هه‌ینی 27 كانونی یه‌كه‌م 2024

خەساندنی رۆژهەڵاتی كوردستان / رێبوار کەریم وەلی

بزووتنەوەی كوردی و كوردستانی، لە سێ لەسەر چواری ئەو وڵاتانەی كوردیان بەسەردا دابەش بووە، بە ئاقاری جیابوونەوە هەنگاو دەنێت. لە كوردستانی باشوور بەرەو سەربەخۆیی یان لانیكەم بەرەو كۆنفیدراڵی هەنگاو دەنێ و ئیجماعێكی كوردستانی و نێودەوڵەتی لەسەر ئەوە دروست بووە كە ژیان لەگەڵ پێكهاتەی عارەبی لە وڵاتی بەناو عێراقدا زەحمەتە.

لە سەروبەندی ئەوەیدا كە ناسیۆنالیزمی كوردی (كە سەرچاوەكەی نادیارە، بەڵام لە باشووری كوردستان گیرساوەتەوە) خەریكە پارچەیەك لە سەرزەمینی بەڵێن پێنەدراوی كوردان بكاتە قەوارەیەكی نێودەوڵەتی. لە سێ پارچەكەی دیكە و بەتایبەتیش لە كوردستانی رۆژهەڵات (كە یەكەم كۆماری كوردی لێ لەدایك بووە)، موو نابزوێ! هەقە پرسیاری ئەوە بكرێت، بۆ؟

باسی پێش 1991 ناكەم، ئەوەی رووی دا رووی دا.. بەڵام لانیكەمی ئەوەیە كە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە راپەڕینەوە تا ئێستا، ئەگەر ئاسانكار نەبووبن، ئەوا قەت باری گران نەبوونە. نە ئەوێ رۆژێ و نە ئەوڕۆ، قەت بیستووتانە حیزبێكی رۆژهەڵات خەباتكارێكی كوردیان رادەست و تەسلیمی داگیركەر كردبێ؟ قەت نایبینن…

ئێمە لە كۆتایی حەفتاكان و سەرەتای هەشتاكاندا بە فیتی دوژمن، ئەوەی لە رۆژهەڵات بەدەست هاتبوو، لە جیاتی ئەوەی فیدائیانە پارێزگاریی لێ بكەین (وەك ئەوەی ئەوان ئێستا دەیكەن)، گیان لەسەر دەست تەسلیمی داگیركەرمان كردەوە و رۆژهەڵاتمان رەنج بە خەسار كرد. تا بۆمان كرا لە هاوكێشەی سیاسی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەكارمان هێنان، بەڵام بەس بەكارمان هێنان و هیچ!

ئەوان چاوپۆشییان لەوە كرد كە ئەگەر چالاكیی سەربازییان نەمێنێ، رەنگبێ هیچ هەوادارێكیان لە رۆژهەڵات نەمێنێ، بەڵام بۆ ئەوان ئەوە گرنگ بوو كە وەك چۆن لە كۆماری جوانەمەرگدا بارزانی بە هاواری قازییەوە چووبوو (یان لای پێشەوا گیرسابووەوە) ئاوا ئەگەر بەهاناشەوە نەهاتبن و لێرە گیرسابنەوە، كوردی باشوور ببن بە خاوەنی كیان و كەرامەت.

ئەو لەخۆبووردەییەی ئەوان زۆر بە زیانیان شكایەوە و ئەوەش لە كاتێكدا بوو كە قەت نەمانتوانی وەكو كوردی باشوور قەرەبووی ئەوە بكەینەوە… با قەرەبوومان كردنەوە! پاسدارانی ئێرانمان هێنایە كۆیە و ماڵ و منداڵەكانمان قەتڵوعام كردن.. دواتر بەوەش نەوەستاین، لەكوێ بارەگایەكی ئەوانی لێ بوو، مشتێك پاسدارمان بۆ هێنان. لە ئاست هەموو لە سێدارەدان و رەشەكوژییەكانی ئێراندا بێدەنگ بووین و فەرشی سوورمان بۆ بكوژی رێبەران و سەركردەكانیان راخست. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی رۆژهەڵاتمان وا لاواز كرد كە وای لێهات ئێران لە پاڵ جاشە كلاسیكییەكان، جاشی مۆدێرنیش لە ژێر ناوی شۆڕشگێڕ! دروست بكات.

ئێستا، كە ئەوان لە زۆر شوێن (لەو شوێنانەی كە لە باشوور ئێران دەسەڵاتی نییە) بەرگری لە كەرامەتی باشوور دەكەن، بەڵام هەموو رۆژێك سووكایەتی بە كەرامەتی تاكەكانیان لە رۆژهەڵات دەكرێت، ئەركی مێژوویی ئەوە دەخوازێت كە لە جیاتی رێگریكردن، دەرگای خەباتی چەكدارییان بەسەردا بكەینەوە.

رژێمی كۆماری ئیسلامی كە زادەی زەبروزەنگ ، توندوتیژی و تیرۆرە، تەنها لەو زمانانە تێدەگات و بە هەر زمانێكی دیكە لەگەڵی قسە بكەی بێ فایدەیە. بۆیە كورد گوتەنی”مست لە درێشە دەگەڕێتەوە”.

پەكەكە 24 ساڵی رەبەقە لێرەوە پەلاماری دار و بەرد دەدات، هیچیش رووی نەداوە، بگرە وایان كردووە كە رژێمێكی عەسكەرتاریی وەكو توركیا بێتە سەر مێزی دانوستاندن، لێگەڕێن با بزووتنەوەی چەكداری و شۆڕشگێڕیی كورد لە رۆژهەڵاتیش كەمێك رۆڵی خۆی ببینێ. كەمێك لەو چەكانەی كە ئەمریكا و رۆژئاوا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەیدەن بە كورد، با بكەوێتە دەست شۆڕشگێڕانی كوردی رۆژهەڵات. مەگەر تیرۆر هەر تیرۆر نییە! ئەوان بەو چەكانە نەك هەر بەرەنگاری تیرۆر، بگرە رووبەڕووی سەرچاوەی تیرۆریش دەبنەوە.

 

وەرگیراو لە ماڵپەڕی رووداو

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.