كۆمیسیۆنی ئامریكایی ئازادیی مەزهەب لە جیهاندا، رایگەیاند دۆخی ئازادیی لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینیدا لە وڵاتی ئێران خراپتر بووە.
كۆمیسیۆنی ئامریكایی ئازادیی مەزهەب، رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی ١٠ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بڵاوی كردەوە كە دۆخی ئازادیی ئایین و مەزهەب، لەژێر دەسەڵاتی ئێراندا خراپتر بووە.
بەرپرسانی ئەو كۆمیسیۆنە لەو راپۆرتەدا جەختیان كردووەتەوە، دوای هاتنەسەركاری حەسەن روحانی هیچ ئاڵوگۆڕێك بۆ باشربوونی دۆخی ئازادیی مەزهەب لەو وڵاتەدا نەهاتووەتە پێش.
سەرەڕای ئەوەیكە ئازادیی مەزهەب لە ئێراندا خراپتر بووە، لەو راپۆرتەدا هاتووە، سیستمی دین سالاری كۆماری ئیسلامی بەردەوام دژی جوولەكەكان هەوڵ دەدات و بەكارهێنانی ئەدەبیاتی دژی جوولەكەكان لە ساڵی رابردوودا لە لێدوان و وتاری بەرپرسانی باڵای حكومەتی ئێران زیاتر بووە.
لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی، وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئامریكا، كۆماری ئیسلامی ئێرانی لە لیستەی ئەو وڵاتانەی كە بارودۆخیان زۆر نالەبارە و جێگای نیگەرانیی هاویشت و كۆمیسیۆنی ئازادیی مەزهەب لە دوایین راپۆرتی خۆیدا جەختی كردووەتەوە كە دەوڵەتی ئێران دەبێت لەو لیستەدا بمێنێتەوە.
لە بەشێكی ئەو راپۆرتەدا هاتووە سەرەڕای ئاماژە بە مافی مرۆڤ لە یاسای بنەڕەتی كۆماری ئیسلامی ئێراندا بۆ كەمینە ئایینییەكان، حكومەتی دەسەڵاتدار بە كەڵك وورگرتن لە یاسا ئایینییەكان، بەردەوام سەركوتی گرووپە جیاوازەكان دەكات.
حەسەن روحانی سەرەڕای وادەوبەڵێنییەكانی لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا،كارێكی بۆ باشتربوونی دۆخی كەمییەنە ئایینییەكان نەكردووە و زۆبەی پێڕەوانی ئایینی، كە لە یاسای بنەڕەتی حكومەتی ئێراندا مافیان بۆ بڕاوەتەوە لەگەڵ ئازار و ئەشكەنجە، هەڵاواردن، دەستگیركران و هەڕەشە بەرەڕوون.
كەمییەنە ئایینییەكان وەكوو، بەهایییەكان، پێڕەوانی مەسیحی، موسڵمانانی سووننە مەزهەب، پێڕەوانی صۆفیگەری و دژبەرانی ئایینی شیعە، جوولەكەكان، ئەرمەنییەكان، ئاشوور و زەرتۆشتییەكان بە هۆی ئایینەكەیان. لەگەڵ هەڕەشە و هەڵسوكەوتی خراپی كۆماری ئیسلامی بەرەوڕوون.
بەپێی نوێترین راپۆرتی رێكخراوی “دەرگا ئاوەڵاكان” كە كۆبەندی راپۆرت و ئەو بەڵگانە كە لە سەرەتای مانگی نوامبری ٢٠١٣ی زایینی هەتا رێكەوتی ٣١ی ئۆكتۆبری ٢٠١٤ی زایینی دەركراون؛ لە خۆوە دەگرێت، حكومەتی ئێران دوای وڵاتانی كورەی باكوو، سوومالی، عێراق، سووریە، ئەفغانستان و سوودان حەوتەمین وڵاتی خراپی جیهان بۆ مەسیحییەكان ناودێر كراوە و لەو راپۆرتەدا جەخت كراوەتەوە كە مافی مەسیحییەكان وەكوو پێڕەوانی ئایینی مەسیحییەت بە هۆی دینی تایبەتی خۆیان لەو وڵاتانەدا بە شێوەیەكی سیستماتیك پێشێل دەكرێت.
پێڕەوانی ئایین و مەزهەبە غەیرە شیعەكان لە ئێراندا بەردەوان لەلایەن دەسەڵات سەركوت دەكرێن و ساڵانە ژمارەیەكی بەرچاو لە پێڕەوانی سووننە مەزهەب و ئایینی بەهایی، مەسیحیەت و… لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە دەستگیر و مەحكووم دەكرێن.
پێشێلكاریی سیستماتیك، هەمە لایەنە و بەرینی مافی كەمییەن مەزهەبی و دینیەكان لە ئێراندا بەردەوام ئەو وڵاتەی لە ریزی یەكەمی وڵاتانی جیهاندا جیگیر كردووە.