زۆر کۆمەڵکوژی لە جیهاندا ڕوو دەداتو دوایین کۆمەڵکوژی لە شەنگال بە دژی ئیزەدیەکان لەلایەن هێزی کۆنەپەرەستی داعشەوە ڕوویدا.
کۆمەڵکوژی ئەرمنیەکان زۆر جار بە ناوی هولوکاستی ئەرمەنیەکان، کۆمەڵکوژی ئەرمنیەکانو هەروەها خۆدی ئەرمنیەکان دەڵێن جنایەتی گەورە کە بە دەستی ئیمپراتوری عوسمانی یان دەسەڵاتدارنی لاوی تورک لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی ئەنجام درا دەوترێت.
دوای شەڕی یەکەمی جیهانی تورکەکان بە دو هۆکاری سەرەکی دەستیان کرد بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکانو بە پێی سەرچاوەکان لانیکەم یەک تا یەکو نیو میلیون ئەرمەنیان لە ناو برد.
دو هۆکاری سەرکی کە بوە هۆی لە ناوبردنی ئەرمنیەکان بریەتی بوون لەوەی کە تورکەکانی ئەو سەردەمە وایان بیر دەکردەوە کە ئەگەر ئەرمنیەکان لەو ناوچە نەمێنن ئەوان دەتوانن زۆر بە سانایی دەستیان بە تورکەکانی قەفقاز بگاتو لەگەل ئەوان ببن بە هاوسێهو ئەمەش ئەوان بەهێزتر دەکات، هەرچەن تورکەکانی قەفقاز هیچ جۆرە ڕەگو ریشەیەکیان لەگەل تورکەکانی تورکیە نەبوەو نییە. دووهەم ئەرمەنیەکان مەسیحی بوونو بەو هەموو گۆشارو زەختەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکەوە دەخرایە سەریان بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبوون واز لە ئایینی خۆیان بێننو ببن بە موسلمان، هەر بۆیە تورکەکان بڕیاریان دا کە ئەرمەنیەکان لە ناو ببەن یان لە وڵاتی تورکیە وەدەریان بنێن.
لە ساڵەکانی ١٩١٥ تا ١٩٢٣ی زایینی کۆمەڵکوژی ئەرمنیەکان دەستی پێکردو لەو ماوەدا زۆربەی ئەرمنیەکان یان کوژران یان دورخرانەوە بۆ شوێنی دیکە، کە پێش ئەوەی بگەنە ئەو شوێنەی بۆیان دیاری کرابوو ئەو دورخراوانە یان دەمردن یان بە پیلانی تورکەکان لە نێو ڕێگادا دەکوژران. شتێکی دیکە کە لەو سەردەمەدا ڕوویدا ئەوە بوو کە منداڵانی ئەرمنیەکانیان دەبخشی بە عەشیرەکانی دیکەو ئەو منداڵانەیان لە باوشی دایکو بنەماڵەی دەردەهێناو ئەوە گەورەترین کۆمەڵکوژییە کە لە جیهاندا سەریی هەلداو شتێک کە بۆ ئالمانی نازی لە شەڕی دووهەمی جیهانیدا بوە نموونەیەک بۆ لەناو بردنو کۆمەڵکژی جولەکەکانو هیتلر لەو شێوە کەلکی وەرگرت بۆ لە ناو بردنی خەڵکانی دیکە.
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەوەیە کە کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکان هەمیشە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیە ڕەتدەکرایەوە تا ئەم دواییانە کە وردە وردە دەسەڵاتدارانی تورک لە ژێر گۆشاری وڵاتانی ئورووپادا دان بەو کۆمەڵکوژییەدا دەنێن.
لەمبارەوە نووسەری بەناوبانگی ئێرانی سەبارەت بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکان لە بەشێک لە کتێبەکەیدا دەڵێت: بە گارییو عەرەبانە لە بەغداو حەلەب بەرەو ئستنبول وەرێکەوتین. هەر لە یەکەم ڕێگادا ئەرمنیەکانمان دیی کە لەلایەن سوارەکانی تورکەوە بەرەو چارەنووسی نادیاریان دەبڕدران. سەدان ژنو پیاوی ئەرمەنی لەگەل منداڵەکانیان بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە بە قامچی لێدانو بێ ڕێزیپێکردن بەرەو پێش دەبردن. لە نێوان پیاوەکان گەنجی تێدا نەبوو، کیژانی ئەرمەنی قژیان لە بێخەوە تاشی بوو، نەکا تورکەکان یان پیاوانی هەوسبازی عەرەب تەعدایان لێبکەن. مەودا مەودا ژن یان پیاو یان منداڵی ئەرمەنیمان دەدیی کە لە پال جادەکەدا کەوتبوون.
دوانیوەرۆ گەیشتینە شوێنێک کە سوارە تورکەکان ڕێگەیان بە ٤٠٠ کەس لەم مردوە گەریدانە دابوو تا توزێک هەدا بدەنو بحەوێنەوە. ژنو پیاو لە ناو ئەو قاقڕستانەدا بە شوین ڕیشە یان ڕەگێکی دار یان گیایەک دەگەران تا بیخونو لە مردن ڕزگاریان بێت.
جەمالزادە دەڵێت لەو ماوەدا ژنێک لێمان نزیک بوەوەو وتی ئەو دوو کیژە خەریکن لە برسانا دەمرن ئەو دوو دانە ئەلماسەمان لێ وەربگرەو توزێک نانمان پێبدە، شەرم دایگرتمو هەموو لەشم بوو بە عارەق، چونکا ئێمەش شتێکی ئەوتۆمان پێ نەمابوو، هەر چەنێک توانیم یارمەتیم دانو وتم ئەلماسەکانیش بۆ خۆتان هەلیبگرن….
کۆمەڵکوژی ئەرمنیەکان بە دەستی تورکەکان تەنها کۆمەڵکوژی نییە کە لە مێژوودا ڕوویدا بێتو لەمناوەدا کوردەکانیش بە دەیان جار لەلایەن تورکەکانەوە کۆمەڵکوژ کراونو تەنانەت تا ئەم دواییانەش ناوی کورد لە تورکیە قەدەغە بووو بە تورکی کێوی بانگ دەکران. دەسەڵاتدارانی تورک بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر خەڵکی ناوچەکدا بسەپێنن، هەموو ڕێکارێکی جنایەتکارانەیان گرتوەتە پێشو بە سەدان هەزار ئەرمەنیو کوردیان کۆمەڵکوژ کردوەو بەڵام بە هۆی ئەوەی کورد وڵاتێکی نییە کە پشتگیری لێ بکات، لاپەرەی تاوانەکانی تورک بەرانبەر بەم نەتەوە هەلنەدراوەتەوە، ئەگینا بە سەدانو هەزاران جەنایەت لە کوردستانی تورکیە ئەنجام دراوە، لە کیمیاییکردنی گەریلاوە بگرە تا کوشتی ڕێبەرانی نەتەوەیی کورد لەو وڵاتە.
تا ئێستاش ئەرمەنستان داوا لە دەسەڵاتدارانی تورک دەکات کە بە ڕەسمی داوای لێبوردن لە ئەرمەنیەکان بە هۆی ئەو هەموو جنایەتەی کە بە دژیان کراوە بکات، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورک بە هەموو شێوەیەک خۆیان لەوە دەدزنەوەو زۆر جار ئینکاری دەکەنو زۆر کەم لە دەسەڵاتدارانی تورک هەیە کە دان بە کۆمەڵکوژی ئەو نەتەوەیەدا بنێت.