ژنە خەباتكارێكی خەڵكی ماكۆی رۆژهەڵاتی كوردستان لە كۆبانێ رۆژئاوای كوردستان گیانی بەخت كرد.
هەواڵەكان باس لەوە دەكەن، كە “ڤیان پەیمان” لە ئەندامانی یەكینەكانی پاراستنی ژن لە شەڕ و تێكهەڵچوونێك لە شاری كۆبانێ گیانی بەخت كردووە. ڤیان خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان و لە هونەرمەندە شۆڕشگێڕەكان دێتە ئەژمار و بە بەرهەمە شۆڕشگێڕانەكانی ورەی دەبەخشیە هاوڕێیەكانی.
ڤیان پەیمان لە بەرەكانی شەڕدا بوو و هاوكات رووداوە دڵتەزێنە مێژووییەكانی كوردستانی بە دەنگێكی بەسۆز دەهۆنیەوە.
ناوەندی راگەیاندنی یەكینەكانی پاراستنی گەل هەواڵی گیانبەختكردنی ناوبراوی پشتڕاست كردووەتەوە و وتوویەتی راگەیەندراوی فەرمی لەمبارەوە بڵاو دەكاتەوە.
ویان پەیمان خەڵكی شاری ماكۆ بوو كە ساڵانێكە لە خەبات و تێكۆشانی شۆڕشگێڕانەدا بەشدار بوو.
ئەو لە رەوتی هێرشی داعش بۆ سەر كۆبانێ لە ریزی پێشەوەی مقاومەت و خۆڕاگری بوێرانەدا بوو.
دەوترێ ئەو هونەرمەندە شۆڕشگێڕە سەرەتا بریندار بووە بەڵام هەوڵ و تەقالای پزیشكان نەیتوانیوە برینەكەی چارەسەر بكات و بەوبۆنەوە گیانی بەخت كردووە.