لە پێنجەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی “فەرزاد كەمانگەر” مامۆستای لەسێدارەدراوی كورد و چوار هاوڕێی دیكەی لەلایەن حكوومەتی ئێرانەوە، ناوەندی پارێزەرانی مافی مرۆڤی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا داوای لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كردووە بە زەخت و گوشار بۆ سەر ئێران كۆتایی بە ئیعدامی چالاكوانانی سیاسی و مەدەنی بێنێت.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە سەرلەبەیانیی رۆژی19ی خاكەلێوەی 1389ی هەتاوی هاوكات لەگەڵ دوایین رۆژی هەفتەی مامۆستا لە ئێران “فەرزاد كەمانگەر” مامۆستا و چالاكوانی مافی مرۆڤ هاوڕی لەگەڵ چوار زیندانیی سیاسیی دیكە بەناوەكانی “عەلی حەیدەریان، شیرین عەلەم هوولی، فەرهاد وەكیلی و مەهدی ئیسلامیان” بە نهێنی و بەبێ بوونی پارێزەر و بنەماڵەكانیان لە زیندانی ئێڤین لەسێدارە دران”.
لە بەشێكی بەیاننامەكەی ناوەندی پارێزەرانی مافی مرۆڤی كوردستاندا هاتووە، “وەڵامی نەتەوەی كورد بەو سێدارەیە و سێدارەكانی دیكە بەپێی كولتووری ناتوندوتیژی و گەیشتن بە دیموكراسی، پەیامێكی ئاشتی بووە بۆ هەموو حكوومەتەكان”.
پاش پێنج ساڵ لە سێدارەی ئەو پێنج چالاكوانە هێشتا نازانرێ شوێنی ناشتنی تەرمەكانیان لە كوێیە و ناوەندی پارێزەرانی مافی مرۆڤی كوردستان شاردنەوەی شوێنی ناشتنی تەرمی ئەو چالاكوانانە بە نایاسایی و پێشیڵكاریی مافی مرۆڤ دەزانینن و خوزایاری روون بوونەوەی شوێنی گلكۆكانیانین.
لە كۆتایی بەیننامەكەدا داوا لە رێكخراوەكانی داكۆكیكاری مافی مرۆڤ، بۆ وێنە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی كۆمەڵەكانی مافی مرۆڤ، چاودێری مافی مرۆڤ و رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی لە “ئەحمەد شەهید” رێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران داوا دەكەن هەتا بە زەخت و گوشار بۆ سەر دانوستانكارە ئەورووپییەكان كۆتایی بە سێدارەی چالاكوانانی سیاسیی و مەدەنی لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان بهێنرێت و بەدواداچوون بۆ دۆسیەی چالاكوانان و پێشیڵكاریی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە بكەن.