لە پەلامارێكی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی لە سنووری نالوس 32 هەزار بوتڵ مەشرووبی ئەلكولی لە سنووری شاری شنۆ دەستی بەسەردا گیرا.
بە پێی راپۆرتی سەرچاوە هەواڵنێرییەكانی ئێران و لە زاری فەرماندەی هەنگی سەر سنووری شاری پیرانشار: شەوی رابردوو لە هێڵە سنوورییەكانی شاری شنۆ ژمارەیەك كاسبكاری كورد كەوتنە بۆسیەی هێزەكانی كۆماری ئیسلامیەوە.
دەوترێ، لەو هێرشەدا 18 سەر ئەسپی بارهەڵگری كاسبكاران و 32 هەزار بوتڵ مەشروب دەستی بەسەردا گیرا و 3 كاسبكاریش دەستگیر و رادەستی ناوەندە قەزاییەكان كراون.
شایانی باسە، بە هۆی نەبوونی مەجالی كار و بێكاریی بەرفراوان لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و بەتایبەت لە شارە سنوورییەكان، بە هەزاران كەس لە خەڵكی زەحمەتكێش و هەژار روویان كردووەتە كاری كاسبكاری و كۆڵبەریی لەسەر سنوورەكان و بەوبۆنەوە كەمتر رۆژێك هەیە لە لایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامیەوە هێرش نەكرێتە سەریان و بەرەوڕووی خەساری گیانی و ماڵی نەبنەوە.