لە زیندانەكانی ئێراندا و لە ماوەی كەمتر لە 3 هەفتەدا 55 كەس ئێعدام كران.
كۆمیتەی نێودەوڵەتیی دژ بە ئیعدام لە راگەیەندراوێكدا، وێڕای ڕاگەیاندنی هەواڵی ئێعدام كرانی 55 كەس لە زیندانە جیاجیاكانی ئێران لە ماوەی كەمتر لە 3 هەفتەدا، داوای لە ڕاگەیەنە فارسی زمانەكان كردووە تا كۆتایی بە بێدەنگیی خۆیان لە بەرامبەر ئەم بابەتەدا بێنن.
لەم راگەیەندراوەدا هاتووە كە كۆماری ئیسلامی پاش ڕێككەوتنی لۆزان و خواردنەوەی جامی ژەهری دووهەم، دەستی بە كوشتو كوشتار لە نێو زیندانەكاندا كردووە. زۆربەی بنەماڵەی زیندانییان باس لە ئەگەری ئێعدامكرانی ڕۆڵەكانیان دەكەنو، كۆمەڵێك لەم بنەماڵانە دەڵێن كاربەدەستانی زیندان پێیان ڕاگەیاندوون بۆ دواجار و بە مەبەستی دوایین دیدار بچنە زیندان و سەردانی ئازیزانیان بكەن.
لەم راپۆرتەدا هاتووە كە لە ماوەی ئەم مانگەدا 3 كەس لە زیندانی وەكیل ئابادی مەشهەد، كەسێك لە شیراز، 2 كەس لە زیندانی بووشێهر، كەسێك لە دیزڵ ئابادی كرماشان، كەسێكی دیكە لە زابۆل، 4 كەس لە شیراز، 2 كەس لە بەندەرعەبباس، 11 كەس لە رەجایی شار، 8 كەس لە كەرەج، 4 كەس لە عادڵ ئابادی شیراز، كەسێك لە مەهریز، 4 كەس لە زیندانی ئیسفەهان و 15 كەس لە قزڵحەسار لە ماوەی 3 حەوتوودا ئێعدام كراون.
كۆمیتەی نێودەوڵەتیی دژ بە ئێعدام دەڵێ ڕزگار كردنی گیانی هەزاران كەسی مەحكووم بە ئێعدام لە سلوولە مەرگەكانی كۆماری ئیسلامیدا، ئەركی سەر شانی گشت ئەم كەسانەیە كە گوێیان لەم هەواڵانە دەبێ و لەم جینایەتانە ئاگادار دەكرێنەوە.