حكومەتی بەشار ئەسەد بە شێوەی بەردەوام پێشێلكاری مافی مرۆڤ كردووە و لە ماوەی ئەم چەند ساڵەداد 90 جار لە چەكی كۆمەڵكوژ و ژەهراوی كەڵكی وەرگرتووە.
لەم پەیوەندییەدا چاوەدێرانی مافی مرۆڤی سوریە رایانگەیاندووە، بڕیارنامەی یاسای قەدەغە كردنی چەكوچۆڵی كۆمەڵكوژی كە لەلایەن شۆرای ئەمنییەتەوە پەسند كراوە و بڕیار بووە كە چەكوچۆڵی بەشار ئەسەد كۆكرێتەوە و بەكاری نەهێنێت، بەڵام حكومەتی بەشار ئەسەد بە شێوەی بەردەوام یاسا قەدەغەكراوەكان، بەرامبەر بە بەكارهێنانی گازە ژەهراوییەكان و چەكوچۆڵی كۆمەڵكوژی پێشێل دەكات.
راپۆرتەكان دەرخەری ئەوەن كە حكومەتی بەشار ئەسەد ئەو ناوچانەی كە لەژێر دەسەڵاتی گرووپی ئۆپۆزیسیۆنە بە بۆمبی بۆشكەیی و ژەهراوی بومباران دەكات.
هەروەها چاودێرانی مافی مرۆڤی سوریە رایانگەیاندووە، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا رێژیمی بەشار ئەسەد زیاتر لە 50 جار بڕیارنامەی شۆڕای ئەمنییەتی پێشێل كردووە و زیاتر لە 300 هەزار كەس بریندار بوونە كە 13 منداڵ گیانیان لە دەست داوە.
پێشتریش حكومەتی بەشار ئەسەد چەندین جار كەڵكی لە گازە ژەهراوییەكان وەرگرتبوو كە حكومەتی ئێرانیش لەو جەنایەتەدا هاوكاریی بەشار ئەسەدی كردبوو.
هەر لەو پەیوەندییەدا دوای تێپەڕبوونی 4 ساڵ لە دەستپێكی شەڕی نێوخۆیی سوریە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئامریكا جەختی كردووەتەوە بەرەنگاربوونەوە دژی داعش لە سوریە بێ ئاكام ماوەتەوە و هۆكاری ئەوەشی بۆ سیاسەتی پشتی پەردەی حكومەتی ئەسەد گەڕاندووەتەوە و رایگەیاند، لەمە بەدواوە بەدوای ئەوەیە كە بارودۆخەكە لە سوریە بگۆڕێت و لەسەر كار لابردنی ئەسەد ستراتیژی تازەی ئەو وڵاتە پێك دێنێت.
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بەراوردی كردووە كە نزیك بە 200 هەزار كەس لە ماوەی 4 ساڵی رابردوودا كوژراون و نزیك بە 11 میلیۆن خەڵكی سوریە واتا نیوەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە بەناچار ماڵ و سامانەكانیان بەجێ هێشتووە.
هەروەها بەپێی ئامارە تۆماركراوەكانی ناوەندی تۆماركردنی حاڵەتەكانی توندوتیژی لە سووریە و چاودێرانی مافی مرۆڤی سووریە، لانیكەم 85 هەزار سووری بەشێوی سەرەڕۆیانە لەلایەن رێژیمی بەشار ئەسەد لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا دەستبەسەر كراون و ئێستاكە لە زیندانەكان لە دۆخێكی نالەباردا دەژین.
هەروەها لە سەرەتای شەڕی نێوخۆیی سوریەوە تا ئێستا 2 هەزار و 600 كەس بێ سەروشوێن كەوتوون و هێشتا چارەنووسیان نادیارە.