لە ماوەی 2 رۆژی رابردوودا و لە زیندانەكانی قزڵ حساری كەرەج و زیندانی ئەردەبێڵ لانیكەم 7 كەس لەسێدارە دران و 8 كەسی دیكەش رەوانەی ژووری تاكەكەسی كران.
بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی هرانا، ئەمڕۆ یەكشەممە 3ی مانگی جۆزەردان لانیكەم 6 كەس لە زیندانی قزڵ حساری كەرەج بە بە تاوانی قاچاخی مادەهۆشبەرەكان لەسێدارە دران.
هەندێ لە سەرچاوەكان رێژەی ئێعدام كراوەكانیان 11 كەس و ناوی 2 كەسیان “مەسعود زیبایی” و “عەباس حەیدەری” راگەیاندووە.
هەروەها لە لایەكی دیكەوە رۆژی رابردوو لە زیندانی ئەردەبێل كەسێك بە هەمان تاوان لەسێدارە درا.
لە لایەكی دیكەوە هەر ئەو سەرچاوەیە باس لەوە دەكات كە لە 8 كەسی دیكە لە زیندانی قزڵ حسار بە مەبەستی لەسێدارەدان رەوانەی ژووری تاكەكەسی كراون و ناوی 3 كەسیان “ئێحسان سوقفی، بەلوچ زێهی و نادر حاجی زادە” راگەیەندراوە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، لە ماوەی 2 مانگی رابردوو بە ئاستێكی زۆر رێژەی ئێعدامی هاوڵاتییان لە زیندانیە جیاجیاكانی ئێران پەرەی سەندووە و بە پێی ئامارە كۆكراوەكانی “زاگرۆس پۆست”، زیاتر لە 150 كەس لەم ماوەیەدا لە ئێران ئێعدام كراون.