مانگی رابردوو چوار هەزارو 811 كەس لە عێراق كوژراون و هەزارو 358 كەسی دیكە برینداربون، لە ناوچەی بەنداوی نازم سەرساریش تەرمی 13 سەرباز دۆزرانەوە، كە پێشتر لەلایەن داعشەوە كوژراون.
پێگەی ئەنتی وۆری ئامریاكیی بڵاوی كردەوە، لە ئەنجامی شەڕو پێكدادانەكانی مانگی رابردووی عێراق و ناجێگیریی دۆخی ئەمنیدا، چوار هەزارو 811 كەس كوژراون، لەو ژمارەیە هەزارو 631 كەسیان لە هاوڵاتیانی و ئەندامانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بوون، سێ هەزارو 180 كەسیشیان لە ریزەكانی تیرۆریستان بوون.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە، لە مانگی رابردوو هەزارو 358 كەس بریندار بوون، لەو ژمارەیە هەزارو 77 كەسیان هاوڵاتیی و ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان بوون، 281 كەسیشیان لە ریزەكانی تیرۆریستان بوون.
هەروەها باس لەوە دەكرێ، كە هێزە ئەمنییەكان لە گۆڕێكی بە كۆمەڵدا تەرمی 13 سەربازی عێراقییان لە ناوچەی بەنداوی نازم سەرسار دۆزیوەتەوە، كە پێشترو لە كاتی داگیركردنی بەنداوەكەدا لەلایەن داعشەوە كوژراون.