نوێنەری شارەكانی مەریوانو سەوڵاوا لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ئەمرۆ بە رەخنەگرتن لە سەرۆك كۆماری ئێران روو لەحەسەن رۆحانی دەڵێت: لەو عەداڵەتە كۆمەڵایەتییەتان تا ئێستا بەشی شارۆمەندانی كورد تەنیا كوشتن بووە لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانەوە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری حكومەتیی ئیسنا، ئەمرۆ سێشەممە 3ی بەفرانبار، ئومیدی كەریمیان لەمەجلیشی شۆرا داوای لە رۆحانی كرد بەڵێنەكانی بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان بباتەسەر، چونكە بەوتەی ئەو جارێكی دیكە سەرۆك كۆماری ئێران رێی دەكەوێتەوە كوردستان!.
ئاماژەی نوێنەری مەریوان بە تەقەی هێزە ئینتیزامیەكان لە كاسبكارانو كۆڵبەرانی كورد بووە كە بە پێی ئامارەكان لەماوەی مانگی رەشەممەی 1390 تا 91و پاش داخستنی سنورەكان 74 كۆڵبەری كورد بە تەقەی هێزەكانی رژیم گیانیان لەدەستداوە.
ناوبراو هەروەها ئاماژە بە “بیاننامەی ژمارە سێ نەتەوە مەزهەبەكان”ی رۆحانی دەكاتو دەڵێت چاوڕوانی ئەوە بووین لەم پەیوەندەدا كەسانی كوردو سوننی لە كابینەو پارێزگاری كوردستان دەستبەكار بوایەتن، بەڵام ئەو بەڵێنە نەچووەسەر.
حەسەنی رۆحانی لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان بانگەشەیەكی بەناوی بەیاننامەی ژمارە سێ بڵاوكردەوە كە راگەیاندبوو كەسانی شیاو لە ناوچەكانی خۆیان دەخرێنەسەر كارو خوێندن بە زمانی زگماكی لە تەواوی ئاستەكانی خوێندن تا زانكۆ دابین دەكرێتو چەندین بەڵێنی دیكە، كە ئەویش وەك سەرۆك كۆمارەكانی پێشوو پاش هاتنە سەركار هەموو بەڵێنەكانیان لەبیر خۆیان بردەوە.