نوێنەری هەرێمی كوردستان لە تاران باس لەو رێكەوتنە دەكات كە بەهۆی كۆمەڵەو دیموكرات شەڕی چەكدارییان بەرامبەر بە ئێران راگرتو دەڵێت “هەر هێزێك كە پابەندی نەبووبێت لە هەرێمی كوردستان كراوەتە دەرەوە “.
نازم دەباغ لە دیمانەیەكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی “ئانا”ی ئێرانی، لەتەوەرێكدا كە تایبەتە بە نێوانگیری نازم دەباغ بۆ دانوستانی نێوان ئێرانو پژاك، دەڵێت: “من لەم بارەوە تەنیا هێڵی پەیوەندی بووم، بەڵام هەموو پرس و بابەتەكانم نەدەگواستەوە، چونكە ئەو دیدارانەی كە لەگەڵ هەردوو لا هەمبوو، هەندێ پرس دەهاتنە بەرباس، كە لەوانە بوو دوو لایەن ببێتە شەڕیان.”
هەروەها دەڵێت :”من سەرەتا پرس و بابەتەكانم لەگەڵ جەلال تاڵەبانی دەخستە بەرباس و پرس و رام پێ دەكرد و دواتر هەنگاوم هەڵدەگرت كە سەرەنجام دەگەیشتە ئەنجام.”
پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک) کە وەک لقێکی پەکەکە لە هەندێ ناوچەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵانی رابردووا لەگەڵ حکوومەتی ئێران شەڕی چەکداریی کردووە، ماوەی زیاتر لە 3 ساڵە لەگەڵ ئێران رێک کەوتوون کە شەڕی چەکداری نەکات.
هەر لە درێژەی ئەم تەوەرەدا لە وڵامی پرسیارێكی دیكەدا كە باس لە رۆڵی نازم دەباغ لە راگرتنی شەڕی چەكداریی حیزبە كوردییەكانی رۆژهەڵات (كۆمەڵە و دیموكرات) دەكات نام دەباغ دەڵێ: “ساڵی 1995 یەكەم پەیوەندی كە لە نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان دامەزرا، چەندین هێزی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی وەك “كۆمەڵە، دیموكرات، چریكە فیداییەكان و موجاهدینی” لە ناوچە هەبوون، هەندێ رێككەوتن لە نێوان هەردوولا پێكهات.”
نازم دەباغ لە درێژەدا دەڵێ: “بەشێكی زۆری چالاكیی ئەو هێزانە لە ناوچەی ژێر كۆنترۆڵی مندا بوو، چونكە ئەوكاتە من بەرپرسی ئیدارەی گۆمرك و دارایی “سەفرە و زەروون” لە ناوچەی ماوەت بووم، یەكەم رێككەوتن ئەوە بوو نابێ ئەو هێزانە لەو ناوچانە بمێنن، هەروەها نابێ هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ناوچەكانی ژێر نفووزی هەرێمی كوردستان هیچ چەشنە چالاكییەك ئەنجام بدەن كە ئەمە دووەم رێككەوتن بوو.”
ئاماژەی بەوەش داوە لەو كاتەوە هەتا ئێستە ئەو هێزانە پابەندی ئەو بەڵێن و رێككەوتنانە بوون و هەر هێزێك كە پابەندی نەبووبێت لە هەرێمی كوردستان كراوەتە دەرەوە، بۆ وێنە موجاهدینی خەڵقی ئێران.
تەورێكی دیكەی ئەم دیدارە لەگەڵ نازم دەباغ كە تەرخان كراوە بۆ هێرشی داعش بۆ سەر عێراق و ناوچەكانی هەرێم، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە گوایە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ئۆتێلێكی شاری هەولێر پێشوازیی لە سەرانی داعش كردووە، نازم دەباغ ئەو هەواڵە رەت دەكاتەوە و بە درۆی هەڵبەستراوی وەسف دەكات.
لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا نازم دەباغ باسی پەیوەندیی خۆی و “قاسم سلێمانی”، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران دەكات و دەڵێ: “یەكەم جار ساڵی 1991 پێكەوە دیدارەمان كردووە و ئیرادەتێكی تایبەتیم بە قاسم سلێمانی هەیە و شانازیشی پێوە دەكەم و ئەمەشم چەندین جار دووپات كردووەتەوە.”
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا لە پەیوەندی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) و هەرێمی كوردستان، نازم دەباغ دەڵێ: “ئێمە هاویەمانی پەكەكە نەبووین و ناشبین.”