سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە وتەیەكدا سەبارەت بە ڕووداوەكانی كێلەشین، ڕایگەیاند ” ئێمە هیچ لایەنێك بە دوژمنی خۆمان نازانین بێجگە لە كۆماری ئیسلامی ئێران” و جەختی لەوە كردەوە كە ” دەبێ لە مێژوو فێر بین كە ئەگەر لەگەڵ یەكتری كێشەیەكمان بۆ هاتە پێشێ، لە رێگای دۆزینەوەی رێگەچارەی ئاشتی و دۆستانەوە بتوانین حەلی بكەین.”
مستەفا هیجری لە وتەكەیدا كە لە ڕێگەی كەناڵی “ڕۆژهەڵات تی ڤی”یەوە دای بە ڕای گشتی، وێڕای ئاماژە بە ڕووداوەكەی سەر سنووری باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان، وتی ” حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران حیزبێكی شەڕخواز نەبووە و ئێستاش حیزبێكی شەڕ خواز نییە”.
ناوبراو دەستنیشانیشی كرد كە “هیچ لایەنێك بە دوژمنی خۆمان نازانین بێجگە لە كۆماری ئیسلامی ئێران و هەموو كار و تێكۆشانی ئێمە لە پێوەندی لەگەڵ زەربە لێدان لە كۆماریی ئیسلامیی ئێران و كار كردن بە دژی رێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە بە مەبەستی دیفاع لە مافە پێشێلكراوەكانی خەڵكی كورد لەكوردستانی رۆژهەڵات.”
سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، مەبەستی جێگیر بوونی پێشمەرگەكانی حیزبەكەی بە “پێوەندیگرتن” لەگەڵ خەڵكی ڕۆژهەڵات بەناو كرد، بەڵام وەك ئەو گوتی ” بەداخەوە پەكەكە پێشیان پێگرتوون و لە راستیدا مانع بوونە لەوەی كە پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە مەنتەقەدا هاتوچۆ بكەن.”
ناوبراو هیوای خواست ئەمە “بەرنامەی گشتیی رێبەرایەتیی پەكەكە نەبێ و هەڵەیەك بێ كە لە لایەن بەرپرسانی ئەو مەنتەقەوە روویدابێ، چونكە ئەگەر ئەوە نەبێ، ئەو ئیقدامە و ئەو بەرنامەی پەكەكە دەچێتە خانەی یارمەتیدان بە دوژمنان، بە بەهێزترین و بە زاڵمترین دوژمنی كورد لە مەنتەقەدا كە كۆماری ئیسلامیی ئێرانە.”
هیجری، كە بە سەردانێكی سیاسی/ دیپلۆماسی ئێستا لە ئەورووپایە، سەبارەت بەو ڕووداوە گوتیشی “ئێمەی كورد دەبێ لە مێژوو فێر بین كە ئەگەر لەگەڵ یەكتری كێشەیەكمان بۆ هاتە پێشێ، بتوانین لە رێگای دۆزینەوەی رێگەچارەی ئاشتی و دۆستانەوە بتوانین حەلی بكەین، چونكە ئێمە بەرژەوەندیمان، قازانجمان هەمووی پێكەوە بەستراوەتەوە.”
كۆماری ئیسلامی ئێران یان دوژمنانی دیكە رەنگە بۆ ماوەیەك لە یەكێكمان ئیستفادەی كردبێ بە دژی ئەوی دیكە، بەڵام لە واقیعدا ئەوەی كە دۆست و پشتیوانی یەكترین، دەبێ گەلی كورد بێ، بە تایبەت لەو دۆخە ئاستەمە سیاسییەدا كە لە مەنتەقەدا هاتۆتە پێشێ؛ مستەفا هیجری وای گوت و داواشی لە “هەموو چین و توێژەكانی كوردستان” كرد “بە نسیبەت ئەو شێوە سیاسەتەی پەكەكە گرتوویەتە پێشێ، بێدەنگ نەبن و هێز و توانای خۆیان، لە هەر رێگایەكەوە بۆیان دەكرێ، بخەنە سەر پەكەكە كە لەو شێوە سیاسەت و رەفتارانەی كە لەگەڵ حیزبە سیاسییەكانی كورد لە بەشەكانی كوردستاندا بەكاری دێنێ، پاشگەز بێتەوە و لە باتی دوژمنایەتی و حەولدان بۆ تەزعیف و لاواز كردنی لایەنەكانی دیكەی كوردی، حەول بدات لەو هێز و توانایەی كە هەیەتی بە قازانجی نەتەوەیی گەلی كورد و باقی حیزبە سیاسییەكان كە لە خزمەتی ئامانجی خەڵك دان كەڵك وەربگرێ.”
ناوبراو، وێڕای دەربڕینی هیواداریی خۆی سەبارەت بە پەرەنەگرتنی ئاڵۆزییەكان وتیشی “لە لایەن خۆمانەوە نە دڵخۆشین بەو مەسەلەیە و نە لە حەولی ئەوەداین ئەو مەسەلەیە پەرە پێ بدەین. هیوادارم كە پەكەكە و دۆستانی پەكەكە هەر لەو رێگایەوە و هەر بەو شكڵە كەڵك وەرگرن لە مەوقەعییەتەكە و ئەو پێوەندییە كە نێوانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و پەكەكە لە ساڵانی ڕابردوودا بووە، هەر لە جێگای خۆیدا بمێنێتەوە و ئەو مەسەلەیە خەوشەداری نەكات.”
داواشی لە خەڵك و لایەنگرانی حیزبەكەی كرد “لەسەرخۆ بن، ئارام بن و لە واقعدا كارێك نەكەن كە دوژمنان كەلكی لێوەرگرن و ئەركی ئەوان بە یەكگرتوویی و پشتی یەكتر گرتن روو لە دوژمن كردنە كە ئێستا گەورەترین و بەهێزترین دوژمنی گەلی كورد لە هەموو بەشەكاندا كۆماری ئیسلامی ئێرانە.”
یەک بۆچوون
ئابونەکان: مستەفا هیجری داواكارییەكی ئاراستە كرد | KurdPress