شارەداری شاری شنۆ لە كۆبوونەوەی شۆفیر تاكسیە پلاك سوورەكانی ئەو شارە وتی: بە توندی بەرەوڕووی هەر جۆرە ناڕەزایی دەربڕین و مانگرتنێك بەمەبەستی بەدواداچوونی خواست و داواكاریی شۆفیر تاكسیەكان دەبینەوە.
بە پێی راپۆرتی شنۆباس، “سەید كەمال تاهیری” لە كۆبوونەوەی شۆفیر تاكسیە پلاك سوورەكانی شاری شنۆ رایگەیاند: لە ئەگەری بینینی دووبارەبوونەوەی رووداوەكانی چەند رۆژی رابردوو لە لایەن شۆفیر تاكسیە پلاك سوورەكانەوە، هەڵسووكەوتی توندی یاسایی دەخەینە دەستوری كاری خۆمانەوە.
شارەداری شاری شنۆ رووداوەكانی چەند رۆژی رابردووی شۆفیری پلاك سوورەكان بۆ بەدواداچوونی خواستەكانیان، بە ناڕەوا لەقەڵەمدا و وتی: شۆفیری تاكسیە پلاك سوورەكان لە ئەگەری ئەوەیكە كێشە و خواستێكیان هەبوو لەجیاتی ناڕەزایی دەربڕین، دەبێ لە رێگای نوێنەرەكان و تەعاونیە پەیوەندیدارەكانەوە بەدواداچوونی بۆ بكەن.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی داوەتە دوو كارە بوونی شۆفیر ئەو تاكسیانە لە شاری شنۆ و وتی: زۆربەی شۆفیری تاكسیە پلاك سوورەكانی شاری شنۆ بە شێوەی نایاسایی دوو پیشەیان هەیە كە ئەم دۆخە لە لایەن رێكخراوی هاتوچۆوە بەدواداچوونی بۆ دەكرێ.
تاهیری هەروەها بە شۆفیر تاكسیە پلاك سوورەكانی راگەیاندووە: تاكسیە پلاك سوورەكان لە زۆربەی كاتەكانی رۆژ بە قەد قامكەكانی دەست لە شەقامەكان دەردەكەون و وێڕای ئەم كەم كارییە، هێشتاكە گەلەیی و سكاڵا لە لایەن شۆفیرەكانەوە دەبیندرێت.
وتەكانی شارەداری شاری شنۆ لەحاڵێكدایە، كە شۆفیر تاكسیە پلاك سوورەكانی ئەو شارە تا ئێستا چەندین جار دەستیان داوەتە ناڕەزایی دەربڕین سەبارەت بە مسافركەشیی تاكسی تەلەفۆنیەكان لە نێو شاری شنۆ و بەدوادانەچوونی خواستەكانیان، لە بەردەم شارەداریی و رێكخراوی هاتوچۆدا كۆبوونەتەوە.