سەر لەبەیانی رۆژی رابردوو 10 كەس لە زیندانەكانی ئێران ئێعدام كران و 8 كەسی دیكەش رەوانەی ژووری تاكەكەسی كران و بڕیار بوو سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەسێدارەیان بدەن.
بە پێی راپۆرتی هرانا، سەرلەبەیانی دوێنێ سێشەممە 29ی مانگی گوڵان 5 كەس لە زیندانی عادڵ ئابادی شیراز بە تاوانی ئەنجامدانی قەتڵ لەسێدارە دران كە تەمەنی یەكێك لە ئێعدام كراوەكان 18 ساڵ راگەیەندراوە.
هەرەوەها هەر لەو رۆژەدا كەسێكی دیكە لە شاری شیراز و لە پێش چاوی خەڵك تاوانی دەستدرێژیی سێكسی لەسێدارە درا.
لە لایەكی دیكەوە، 4 كەسی دیكە بە تاوانی قاچاخی مادەهۆشبەرەكان لە زیندانەكانی دلیجان و خومەینی سەر بە پارێزگای ئەراك ئێعدام كران.
هەر ئەم سەرچاوەیە ئاشكرای دەكات، كە 8 كەسی دیكەی رۆژی رابردوو كە تاوانی قەتڵیان لەسەر بووە بە مەبەستی جێبەجێ كردنی حوكمی ئێعدام رەوانەی ژوورە تاكەكەسیەكانی زیندانی رەجایی شاری كەرەج كراون.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، لە ماوەی 2 مانگی رابردوو بە ئاستێكی زۆر رێژەی ئێعدامی هاوڵاتییان لە زیندانیە جیاجیاكانی ئێران پەرەی سەندووە و بە پێی ئامارە كۆكراوەكانی “زاگرۆس پۆست”، لانیكەم 150 كەس لەم ماوەیەدا لە ئێران ئێعدام كراون.