بێنیامین نەتانیاهوو، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە كاردانەوە بە هەواڵی ریككەوتنی سیاسی ئێران و 5 زێدە 1 لەسەر قەیرانی ئەتومیی ئێران پێوەندیی بە باراك ئۆباما، سەرۆك كۆماری ئەمریكا گرتووەو بە توندی رەخنەی لێگرتوە.
مارك رێگۆ، وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێ لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا بنیامین نەتانیاهوو ڕیككەوتنە سیاسییەكەی ئێران و 1+5 ی بە مەترسییەك بۆ سەر مانو مەوجودییەتی ئیسڕائیل ناو بردووەو وتویەتی ئەو ڕێككەوتنە نەك دەستی ئێران بۆ دروستكردنی چەكی ئەتومی نابەستێ، بەڵكوو دەست ئاوەڵاتریشی دەكات.
سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل هەروەها جەختی لەسەر پەرەسەندنی مەترسیی شەڕ و پەرەپێدان بە هەوڵەكان بۆ دەستخستنی چەكی ئەتومی لە نێوان وڵاتانی ناوچە كردوە و دەڵێ ئەوە دەرەنجامی ئەو ریككەوتنە ناهاوسەنگەیە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێریی فەڕانسە باراك ئۆباما لەو وتوێژەدا پێداگریی لەسەر دەسكەوتەكانی ئەو وتووێژانەو رێككەوتنەكە كردوەو گوتویەتی كە بەپێی ئەو ریككەوتنە ئێران ناتوانێ لەو زیاتر بەرنامە ئەتومییەكەی پەرە پێبدا.