13 كەس كە لە ماوەی رۆژانی رابردوو لە زیندانەكانی ورمێ و شیراز رەوانەی ژووری تاكەكەسی كرابوون، لەسێدارە دران.
بە پێی راپۆرتی ماف نیوز، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی مانگی گوڵانی 1394ی هەتاویی، 6 زیندانیی كە بە تاوانی قاچاخی مادەهۆشبەرەكان حوكمێ ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو و لە بەندەكانی 14 و 15ی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ راگیرابوون، لەسێدارە دران.
ناوی ئەو 6 كەسە “ئەحمەد شیری، عەبدولعەزیز فولادی، شاهین ساڵحی، لەتیف عەلیزادە، حەسەن بینا و حاجی عەباسی” راگەیەندراوە.
ئەو 6 زیندانیە پێشتر لە لایەن دەزگای قەزایی كۆماری ئیسلامیەوە لە ورمێ بە تاوانی قاچاخی مادەهۆشبەرەكان بە ئێعدام مەحكوم كرابوون. لەو 6 زیندانیە 5 كەسیان خەڵكی شاری ورێم بوون و “حەسەن بینا”یش خەڵكی شاری زەنجان بوو.
لە لایەكی دیكەوە، رۆژێ پێشتریش7 كەس كە بە تاوانی قاچاخی مادەهۆشبەرەكان لە زیندانی عادڵ ئابادی شیراز بۆ ژووری تاكەكەسی گواسترابوونەوە، لەسێدارە دران.
ئەو 7 زیندانیە لە زیندانی پیربەنا لە شاری شیراز بۆ زیندانی عادڵ ئاباد گواسترابوونەوە و رۆژی چوارشەممە 16ی مانگی گوڵان لەسێدارە دران.