوننەی عەرەبی و ڕەوتی تیرۆر و فاشیزمی ئیسلامی بەسەر خەڵك و وڵاتانیان هێنا، هێشتا كۆبانی لە بەرگری و شكاندنی ترس و وەحشەتەكانی داعش و پیلان و نامەردییەكانی توركیا و فەرامۆشی و بێدەربەستی عێراق و سوریا و دەرەقەت نەهاتنی كوردانی دیكەدایە. لە سەردەمی پێشڕەوی و بەهێزبوونی تیرۆر و فاشیزمی ئیسلامیدا تەنها كورد توانی بەرامبەر پەلامار و هێرشەكانی ئەو دڕندانە بوەستێ و پێشمەرگە و گەریلا و شەرڤانەكانی كوردبوون كە بۆ یەكەمجار ئەوانیان شكاند و سەدان و هەزارانیان كوشتن. ئەگەرچی داعش وكۆنەبەعسیەكان و شوێنكەوتوانی سوننی و ئیسلامی لە جەلەولاو مەخمور و شنگال و دەشتی موسڵ و كانتۆنەكانی رۆژئاوا كوردیان بە سەختی بریندار كردووە و سەدان و هەزارانیان كردۆتە قوربانی دین و سیاسەتەكانیان، بەڵام بەرەنگاری و هێرشی كورد ئەو ڕیگرو سەنگەرە بەهێزە بوو كە نە خۆیان و نە دەوڵەتانی ترسنۆكی (عێراق، سوریا، توركیا) و نە دەوڵەتانی خاوەن بەرژەوەندی لەگەڵیان (سوننەی عەرەب) چاوەڕوانیان نەدەكرد و نە ئەمریكا و ڕوسیا و وڵاتانی دیكەی جیهانیش نەیاندەزانی كورد بەهێزترین بەرگری و كۆسپە لەبەردەمی داعش.
پەیامی كورد و لە پێشەوەی كوردیش پەیامی كۆبانی بۆ هەموو جیهان و وڵاتانی ناوچەكە ئەەیە كە كورد لەم سەردەمی كارەسات وفاشیزمە ئیسلامیەدا ئازاد و ئازایانە داكۆكی لە خۆی و لە ئازادی دەكات و هێندەی بتوانێ بەرەنگاری ئەو لافاوە دەبێتەوە. هەروەكو چۆن سربەكان و سۆسیالیستەكانی ئەو سەردەمەی یوگوسلافیا تەسلیمی نازیەكانی ئەڵمانیا نەبوون و سەریشیان بۆ ستالین و لەشكر و سیاسەتەكانی نەوی نەكرد و بوونە رزگاركەری هەموو ئەو نەتەوانەی كە پاشان وڵاتانی یوگوسلافیان دامەزراند. هەروەكو چۆن پۆڵۆنیای دابەشكراو و داگیركراو لەلایەن ڕوسیا و ئەڵمان و نەمسا قەڵای شۆڕش و ئازادی و دژی كۆنەپەرستی بوو  لە سەدەی نۆزدە و نیشتمانی دژایەتی نازیزم و فاشیزم بوو سەرەڕای داگیركردنی لەلایەن ئەڵمانەكانەوە لەسەردەمی جەنگی جیهانی دووەم، كوردیش دەتوانێ و دەبێ هەمان چارەنوس و ڕێگا بگرێتەبەر و قەڵا و نیشتمانی بەرنگاری بێت لە دژی كۆنەپەرستی و فاشیزمی ئیسلامی و عەرەبی.
كورد هەرچەند خاونی دەوڵەت نیە وهێزە جیهانیەكان ئەو مافەیان بۆ ڕەوا نەبینیوە و دەوڵەتانی داگیركاریش نەیانهێشتووە بە سەروەری و سەربەخۆیی بگات، بەڵام زیاتر لەهەموو دەوڵەتانی ناوچەكە بەرامبەر كارەساتەكانی فاشیزمی ئیسلامی سەربەرزانە ڕاوەستاوە و ئێستا هێز و نیشتمانی كورد بوونەتە سەنگەری دژایەتی داعش و هاوشێوەكانی و یەكەمجار كوردستان بوو كە ڕێگای لە هێرش و لافاوەكانی داعش گرت.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.