سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 2ی مانگی گەلاوێژ 3 كەسی دیكە بە حوكمی قساس لە زیندانی ورمێ لەسێدارە دران.
سەرچاوەیەك لە پەیوەندیی گرتن بە تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان، ناوی 2 كەس لەو زیندانیانەی پەیمان مورادی لە بەندی نەخۆشە دەروونیەكان و یەعقوق ئەراچیان لە بەندی 3 و 4 راگەیاندووە و شوناسی كەسی سێهەم نادیارە. ئەو 3 كەسە رۆژی رابردو لە بەندەكەی خۆیانەوە بەرەو قەرەنتینەی زیندان گواسترابوونەوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بنەماڵەی كەسی كوژراو لەسێدارە دران.
لە ماوەی 3 رۆژی رابردوو 7 كەس لە زیندانی ورمێ لەسێدارە درابوون و پێشتر و لە رۆژی دووشەممە یەكی مانگی گەلاوێژ حوكمی ئێعدامی 4 كەسی دیكە بە ناوەكانی لوقمان موعەزی، عەلی جەلیلی، بەحرولعەلی یەحیا نژاد و بێهنام ئەحمەدی لە حەوشەی زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ كرا.
شایانی باسە، لە ماوەی یەك مانگی رابردوو، بەتایبەت پاش رێكەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی پێنج زێدە یەك، نزیكەی 70 كەس لە ئێران لەسێدارە دراون و ئەمەش وەكوو تایبەتمەندیی كۆماری ئیسلامی لە ماوەی زیاتر لە 3 دەیە دەسەڵاتی وایە و هەر كات ئیمتیازێك دەداتە وڵاتانی دەروە، گوشارەكانی بەرامبەر بە هاوڵاتییان لە ناوخۆی وڵات توندتر دەكات.