سێ شه‌ممه‌ 16 نیسان 2024
عەتا نەهایی

سەرەتایەک بۆ نوێبوونەوەی زمانی کوردی/ عەتا نەهایی

… زمان بە گشتی دیاردەیەکی زیندووی کۆمەڵایەتییە کە بە هۆی کاریگەری ئاڵوگۆڕە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان و لە پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ گۆڕانی شێوەی ژیان و بیرکردنەوە و هەست و هزر و مەعریفەی ئاخێوەرەکانی، بەردەوام لە گۆڕاندایە. زمانی کوردی لە‌ سەد ساڵی رابوردوودا و بە‌تایبەت لەم سی چل ساڵەی دواییدا، بە هۆی ئەو ئاڵوگۆڕانەوە کە لە ‌ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فکری و فەرهەنگی مرۆڤ و کۆمەڵگەی کوردی روویان داوە، تووشی گەلێک گۆڕان بووە. زۆر کەس ئەم گۆڕانە بە‌ هەڕەشە و مەترسییەکی گەورە دەزانن کە رووبەڕووی زمان و فەرهەنگی کوردی بۆتەوە. ئەم بۆچوونە تا رادەیەک راستە. زمانی کوردی، وەک زمانی کۆمەڵگەیەک کە لە ‌پەراوێزی کۆمەڵگەکانی دراوسێی و لە ‌ژێر کاریگەری سەلبی و ئیجابی ئەواندا تووشی‌ ئاڵوگۆڕی سیاسی و کۆمەڵایەتی بووەو، لە ‌رێگای زمانی ئەوانەوە لەگەڵ‌ فکر و فەرهەنگ و مەعریفەی نوێی سەردەمەکە ئاشنا بووە، بە ‌ئاراستەیەکی زیاتر سەلبی و کەمتر ئیجابیدا گۆڕاوە. ئەم هەلومەرجە تایبەتییەی زمانی کوردی زیاتر هانمان دەدا کە لەم پڕۆسەی گۆڕان و نوێبوونەوەی زمانەکەماندا دەورێکی وشیارانەتر و چالاکانەتر ببینین. گۆڕان و نوێبوونەوەی زمان گەلێک رەهەندی جیاوازی هەیە کە پەیوەندی بە پێشینەی مێژوویی و فەرهەنگی و توانای بەرهەم هێنانی مانا لە ‌بوارە‌ جیاوازەکانی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، فکری و فەرهەنگییەوە هەیە. دیارترین رووپەڕی گۆڕانی زمان، گۆڕانی وشە و مانا و پەرەسەندنی گەمە رێزمانییەکان و شێوازی داڕشتنی رستەیە بە شێوەیەک کە توانای تەعبیر و دەربڕینی گوتارە جیاوازەکانی ببێت.
زمان هەمبانەیەکی گەورە یان بچووکی وشەیە کە لە چوارچێوەی رستەکاندا مانای جیاواز بەرهەم دەهێنن و شکڵ و قەوارەیەکی بەرهەست بە زهنییەتی تاک و کۆمەڵگە دەبەخشێت. زمان جیهانی زهنیی تاک و کۆمەڵگەیە. جیهانێک کە وزە و توانای بەرهەم هێنانی مانا، لە هەموو بوارەکاندا، سنوورەکانی دیاری دەکات. بە پێچەوانەی بۆچوونی هەندێک کەس، پێشکەوتوویی و پەرەسەندوویی زمان، لەوە زیاتر کە پەیوەندی بە زۆری وشەکانییەوە ببێت، پەیوەندی بە بەربڵاوی مانا و مەجالی تەعبیر و دەربڕینی گوتارە تازەکانەوە هەیە. زمانی کوردی لە ‌رابوردوودا لەوە زیاتر کە زمانێکی شاری بووبێت، زمانێکی گوندی و خێڵاتی بووە. وشەکانی ئەم زمانە، زۆر بن یان کەم، هەڵگری ئەو مانایەن کە مرۆڤ و کۆمەڵگەی کوردی لەو دەمەدا، بۆ تەعبیر کردن لە دنیای بەرتەسکی خۆی و دەربڕینی هەست و سۆز و مەعریفەی سەردەمەکەی، پێویستی پێی بووە. ئێستا کە سەردەمەکە گۆڕاوە و کۆمەڵگەی کوردی ئەو جەغزە گوندی و خێڵایەتییەی پساندووەو، زمانی کوردیش وێڕای کارکردەکانی رابوردووی (ئاخاوتن و تا رادەیەکیش نووسینی ئەدەبی ــ شێعری) گەلێک کارکردی تازەی وەک: پەروەردە و فێرکاری، حوکمڕانی، میدیایی، زانستی، فەلسەفی و نووسینی ئەدەبی ناشێعری وەرگرتووە، بەر لە‌ هەموو شتێک پێویستی بە‌وشەی تازە بە ‌مانای نوێوە هەیە. بێگومان لەم سەد ساڵەی رابوردوو بە تایبەت لەم چەند دە ساڵەی دواییدا مانای سەدان وشەی کۆنی کوردی وەک «رەهەند، کۆڕ، لێژنەو…» ماناکەیان بە‌تەواوی گۆڕاوە. سەدان وشەی وەک «خود، بابەت، شناس‌و…» بێجگە لە‌ مانا کۆنەکەیان، لە ‌نێو گوتارە ‌تازەکانیشدا مانای تازەیان وەرگرتووە. سەدان وشەی تازەی وەک «زانکۆ، خوێندکار، گوتار‌و…» بە زمانەکە ‌زیاد بووە و دەرکەش بۆ سەدان وشەی بێگانە کراوەتەوە. ئەمانە سەرەتایەکن بۆ گۆڕان و نوێبوونەوەی زمانی کوردی. سەرەتایەک کە بە‌داخەوە گەلێک خەسار و ناتەواویشی هەبووە کە لێرەدا مەجالی لێدوانی نییە و هیوادارم لە‌ داهاتوودا، بە پێی پێویست ئاوڕ لە خەسارەکانی و کەم‌وکووڕی و ناتەواوییەکانیشی بدەمەوە.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.