هه‌ینی 22 تشرینی دووه‌م 2024

بە بۆنەی یەكی مانگی ئەیار رۆژی جیهانیی كرێكار

١١ی مانگی گوڵان واته ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی رۆژی هاوپشتی نێونه‌ته‌وه‌یی كرێكارانی جیهان له‌دژی نیزامی سه‌رمایه‌دارییه‌. له‌م رۆژه‌دا ملیۆنها كرێكار له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان به‌ كۆبوونه‌وه‌ و خۆپیشاندان و رێپێوان و جه‌ژن گرتن، هێزه‌ی یه‌كگرتووی خوێان به‌رامبه‌ر به‌ دونیای پڕ له‌ چه‌وسانه‌وه‌ و سته‌می سه‌رمایه‌داری نیشان ده‌ده‌ن و هه‌موو ساڵێك له‌م رۆژه‌دا ئه‌و په‌یامه گرینگه‌ به‌ گوێی جیهان ده‌گه‌یه‌نن كه  كرێكاران به‌ خه‌باتی یه‌كگرتووانه‌ی خۆیان سه‌رئه‌نجام كۆتایی به نه‌زمی كۆنی سه‌رمایه‌داری دێنن و له‌سه‌ر وێرانه‌كانی ئه‌م نیزامه، نه‌زمی نوێی سوسیالیستی خۆیان داده‌مه‌زرێنن.
بیرۆكه‌ی دیاریكردنی رۆژێك بۆ به‌رێوه‌بردنی جه‌ژنی كرێكاری و بۆ چه‌سباندنی ٨ سه‌عات كاری رۆژانه یه‌كه‌م جار له‌ خه‌باتی كرێكارانی وڵاتی ئوسترالیا له‌ ساڵی ١٨٥٦ی زاییندا سه‌ری هه‌ڵدا. به‌ڵام ئه‌وه‌ خه‌باتی لێبراوانه و خوێناوی كرێكارانی ئامریكا بوو كه سه‌رئه‌نجام ئه‌م رۆژه‌ی وه‌كوو رۆژێكی جیهانی كرێكاران به‌ سه‌ر سه‌رمایه‌داران له‌ هه‌موو وڵاته‌كاندا سه‌پاند.

پێشینه‌ و مێژووی رۆژی جیهانی كرێكار له‌ ئامریكا هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌ بۆ ساڵه‌كانی كۆتایی سه‌ده‌ی ١٩ی زایینی. له‌م ده‌وره‌ییه‌دا سه‌رمایه‌داری به‌ شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو گه‌شه‌ی كردبوو. هاوكات له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌داری ژماره‌ی كرێكارانیش له‌ ئوروپا و له‌ ئامریكا و ئوسترالیا و سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان به‌ خێرایی زیادی كردبوو. گه‌لێك دامه‌زراوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی گه‌وره‌ پێكهاتبوون كه تێیاندا زیاتر له‌ هه‌زار كرێكار كاریان ده‌كرد و ره‌وتی به‌رهه‌مهێنان گردوكۆتر ببووه‌وه‌. گردوكۆ بوونه‌وه‌ی ره‌وتی به‌رهه‌مهێنان، رێگای بۆ گه‌شه‌ كردنی وشیاری و شكل گرتنی هاوپشتی خه‌باتكارانه‌ی كرێكاران خۆش كردبوو. به‌مجۆره‌ بارودۆخێكی له‌بار بۆ په‌ره‌سه‌ندنی مانگرتنی كرێكاریی له‌ وڵاتانی ئوروپایی و له‌ ئامریكا و ئوسترالیا خوڵقابوو. له‌ ساڵه‌كانی ده‌یه‌ی ٨٠ی سه‌ده‌ی نوزده‌هه‌مدا بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی به‌ تایبه‌تی له‌ وڵاتی ئامریكا به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو په‌ره‌ی سه‌ندبوو. شه‌پۆلی مانگرتنی كرێكاری شاره‌گه‌وره‌كانی ئه‌و وڵاته‌ی داگرتبوو. شاری “شیكاگۆ” ببووه‌ ناوه‌ندی چالاكییه‌ كرێكارییه‌كانی ئامریكا.
له‌ مانگی نوامبری ساڵی ١٨٨١دا فێدراسیونی كار له‌ تێكه‌ڵاو بوونی ٦ یه‌كیه‌تی كرێكاریی پێكهات. ئه‌م فێدراسیونه ٥٠ هه‌زار ئه‌ندامی له‌ ریزه‌كانی خوێدا رێكخستبوو. له‌ كۆنگره‌ی ساڵی ١٨٨٤ی ئه‌م رێكخراوه‌یه‌دا ٨ سه‌عات كار له‌ رۆژدا په‌سه‌ند كرا و به‌ شوێنیدا خه‌باتێكی به‌ربڵاوی بۆ هێنانه‌ خواره‌وه‌ی سه‌عاتی كاری رۆژانه له‌ ١٦ سه‌عات و ١٢ سه‌عاته‌وه‌ بۆ ٨ سه‌عات رێكخست. له‌ ساڵی ١٨٨٦ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك به‌ به‌شداری نوێنه‌رانی ٢٥ یه‌كیه‌تی كرێكاریی له‌ ئامریكا كه نوێنه‌رایه‌تی زیاتر له ٣٠٠ هه‌زار ئه‌ندامی كرێكاریان ده‌كرد، خه‌بات بۆ ٨ سه‌عات كاری رۆژانه‌ی نایه ده‌ستووری كاره‌وه‌ و به‌ شوێنیدا شه‌پۆلێكی به‌ربڵاوی مانگرتنی كرێكاریی شاره‌ جیاجیاكانی ئامریكای گرته‌به‌ر.
له‌ رۆژی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی ساڵی ١٨٨٦دا زیاتر له‌ ٣٥٠ هه‌زار كرێكار له‌ شاره‌ گه‌وره‌كانی ئامریكا وه‌كوو “سه‌ن لۆئیز، شیكاگۆ، میلواكی” و چه‌ندین شوێنی تر، كرێكاران ده‌ستیان دایه رێپێوان. له‌ چه‌ندین شوێن كرێكاران توانیان داخوازییه‌كه‌ی خۆیان بۆ ٨ سه‌عات كار به‌ سه‌ر سه‌رمایه‌داراندا بسه‌پێنن، به‌ڵام له‌ شاری “شیگاكۆ” پۆلیس به‌ پشتیوانی له‌ سه‌رمایه‌داران ته‌قه‌ی له‌ خۆپیشاندانی كرێكاران كرد و له‌ ئاكامدا ٦ كرێكار خوێنیان رژایه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كانی ئه‌م شاره‌ و گیانیان به‌ختكرد و به‌ ده‌یان كرێكاریش بریندار بوون. ئه‌م جینایه‌ته‌ دڕندانه‌یه‌ی سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان، كرێكارانی “شیگاكۆ”ی له‌ خه‌بات بۆ گه‌یشتن به‌ داخوازییه‌ ره‌واكه‌یان سارد نه‌كرده‌وه‌. رۆژی ٤ی مانگی مه‌ی ده‌یان هه‌زار كرێكار له‌ مه‌یدانی سه‌ره‌كی شاری “شیگاكۆ” كۆبوونه‌وه‌. كۆبوونه‌وه‌كه‌یان له‌ لایه‌ن ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هێزه‌كانی پۆلیسی به‌كرێگیراوی سه‌رمایه‌داران گه‌مارۆ درابوو. له‌ ناكاو كه‌سێكی نه‌ناسراو بۆمبێكی فرێدایه ناو ریزه‌كانی پۆلیس و له‌ ئاكامدا پۆلیسێك كوژراو و چه‌ند پۆلسێكیش بریندار بوون. فه‌رمانده‌كانی پۆلیس كه پیلانه‌كه‌یان داڕشتبوو و خۆیان بۆ درێژه‌پێدانی سازدا بوو، دوای ئه‌و رووداوه‌ فه‌رمانی هێرشیان بۆ سه‌ر ریزی كرێكاران ده‌ركرد و كرێكارانی خۆپیشانده‌ریان دایه به‌ر گولله‌. له‌م رۆژه‌دا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كرێكاران كوژران و بریندار بوون و به‌ شوێنیدا ٨٠ كه‌س له‌ رێبه‌رانی كرێكاران به‌ تۆمه‌تی كوشتن كێشرانه‌ دادگا. كرێكاران له‌ دادگای فه‌رمایه‌شیدا قاره‌مانانه به‌رگرییان له‌ خۆیان و له‌ داخوازییه‌كانی كرێكاران كرد و تۆمه‌ته‌كانی بێ بنه‌مای پۆلیسیان ره‌ت كرده‌وه‌. به‌ڵام سه‌رئه‌نجام بێدادگای سه‌رمایه‌داران بریاڕی ئێعدامی بۆ ٤ رێبه‌ری كرێكارانی ئامریكا ده‌ركرد و بریاڕی زیندانی كردنی درێژماوه‌شی به‌ سه‌ر ژماره‌یه‌ك له‌ كرێكاران سه‌پاند.
به‌ شوێن ئه‌و رووداوه‌ خوێناوییه‌دا فێدراسیونی كاری ئامریكا له‌ كۆنگره‌یه‌كدا كه له‌ كۆتایی ساڵی ١٨٨٨ له‌ شاری “سه‌ن لوئیز” به‌رێوه‌چوو، بریاڕ دا كه‌ له رۆژی ئه‌وه‌لی مانگی مه‌یدا وه‌كوو رۆژی كرێكاران رێوڕه‌سمی تایبه‌ت به‌رێوه‌بچێت و ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی ساڵی ١٨٩٠یش وه‌كوو رێكه‌وتێك بۆ به‌رێوه‌چوونی رێوره‌سمی دوایی دیاری كرا.
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌م گۆرانكارییانه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی ئامریكادا رێگا بۆ پێكهاتنی رێكخراوێكی نێونه‌ته‌وه‌یی كرێكاریی له‌ رووی فیكری و عه‌مه‌لیه‌وه‌ خۆش بوو. كۆنگره‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی سوسیالیستی كه له‌ ساڵی ١٨٨٩ به‌ به‌شداری ٣٩١ نوێنه‌ر له‌ ٢٠ وڵاتی دونیا له‌ شاری “پاریس” به‌ڕێوه‌چوو، پشتیوانی خۆی له‌ بریاڕی فێدراسیونی كاری ئامریكا بۆ دامه‌زراندنی ٨ سه‌عات كاری رۆژانه و مانگرتنی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی ١٨٩٠، ده‌ربڕی. هه‌ر له‌م كۆنگره‌یه‌دا بریاڕنامه‌یه‌ك په‌سه‌ند كرا كه تێیدا رۆژی ئه‌وه‌لی مانگی مه‌ی وه‌كوو رۆژی كرێكار و رۆژی هاوپشتی نێونه‌ته‌وه‌یی كرێكاران به‌ ره‌سمی ناسرا. له‌م بریاڕنامه‌یه‌دا هاتووه‌ كه:
“كۆنگره‌ بریاڕی دا‌ كه خۆپیشاندانێكی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌رین بخاته‌ رێ، به‌ جۆرێك كه له‌ هه‌موو وڵاته‌كان و له‌ هه‌موو شاره‌كان له‌ یه‌ك رۆژی دیاریكراودا، كۆمه‌ڵی ره‌نجده‌ران داوای كه‌مكردنه‌وه‌ی سه‌عات كاری رۆژانه بۆ ٨ سه‌عات و هه‌روه‌ها باقی بریاڕه‌كانی ئه‌م كۆنگره‌یه‌ له‌ ده‌وڵه‌ته‌كان بكه‌ن. كرێكارانی هه‌ر وڵاتێك پێویسته خۆپیشاندانی خۆیان به‌ پێی هه‌لومه‌رجێكی تایبه‌ت كه له‌ وڵاته‌كه‌یان دایه، به‌رێوه‌ببه‌ن.”
“فریدریك ئێنگڵس” له‌ رێبه‌رانی گه‌وره‌ی چینی كرێكاری جیهانی كه ئه‌م كۆنگره‌یه‌ به‌ ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌و به‌رێوه‌چوو بوو، له‌مبابه‌ته‌وه‌ نووسی كه: “خۆپیشاندانی ئه‌وه‌لی مانگی مه‌ی بۆ ٨ سه‌عات كاری رۆژانه له‌ هه‌مان كاتدا پێویسته نیشانه‌ی ئیراده‌ی چینی كرێكار بۆ له‌ ناوبردنی هه‌موو جیاوازی و هه‌ڵاواردنێكی‌ چینایه‌تی له‌ رێگه‌ی گۆرانكاری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ بێت.” دوای كۆنگری پاریس به‌ په‌له‌ترین ئه‌ركێك كه ده‌كه‌وته به‌رده‌م ئه‌م رێكخراوه‌ كرێكاری و سوسیالیستیانه‌ی‌ كه له‌ په‌سه‌ند كراوه‌كانی ئه‌م كۆنگره‌یه پێره‌ویان ده‌كرد، ته‌دارۆكی به‌رێوه‌چوونی هه‌رچی شكۆدارتری رۆژی هاوپشتی جیهانی كرێكاران بوو. له‌ ئاكامی ئه‌م هه‌وڵانه‌دا بوو كه رۆژی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی ساڵی ١٨٩٠، سه‌دان هه‌زار كرێكار له‌ وڵاته‌ جیاجیاكانی جیهانی سه‌رمایه‌داری رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و به‌ خۆپیشاندان و رێپێوانی شكۆدار، یه‌كگرتوویی و هاوپشتی نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیان له‌ خه‌بات دژ به‌ نیزامی سه‌رمایه‌داری نیشان دا.
به‌ڵام هه‌وڵ و كۆششی چینی كرێكار بۆ نیشان دانی ئیراده‌ی خۆی له‌ رۆژی ١ی مانگی مه‌یدا، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌گه‌ڵ كاردانه‌وه‌ی توندوتیژ و سه‌ركوتگه‌رانه‌ی سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌ته‌كانیان به‌ره‌وڕوو بوو. له‌ ساڵانی دواتریشدا ده‌وڵه‌ته‌كان ده‌ستیان له‌ به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه‌ی توندوتیژ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری هه‌ڵنه‌گرت و ده‌یان و سه‌دان كرێكار هه‌ر له‌م رۆژه‌دا له‌ شوێنه‌ جۆراوجۆره‌كانی جیهان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان خه‌ڵتانی خوێن كران، به‌ڵام توندوتیژی و هه‌ڵسوكه‌وتی دڕندانه‌ی سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌ته‌كانیان نه‌یتوانی پاشه‌كشه‌ به چینی كرێكار له‌ ئاستی جیهانیدا بۆ به‌ڕێوه‌بردنی رۆژی ١ی مه‌ی وه‌كوو رۆژێكی جیهانی كرێكاری بكات. له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا كرێكاران له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان رۆژی ١ی مانگی مه‌ی وه‌كوو رۆژی جیهانی كرێكار به‌ شێوازی جۆراوجۆر جه‌ژن ده‌گرن و هاوپشتی و هاوچاره‌نووسی و هێزی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌ جیهانی پڕ له‌ زوڵم و سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ نیشان ده‌ده‌ن و موژده‌ی رزگاری یه‌كجاری به‌شه‌ریه‌ت له‌ ده‌ست نیزامی سه‌رمایه‌داری به‌ هه‌موو جیهان ده‌گه‌یه‌نن.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.